ئارام سدیق
رۆلان بارت قسه‌یه‌كی هه‌یه كه ده‌ڵێت: خوێندنه‌وه‌ی ههردهقێك واته چێژوه‌رگرتن له‌و ده‌قه. واته بارت پێی وایه ئه‌گه‌ر ده‌ق بوونی هه‌بێت ئه‌وا پێویسته چێژ به خوێنه‌ره‌كه‌ی ببه‌خشێت، به‌ڵام له‌مڕۆدا و له‌نێو دنیای كوردیدا ده‌یان و سه‌دان ده‌ق هه‌یه كه ناتوانن چێژ به خوێنه‌ر ببه‌خشن، به‌ڵام من ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم كه چێژێكی زۆرم له‌م ده‌قه بینی به‌شێوه‌یه‌ك له خولقاندنی ئه‌م تێكسته‌ی لێكهوتهوه.
جیاوازییه ره‌گه‌زییه‌كان له چیرۆكدا رامان له چیرۆكی “من به بوكێكی گه‌وره‌وه”ی ئارام كاكه‌ی فه‌لاح
سه‌ره‌تا
هیچكات ناتوانرێ ده‌قێك له ژێر چه‌تری ته‌نها راڤهیهكدا گیر بكرێت، یان ته‌نها له رێی قوتابخانه‌یه‌كی ره‌خنه‌ییه‌وه بخوێنرێته‌وه‌و چیدی ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه به دوا خوێندنه‌وه ناوببرێت، چونكه وه‌ك لێكۆڵه‌ره‌وان پێیان وایه هه‌رچی ده‌قه فره مانا‌و فره راڤه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌م وته‌یه بسه‌لمێنین وه‌ك ئه‌وه‌ی “جاك درێدا” ده‌یسه‌لمێنێ، كه هیچ چه‌شنه مه‌دلولێك باڵاده‌ست نییه، ئه‌وا دواجار هیچ مانایه‌كی قهتعیو كامڵیش له‌ئارادا نییه. مانای ده‌ق ئه‌وكاته په‌یدا ده‌بێت،
كه ئێمه‌ی خوێنه‌ر كارلێكمان له‌گه‌ڵ ده‌ق كردبێ.
ئێمه ده‌بێت ئه‌و راستییه‌مان لاڕوون بێت كه ماوه‌یه‌كی زۆره زانسته مرۆییه‌كان ئاڕاسته‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیان دیاری كردووه‌و و به‌شێك له لێكۆڵه‌ره‌وان ئه‌و سه‌ره‌تایه ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ئه‌رستۆ، چونكه ئه‌رستۆ به‌وه‌وه نه‌ده‌وه‌ستا كه بڵێت حه‌قیقه‌ت له‌ئه‌ده‌بی شانۆییدا جیاوازه له‌و حه‌قیقه‌ته‌ی له ژیانی واقیعیدا هه‌یه. ئه‌م رایه‌ی ئه‌رستۆ كۆمه‌كمان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كه بڵێین ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی “ئارام كاكه‌ی فه‌لاح” له چیرۆكی “من به بووكێكی گه‌وره‌وه” كه ئێمه له‌م نوسینه‌دا لێی ده‌دوێین ده‌یخاته‌ڕوو جیاوازه له‌وه‌ی كه له واقیعدا هه‌یه، به‌ڵام بێگومان ده‌ق دابڕاو نییه له‌و كارتێكهرانهی ده‌وروبه‌ری وه‌ك ماركسیه‌كان ده‌یانخسته‌ڕوو كه ده‌یانگوت: ئه‌ده‌ب گوزارشته له كۆمه‌ڵگه، یان به‌وه‌ی ئه‌ده‌ب كاریگه‌ری ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ره. واته ماركسیزم سیفه‌تی ئایدیۆلۆژیای به ئه‌ده‌ب ده‌به‌خشی. بێگومان یه‌كێك له خهوشهكانی ئه‌م بۆچوونه‌ی ماركسیسته‌كان ئه‌وه‌بوو كه هیچ به‌هایه‌كیان بۆ خه‌یاڵ نهدههێشتهوهو ئه‌وه‌ی نووسه‌ر ده‌ینوسی ده‌بوایه ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیع بێت، كه ئه‌مه ره‌نگه له قۆناغێكدا شیاوبێت، به‌ڵام هه‌مووكات ئه‌وه دروست نییه.
بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر هه‌ر ده‌قێك پێویست به میتۆدێك، یان رێبازێكی ره‌خنه‌یی ده‌كات تا ئه‌و نووسینه په‌یامێكی دیاریكراوی هه‌بێت. ئێمه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر چیرۆكی “من به بوكێكی گه‌وره‌وه”ی ئارام كاكه‌ی فه‌لاح زیاتر پشتمان به زانستی سایكۆلۆژیاو سۆسیۆلۆژیا به‌ستووه بۆ شیكردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌و ئه‌وه‌ی ئێمه مه‌به‌ستمانه ئه‌م زانسته ده‌توانێت كۆمه‌كمان بكات بۆ ئه‌وه‌ی وردتر بۆچوونه‌كانمان له‌سه‌ر ئه‌و ده‌قه بخه‌ینه‌ڕوو، بێگومان ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یخه‌ینه‌ڕوو بێجگه له رایه‌ك ناكرێت وه‌ك دواخوێندنهوه ته‌ماشا بكرێت، ئه‌مه خاڵێكه كه بۆ من گرنگه. هه‌روه‌ها ئه‌م نووسینه هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات كه له‌و دوو روانگه‌یه‌ی خرایه‌ڕوو خوێندنه‌وه‌یه‌كی شیكاری بۆ ئه‌م چیرۆكه بكات‌و په‌نجه بۆ ئه‌و جیاوازییه رهگهزیانه رابكێشێت كه له‌هه‌ناوی چیرۆكه‌كه‌دا حه‌شار دراون.
له‌باره‌ی ناوه‌رۆك‌و ناونیشانی چیرۆكه‌كه‌وه
ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا قسه له‌ناونیشانی چیرۆكه‌كه بكه‌ین ناونیشانه‌كه “من به بووكێكی گه‌وره‌وه” دوو ئاماژه‌ی خێرا لای خوێنه‌ر جێده‌مێنێت. یه‌كه‌میان به‌كاربردنی “من”كه “راناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاكه”. دووه‌میش نادیارییه‌ك لهناونیشاندا هه‌یه به‌وه‌ی ئه‌و “من”ه كێیه؟ ئایا منی نێرینه‌یه، یان “مێینه” له‌كوێ به بوكێكی گه‌وره‌وه وه‌ستاوه؟ ئه‌مه‌ش دیسان پرسیاره، هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوانی چی ده‌كات؟ هه‌موو ئه‌م پرسیارانه‌و ده‌یان پرسیاری تر كه چیرۆكه‌كه‌ی ئارام خستویه‌تییه‌ڕوو چیرۆكنووس به‌و ناونیشانه سه‌رنجڕاكێشه چاره‌سه‌ری كردووه، چونكه چیرۆكه‌كه ئه‌وه‌نده پرسی چڕوپڕی له‌خۆگرتووه مه‌گه‌ر ته‌نها ناونیشانێكی له‌مجۆره بتوانێت وه‌ك چه‌ترێك سێبه‌ر به‌سه‌ر هه‌موو تێكسته‌كه‌دا بكات.
“من به بووكێكی گه‌وره‌وه”، ناونیشانێكه مۆدێرن‌و ده‌كرێت بوترێت كه هه‌ڵگری توخمی جیاوازییه له‌و نه‌وه چیرۆكنووسهی ساڵانی حه‌فتاو هه‌شتاكان‌و توانیویه‌تی خۆی قوتاربكات، هه‌م له دروشم‌و هه‌م له‌و تهقلیدیهتهی له ناونیشانی چیرۆكی حه‌فتاو هه‌شتاكاندا به‌دی ده‌كرا، بێگومان لێره‌دا مه‌به‌ستم نییه كه ئه‌زموونی چیرۆكنووسی حه‌فتاو هه‌شتاكان به كه‌م سه‌یر بكه‌م، به‌ڵكو مه‌به‌ستمه ئه‌وه بخه‌مه‌ڕوو كه ناونیشان لای ئه‌و نه‌وه نوێیه‌ی چیرۆكی كوردی گۆڕانكاری به‌خۆوه بینیوه، به‌شێوه‌یه‌ك كه ده‌كرێ وه‌ك هه‌نگاوی جیاكاری نێوان ئه‌وان و ئێستای چیرۆكی كوردی سه‌یر بكرێت.
