ما 3701 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

ئەوەی ئەدەب دەیکا تەنیا لێک ئاڵانی وشە ئابستراکەکان نیە لە گەڵ یەکتر، بەڵکوو هەم وشە کۆنکرێتەکان لێک دەئاڵێنێ  و هەم وشە کۆنکرێت و ئابستراکتەکانیش لە گەڵ یەکتر. لەم گەمە زمانییەدایە کە بەرهەم دەخوڵقێ. بەو جیاوازییەوە کە لە هەندێ بەرهەم دا بە هۆی حوزوری وشە و رستەی ئابستراک، فەزا زۆرتر خەیاڵی و دوورەدەست دەبێتەوە.  

 

گرنگ فراوانترکردنی خەیاڵە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە مێژووی فەلسەفە لە چاخی سەدەکانی ناوەڕاست لە نێوان دوو رێچکەی فەلسەفی بە ناوەکانی ریالیزم و نومینالیزم (ناوگەرا) دوو بیروبۆچوونی جیاواز هەبوو سەبارەت بەوەی کە داخۆ هەموو وشەیەک خاوەنی بەرانبەرێکی دەرەکییە لە جیهانی راستیدا یا نا. بۆ وێنە نومینالیستەکان پێیان وابوو وشەگەلی وەک "خودا" لە راستیدا تەنها وەک ناو بوونیان هەیە و ئەگینا لە جیهانی راستیدا خودا بوونی نیە، بەڵام ریالیستەکان پێیان وا بوو ئەم جۆرە ناوانە تەنیا ناو نین و بەڵکوو لە راستیدا هەن و بوونیان هەیە. لێرەوە ئیتر رێگای ئەم دوو رێچکە فەلسەفییە تەواو جیادەبووەوە.

"کیرکەگاردی" فیلسووفیش کاتێک لە فەلسەفەی خۆیدا باس لە جیاوازیی دڵەڕاوکێ (سترێس) و ترس دەکا، دەڵێ ترس خاوەنی بەرانبەرێکی دەرەکییە، واتە بۆ وێنە ترس لە تاریکی یان مەرگ، کە تاریکی و مەرگ دەبنە بەرانبەرە دەرەکییەکانی وتەزای ترس، بەڵام ئەو پێی وایە دڵەڕاوکێ یان سترێس خاوەنی هیچ بەرانبەرێکی دەرەکی نیە و لە راستیدا دڵەڕاوکێ بەرانبەر بە "هیچ" راوەستاوە. واتە "هیچ" ئەو شتەیە کە بەرانبەری دەرەکیی دڵەڕاوکێیە.

پرسیار ئەوەیە "هیچ" چییە؟ داخۆ "هیچ" بوونی هەیە؟ هەندێ بیرمەند پێیان وایە کاتێک "هیچ" دەبێ بە وشە، فۆڕمی شت لەبەردەکا و ئیتر ئەو بۆچوونە دێتە زەینەوە کە "هیچ" بوونی هەیە. دەتوانین هەر ئەم بۆچوونەیش سەبارەت بە وشەگەلی وەک خودایش بەکار بەرین.

لێرەدا ناچینە سەر ئەم باسە کۆن و لە هەمان کاتدا هەمیشە نوێێە، ئەوەندەی کە مەبەستە ئیعجازی وشە لە خوڵقاندنی ئەو شت و جیهانانەدا بەرجەستە بکەینەوە کە مەوداکانی ژیان و جیهانی مرۆڤیان یەکجار بەرفراوانتر لەوەی کە هەیە کردووەتەوە.

وشە، یاخود کەلیمە تەنیا بریتی نیە لە دەلالەت بە سەر یەک شتی کۆنکرێتدا (بۆ وێنە وشەی درەخت کە دەلالەت دەکا بە سەر شتێک بە ناوی درەخت)، بەڵکوو زۆر جار دەلالەت دەکا بە سەر ئەو فەزا و پەیوەندییانەدا کە دەکرێ لە ناو شتەکانیشدا هەبێ. بۆ وێنە وشەی "ئازادی"، کە خۆی لە خۆیدا دەلالەت بە سەر شتێکی دەرەکی و کۆنکرێتدا ناکا و بەڵکوو وەک مانایەکی ئابستراکت دەلالەت بە سەر کۆمەڵێک فەزا و پەیوەندی نێوان ئینسانەکان دەکا.

ئەو وشانەی کە دەلالەتی کۆنکرێتیان نیە و زیاتر لە ناو فەزاکاندا دەسوڕێنەوە، هەمیشە هەڵگری تەعبیرن و ماناکردنیان تەواو نابێ. بۆ وێنە هەر ئەم وشەی "ئازادی" یە کە بەردەوام لەسەری دەگوترێ و دەنووسرێتەوە. ئەمە، چارەنووسی تەنیا یەک وشەیە، جا گەر ئەم وشەیە لە گەڵ چەندین وشەی تر یەک بگرێتەوە کە هیچ کامیان خاوەنی مانای کۆنکرێتی نین، تۆ بڵێی چەندە دیسان مەوداکان فراوانتر دەبنەوە؟ با سەیری ئەم رستەیە بکەین: "ئازادی، خەونێک بوو کە زەمەنێک خەیاڵمی برد." هیچ کام لەم وشانە کە لەم رستەیەدا هاتوون، کۆنکرێتی نین، واتە ناتوانین بیانبینین، دەستیان لێبدەین و هەستیان پێبکەین. کاتێک ئەم وشە ئابستراکتانە لە رستەیەکی کامڵ و گراماتیکیدا یەک دەگرن، چەند هەم دەتوانن جیهانێکی تر بخوڵقێنن و هەم دەتوانن مەوداکان فراوانتر بکەنەوە. رێک ئەو کارەی ئەدەب دەیکا.

ئەوەی ئەدەب دەیکا تەنیا لێک ئاڵانی وشە ئابستراکەکان نیە لە گەڵ یەکتر، بەڵکوو هەم وشە کۆنکرێتەکان لێک دەئاڵێنێ  و هەم وشە کۆنکرێت و ئابستراکتەکانیش لە گەڵ یەکتر. لەم گەمە زمانییەدایە کە بەرهەم دەخوڵقێ. بەو جیاوازییەوە کە لە هەندێ بەرهەم دا بە هۆی حوزوری وشە و رستەی ئابستراک، فەزا زۆرتر خەیاڵی و دوورەدەست دەبێتەوە.  

"هیوم" فیلسوفی ئیمپرسیت (ئەزمونگەرا)، پێی وابوو کە سەرچاوەی ناسین بۆ هەستەکان دەگەڕێتەوە. ئەو دەیگوت تەنانەت خەیاڵیش لە ئەساسدا رەگی لە ئەزمون و هەستەکانی مرۆڤدا هەیە.

 

ئەم بۆچوونی هیوم لەوێدا گرنگیی پەیدا دەکا کە دەقی ئەدەبی رادەچڵکێنێ بۆ ئەوەی کە هەمیشە ئاگای لەوە بێت کە دەبێ پەیوەندی خۆی بە واقعی ژیانەوە لە دەست نەدا، جا چ ئەو کاتەی زۆرتر لە وشە کۆنکرێتییەکان کەڵک وەردەگرێ و چ ئەو کاتەی لە وشە و فەزا ئەبستراکتییەکان. چونکە بە بێ ئەم پەیوەندییە، خوێنەر دەق ناناسێتەوە. هەڵبەت بەو تێ بینییەوە کە واقعی ژیان تەنیا شتە کۆنکرێتەکان نین، بەڵکوو شتە ئابستراکەکانیشن! 

گەڕان بۆ بابەت