سەردار جاف

ئەم ئێوارە لە چاوە شەهلاييەکان  / پياسەيەک بۆ ئەبەد دەکەم / بە دەم پياسەی ونبوون و توانەوەی خۆم / نوێژی شەوی لەيلەتولقەدر بۆ يار / دادەبەستم

ئێوارانە

سەردار جاف

 ئێوارەيەک ملوانکەکەی گەردنی

 ئاڵۆسکاوی نێوان پەنجە دڕەکانم بوو

 لە پرياسکەی رووخساريدا و

 لەو ديو پەنجەرە تەڵخەکەوە دەرکەوت و

 شپڕێوی من بريسکەی مۆمی ژوورەکەی

 هەراسان و بێ حەوسەڵە کرد

 لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ چاوەکانم لە شەققەی

 باڵيان داو بۆ مەملەکەتی ئاوێتەبوون

 غلۆر بوونەوە

 چاويلکەکەم بە دەم باوە ياخی و وڕک

 گرتوو

 قەڵەمەکەم هەڵات و ژانی جواناوێ لە هەست

 ئاڵاو

 لە نێوان هەڵاتن و ياخی بوونا

 خۆم ونکردووە ، لێم مەگەڕێن .....

 بڵندگۆی مزگەوتەکان مەکەنە ناونيشانی

 هەواڵپرسين

 پۆليس و دەزگا سۆراغچييەکانم لێ

 تێمەگەيەنن

 ئەم ئێوارە لە چاوە شەهلاييەکان

 پياسەيەک بۆ ئەبەد دەکەم

 بە دەم پياسەی ونبوون و توانەوەی خۆم

 نوێژی شەوی لەيلەتولقەدر بۆ يار

 دادەبەستم

 شەوێ هەر گيرۆدەی مووروو هۆنينەوە دەبم

 شەوێک دەبێتە شيعر و

 دەنکە زەنگيانە و موورووی شين شين

 دەبێتە منارەی تەسبيحەکەی دەستم و

 گەردانەکەی گەردنی

 ئەم حەشاماتی مووروو و زەنگيانانە چين

 لە ناو چاوم داگيرساون

 ئەو ژاوەژاوی پولەکانە بۆ کەوتوونەتە

 پياسە بە سەر سيما و لەشما

 دەڵێی شەوی بەراتە و لە خزمەت يارم

 ئەو گريانە پێکەنينانەيش فرمێسکی

 رووناهی گەردنێک و هەڵدێن

 بە قەد ئاگرەکەی ئەو ديو ماڵە

 باوانييەوە

 خۆمان دەشۆين

 پاک دەبينەوە لە گوناهەکانی دوێنێ

 فيراقی کام مەملەکەتە بۆ باوەشی شارم

 دەباتەوە

 توو خوا با هەر ئێوارە بێت و شەو دانەيەت

 نە با بسوتێين و کوژانەوەمان

 تاريکستانی شار جاڕ بدا

 بە دەم زيکری ديققەتی لەيلەتولقەدرەوە

 ديق بکەين

 

گەڕان بۆ بابەت