چیرۆكه‌كه چیرۆكێكی ساده‌یه، به‌ڵام به ناوه‌ڕۆكێكی تۆكمه‌و ئازارێكی گشتییه‌وه، ئازارێك كه زۆرێك له نه‌وه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه چه‌شتوویانه. لێره‌دا مه‌به‌ستم له ساده‌بوون ئه‌وه‌یه كه نووسه‌ر خۆی له پێچ‌و په‌ناو هه‌ندێك به‌كارهێنانی زیاده پاراستووه و زۆر به‌ساده‌یی چیرۆكه به‌م رسته‌یه ده‌ستپێده‌كات، كه وته‌ی رۆژنامهنووسهكانه: ئێمه داوای لێبوردن ده‌كه‌ین، تۆ له دووره‌وه سه‌رنجی ئێمه‌ت راكێشا، بهبوكێكی قهشهنگو گه‌وره‌وه…
ئه‌گه‌رچی من توانای گێڕانه‌وه‌ی ته‌واوی چیرۆكه‌كه‌م نییه، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌م به‌شێك لهچیرۆكهكه بگێڕمه‌وه. چیرۆكه‌كه باس له كه‌سێك ده‌كات كه له نێو فرۆكهخانهیهكدا چاوه‌ڕوانی خوشكێكی گه‌وره‌ی ده‌كات بگاته لای. كه‌سه‌كه له فرۆكه‌خانه‌ی وڵاتێكی بیانی چاوه‌ڕوانی خوشكه ته‌مه‌ن نزیكه‌ی”50″ ساڵه‌كه‌ی ده‌كات. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیدا له فرۆكهخانهكهدا ئه‌و بووكه گه‌وره‌یه‌ی كه بهباوهشیهوهیهتی پێشكه‌شی خوشكه‌كه‌ی بكات، چونكه خوشكه‌كه‌ی له منداڵی‌دا هه‌رگیز بووكێكی له‌و شێوه‌یه‌ی نه‌بووه. ده‌بێت ئاماژه به‌وه بده‌م، كه گێڕه‌ره‌وه له‌م چیرۆكه‌دا به‌ڕوونی دیار نییه‌و چیرۆكه‌كه فره گێڕه‌ره‌وه‌یه، چیرۆكه‌كه به وته‌ی چه‌ند رۆژنامه‌نووسێك ده‌ست پێده‌كات له فرۆكه‌خانه‌كه پاشان “كه‌سی سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه”، كه ده‌كرێت وه‌ك پاڵه‌وانیش ناوی به‌رین هه‌رچه‌نده مه‌فهومی پاڵه‌وانیش له‌م چیرۆكه‌دا دیار نییه، به‌و پێیه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌شداری له‌و چیرۆكه‌دا ده‌كه‌ن هه‌ر یه‌كه‌و قورسایی خۆی هه‌یه. بۆیه من راموایه ناكرێت بڵێن: ئه‌وه‌ی بووكه گه‌وره‌كه‌ی پێیه له فرۆكه‌خانه چاوه‌ڕوانی خوشكه‌كه ده‌كات ئه‌وه پاڵه‌وانه، یان ئه‌و كچه ته‌مه‌ن نزیكه‌ی (50)ساڵه‌یه پاڵه‌وانه. واته چیرۆكه‌كه وه‌ك چۆن گێڕانه‌وه‌كه‌ی گێڕانه‌وه‌یه‌كی فره دهنگو نوێیه، هاوكات مه‌فهومی پاڵه‌وانیش تێیدا جێگیر نییه، به‌ڵام له‌بۆچوونی مندا (كچه ته‌مه‌ن نزیكه‌ی (50)ساڵه‌كه پاڵه‌وانه).
جوانی چیرۆكه‌كه‌ی ئارام به‌ده‌ر له‌و دووخاڵه‌ی خستمانه‌ڕوو كه هه‌م له گێڕانه‌وه‌دا هه‌وڵی داوه چیرۆكێكی فره ده‌نگ بێت، كه ئه‌م حاڵه‌ته‌ش له چیرۆكی حه‌فتاو هه‌شتاكاندا بوونی نه‌بووه، یان زۆر كه‌من بووه. هه‌روه‌ها ونبوونی پاڵه‌وانیش كه خاڵێكی تری چیرۆكه‌كه‌یه.
كۆتایی چیرۆكه‌كه به‌وه دێت كه ئه‌و فرۆكه‌یه‌ی بڕیاره خوشكه قهیرهكهی پێبێت بۆ لای براكه ههڵناستێتو گه‌شته‌كه‌ی بۆ هه‌فته‌یه‌كی تر دوا ده‌كه‌وێت. براكه به‌ڵێنی ئه‌وه ده‌دات كه هه‌مان كات له هه‌مان شوێن چاوه‌ڕوانی بكات. كۆتاییه‌كه كۆتاییه‌كی جوان‌و خه‌مهێنه به‌وه‌ی ئه‌و نه‌وه‌یه تازه ناتوانن كه له گه‌وره‌یشدا ئه‌و ئاواته لهدهستچوهیان بهێننه‌دی، یان به‌دی هێنانی زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بێت. ئه‌م ئاماژه‌یه ئاماژه‌یه‌كی سه‌رپێی نییه ئه‌مه ئه‌و خاڵه جه‌وهه‌رییه كه چیرۆكه‌كه‌ی له‌سه‌ر به‌نده‌و ئێمه له دواتردا به‌وردی لێی ده‌دوێین.
هه‌ستكردن به گوناه
خاڵی به‌هێزو جوانی ئه‌م چیرۆكه قسه‌كردنه له‌سه‌ر ئه‌و جیاوازیه‌ی له‌نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌زدا هه‌یه له كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتووه‌كانی چه‌شنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی. قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م جیاكارییه ره‌گه‌زییانه، نابێت ته‌نها له‌سه‌ر زار بمێنێته‌وه كه پاشان به فه‌رامۆشی ده‌سپێردرێت، به‌ڵكو گرنگه له‌نێو تێكستدا جێی بكرێته‌وه.
ره‌خنه‌گری نوێی ئه‌وروپی “جاك لینهارت” پێیوایه نووسین پرۆسه‌یه‌كی فه‌ردانییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ شێوازی ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌دا لای گروپێك، یان چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراو هه‌یه، له په‌یوه‌ندیدایه. هه‌ركاتێكیش ئه‌م جه‌مسه‌رانه به‌یه‌ك گهیشتنو فۆرمێكی یه‌كگرتوویان پێكهێنا، ئه‌وا ئه‌وكات ئه‌وه دروست ده‌بێت كه “لوسیان گۆڵدمان” به‌دنیابینی باوی ده‌بات. “ئارام”یش له‌سه‌رتای چیرۆكه‌كه‌وه له‌رێی گێڕانه‌وه‌یه‌كی فهردانهوه بۆ شته‌كان كۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌نێوان رسته‌كانی ئه‌م چیرۆكه‌دا چڕده‌كاته‌وه‌و به‌ته‌واوی هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین كه وشه‌و رسته‌ی به‌فیڕۆ نه‌داوه.
ئارام له‌و چیرۆكنووسانه‌یه كه رێزی وشه ده‌گرێت، لهچیرۆكهكانیدا زۆر به‌كه‌می وشه‌و رسته‌ی زیاده ده‌دۆزینه‌وه، ئه‌م رێزگرتنه له وشه رێزگرتنه له خوێنه‌رو هاوكات راوكردنی خوێنه‌ریشه بۆ ئه‌وه‌ی له‌م دنیا جه‌نجاڵه‌دا تێكستگهلێكی له‌م جۆره بخوێننه‌وه هه‌ست به بێزاری نه‌كه‌ن، یان زووتر له تێكسته درێژه‌كان چانسی خوێندنه‌وه‌یان هه‌بێت. له‌م خاڵه‌دا ئارام زۆر له “عه‌تا محه‌مه‌د” ده‌چێت، ئه‌ویش له چیرۆك و رۆمانه‌كانیدا به‌رده‌وام هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی زۆرترین چیرۆك و حیكایه‌ت ده‌دات به كه‌مترین وشه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆكه‌ی ده‌ینوسێت دوا چیرۆك بێت و هه‌موو حیكایه‌ته‌كانی نێو بیری بخاته‌ڕوو و تێیدا و هه‌وڵی چڕكردنه‌وه‌یه‌كی فه‌نتازیش بدات به‌شێوه‌یه‌ك كه خوێنه‌ر له خوێندنه‌وه‌ی ماندوو نه‌بێت. به وردبوونه‌وه له چیرۆكه‌كه‌ی ئارامیش هه‌ست به‌هه‌مان خاڵ ده‌كه‌ین. له‌م چیرۆكه‌دا چیرۆكنووس هه‌وڵی خستنه‌ڕووی زۆرترین كێشه‌و رووداو ده‌دات وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیتر دوا چیرۆك بنوسێت. ئارام ئه‌وه‌نده رووداوه‌كان چڕ ده‌كاته‌وه تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی خه‌می نه‌وه‌یه‌ك له چیرۆكێكدا چڕده‌بێته‌وه و تارمایی ئه‌و خه‌مانه له‌نێو رسته‌و وشه‌كاندا ده‌بینین.
