ما 6605 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە پاش ساڵان، چوار باڵابەرزەکە لە بەندیخانە هاتنە دەرەوە... ئازادکران. ئیتر نە کتێبیان خوێندەوە، نە دەیانگوت هەموو شتێک تاوانی کۆمەڵگایە، نەک میهرەبان مابوونەوە و نە بە تەمای بە دەستەوەگرتنی دەسەلاتیش بوون. تەنانەت وەک یەک جلی کوردیشیان لەبەر نەکرد و، پێکەوە نەچوون بۆ زەماوەند. نە پێکەوە هەڵپەڕین و، نە خەڵکیش ئیتر پێیان وابوو ئەوان شیرین و لەبەر دڵان بوون و رۆژێک لە رۆژان کۆمەڵگایش چاک دەکەن.

شەوانی مۆسکۆ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە شارەکەی ئێمە چوار کەس زۆر ئاشقی سوسیالیسم بوون. ئەوان کە مامۆستای قوتابخانە بوون، زۆر حەزیان بە خوێنەنەوەی کتێب بوو، لەگەڵ خەڵک میهرەبان بوون و دەیانگوت هەموو شتێک تاوانی کۆمەڵگایە. دەیانگوت گەر کۆمەڵگا چاک بکرێت، ئەوا مرۆڤی خراپ و بە گشتی خراپە نامێنێ. کلیلی چاککردنی کۆمەڵگایش لای ئەوان دەوڵەت بوو. بۆیە ئەوان زۆر ئاشقی رووخانی دەسەڵات و بەدەستەوەگرتنی لە لایەن خۆیانەوە یاخود هاوڕێکانیانەوە بوون.

چوارکەسەکەی شارەکەی ئێمە کە دەچوون بۆ زەماوەند، وەک یەک جلیان لەبەردەکرد. پێکیشەوە شان بە شانی یەکتر هەڵدەپەڕین. بالابەرز و کەڵەگەت، هەموو دەهاتنە سەیریان. ئەوەندە جوان و گەنج و شیرین بوون کە نەک من، بەڵکو هەموو باوەڕیان هێنابوو ئەوان سەرئەنجام بە دەسەڵات دەگەن، کۆمەڵگا چاک دەکەن و بە گشتی خراپە ناهێڵن.

من کە وەک ئەوان باڵام بەرزنەبوو، هەمیشە خەونم دەبینی وەک ئەوان بم، قسەی چاک بکەم و ئاواتی باش بخوازم. لەم شارەی ئێمەیش ئەوەندە خەڵکی هەژار و کێشەی کۆمەڵایەتی و بەدبەختی هەبوو کە هەمیشە بە بینینیان بیری ئەوان بکەومەوە. بە خۆم دەگوت ئەوان راستدەکەن، بەم هەموو نەهامەتی و بەدبەختییەوە کە هەیە ئەوان سەردەکەون،... یەعنی دەبێ سەرکەون!

ئەوەندەی پێنەچوو چوارباڵابەرزەکە گیران، خرانە زیندانەوە و ساڵانی ساڵ لەوێ لە ژوورە تەنگ و تاریک و ترسناکەکاندا مانەوە. ئەوەندە راگیران، کەمکەم خەڵکی شار ئەوانی لە بیر چووەوە. لە لایەکی تریشەوە خەڵکی هەژار هەر وا بە دەست نەهامەتیی ژیانی خۆیەوە دەیناڵاند، کێشە کۆمەڵایەتییەکان هەر وا مانەوە و بەدبەختیش بەردەوام لە زیادبووندا بوو.

لە پاش ساڵان، چوار باڵابەرزەکە لە بەندیخانە هاتنە دەرەوە... ئازادکران. ئیتر نە کتێبیان خوێندەوە، نە دەیانگوت هەموو شتێک تاوانی کۆمەڵگایە، نەک میهرەبان مابوونەوە و نە بە تەمای بە دەستەوەگرتنی دەسەلاتیش بوون. تەنانەت وەک یەک جلی کوردیشیان لەبەر نەکرد و، پێکەوە نەچوون بۆ زەماوەند. نە پێکەوە هەڵپەڕین و، نە خەڵکیش ئیتر پێیان وابوو ئەوان شیرین و لەبەر دڵان بوون و رۆژێک لە رۆژان کۆمەڵگایش چاک دەکەن.

لە چوار باڵابەرزەکەی شارەکەی ئێمە، یەکیان بوو بە میکانیک، دووهەمیان بە شۆفیر تاکسی، سێهەمیان بە سیمکێش و چوارەمیان بە مەعامەلەچی.

پێکەوە پێوەندیشیان نەما. ئەوەندەی کە لە کاتی مردن لە کاتی ناشتن دەچوونە سەر قەبری یەکتر.

دیسان ساڵان گوزەرا و رێک لەو دیو سنوور، لەو وڵاتەی وا چوار باڵابەرزەکەی شارەکەی ئێمە خەونیان پێوە دەبینی، میخائیل گۆرباچۆڤ وەک پیاوێکی لاکەوتەی سیاسی کە دووا سەرۆکی سۆڤیەت بوو، ژنەکەی مرد و ئەوەی لە تەنیایی خۆیدا بۆی مایەوە گۆرانی "شەوانی مۆسکۆ" بوو. ئەو گۆرانییەی بە دڵ حەزی لێی بوو:

لەم شەوە ئارامانەدا

رووبار دەڵێی ناجووڵێ

دەڵێی ماوەتەوە

گەش بە تیشکی مانگ.

گۆرانییەک دەگاتە گوێ

وەک بڵێی نا.

تۆ بۆ بە گۆشەی چاوەکانت لێم دەڕوانی

ئەی خۆشەویستم

چەند دژوارە

باس لە قسەی دڵ کردن

هەمیش نەگوتن.

بەیان دەڵێی نزیکە

کەواتە ئەی میهرەبان

هەوڵبدە

لە یادت بمێنێ

شەوانی هاوینیی مۆسکۆ

شەوانی هاوینیی مۆسکۆ

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت