ما 345 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هۆشەنگ قادر

پێشەوا، بە جیهانبینییە کوردیەکەیەوە، بە زمانی مائایی کە زمانی یەکەمی ئاخێوەرانی ماساییەکانە، دێت ڕەسەنایەتی بوونی کینییەکان، شوناس، ئایین و زمان وەک خۆی وەک ئەوەی هەیە تیا بخوێنێتەوە، بیانناسێنێت، پێناسەیان بکات.

 

گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا

کینیا لە پەنجەرەکەی پێشەوا کاکەییەوە

هۆشەنگ قادر

 

سەرەتا:

 ئەم کۆمەڵە کتێبە (گەڕانەوەم بۆ‌ ئەفریقا)، تایبەتە بە گەلانی کینیا، [ڕۆمانەشیعر]ە، کە بە جیا، [دەقی‌واڵا، بەیتی نوێ، چامە-شیعر، شیعر]ە کە خۆی لە یانزە بەرگ دەبینێتەوە لەناو بۆکسێکدا، دنیابینی پێشەوایە، سەفەرێکی خەیاڵییە بەرەو ئەفریقا و کینیا. هاوشێوەی سەفەرە خەیاڵییەکەی کۆمیدیای ئیلاهیی دانتی ئەلیگێرییە.

 ڕوانینێکی گەلدۆزییە، ناسین و کەلتوور و داب و نەریەت و ئەدەبیاتی نەتەوە و کۆمەڵگاکانی ئەفریقایە. گوتەیەک هەیە دەڵێت: هاوڕێکانی سپینۆزا کەمێک لە دێڕەکانی، فەلسەفەکەی سپینۆزایان دەبینی، بەڵام هەرگیز سەرتاپای سیستەمی عەقڵە پەتییە قووڵەکەی سپینۆزایان نەدەبینی. هیوادارم ئێمەی هاوڕێیانی پێشەوا بە دەردی هاوڕێیانی سپینۆزا نەچین، بەڵکوو لانی کەم بەشێکی بەرچاوی شیعرەکانی پێشەوا ببینین.

 هەروا ڕووکەش سادە لە وشە و ڕستە و دەقەکان نەڕوانین تا پێمان بکرێت قووڵ ببینەوە. کە دەڵێین ئەفریقا ڕاستەوخۆ نیگا و سەرنجمان دەچێتە سەر کیشوەر و خاک و مرۆڤ و پنتی ڕەش. ڕەش بە مەیلێکی قاوەیی وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لەپاڵ ڕەنگەکانی تردا. ئەفریقا لە مەنزومەی سەرمایەوە، واتا هێزی کار و هێزی بزوێنەر و بونیادنانی شارستانیەتییەکان. ئەفریقییەکان لە هەر شوێنێک هەبن، ئیشپێکەر و بناغە و درووستکەرن، هەر لە کووچەکی هەڕەمەکانەوە بگرە تاکوو بابل و سۆمەر و هیت و تەنانەت بۆ شارستانیەتی ڕۆژاوا و بەرهەمی شۆڕشی کشتوکاڵی نوێش، بەشێکی بۆ بازوو‌ و دەستی هێزی کاری ئەفریقییەکانە.

 لەکاتی پێویست، کۆمپانیاکانی ڕۆژاوا بۆ دۆزینەوەی کرێکار دەچوونە سەر مانگ، بەڵام بۆ ئەوان ئەفریقا لە مانگ نزیکتر بوو. واتای هێزی دەستی مروڤی ئەفریقی دۆزینەوەی گەورەترین کانگای سەروەت و سامان زێدەتر گرینگتر لە هەر بەرهەمێکی سرووشتی تر. ئەفریقییەکان وا هەژمار کراون کە خەڵکانی بە ئەزموون و لێهاتووی هەمەچەشنن. نووکتەیەکی کۆمیدی هەیە دەڵێت: ئەورووپییە سورفلە پێستەکان چەند پێست ناسکن کە بەرگەی هیچ ناگرن تەنانەت لە کردەی سێکسیشدا جێگەی ڕەزامەندی ژنەکان نین. بە پێچەوانەوە، ئەفریقییە ڕەشکەڵە و زبرەکان بەرگەی هەموو نەخۆشییەک و دۆخێک دەگرن.