ئه‌گه‌ر سه‌یری رۆمانی (خانمی شه‌وه ئهرخهوانییهكان)ی سه‌ڵاح عومه‌ر بكه‌ین، ده‌بینین نووسه‌ر له‌و رۆمانه‌دا درێژدادرٍییهكی بێمانایی كردووه، به‌شێوه‌یه‌ك خوێنه‌ر توشی بێزاری ده‌بێت له‌و “درێژنووسی”ه. نووسه‌ر له‌و رۆمانه‌دا نزیكه‌ی (30)لاپه‌ڕه‌ی ئه‌و رۆمانه (423)لاپه‌ڕه‌ییه ته‌رخان كردووه بۆ نووسینی ته‌نها نامه‌یه‌ك، كه هیچ جێیه‌كی دیاریش له كۆی تێكسته‌كه‌دا ناگرێت، یان له چه‌ندین شوێندا وهسفهكانو دیمه‌نه‌كان دووباره ده‌بنه‌وه به‌تایبه‌ت ده‌توانین باس له دیمه‌نی پێكه‌وه‌بوونی “خاوهنماڵو دایكی نه‌جوا” بكه‌ین، كه له‌گێڕانه‌وه‌ی سه‌ره‌كی و یاداشته‌كانی نهجواشدا دووباره ده‌بێته‌وه، یان چه‌ند دیمه‌نی تر كه هێنده لێك نزیكن كه هه‌ستكردن به جیاوزاییان، یان خاڵێكی كه‌مه، یان ئه‌سته‌مه. مه‌به‌ستمه بڵێم بوونی “درێژنووسی” له چیرۆك‌و رۆمان‌دا زیان له تێكست دهداتو هیچ پێوانهیهكیش نییه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و تێكسته‌ی درێژ نه‌بێت رۆمانێكی باش نییه. یان نابێت چیرۆك ئه‌وه‌نده لاپه‌ڕه بێت بۆ ئه‌وه‌ی به چیرۆك ناوببرێت.
ئارام ئه‌م چیرۆكه‌ی له‌و زیانی درێژنووسیه پاراستووه وئه‌و به چه‌ند رسته‌یه‌كی كورت ئه‌و “هه‌ستكردن به گوناه”هی خستۆته‌ڕوو كه نێرینه‌یه‌ك له‌گه‌وره‌یدا به‌رانبه‌ر خوشكه‌كه‌ی هه‌ستی پێكردووه.
هه‌ستكردن به گوناه وه‌ك تارماییه‌ك به‌سه‌ر برای ئه‌و قه‌یره كچهوهیه كه ساڵانێكه له هه‌نده‌رانه، ئه‌و هه‌ستكردنه به گوناهیش له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه ئه‌و قه‌یره خوشكه‌ی زۆرجار له‌بری ئه‌و لێدانی به‌خۆی گه‌یاندووه و خۆی خستۆته به‌ر شهقو تێهه‌ڵدانه‌كانی باوكی. ئێستا پاش تێپه‌ڕبوونی ئه‌و هه‌موو ساڵه هه‌ست به گوناه دهكاتو ده‌یه‌وێت قه‌ره‌بووی ئه‌و هه‌موو لێدانه‌ی بۆ بكاته‌وه ئه‌ویش له‌رێی به‌دیهێنانی ئه‌و خه‌ونانه‌ی كه خوشكه‌كه‌ی له منداڵی‌دا نه‌یتوانیوه به‌دیان بهێنێت. خه‌ونگه‌لێك كه زۆر سادهنو هه‌موو منداڵێك له ته‌مه‌نێكی دیاریكراودا وه‌ك ساده‌یی خۆی خه‌ونی ساده ده‌بینێت.
چیرۆكنووس ده‌نوسێت: باوكم له‌سه‌ر هه‌موو شتێك لێی ده‌دام و له‌سه‌ر هه‌موو شتێك توڕه ده‌بوو. پاشان ده‌نوسێت كه باوكم توڕه ده‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی له من بدات خوشكه گه‌وره‌كه‌م كاسكێته‌كه‌ی له‌سه‌رم دهفڕاندو ده‌یكرده سه‌ری خۆی بۆ ئه‌وه‌ی باوكم له‌بری من له‌و بدات، چونكه باوكم كه توڕه ده‌بوو بینایی له ده‌ست ده‌داو وای ده‌زانی له‌من ده‌دات نه‌ك خوشكه‌كه‌م.
هه‌ستكردن به گوناه زیاتر له ناخی ئه‌و برایه‌دا پهرهدهستێنێـت تاده‌گاته ئه‌وه‌ی كه بڵێت هه‌ر له كوردستانه‌وه داوای لێبوردن ده‌كه‌م. داوای لێبوردن ده‌كه‌م له‌سه‌ر هه‌موو شتێك. به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه چیرۆكنووس هه‌ستی هه‌ستكردن به گوناه له‌م رستانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌خاته‌ڕوو له‌رێی ئه‌و توڕه‌بوونانه‌ی باوكیشیه‌وه كولتووری باوكسالاری نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگه برینداره ده‌خاته‌ڕوو كه به‌هۆی ئه‌و كولتووره‌وه سات دوای سات وێرانتر ده‌بێت. وێرانبوونێك كه به‌شێك له‌نه‌وه‌كان له‌ده‌ست ئه‌و كولتووره له خێزانه‌كانیان هه‌ڵدێن.
