ما 407 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

عەلا شەو دیسان کەللاکانی دەخاتەوە پشت سەری و، لە ناو تاریکایی ژوورەکەدا بیر لە عێراق و تورکیە و یووئێن دەکاتەوە. لە قوتابخانە ناوی ئێراق و تورکیەی بیستبوو. نا، لە ناو کۆڵانیش ناوی ئێراقی زۆر بیستبوو. دەڵێن ئەوەندە دوور نیە. ئێوارەیان جاری وایە لە کۆڵانەوە ئەو شاخەی بەرزە دوورەیان نیشاندابوو کە لە ناو تەمێکی دوورەدەستدا خۆی دەنواند. گوتبوویان "ئەوێ ئێراقە!"... ئەی تورکیە لە کوێیە؟

چاوانی تامەزرۆ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

عەلا بە حەڵەوقانی بە کەللاکەی لە کەللای ئەنوەری گرت و، لە بەر خۆیەوە گوتی "نەمرم هەر خۆم دەگەیەنمە ئۆرووپا!" کەللاکە لەگەڵ ئەوەی بە تەوژم و بەگوڕ لە ژێر دوو پەنجەی لێکئاڵاوی ئاماژە و ناوینییەوە دەرچوو، کەچی کەللاکەی ئەنوەری نەپێکا، بە سەریا بازیدا و چەند هەنگاوێک لەولاترەوە بە گێژ و خول راوەستا.

عەلا چەند رۆژێکە زۆر ئاگای لە خۆی نیە. وەک جاران دەستی راست نیە و، بە جوانی کەللاکانی تر ناپێکێ. بۆیە بە پێچەوانەی جاران دەیدۆڕێنێ. ئەنوەر کە هەمیشە لە دەست و پەنجەی عەلا ترساوە، ئەم رۆژانە باو باوی خۆیەتی و پەیتا پەتیا گیرفانی لە پارە دەئاخنێ و بزەیەکی شێتانە لە سەر لێوەکانی دەنیشێ. دەڵێ دونیا وەهایە هەمیشە دەوران دەورانە.

بەڵام عەلا وەک بڵێی مێشیشی میوان نەبێ، هەر خەیاڵێ لای ئۆرووپا و وێنەکەیە. ئەو وێنەی هەفتەیەک لەوە پێش بە رێکەوت لە دووکانێک بە دەست چەند گەنجەوە بینیبووی. وێنەیەک لە ئۆرووپاوە کە بە نامە هاتبوو، کوڕێکی هاوشاریی خۆیان کە ساڵانێ لەوە پێش خۆی گەیاندبووە ئۆرووپا ئیستا عەکسێکی رەنگاوڕەنگی بۆ هاوڕێکانی ناردبووەوە کە تیایا لەگەڵ کیژێکی قژ زەردی چاوشینی سپیی خشپیلانە لە کاتێکدا یەکتریان لە ئامیزگرتبوو و سەیری وێنەگرەکەیان دەکرد ئەو عەکسە شازەیان گرتبوو کە عەلای تەواو تێکدابوو. عەلا بە دیتنی وێنەکە شێت ببوو. بە خۆی گوتبوو چۆن شتی وادەبێ! یەعنی دەکرێ بەهەشتی ئاوایش لەم دونیایەدا هەبێ!؟ هاوڕێکانی کابرای ئۆرووپایی گوتبوویان:

ـ ئەم هەتیوە کەس نازانێ چۆن خۆی گەیاندە ئەوێ!

ـ گێژێ بوو بۆ خۆی... کەچی ئیستا چاوشین و قژ زەرد نەبێ لە باوەشی ناگرێ!

ـ حیز هەر بە بەختە، لە کۆنەوە وتوویانە ئەوەی بۆ گووکەر هەڵدەکەوێ بۆ راوچی هەڵناکەوێ ههههه...

عەلا بە خۆی گوتبوو "حیزیش نەبم، بە حیزیش بێ خۆم دەگەیەنمە ئەوێ!"