 

 جا لێرەدا کە پێشەوا کاکەیی ئەفریقای هەڵبژاردووە، بژاردەیەکی درووستی کردووە، ئەدەب و کولتوور و جواناسییەکەی دەسنیشان کردووە. دێت جوانییەکانی مرۆڤی ئەفریقی بەیان دەکات، ئەگەر لە ڕوانگەی سەرمایەوە ئەفریقی هێزی بزوێنەر و بەرهەمهێن بن، ئەوا لە ڕوانگەی پێشەواوە ئەفریقا کانگای شیعر و ئیستاتیکا و جوانییە.

 

 

لەنێو ماساییەکاندا: بەشی یەکەم؛

 

 سەرەتا شاعیر دەڵێت: (بوونتان لەپێش هەموو شتێکەوە[1])یە؛ کە مەبەستی بوونی ماساییەکانی کینیایە. خوێندنەوە بە زمانی کوردی، نەوەک فارس مێژوو بخوێنێتەوە، فارس کە زمانی کوردی بە لقێکی هیی خۆی دەزانێت؛ یاخود پێشەوا وەک ئایدیۆلۆژیستە تورکەکان نییە هەموو شتێک بۆ سەر ئەسڵ و فەسڵی خۆی گرێ بداتەوە و ئەوانی تر بە نەتەوەی پلە دوو یان نەتەوەی ناڕەسەن دابنێت؛ یاخود کاکەیی وەک موفەکیری ئیسلامی نییە هەموو شتێک بۆ خۆی قۆرخ بکات، زەمەن زەوی بە ڕەوای خۆی بزانێت؛ بەڵام ئەوەتا زمانی کوردی وەک ئەوەی شاعیر دەڵێت: (پڕیشکی وشەم بەر دەیان شوێن کەوتووە[2]).

 پێشەوا، بە جیهانبینییە کوردیەکەیەوە، بە زمانی مائایی کە زمانی یەکەمی ئاخێوەرانی ماساییەکانە، دێت ڕەسەنایەتی بوونی کینییەکان، شوناس، ئایین و زمان وەک خۆی وەک ئەوەی هەیە تیا بخوێنێتەوە، بیانناسێنێت، پێناسەیان بکات.

شاعیر دەڵێت: (بەم وشکەساڵییە ڕاهاتوون، پزیشکانی دنیا پشتیان کردۆتە ئێرە، کەچی هەمووشیان چاویان بڕیوەتەوە گیای ئێرە[3].)

 

 واتە چاویان بڕیوەتە کینیا. واتە ئەفریقا کانگای سرووشتی گژوگیا و تاکە سەرچاوەی پەیداکردنی دەرمانە؛ بەڵام لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، پزیشکی جیهانی پشت لە ئەفریقا دەکات. واتە وەک ئەوەی بەروبوومی درەخت و گوڵ و گژوگیای سرووشتی سەرچاوەی دابینکردنی دەرمانی بەشێکی جیهانە، کەچی لە دۆخی ناهەموار پزیشکانی جیهانی پشت لە ئەفریقا دەکەن. ئەوەیە بەختڕەشی کیشوەری ڕەش. شاعیر دەڵێت:

(لە ئاسک و مامز بڕوانن، بزانن چۆن گیانیان دەلەرزێ!

دڵشاد نین، با سەری شێریش خوێنی لێ بچۆڕێ[4].)

 

 بەڵێ ئەمەیان بنچینە و بنەمای یاسای دارستانە. ئەگەر بە دەست ئاسک بێت ئەوا کاغەزەکە بە بەتاڵی ئیمزا دەکات، کە ڕاوکردن قەدەغە بکرێت. ئەگەر بە دەستی مرۆڤی ئەفریقی بێت، ئەم کیشوەرە لە ڕەشەوە سەرتاپای ڕەنگەکەی بۆ سەوز دەگۆڕێت. کێ هەیە نەخوازێت هەرێم و وڵاتی خۆی نەکات بە بەهەشت، تاکوو ببێتە جێگەی ڕەزامەندی ئەوانی تر. ئەگەر بە دەستی ئەفریقییەکان بێت ئەوا گوڵی هەموو کیشوەرەکە دەخەنە ئینجانەکەی کینیاوە، پێشکەشی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەکەن لە پێناو تەندروستی باشتر بۆ مرۆڤایەتی و ئاییندەی گەشتر. ئەگەر بە دەستی ئەفریقییەکان بێت ئەوا بە‌ ڕەگی درەختە درێژەکانی کە ڕۆ چووەتە ناو قووڵاییی زەوی، ناو لم و بیابان، ئەوا ئەو ڕەگانە سوودیان لێ وەربگیرێت، لانی کەم بۆ بنبڕکردنی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک، ئەفریقا ئەو دایکەی شیر بە مرۆڤایەتی دەدات.