“سێر زاڵتهر سكات” له‌باره‌ی جیاوازی چیرۆكی واقیعی و چیرۆكی خه‌یاڵی ده‌ڵێت: جیاوازی چیرۆكی واقیعی و چیرۆكی خه‌یاڵی له‌وه‌دایه كه چیرۆكی واقیعی به‌شێوه‌یه‌كی ئاڵۆز په‌یوه‌ندی نێوان هۆكاره‌كانی رووداو ده‌خاته‌ڕوو، له‌حاڵێكدا چیرۆكی خه‌یاڵیدا ئه‌وه ئه‌ركی نووسه‌ره وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی هه‌موو شته‌كان بێت. گهمهكردنهكانی چیرۆكنووس له‌م چیرۆكه‌دا له نێوان خهیاڵو واقیعداو تێكه‌ڵكردنی ئه‌و دووه بۆ خولقاندنی ده‌قێكی نوێ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م هێناوه كه مه‌جالی بۆ خوێنه‌ر هێشتۆته‌وه تا خۆی ئاڕاسته‌ی رووداوه‌كان دیاری بكات‌و ئه‌و دوا وه‌ڵامێك به خوێنه‌ر ناداته‌وه، چونكه چیرۆكه‌كه چه‌نده له‌نێو خه‌یاڵدا به‌رهه‌م هاتووه ئه‌وه‌نده له واقیعێكهوه نزیكه كه له كوردستاندا ده‌گوزه‌رێ.
ره‌نگدانه‌وه‌ی جیاوازییه ره‌گه‌زییه‌كان
بۆ ئه‌وه‌ی ره‌نگدانه‌وه‌ی جیاوازییه ره‌گه‌زییه‌كان شی بكه‌ینه‌وه ده‌بێت ئه‌و خاڵه دیاری بكه‌ین كه ئه‌م ده‌قه ده‌یه‌وێت له چ گۆشه‌یه‌كه‌وه له‌و جیاوازیانه بدوێت، ئایا ئه‌و گۆشه‌یه كۆمه‌ڵگه‌یه، یان خێزان.
به‌رزان هه‌ستیار له شیعری “گۆڕستانێكی ئازاد”دا به‌شێوه‌یه‌كی جوان باسی له‌و جیاوازییه ره‌گه‌زییانه كردووه له‌نێوان هه‌ردوو رهگهزداو من له نووسینێكی تایبه‌تدا له‌و شیعره دواوم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئارام له‌م چیرۆكه‌دا خستوویه‌تییه‌ڕوو دیوێكی تری ئه‌و جیاوازیانه‌یه كه له‌نێو خێزانێكدا جیاوازی له‌نێوان ره‌گه‌زه‌كاندا كراوه، نه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌دا. له‌و شیعره‌دا “به‌رزان هه‌ستیار” ته‌ركیزی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و جیاوازییانه بووه، كه كۆمه‌ڵگه له‌نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌زدا دروستی كردووه، به‌ڵام ئارام زیاتر له به‌رزان رۆچووهو كاری لهرووكارێكی تری هاوكێشه‌كه كردووه كه نێو خێزانه.
كاتێك رۆژنامه‌نووسه‌كان له كه‌سی چاوهڕوانكار “براكه” ده‌پرسن به‌و بووكه گه‌وره‌یه‌وه چاوه‌ڕوانی كچه بچكۆلانه‌كه‌ی ده‌كات.! ئه‌و به‌شێوه‌یه‌كی بێزاری داوای ئه‌وه‌یان لێده‌كات كه وازی لێبێنن، به‌ڵام رۆژنامه‌نووسه‌كان وه‌ك پیشه‌ی ئاسایی خۆیان كۆڵناده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆكی ئه‌و بووكه گه‌وره‌یه به باوه‌شی ئه‌و پیاوه‌وه بزانن كه فرۆكهخانهكهدایه و چاوه‌ڕوانی كه‌سێك ده‌كات. “براكه” له‌وه‌ڵامی رۆژنامهنووسهكاندا ده‌ڵێت: كه چاوه‌ڕوانی خوشكه قه‌یره ته‌مه‌ن نزیكه‌ی “50”ساڵه‌كه‌ی ده‌كات. رۆژنامه‌نووسه‌كان به‌وه وازی لێناهێننو ده‌یانه‌وێت له نهێنی ئه‌و بووكه تێبگه‌ن. ئه‌ویش پاشان ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه خوشكه‌كه‌ی به منداڵی قه‌ت خاوه‌نی بوكی خۆی نه‌بووه‌و ده‌یه‌وێت هیچ نه‌بێت به گه‌وره‌یی خاوه‌نی بێت.پاشان ده‌ڵێت: ده‌مه‌وێت ئه‌و نوقسانییه‌ی بۆ پڕ بكه‌مه‌وه، چونكه ده‌زانم تا ئێستاش خه‌ونی پێوه ده‌بینێت، ژیانی خوشكه‌كه‌م پڕه له نوقسانی پڕه له خه‌ون بینین، ته‌مه‌نی وا ده‌گاته په‌نجا تا ئێستا شووی نه‌كردووه.
