ما 5345 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئامادەکردنی: عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

لە بەشێکی تری وانەکەدا شانۆییەکی بچووکیان ئامادەکردبوو باسی لە هەمان بابەت دەکرد بە هاوکاری مامۆستای شانۆی باخچەکە، کارکردن بە گروپ لە پێناو سەرکەوتنی هەمواندا کارێکی پڕ لە گیانی هاوکاری بوو لە دواجاریشدا دەبێتە خاڵی گەش بۆ سەرکەوتن، هەموان هەوڵی بۆ دەدەن.

 

ڕێگەکانی وانە وتنەوە لە باخچەی منداڵاندا 
ئامادەکردنی: عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی*


وانە وتنەوە بە چەند رێگەیەکی جیاواز لەگەڵ ئەوەی کارامەیی و سەلیقەی مامۆستا دەردەخات، چێژ و خۆشییەکی زیاتریش بە منداڵ دەبەخشێت بە تایبەتی لە باخچەی منداڵاندا. باخچەی منداڵان کاتێک دەبێتە شوێنێکی ئارام تا منداڵان بە ئاسودەیی کاتەکانی خۆیانی تێدا بەسەر بەرن و وەک ئامێزێکی واڵا هەمیشە کراوە بێت بۆیان، دەبێ نمە بارانی سۆز و شنەبای خۆشەویستی بدات لە رووی منداڵان و لە دڵەوە پێشوازی لەو سۆز و خۆشەویستییە بکەن، نەرمونیانی مامۆستایان وەک شیلەی هەنگوین منداڵان چێژی لێوەردەگرن و بێ ترس و دوو دڵی بە باوەڕ بە خۆبوونەوە لەگەڵ مامۆستاکاندا بدوێن و رازی دڵە بچکۆلەکانیان لایان بدرکێنن. بە ئارەزووی خۆیان بەشداری وانە و یاری و چالاکییەکان بکەن و بەهرە و تواناکانیان پێشکەش بکەن و مامۆستا بەڕێزەکانیش لەلایەن خۆیانەوە پەرە بەو بەهرە و توانایانەی منداڵان بدەن تا بە شێوەیەکی دروست گەشە بکەن.
وانەیەک لە پەرتوکی شارەزایی و چالاکییەکان لە یەکەی (ئاژەڵ) بە سێ رێگەی جیاواز (چیرۆک و شانۆ و داتاشۆ) یەکێکی تر بوو لەو چالاکییانەی کە بەسەرپەرشتی لیژنەی باخچە ناحکومییەکان و هاوڕێی رەخنەگر و کارگێڕی باخچەی منداڵانی ئەستێرەی حکومی بۆ مامۆستایانی باخچە ناحکومییەکان کرا.  ئەو دوو مامۆستایەی وانەکەیان دەوتەوە هۆی روونکردنەوە و فێرکردنی جیاواز و پێویستیان بەکار دەهێنا بە هاوکاری وانەکەیان  پێشکەش بە ئامادەبوان کرد، بێجگە لەو دوو مامۆستایە، مامۆستای مۆزیک و شانۆ بە کارەکانیان بەشێک بوون لە وانەکە و چالاکییەکانی ئەوانیش وەک مۆزیک و گۆرانی و شانۆ وای لە منداڵان کردبوو زیاتر بیر و هۆشیان لای وانەکە بێت و چێژی لێوەربگرن و زانیاری فێر ببن، سەرەتای وانەکە بەچالاکی و وەرزش دەستی پێکرد و بەخێرهاتنی میوانەکان، ئەمەش وادەکات منداڵ چالاکتر بێت بۆ وەرگرتن و گوێگرتن لە وانەکە و فێری ئەوەش ببێت میوان یان کەسانێکی تر روویان کردە باخچە یان ماڵەوەیان بەخێرهاتنیان لێبکەن، ئەمەش بەهایەکی جوانە منداڵ فێری دەبێت. بەکارهێنانی دوو جۆر کاتژمێری رەنگ جیاواز، یەکێکیان رەش بوو بۆ شەو مامۆستا منداڵێکی هەستان و سەعات نۆی دیاری کرد بۆ خەوتن لەشەودا، ئەمەش رۆژانە دووبارە دەکرێتەوە و منداڵ وای لێدێت لە ماڵەوە پابەند بێت پێوەی. هەروەها کاتژمێرەکەی تریان رەنگی شین بوو بۆ کاتی لەخەو هەستان بەکاری دەهێناو بەهەمان شێوە منداڵێکی هەستان بۆ دیاری کردنی کاتی لەخەو هەستانی بەیانیان ئەویش سەعات 7 بوو، ئیتر باسی ئەو کارانەش کرا دوای هەستان لەخەو پێویستە منداڵ بیکات، ئەمەش وا لە منداڵ دەکات بڕوای بەخۆی ببێت لە کردنی کارەکانی و پشت بەخۆی ببەستێت نەک هەر چاوەڕوانی دایکی یان کەسێکی تر بکات یارمەتی بدات و بۆی بکات.