 ئەگەر لە سەدەی نۆزدە و بیست دەوڵەتە کۆڵۆنییەکان ئیمپریالیزمی جیهانی ئەفریقایان پشتگوێ خستبێت کە کەمتر ئاوە گەرمەکانی لێ بێت، ئەوا پزیشکە ڕۆژاواییەکان ئەفریقایان داگیر کردووە، واتا ئەگەر کەمترین خاکی ئەفریقی کەوتبێتە ژێر پۆستاڵی داگیرکاریی، ئەوا گشت بیابانی پان و فراوان کەوتوونەتە ژێر ڕەحمەتی زەڕەبینی نێو تاقیگە پشکنینەکانی دکتۆرە ڕۆژاواییەکانەوە.

 کەواتە ئەفریقا بێبەش نەبووە لە داگیرکاریی سەرتاسەری. ئەفریقا کێڵگەی مرۆڤایەتی، ئەو بیابانە سەختە فروانەی کە مرۆڤ پێویستی بە ئارامی و پشوودرێژی هەیە، هەر کەسێک بەشێکی بیابانی گەرمی بڕیبێت ئەوا بێشک خاوەن ئەزموونێکی قووڵە.

 

 

بەشی دووەم: گیکویوو و تیرەی کچانی مۆمبی:

شاعیر پێشکەشی کردووە بە (خانی) و نگووگی وا سیۆنگۆ*.

 ئادەم و حەوا وەک ڕەگەز و پنت و بنەڕەتی مرۆڤایەتییە. ئەوا لە کینیا ڕەگەزی کینییەکان ڕەگەزیان دەگەڕێننەوە بۆ سەر گیکویوو و مۆمبی. کاتێک چوونەتە کێوی کینیا، کە گیکویوو بە مانای (درەختی هەنجیر) و مۆمبی بە مانای (درووستکەر) دێت؛ ئەم دووانە واتا گیکویوو و مۆمبی، خاوەنی دە کچ بوونە و کوڕیان نەبووە. هەموویان شوویان کردووە یەکێکیان هەر بە قەیرەیی ماوتەوە و شووی نەکردووە. کچەکان هێمان بۆ ئاشتی و وە هەریەک لەو کچانە دوای ئەوەی شوو‌ دەکەن، ئەوا دەبنە خاوەن تیرەیەک. مێژووی ئەفریقییەکان، مێژووی تیرە و خێڵەکانە کە ئەفریقایان گەیاندۆتە ئێرە‌، بڕینی زەمەنێکی زۆر زەمەنی مێژووی مرۆڤایەتی.

 

 چەمکی گەڕانەوە لە ڕووی فەلسەفییەوە:

کارل کاوتسکی، لە کتێبی بناغەکانی مەسیحیەت باسی چەمکی گەڕانەوە دەکات، کە سەرجەمی مێژوو لە بازنەیەک دەچێت کە هەمیشە دەگەڕێتەوە ناوخۆی، دووبارەبوونەوەیەکی ئەبەدی هەمان خەبات کە تیایدا تەنها عادەتەکان دەگۆڕێن بەبێ ئەوەی مرۆڤایەتی هیچ هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بنێت. نیچە ئەم ئایدیای گەڕانەوە بۆ سەردەمی سوکرات و یۆنانی کۆن دەگەڕێنێتەوە. ئایدیای گەڕانەوە هەمیشە خولانەوەی بازنەی مێژووە. نیچە بە گەڕانەوە بۆ هیراکلیتۆس ڕەمزە ئاینییە یۆنانییەکان دەیەوێت ئەفسانەیەکی نوێی ئایینی درووست بکات کە مەسیحیەت تێپبەڕێنێت. چەمکی گەڕانەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی ئایدیا فەلسەفییەکان بنەمای تێگەییشتن و پێشکەوتنی خودی فەلسەفەیە.