ئه‌گه‌ر له‌م رستانه وردبینه‌وه، ئه‌و جیاوازیانه ده‌بینین، كه له‌نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌زدا كراوه، نێرینه له كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتووه‌كانی چه‌شنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی خاوه‌نی هه‌موو شتێكه‌و ده‌توانێت هه‌موو شتێكی هه‌بێت و سواری پاسكیل‌و سه‌ردانی شاری یاری بكات، به‌ڵام ره‌گه‌زی مێ توانای بینین‌و ئه‌زموونكردنی زۆرێك له‌م شتانه‌ی نییه‌و ئه‌وه‌ی كه ئه‌و ده‌توانێ ئه‌زموونی بكات شتگه‌لێكی زۆر سنوورداره.
ئاماژه‌دانی “ئارام” به‌وه‌ی كه هات بۆ ئێره ده‌توانم بیبه‌م بۆ شاری یاری، به‌م ته‌مه‌نه‌وه سواری هه‌موو یارییه‌كان ده‌بین. ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و خاڵه‌ی به‌شێكی زۆری نه‌وه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به‌تایبه‌ت ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه له‌دوای نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه له كوردستان له‌دایكبوون منداڵی‌و گه‌نجیان له‌نێو شه‌ڕو نائارامییه‌كی وهڕسكهردا بردۆته‌سه‌ر. به‌شێوه‌یه‌ك كه منداڵی‌و گه‌نجیان ونبووه، ئه‌مه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌ز راسته، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تایبه‌ت تری بكه‌ینه‌وه بۆ ره‌گه‌زیی مێینه، ئه‌وه ده‌بینین ژیان بۆ ئه‌و ره‌گه‌زه سنووردارتر بووه له ره‌گه‌زی به‌رانبه‌ر. بێگومان ئه‌م قسه‌یه به‌سه‌ر هه‌موو تاكه‌كاندا ناچه‌سپێت، به‌ڵام به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له‌و داخرانه سامناكه‌دا ژیاوه. هه‌ر بۆیه ده‌بینین ئێستا گه‌وره‌كان ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له (50)ساڵ‌و سه‌روتره زیاتر حه‌ز به سه‌یركردنی “فیلم كارتۆن”و ده‌ستلێدانی سه‌رگه‌رمییه‌كانی منداڵان و یاریپێكردنی میكانۆ ده‌كه‌ن. ئه‌مه ئه‌وخاڵه روونده‌كاته‌وه كه له كۆنه‌ستی تاكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا بۆشاییه‌كی زۆر هه‌یه، كه له منداڵی‌دا دروست بووه‌و زۆرجار تاك ده‌یه‌وێت له گه‌وره‌یدا قه‌ره‌بووی بكاته‌وه‌و ئه‌و بۆشاییه به‌و جۆره شتانه‌ی كه پێویستن پڕ بكاته‌وه.
رۆژنامه‌نووسه‌كان ده‌پرسن بۆ تا ئێستا خوشكه‌كه‌ت شووی نه‌كردووه؟ برای كچه قهیرهكه له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: ئاخر تا ئێستا لای ئێمه وایه، كچان له‌ماڵه‌وه چاوه‌ڕێی كوڕێكن بیانخوازێت، كهللهزلێك به‌دڵی خۆی بێت‌و داوای بكات. لای ئێمه كوڕ‌و كچ دوای ئه‌وه‌ی كه به‌یه‌كیش ده‌گه‌ن هه‌ر نامۆن به‌یه‌ك، هه‌ر غه‌ریبن به جه‌سته‌ی خۆیان. ژنهێنانو شووكردن ئه‌و غه‌ریبیه له سیمایاندا ناسڕێته‌وه.
