ما 1140 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 ناڵە حەسەن

سپێتی لێوی خۆزگەکانی تۆ و

زەردی گۆنای نائومێدییەکانی من

خۆرەتاوە نێرگزاوییەکەی ئاسمانی

 عەشقییان درەوشاندۆتەوە

دەقی تەمەن ٣٣

 ناڵە حەسەن

١

بیرمە ڕۆژانێک دەمگوت

گەر هەموو دەرگاکانم بە ڕووداخەن

من لەنێو هاواری شیعر دێمە نێو ژیانەوە

ئێستاش بێویستی خۆم

هەورازەکانی بەردەمم بڵنتر بوون و

سەختییەکانیش سەختتر

ئێستا / دڵم هێندە بچووک بۆتەوە

بەدەستەکانی خۆم هەموو دەرگاکانی ژیانم

بەڕووی خۆمدا داخستووە

ئێستا من

گەڵایەکم وشک وشک

بە کزە بایەک هەڵدەوەرێم

ئەستێرەیەکی دوور دوورم بەبێ درەوشانەوە

شەوێکم تاریک تاریک بەبێ تریفە

درەختێکم بێدەنگ بێدەنگ بەبێ جووڵە

وەکو مانگ تابلۆیەکی ترم بۆ تەنیایی و

بوومەتە ناوێکی تریش بۆ نائومێدی

 

٢

سپێتی لێوی خۆزگەکانی تۆ و

زەردی گۆنای نائومێدییەکانی من

خۆرەتاوە نێرگزاوییەکەی ئاسمانی

 عەشقییان درەوشاندۆتەوە

ئەی گوڵە حاجیلەکەی پێدەشتی

خەونەکانی من

تۆش لەنێو شەوە تاریکەکانمدا

وەکو تریفەی مانگ دەبریسکێیەوە

من دەمەوێت چیڕۆکێکیتر

بە ڕێنووسێکیتر

لە ڕووناکی و ڕازەکانی

ئەو عەشقەی تۆ بنووسمەوە

٣

وەک شاعیرێکی یاخی

دەمەوێت زێتر یاخی بم

یاخی و یاخی و یاخی

دەمەوێت

قەڵەمەکەی دوێنێم بشکێنم و

دەفتەری شیعرەکان و

کتێبی یادەوەری و خەونەکانم بسووتێنم

دەمەوێت / ئەو ڕێگایانەی پیایانا ڕۆیشتووم

لەسەر نەخشەی گەردوون بیان سڕمەوەو

ئەو هەورازانەی پیایانا سەرکەوتووم بیان ڕووخێنم

دەمەوێت دۆزەخە وەهمییەکەی خودا

بهێنمە نێو ژیان و

ئاگر لە هەرچی موقەدەساتە چەقبەستووەکان بەربدەم

تا جارێکی تر لە دایکببمەوە  

وەکو ژیان جوان و

وەک پەرەی گوڵ ناسک و

وەک مرۆڤیش شکۆمەند

ئەوکات لە شوێنێکی بڵند و بە ڕێنووسێکی نوێ

بنووسم / ئەوە منم ناڵە حەسەن ...!