گەڕانەوە بۆ فەلسەفەی کۆن، کلیلی کردنەوەی دەرگا سەرەتاکانی فەلسەفەن، بەوەدا چەمکی گەڕانەوە زادەی هونەری فەلسەفەیە[5]. چەمکی گەڕانەوە لە ڕووی دینیشەوە گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای ئیسلام بۆ سەردەمی کۆن، سەردەمی زێڕینی ئیسلام و هتد... لە بەرانبەر چەمکی گەڕانەوە، چەمکی پێشکەوتنیش هەیە، چەند لە مێژووی فەلسەفەدا بگەڕێینەوە، هێندە دەرگای پێشکەوتن بەرەو ڕوو دەکرێتەوە. پێش ئەوەی بێمە بەشی سێیەم، حەز دەکەم دێڕە شیعرێکی پێشەوا کاکەیی بخەمە پیش چاوتان  کە لە شیعری (لە ئاوەوە هاتم بە خاکدا تێپەڕیم)ـدا شاعیر دەڵێت؛

(گوتم: ئەی کیژۆڵەی داماو!

لە چیای قەندیلڕا هاتووم 

تا لە ژیانی ئۆجەلان بکۆڵمەوە،

لە باڵوێزخانە، خەریک بوو منیش دەستبەسەر بکەن،

لەبری قەرز، بە تورکیام بسپێرنەوە[6].)

 

 ئەو دێڕە شیعرە هەموو هەژموونی دەسەڵاتی کینیا دەخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە، کە هێشتا کینیای سیاسی، یارمەتی فاشیەتی تورک دەدات. بەمەش دۆسیەی سیاسی کینیا لە ناشیرنێک زیاتر‌ چیتر نییە. بۆیە پێشەوا کاکەیی لەسەر ئەو دێڕە شیعرە، هەقی خەڵاتکردنی هەیە.

 

بەشی سێیەم: ئێمبوو و ئێمبێرێیەکان، وەک درەختێکی لێکئاڵاو:

ئەم بەشە پێشکەش کراوە بە حاجی قادری کۆیی و تۆنی موچاما*

  بەشی چوارەم: وەک مێروویەک باڵم گرت بۆ لای مێرووەکان:

ئەم بەشە پێشکەش کراوە بە سالم و مووانا کووپۆنا*

 

بەشی پێنجەم: بە حەیرانی ساراکا و چووکایی بم:

لەم بەشە، کاکەیی چیرۆکەکە بە شێوەی بەیت و حەیران و بالوورە دەگێڕێتەوە. بە لەهجەی پشدەر بیتوێن نووسراوە تێکەڵ بە ناوچەی هەولێر کراوە، هەڵبەت ئەمەش جوانی جیهانبینی شاعیرە کە لەسەر یەک شێوەزار نانووسێت، هەڵبەت ئەوەش مەرجە بۆ دەوڵەمەندبوون و تێڕامانی کاکەیی لەمەڕ زمان و شێوە‌زارەکانی. زۆر کەم هەڵدەکەوێت هەورامییەک خۆی لە قەرەی لەهجەی هەولێر یان پشدەر و حەوزی بیتوێن و دۆڵی مەلەکان بدات، بەڵام بۆ پێشەوا کاکەیی ئەمانە گرفتێک‌ نیین.

چەقی چیرۆکەکە ئەمەیە (دۆریس نسیگا و ئانسۆنی باراسا نیۆنگێسا)، هەردووک عاشقی یەکدی بوون و لێک دابڕان و یەکدییان نەدۆزیيەوە. دۆریس نسیگا، کچێک بوو، چاوقاوەیی، ساراکایی بوو، ئانسۆنی باراسا نیۆنگێسا، کوڕێکی چووکایی و دڵشکاوی کولتووری ساراکایی بوو، دایبابانی دۆریس پێیان خۆش نەبوو کچەکە لە خێڵی خۆیان دوور کەوێتەوە.