شەو کەللاکانی کە دووانی بەردن (لە مەڕمەڕ) دەردێنێ و، لە پشت سەرینەکەیەوە دایاندەنێ. کەللاکان وەک دوو چاو، سپی سپی لە تاریکی دەڕوانن. عەلا لەو تاریکییەدا بە خۆی دەڵێ "باشە پیاو چۆن دەگاتە ئۆرووپا؟" ئەوسا دێتەوە بیری کە هێشتا چواردە ساڵی تەمەنە و، ماویەتی. بەڵام بە خۆی دەڵێ "پەلەم چییە هەر خۆمی دەگەیەنمێ!"

ئەو شەوە عەلا خەو بە ئۆرووپاوە دەبینێ. بەیانی کە هەڵدەستێ لەو هەموو شتە خۆشە کە بینیبووی تەنیا کچێکی چاوسەوزی سپیکەلانەی لە بیرە کە وەک کیژی ناو وێنەکە دەستی لە ملی عەلا کردبوو و لە وێنەگرییەک وێنەیان گرتبوو. هەر ئەوەندەو... بەس! عەلا کە روخساری خوێنی تێزاوە و دڵی هێشتا هەر وا توندتوند لێدەدا، رقی لە خۆیەتی کە تەنیا وێنەی لەگەڵ کچەکە گرتبوو و ئیتر هیچ. بە خۆی دەڵێ "نەکا منیش گەمژە بم!"

بۆ ئێوارە چەند جار بە بەردەمی دووکانەکەدا دێت و دەڕوا بۆ ئەوەی بپرسێ کە داخۆ ئەو هاوڕێیەیان چۆ خۆی گەیاندووەتە ئۆرووپا. چەند جاری دیکە دێت و دەچێ و، کەچی تۆزقاڵێ غیرەت چییە لە خۆیدا شک نابا. سەرئەنجام کاتێک تەنیا ئەو کوڕە گەنجە کە تەنیا چەند ساڵێک لە عەلا گەورەترە، بە تەنیا لە دووکانەکدا دەمێنێتەوە، خۆی بە ژوورەوەدا دەکا و لێی دەپرسێ کە پیاو بۆ ئەوەی بگاتە ئۆرووپا دەبێ چی بکا؟

کوڕەکە کە دێتەوە بیری عەلای دوێنێکە بینیبوو، بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوەکانی و، دەڵێ "سەرەتا دەبێ بچی بۆ عێراق، ئەوسا لەوێوە بۆ تورکیە. لەوێ خۆت بە یووئێن دەناسێنێ و، ئەوانیش گەر وەریانگرتی بەڕێت دەکەن بۆ ئۆرووپا.

عەلا شەو دیسان کەللاکانی دەخاتەوە پشت سەری و، لە ناو تاریکایی ژوورەکەدا بیر لە عێراق و تورکیە و یووئێن دەکاتەوە. لە قوتابخانە ناوی ئێراق و تورکیەی بیستبوو. نا، لە ناو کۆڵانیش ناوی ئێراقی زۆر بیستبوو. دەڵێن ئەوەندە دوور نیە. ئێوارەیان جاری وایە لە کۆڵانەوە ئەو شاخە بەرزە دوورەیان نیشاندابوو کە لە ناو تەمێکی دوورەدەستدا خۆی دەنواند. گوتبوویان "ئەوێ ئێراقە!"

ئەی تورکیە لە کوێیە؟

عەلا لەوەی کە درێژەی بە دەرسخوێندن نەداوە و، لە جیاتی قوتابخانە رۆژ تا ئێوارە خەریکی حەلەوێنە و جوابی دایکی و باوکی نەداوەتەوە، پەشیمانە. بیردەکاتەوە گەر لە قوتابخانە بووایە بێگومان ئیستا دەیزانی تورکیە لە کوێیە. راستی ئەی ئەو یووئێنە کە باسیان کرد چی بوو!

عەلا سەری دێشێ. شتێک لە دەروونەوە پێی دەڵێ کە بڕواناکا چوونە ئۆرووپا ئەوەندە سەخت بێت. ئەی ئەوە نیە ئەو کوڕە خۆی گەیاندووەتێ و، وێنەیەکیشی لەگەڵ جوانترین کچی دونیا گرتووە! نا، کەواتە ئۆرووپا زۆر دوور نیە.

