ما 10579 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

ھاشم عەلی وەیسی

ئەی یەکەمینی پڕ لە ھەنار و نار

ئەی تیکدراوترین چرکەساتی تەنیایی

ئەی یار

سەربازی بەردەبازی لووتکەی ئاوڕدانەوە

چەماوەی دواھاتی نەھاتی و نەھاتی و نەھاتی...

 

باخێک بە منەوە کاتژمێرە

ھاشم عەلی وەیسی

بمگلێنە بە درەختەکانەوە

ھەنار نۆستالۆژیایەکی چەند سەیرە

دوایەمین بەرکەوتنی جەستەی تۆقیوی زەوین

داکەوتنی دەمی دڕاوی سووری دنکەکانتە بە خۆیەوە

پێگەییوی

 لە جەستەی دار داکەوتنت مەودایەکە

تا بەژنت ریشۆڵ ریشۆڵ تاقی تاقەت بچریکێنی بە پیاسەوە بۆ ناو ژووان

ژانی خۆشەویستییەکی سوور بە دارستانەوە

چیدی بە تۆوە بوون ئازارێکە

لە تۆوە بوون ئازارێکی دوو ھێندەتر

تاسەباری ھەر براوی زاری جاڕی جاڕ دراوین

دەمی ئێوارەیە و ھەتاو نھا لەم باغە ھەڵدێت

گەڵایەک بە منەوە داکەوت

چڵە نیرگزێک بە زەمەن تۆقیوە

دارسێوێک قیت بە حەواوە تۆراوە

زەمەن لەم باخەدا چەند بێدنگ تێک چووە

من لە باخدا چەند ئاسوودە

تاسەت دەکەم

ئەی یەکەمینی پڕ لە ھەنار و نار

ئەی تیکدراوترین چرکەساتی تەنیایی

ئەی یار

سەربازی بەردەبازی لووتکەی ئاوڕدانەوە

چەماوەی دواھاتی نەھاتی و نەھاتی و نەھاتی...

ئێستاش دەربەندی چ تاسەیەکی

لە خۆڕاوە بووراوی و لە من ڕاوە سووڕاو

وێنەی دیمەنێکی ھەڵاوسراو بە باخێکەوە

تەنیایی لە بن میچی نرکەی زەمەندا

کەی لێ دەدا ئەم کاتژمیرەی رۆحم

تا بە باخەوە ترپە ترپی دڵی تۆ بھۆنمەوە 

ئەی تراژدیتر لە من

 

ئەی ژیان...

گەڕان بۆ بابەت