ئانسۆنێ، لە ڕێ شیعرێکی لەسەر پێنج گەڵای دار نووسیبوو، کە خۆزگەی بە مۆریس خواستبوو:

بەشێک لە شیعرەکە وەردەگرین و دەڵێت؛

(گەر مەمکت دوو بزوێنی خڕ نەبن بۆ حاڵی بەیت!

ئامان لە پەنجەکانم!

دە بزوێنی درێژن و مەقامن بۆ هەر پێنج بەیت[7].)

 

دۆخێکی ئیرۆتیکی هەستبزوێنە، کە هەم مەمک بزوێنە و هەمیش پەنجە دەستبزوێنە، کە کردە فسیۆلۆژییەکە و عیشقەکە دەبنە تەواوکەری یەکتری. هەروەها شاعیر دەڵێت:

(نە ژیان لە زماندا تێر دەبێ و

نە مردنیش شوناسی خۆی بیر دێتەوە[8].)

 

لێرەدا زمان وەک بوونێکی ئۆنتۆلۆژی، بنەڕەتی ژیان، ئەوەی هایدگەر دەیڵێت زمان ماڵی بوونە، واتا دازاین، بوون لێرەولەوێ بەردەوامیدانە بە ژیان تا زمان چالاکتر بێت لە ژیان بە جووڵەتر و گەشاوەتر دەبێت. بە جووڵەتر و گەشاوەتر دەبێت، زمان ڕەوایەتیدانە بە ژیان. تا زمان بمێنێت، شیعر هەر دەمێنێت، بەڵام دوا جار مەرگ وەک دواهەمین ئیمکان دێت.

 

بەشی شەشەم: غەڕغەڕەم بە وشەی یاکووەکان کرد:

شاعیر لەم بەشەیدا دەڵێت: (نەهاتووم فریوتان بدەم و پیشەتان پێ بگۆڕم، گۆڕینی جیهان ئیشی من نییە. هاتووم جیهانی خۆم نیشان بدەم کە هەڵواسینی وشە لە شیعرمدا پیشەی من نییە[9].) بەڵێ ئیشی شاعیر جوانترکردنی وێنەی دنیایە، ئەفڵاتوون شاعیرەکان لە ئەکادیمیەکەی خۆی دەردەکات، فەلسەفە و مەعریفە لەپێش شیعر دادەنێت. لەمەیاندا مارکس دژی ئەفڵاتوونە، مارکس دەڵێت گەر بەهرەی شیعریم هەبوایە، ئەوا دەبووم بە شاعیر. بەڵێ هەموو وشەیەک قابیل نییە لە شیعردا تەوزیف بکرێت، بەڵام دوا جار ئەوە وشەیە نیگای جوانی دەبەخشێتە شیعر.

 

بەشی حەوتەم: ئیلچامووس و خەونی ڕاوەماسی:

ئەم بەشەیان پێشکەش کراوە بە گۆرانی شاعیر و مارگارێت ئۆگالا*.

 

 

بەشی هەشتەم: ڕۆشانیی و تاریکاییی تووگێن و پۆکۆتەکان:

ئەم بەشە پێشکەش کراوە بە دایە تەروێزی هەورامی و نینگا*.

شاعیر لە شیعری (ئەو کچە ڕەشتاڵەی بە نەریەتی خۆیانی ناساندم)ـدا دەڵێت: (شەو بێدەنگ و هەوا پاک، ئاسمان پڕ ڕێ و خەیاڵم تاکەڕێ، چونکوو چۆلەکەی نێو دڵم کە دەفڕێ، زمانێک شک دەبا پێی بجریوێنێ، ئەویش ئەوینە و بێدارە، هاتووە بۆ لای تۆ بفڕێ[10].) یاخود شاعیر دەڵێت:

 

(زەوی

خۆی کیمیایە و هەموو شتێ شی دەکاتەوە،

خۆی فیزیایە و هەموو وزەیەک وە گەڕ دەخات،

خۆی ڕۆحدۆستە،

لە سکیدا، کرم دەیجوێ و خۆ نابزوێنێ،

لە چاویدا،

هه‌رچى ماسییە مەلە دەکات و پێڵووی لێک نانێ،

بەسەر پشتیدا، هه‌رچى گیاندارە، ختووکەی دەدەن و

ئاوڕ ناداتەوە، نێوچاوانی گرژ بێ[11].)

 

بەڵێ زەوی دایکە، ئاسمان باوکە، زەوی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری خۆراکە، زەوی خانوویەکی جوانە پڕ لە کۆشک و تەلار و‌ ڕازاوەیە، شاخی بەرز و ناوازەیە، زەوی تاقیگەیە. زەوی عەترێکە هەموو کۆمەڵەی خۆر بۆندار دەکات.

 

 

 

 بەشی نۆیەم: ناندی و تێریک و کیپسیگیس، وەک سیانەیەک لە چاوی مندا:

ئەم بەشەیان پێشکەش کراوە بە مەولەویی کورد و مووگۆ گاسێرۆ*.

شاعیر دەڵێت:

(کچۆڵەیەکی ڕەشتاڵه‌

سینگی میوەگرتوو،

قوباد با دەیگوت وای لە کوزت!

کووزێکم بدەیە لە نارنج یان پڕتەقاڵت.

منیش سەرقاڵ بووم بە کات و زمانه‌وه‌،

ده‌ترسام لە واوێکدا هەڵملووشێ و

لە دووەم واودا فڕێم بداته‌وه[12]‌!)

 

لێرە ڕەگەزدۆزی شیعرییە، کوز وەک میتافۆر هەم وەک ئەندامی مێینەی ژن و هەمیش وەک هاوتای قاشە میوە. بە دیوێکی تر، ناوهێنێنانی قوبادی جەلیزادە و گوزارشتی کوز و ئیرۆتیک دەچێتە خانەی ڕەخنەوە، باشتر و لایەقتر و گونجاوتر دەبوو، بێ مەبەست، بەبێ ناوهێنانی هیچ شاعیرێک. بەڵێ شیعری قوباد زیاتر لەسەر ژن و سرووشتە، بەڵام دوور لە جیهانی بۆکۆفسکی. ئیتر ئەم دێڕە شیعرە کە دەڵێت: (قوباد با دەیگووت وای لە کوزت!) نەگونجاوە بۆ کەسایەتی شاعیر قوبادی جەلیزادە.

 

 بەشی دەیەم: شەش کێڵگەی کالێنجین:

پێشکەش کراوە بە جەلالەخانمی لوڕستانی و جاوید ئانگێرا*.

ئەم بەشە تایبەتە بە ژانی ئەفریقییەکان. جیهان لەسەر هێزو و بازووی ئێوە پێش دەکەوێت، کەچی هەر ئەفریقییەکان باجەکەی دەدەن.

 

 بەشی یازدەم: لە هەر گەلێکدا شیعرم کاژی خۆی فڕێ دەدا:

شاعیر لە شیعری (ئاوازێک لەناو ئاوەزی شیعرمدا)دا دەڵێت

(...

بەڵام بۆ دڵتەنگی خۆی ئاواز دەژەنێ و

نایەوێ منداڵێک بێنێتە دنیا

کە نەتوانێ بە زمانی خۆی بخوێنێ و

هەر چەک هەڵگرێ و

چەک هەڵگرێ و

چەک هەڵگرێ...

دواییش پێی بگوترێ منداڵی شاخی و

نەتوانێ لەنێو شاردا

شیعرێک بۆ هاوڕێ تورکزمانەکەی بنووسێ و

بڵێ برا ئەز دەخوازم دەستمان لەنێو دەستی یەکتردا بێ[13]!)

 

شیعر زادەی ئیلهام و خەیاڵە، دەشێت لە هەر ئان و ساتێکدا، لە هەر کات و شوێنێک بێت، شیعر بێتە بوون. دەشێت بە ڕێکەوت تۆ‌ لەو کاتەدا دەرگەی سەلاجەکەت بکەیتەوە بە دەم خواردنی وشەترێیەک یان بە دەم گەڕان بەنێو ماڵدا شیعر بێتە بوون.

ڕۆژاوا، ئەفریقا داگیر دەکات، کەچی هێشتا چووکی دەستکردی ئەفریقی ڕەش لە لایەن ژنانی سپیپێستی ئەفریقی دڵخوازە. ژنی سپیپێست حەز و ئارەزوی ئەفریقی قووڵەڕەش دەکات و بە پێچەوانەوە پیاوی سپیپێست ئارەزووی ژنی ڕەشپێست دەکات. لە هەردوو باردا، ئەفریقییەکان هەم دەچەوسێنرێنەوە و هەمیش دڵخوازیشن. هیوای بەردەوامی و سەرکەوتن بۆ کاک پێشەوا کاکەیی دەخوازم، ئومێد دەکەم سەفەرە خەیاڵیەکەی پێشەوا وڵاتانی تریش بگرێتەوە، دوا جار ببێتە سەفەرێکی واقیعی!

 

 

[1]. پێشەوا کاکەیی، لەنێو ماساییەکاندا، بەشی یەکەمی بەرگی یەکەم (ـی گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا)، چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٢، ل٢٥

[2]. هەمان سەرچاوە...

[3]. هەمان سەرچاوە، ل٣٣

[4]. هەمان سەرچاوە، ل٤٩

* نگووگی وا سیۆنگۆ/ نگووگی وا سیۆنۆ، نووسەر و ڕۆمانووسێک(ـی گیکویوویی)ـی کینیایە. لە (٥-١-١٩٣٨)، لە (جەیمس نگووگی) لە دایک بووە. چەند جارێک ناوی هاتووە بۆ براوەی خەڵاتی نۆبڵ.

[5]. پێشڕەو محەمەد، سەما لەسەر گڕکان، بەرگی یەکەم، ل٣٤١

[6]. پێشەوا کاکەیی، گیکویوو و تیرەی کچانی مۆمبی، کتێبی دووەمی بەرگی یەکەم (ـی گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا). چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٢، ل٥٤

*  تۆنی ئادەم مۆچاما، لەدایکبووی (٩-٥-١٩٧٥)ـە. نووسەر و شاعیرێکی کینیاییە.

* مووانا کووپۆنا بینتی مووشام: (١٨١٠/١٨٢٠ – ١٨٦٠/ ١٨٦٥) شاعیرێکی کینیاییە و بە زمانی کیسسواهیلی شیعری نووسیوە.

[7]. پێشەوا کاکەیی، بە حەیرانی ساراکا و چووکایی بم، کتێبی پێنجەمی بەرگی یەکەم (ـی گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا)، چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٢، ل٣١

[8]. هەماس سەرچاوە، ل٥١

[9]. پێشەوا کاکەیی، غەڕغەڕەم بە وشەی یاکووەکان کرد، کتێبی شەشەمی بەرگی یەکەم (ـی گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا)، چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٢، ل٥٠

*  مارگارێت ئاتیێنۆ ئۆگالا، (١٢-٦-١٩٥٨ – ٢١-٩-٢٠١١) ژنە ڕۆماننووسێکی کینیایییە.

**  ئیدد نینگا: شاعیرێکی ماسایییە، خەڵکی (ئارووشا)ی تانزانیایە.

[10]. پێشەوا کاکەیی، ڕۆشنایی و تاریکاییی تووگێن و پۆکۆتەکان، کتێبی هەشتەمی بەرگی یەکەم (ـی گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا)، چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٢، ل١١

[11]. هەمان سەرچاوە، ل٥٣

* ڕ. مووگۆ گاسێروو (٢١-٨-١٩٢٥ - ٢٧-١١-٢٠١١) نووسەرێکی کینیایییە.

[12]. پێشەوا کاکەیی، ناندی و تێریک و کیپسیگیس، وەک سیانەیەک لە چاوی مندا، کتێبی نۆیەمی بەرگی یەکەم (ـی گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا)، چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٢، ل٣٨

* جارید ئانگیرا (ئانجیرا) لەدایکبووی (٢١-١١-١٩٤٧)ـه‌ و شاعیرێکی کینیایییە.

[13]. پێشەوا کاکەیی، لە هەر گەلێکدا، شیعرم کاژی خۆ فڕێ دەدا، بەشی یازدەیەمی بەرگی یەکەم (ـی گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا)، چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٢، ل٤٣