ئەنوەر کە خاوەن ویژدانە و، لەو هەموو دۆڕاندنەی عەلا ناڕاحەتە و، پێی ناخۆشە وەهای بەسەر هاتووە، بەزەیی بەسەریا دێتەوە. بۆیە بڕیاردەدا یارمەتی بدات. رۆژێک لە دووای ئەوە لە عەلا و لەوانی تریش دەباتەوە، قۆلی عەلا دەگرێ، رایدەکێشێتە گۆشەیەک و دەڵێ کە دەرمانی دەردی ئەوی دۆزیوەتەوە! عەلا بە سەرسووڕمانەوە لێی دەڕوانێ و، دەپرسێ دەرمانی چی!

ئەنوەر دەڵێ بە هۆی دەست و پلکەی عەلاوە ئاگای لە هەموو شتێکە و، دەزانی ئەم رۆژانە عەلا خەیاڵی لە سەر دونیا نەماوە و عەقڵ و هۆشی بووە بە کۆلارە و بە حەوت تەبەقی ئاسمانەوە دەخولێتەوە. بۆیە چووە لە براگەورەکەی کە پیاوێکی زیرەک و خوێندەوارە پرسیاری کردووە. عەلایش دەڵێ ئێ! ئەنوەر دەڵێ کاکی پیاوێکی زیرەک و کتێبخوێنە و، ساڵانی ساڵە دەخوێنێتەوە و بۆیە ئاگای لە هەموو شتێکە. دەڵێ کاکی هەموو کتێبخانەکانی لەبەرە و، کاتێک لێم پرسی کە عەلای هاوڕێی خەیاڵی لە لای خۆی نەماوە و رۆژ تا ئێوارە و شەو تا بەیانی خەو بە ئۆرووپاوە دەبینێ و تەنیا یەک تاقە وێنە ژیانی تەواو لێ تێکداوە، کاکی عەینەکە زل و ئەستوورەکانی کەمێک بە پەنجە بڵیند و نەوی کردووە و گوتوویەتی ئەوەی وا دەتوانێ بچێ بۆ ئۆرووپا ئەوانەن وا باوەڕیان بە سیاسەت و بیروباوەرێک هەیە و تیایا سەرکەوتوو نەبوون و بۆیە روویان لەوێ کردووە. دەیگوت جا ئەگەر عەلا دەیەوێ بگاتە ئۆرووپا دەبێ سەرەتا ببێ بە سیاسی،... پاشان سیاسییەکی شکستخواردوو و ئەوسا ئیتر بۆ خۆی رێگای عێراق و تورکیە و یووئێن دەبینێتەوە و پێویستیش ناکا حەتمەن لەوە پێش چووبێتە مەدرەسە و دەرسی خوێندبێ.

ئەو شەوە دیسان عەلا کەللاکانی لە گیرفانە هەڕۆڵ و گەورەکانی بە دزییەوە دەرهێنابوو و لە پشت سەرینەکەیەوە داینابوون. لە ناو تاریکیی ئەنگوستەچاوی ئەو شەوە پاییزییەدا کە لە دەرەوە دەنگی لوورەی با و رمەی باران دەهات بیری لە سیاسیی شکستخواردوو کردبووەوە. عەلا کە سەری لێ ماسیبوو لەبەر خۆیەوە گوتبووی یەعنی ئەو کوڕەی ناو وێنەکە سەرەتا سیاسی بووە، ئەوسا شکستی خواردووە، دوواتر چووە بۆ ئێراق و لەوێوە بۆ تورکیە و پاشان یووئێن و ئەوانیش ناردوویانە بۆ ئۆرووپا!؟ تەحححح لەو رێگا دوور و درێژە!

لەو شەوەوە شکست لای عەلا کیژێکی چاوشینی، قژ کاڵ و سپیکەلەی نەشمیلانەیە کە دەتوانێ هەتا ئەبەد لە وێنەیەکدا راوەستێ و چاو لە چاوانی تامەزرۆی تۆ و هەموو ئەوانی تریش ببڕێ!

 

 

گەڕان بۆ بابەت