داننان به‌وه‌ی به‌و جیاوزاییانهدا تا ئه‌و ئاسته ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه زامی قه‌یره‌بوونی كچانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه كولتوور لێی به‌رپرسه، ره‌نگه ئه‌مه ئاماژه‌دانێكی باریك‌و تیژتێپهڕبێت، به‌ڵام ئه‌م ئاماژه‌دانه سه‌رنجدانێكی وردی چیرۆكنووسه به‌م دیارده‌یه. هه‌روه‌ها وه‌ك له كۆتایی چیرۆكه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و برایه بۆیه خوشكه‌كه‌ی ده‌یه‌وێت بۆ ماوه‌ی مانگێَك له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیان له كوردستان دوور بخاته‌وه تا ئه‌زموونی ئه‌و خهونو حه‌زه چه‌پێنراوانه بكات‌و وه‌كو دایكیشی نه‌بێت به‌و كه‌سه‌ی به‌شێكی زۆری ته‌مه‌نی له‌سه‌ر كورسییه‌كی ئیفلیجی برده سه‌ر. پێده‌چێت چیرۆكنووس مه‌به‌ستی له ئیفلیجبوونی عه‌قڵیش بێت، یان ده‌كرێت ئێمه له‌و روانگه‌یه‌وه لێی بڕوانین كه هێشتنه‌وه‌ی ره‌گه‌زی مێییه له چوار دیواری ماڵهكانداو له‌نێو دیواری ئه‌و هه‌موو چهپاندنهدا توشی ئیفلیجبوونی عه‌قڵیی ده‌كات، یان به‌گشتی مرۆڤ توشی ئیفلیجبوونی عه‌قڵی ده‌كات.
كۆتایی
رۆلان بارت قسه‌یه‌كی هه‌یه كه ده‌ڵێت: خوێندنه‌وه‌ی ههردهقێك واته چێژوه‌رگرتن له‌و ده‌قه. واته بارت پێی وایه ئه‌گه‌ر ده‌ق بوونی هه‌بێت ئه‌وا پێویسته چێژ به خوێنه‌ره‌كه‌ی ببه‌خشێت، به‌ڵام له‌مڕۆدا و له‌نێ, دنیای كوردیدا ده‌یان و سه‌دان ده‌ق هه‌یه كه ناتوانن چێژ به خوێنه‌ر ببه‌خشن، به‌ڵام من ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم كه چێژێكی زۆرم له‌م ده‌قه بینی به‌شێوه‌یه‌ك له خولقاندنی ئه‌م تێكسته‌ی لێكهوتهوه.
به‌ر له‌وه‌ی دواخاڵێك بۆ ئه‌م نووسینه دابنێم ده‌مه‌وێ ئه‌وه بخه‌مه‌ڕوو كه بوونی ئه‌زموونی له‌م شێوه‌یه له چیرۆكی كوردیدا جێی سه‌رنجه‌و ده‌كرێت قسه‌ی زیاتری له‌سه‌ر بكرێت، ره‌نگه ئه‌م نووسینه ته‌نها جێی ئه‌وه پڕ بكاته‌وه كه ئه‌و ده‌قه به فه‌رامۆشی نه‌سپێردرێت، بۆیه ده‌كرێت ئه‌م چیرۆكه به‌میتۆدی تر‌و به‌پێی قوتابخانه‌ی ره‌خنه‌یی شیبكرێته‌وه و زانستیانه لێی بكۆڵرێته‌وه، چونكه ئه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكنووسه له “من به بووكێكی گه‌وره‌وه” خستویه‌تییه‌ڕوو شایه‌نی له‌سه‌ر وه‌ستانی زیاتر‌و خوێندنه‌وه‌ی چڕوپڕتره.
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان:
* ئارام كاكه‌ی فه‌لاح، من به بووكێكی گه‌وره‌وه-چیرۆك، گۆڤاری هه‌نار ژماره (31) ئۆگهستۆز (2008)، له‌بڵاوكراوه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی.
*هاشم ساڵح، چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ”جاك لینهارت”، و: شوان ئه‌حمه‌د، گۆڤاری سه‌رده‌م- ژماره (56)ی پایزی (2008) له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌م.
* به‌رزان هه‌ستیار، گۆڕستانێكی ئازاد، شیعر، گۆڤاری هه‌نار ژماره (30) یۆلیۆی (2008) له‌بڵاوكراوه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رێتی چاپوبڵاوكردنهوهی سلێمانی.
*سه‌لاح عومه‌ر، خانمی شه‌وه ئهرخهوانییهكان-رۆمان، بڵاوكراوه‌ی ئاینده- ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌م (2008).
سەرچاوە: چراکان