 چەند خۆشبوو دوا بە دوای ئەم کارە موزیک و گۆرانی (چۆلەکە) منداڵەکانی زیاتر خستە خۆشی و هەموان پێکەوە دەیان وتەوە، هاندان و چەپڵە و ئافەرینی مامۆستا زیاتر خۆشی دەخستە دڵی منداڵەکانەوە. ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو مامۆستا منداڵێکی هەڵدەستان بۆ کردنی کارێک وەک ماسی بە شێوەی مەلە، یان کەروێشک بەقونەقون دەڕۆیشت بۆ لای مامۆستای گۆرانی ئەو گیاندارەشیان دەوت، ئەمانەش وایدەکرد وانەکە بەتەواوی یاری ئامێز بێت و منداڵ بێزار نەبێت لە گوێگرتن لە وانەکە. کارێکی تر لە ناوەڕاستی وانەکەدا جێیان کردبوەوە باسکردن و دووبارەکردنەوەی دید و پەیامی باخچە بوو لەلایەن مامۆستایەکی ترەوە بێجگە لەو دوو مامۆستایەی وانەکەیان دەوتەوە پێشکەش کرا، بە باشی بەشێوەی گفتوگۆ و دواتریش بە  گۆرانی پێکەوە وتیان سەرجەمیان بەشداربوون لە گۆرانییەکەدا. بەشێکی تری وانەکە بەرێگەی چیرۆک بوو، یەکێک لە مامۆستاکان چیرۆکەکەی دەگێڕاوە. بۆیە پێویستە ئەو چیرۆکانەی بۆ منداڵانی باخچەی منداڵان دەنووسرێن جیاواز بن و بەتەواوی لەگەڵ ئاستی تەمەنیاندا بگونجێت. چونکە ئەو چیرۆکانەی منداڵان دەیبیستن، چ پێش خەوتن یان لە رۆژدا بە گشتی و بەتایبەتی لە کاتی وانەدا لە باخچە، لەو شتانەن چێژێکی زۆریان پێدەبەخشن. 
جگە لەو دیمەن و وێنە خەیاڵییانەی لە کاتی بیستنی ئەو چیرۆکانەدا دەیکێشن، چەندین بەهایان فێر دەکەن، وەک گرنگی راستگۆیی، متمانە پێکراوی، جێبەجێکردنی بەڵێنەکان، باوەڕ بەخۆبوون. مامۆستا لە چیرۆکەکەدا باسی گوندێکی دەکرد چۆن ئاژەڵیان هەیە و بەرهەمی چییە و جیاوازی نێوان ئاژەڵی ماڵی و ئاژەڵی کێوی  بەشێوەیەکی ورد و جوان شیکرایەوە و مامۆستا لە میانی چیرۆکەکەیدا خۆی نووسیبووی و ئامادەی کردبوو خرایە روو، چەند جوان و سەرنجڕاکێش بوو ئەو خانوە بچکۆلانەیەی دروستکرابوو، مامۆستا وەک هۆی روونکردنەوە بەکاریدەهێنا و هەموو ئەو گیاندارانەی باسی دەکردن داینابوون بە شێوەی گیاندارەکە و بە بچووکی و لەگەڵ ناوهێنانی بەرزی دەکردنەوە تا بە جوانی بیبینن. باسکردنی جیاوازی نێوان گیانداری ماڵی و کێوی بەشێوەیەکی زۆر جوان روونکردەوە، (مانگا)ی وەک گیانداری ماڵی لەچیرۆکەکەیدا باسکرد و باسی شیر و هەموو ئەو بەرهەمانەشی کرد کە لە شیر دروست دەکرێت. هەروەها هەمان بابەت بە رێگەی داتاشۆ نیشاندانی کۆمەڵێک باڵندە و گیاندار بوون زیاتر خۆشی دەدا بە منداڵان و تەماشایان دەکرد، دواتر مامۆستا کۆمەڵێک وێنەی بە هەڵگەڕاوەیی دانا و یەک یەک منداڵانی بانگ دەکرد بۆ ئەوەی وێنەیەک هەڵبگرن تا بزانن چییە، وەک یارییەک وابوو. لە بەشێکی تری وانەکەدا شانۆییەکی بچووکیان ئامادەکردبوو باسی لە هەمان بابەت دەکرد بە هاوکاری مامۆستای شانۆی باخچەکە، کارکردن بە گروپ لە پێناو سەرکەوتنی هەمواندا کارێکی پڕ لە گیانی هاوکاری بوو لە دواجاریشدا دەبێتە خاڵی گەش بۆ سەرکەوتن، هەموان هەوڵی بۆ دەدەن.



تێبینی:
• هەردوو مامۆستا بەڕێزەکە لەم وانەیەدا هەوڵیاندا یەکەی ئاژەڵ بەکورتکراوەیی بڵێنەوە کە خۆی لەڕاستیدا چەند رۆژێکی  دەوێت بۆ وتنەوەی، بەڵام ئەمان لەبەر ئەوەی وانەکەیان بۆ راهێنان بوو بۆیە توانیان بەسەرکەوتوویی بە سێ رێگەی جیاواز بیڵێنەوە.


*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت