سەردار جاف
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و لە نێو خوناوەی خومدا نغرۆمە
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و نائاگا لە ھەستی پڕ لە ھەڵپەڕکێ
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و شیوەن بۆ ساتە، وەختە کورتەکان دەقوڵپێ
لەو دیو دەرگای خەراباتەوە....
لە تەک کاوڵاشی ئەوینێکی پڕ برینەوە...
پێڵوەکان بە تامەزرۆی ژوانەوە سەر دەنێنەوە ...
ناخەکان لە پەرۆشییەوە گیرۆدەی عەبا و مانتۆی رابردوون ...
لە ژێر پرچە خورماییەکانییەوە، دییەی بە ئەشکەوە ماڵئاوایی ماچ دەکا ...
ئەم ئێوارە پەژارەدارە یار
لە پەژارەیی گوڵێوە، گوڵەوەچنێی خەممە
لە پەژارەیی دڵییەوە، چۆڕاوگەی خوێنمە
لە پەژارەیی ھەستییەوە، پەژموردەی دونیایەکی سەرەو لێژمە
لە پەژارەیی سیماوە، ئەندێشەکان دەفڕنەوە بۆ ھەڵوەرینی گەڵا و سەمای نیگا شەھلاوییە پڕ خەمەکان
لە پەژارەیی دیدارەوە، دەرگاکان کڵۆم و داخراو
دەڕوانمە ئەو دیو دەرگا و یار لە بن عابایەکی ڕەش ئاڵاوە ...
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و لە نێو خوناوەی خومدا نغرۆمە
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و نا ئاگا لە ھەستی پڕ لە ھەڵپەڕکێ
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و شیوەن بۆ ساتە،وەختە کورتەکان دەقوڵپێ
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و بە یادی ئامبازی ئاوێزانەوە دەدوێ
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و نیگاکانی ڕێگا وشکەڵانەکانی پاش بارانی خۆر دەپێوێ
لەو دیو دەرگاوە لێم داڕوانێ و بۆ چرکەیەک ڕووەو ژوانی تەخت دەڕوا و واق وڕما و نانوێ
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و پەنجەی شایەتمانی نەفرەت دەکا
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و حەزێکی کەفوکوڵ دنەی دەدا و بە عیبرەتی دەکا
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و تاریکی شەو دادێت و بە یادی کۆن ڕێ دەرنابا
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و بە ھەنسکی میلۆدییەوە پرچی بە شنەی سەراب دا ئەدا
ئاااای لەو غوربەتەی من لە کەنگێوە بووە نامۆیی ڕۆح
بووە بەفری سپی ناخ و چۆڕاوگەی خوێنی ئاخ
ئەو ساتە دیدارانەمان کەم کەمن و تۆخن
ئیدی ھەمیشە لە،داڵانی بەختەوە دەگەڕێمە ئامێزی نیشتیمان و جێ دێڵم غوربەتی
ئەرێ بیرت چوو شیرینترین کەس و گشت کەسمی ئەی یار