٤

لەنێو تاریکایی ئاوێنەکان وەرە دەرەوە

دەرگا و پەنجەرەکانیش بخەرە سەر گازەرەی پشت

فرمێسکی چاوی خەونەکانمان بستڕەوە و

خۆت لەبەر خۆرەتاوی نائومێدییەکانمان ڕووت کەرەوە

بەڵکو ئەوە خوایە

شەوەزەنگە بێ هەست و خوستەکانی ژیانمان

لەژێر ڕۆشنایی تیشکی چاوەکانت / کەمێک ڕووناک ببنەوە

٥

جەستەی تۆ گوڵێکی سووری لێو تەڕە

سێوەکانی نێو خەیاڵیشت

کانی شیعرم دەتەقێننەوە

بۆیە منیش لە شیلەی نیگاکانت تێر نابم و

خەون و زەردەخەنە ئیرۆسییەکانیشت

وەک قەسیدەیەکی عاشقانە

هەمیشە چیڕۆکەکانی تەنیاییم دەنووسێتەوە

٦

گەر تۆ لێم نزیک بیت

وڕینەکانی تەنیاییم و

 هاوارەکانی بێدەنگیم هێور دەبنەوە و

 خۆیشم هەست بە ئارامی دەکەم

ترسی ئەوەم نابێ

گەر بەنێو تاریکترین

دۆڵ و خەرەندەکانی دۆزەخدا ڕێبکەم

تۆ / تازە بوویتە فریشتەی سەر شانی ئومێدەکانم

بۆیە / هەمیشە و هەمیشە و هەمیشە

لە ڕۆیشتنم پشت لە ئاوەدانی و ڕوو لە تۆ دەکەم

٧

من لە گرژ و مۆنی ئەم پارادۆکسە تێناگەم

کە کاتژمێری دەستت هەموو چرکەیەک

ترپەکانی دڵی من دەخوێنێتەوە

باولی ژێر سیسەمەکەشت

پڕە لە ئەلبووم و قەڵەم و مەدالیا و

چەرخ و وردە شیعرە گەچراوەکانی من

کەچی مەوداکانی نێوانیشمان

تا دێت دوور و دوورتر دەبێتەوە

٨

زەمانێکە

دەرگای دڵی خۆم داخستووە

کلیلەکەییم فڕێداوەتە نێو دەریا

ئێستا لە ئاسمان نیشتەجێم

گەڕانەکانت بەدوای مندا بێهوودەن

تۆ دەتوانی

نەهەنگەکان و ماسییەکان و دۆلفینەکان

بڵاوێنیتەوە

سەما بۆ نەوڕەسە سپییەکان بکەی و

سروودی شەپۆلەکان بنووسیتەوە

ئەوکات لەودیو قووڵاییەکان

ڕەنگە ڕۆژێ کلیلەکەی دڵم بدۆزیتەوە

٩

پەرییە ڕۆح پەپووڵەییەکەی من

لە مەملەکەتی پەلکەزێڕینە گەڕاوەتەوە

لەگەڵ خۆیدا

کتێبێک لە چیڕۆکە موچڕکئامێزە پڕ لە ڕازەکانی

پەرەسێڵکە و پاسارییەکانی هێناوەتەوە

ماندووەو تک تک لێی دەتکێ

ئارەقەی شەرم و نسکۆ نا / ئارەقەی عەشق

١٠

من ئەو شاعیرەم هەنوکە

پایز بووە بە شوناسم و

دۆزەخیش بە نیشتیمانم

بەڵام / هێندە پەیوەستم بە ژیانەوە

نە ئاگر و نە نائومێدی و نە مردن

ناتوانن زەفەرم پێببەن

تا شیعر و عەشق مابن

من هەر سەوز و سەوزتر دەبمەوە

١١

درەختەکان و باڵندەکان

لە چرکەساتەکانی ئاوێزانبوونی من و تۆ

دەمیان دەکرێتەوە و

نیگاکانییان پڕ دەبن لە خەندەی شیرین

 مۆسیقا و ڕەنگەکانیش

بۆ ڕووبار و گەڵاکان دەچەمێنەوە

منیش لەنێو ڕوانینە ئیرۆسییەکانم

دەبم بە باخچەیەک لە ڕەنگ و بۆنی تۆ

لەو دەمەدا / دەست لە لچکە کراسە سوورەکەی

زەوی بەردەدەم و

 لەسەر پشتی خۆم داتدەنێم  

دەگەڕێمەوە نێو گەڕەکە ڕووناکەکانی ئەستێرەکان

١٢

هیچ ترۆپک و لوتکەیەک

مەکە بە ماڵی خۆت

گەیشتن بە لوتکە

ملشکان و گەڕانەوەی لە دوایە

من دەمەوێت لە شوێنێکی بڵند بە تۆ بگەم

لەوێوە / دوور دوور لە لوتکەکان بڕوانم

بڕوانم و بتوانم / بڕۆمە پێشی و نەکەومە خوارەوە

١٣

شاعیرێکی نەخۆش

نەخۆشێکی دەروون شێواو

لە هەموو شتێک ڕادەکات و

لە هەموو شتێک دەترسێ

لە گۆڕستان

لە تاریکی

لە سوپا

لە ئافرەت

لە مرۆڤبوون

ئەم شاعیرە دەروون ناجێگیرە

هەر دەڕواو ئاوڕ لە کەس ناداتەوە

هەر دەڕواو لە هیچ شوێنێک ناگیرسێتەوە

بە تاقی تەنێ

هەر دەڕواو هەردەڕواو هەردەڕوا ...!

١٤

من دەمەوێت

لەو بەیانییە ژیان جێبێڵم

کە بەهەشت دەرگای خۆی بەڕووم دادەخات

ئاگر پێم دەڵێت چیتر تۆ لە جنسی من نیت

بەفر پێم دەڵێ من چیتر بە خۆرەتاوی خەونەکانی تۆ ناتوێمەوە

درەخت پێم دەڵێ من چیتر بە گۆرانییەکانی تۆ ناکەومە سەما

بەرد پێمدەڵێ تۆ منیشت فێرە بێدەنگی کرد

سەوزایی پێمدەڵێ

من چیتر درەوشانەوەی خۆم بە سنەوبەرە سەرمەدییەکانی تۆ نابەخشم

لەودەمەدا / شیعر لەنێو کتێبەکانی نێو جانتاکەم دێتە قسە و دەڵێ

شاعیرە ڕۆژهەڵاتییەکە دڵتەنگ مەبە

دەی / با بە ڕێکەوینەوە ڕووناکییە گەورەکە لە پێشمانەوەیە

١٥

من خەونەکانم لەگەڵ بادا بەنێو گەردوون بڵاوبوونەتەوە

پەنجەکانم و پارچەکانیتری جەستەشم

بەنێو کیشوەر و ئۆقیانووسەکان

ماندووم و دەمەوێت خۆم کۆکەکەمەوە

دەمەوێت / کاتژمێرە کۆنەکەی گیرفانم و

ملوانکە مۆرەکەی مردن فرێدەم و بگەڕێمەوە

ئەی ئەفرۆدیتەی من

دەمەوێت لەژێر کەپری نێو ڕۆمانێکی نوێ

لەگەڵ تۆدا ڕابکشێم و

لەژێر ڕۆشنایی فانۆسێکی سپی

قەسیدەیەکی نوێ  دەست پێبکەمەوە ...!

 

                                                  دیسەمبەری ٢٠٢٢

 

 

گەڕان بۆ بابەت