دیمۆکراسی و رۆحی ئاشتیخوازانە
کردە و رۆحی ئارام و ئاشتیخوازانە پێوەندیی راستەوخۆی بە دۆخی سیاسی یاخود سیستمی سیاسییەوە هەیە. لەو کۆمەڵگایانەی دیمۆکراسی زاڵە، مرۆڤەکان توانای تەحەمول و پێکەوە ژیانیان لەسەرترە. ئەوان لە کاتی سەرهەڵدانی ناکۆکی و کێشەکاندا ئەگەری بە گژداچوونەوەی یەکتریان کەمترە و، لە رێگای ئاشتییانەوە توانای چارەسەرکردنی پێشهاتەکەیان زیاترە.
بەڵام بە پێچەوانەوە لەو کۆمەڵگایانەیدا دیمۆکراسی نیە و دیکتاتۆری و ملهوڕی زاڵە، دەروونناسیی مرۆڤەکانیش تا رادەیەکی زۆر لەم چەشنەیە و بۆیە لە کاتی سەرهەڵدانی کێشەکاندا پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن.
دیارە لە وەها کۆمەڵگایەکدا دەروونناسیی مرۆڤەکان تا رادەیەکی زۆر لە نێوان بێدەنگی و ملکەجی لە لایەک و، گرژی و سەرهەڵدان لە لەیەکی تر لە هاتوچۆدایە. ئەوەی کەمتر دەبینرێ میانەڕەوی و پەنابردنە بۆ ئەقڵ و مەنتق.
بۆیە ئاساییە لە وەها کۆمەڵگایەکدا نەک تەنیا کێشە بچووکەکان، بەڵکو کێشە گەورە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیش بە گشتی سەرئەنجام بە گرژی و بە توندوتیژی یەکلایی ببنەوە و بە گشتی کۆمەڵگا هەمیشە لەسەر پێ بێت بۆ رەها کردنی ئەو وزەیەی وا هیچ کات دەرفەتی پەروەردە و خۆپیشاندانی دیمۆکراسیانەی بۆ نەڕەخساوە.
سایتی قەڵەم
١١ مانگی دێسامبری