ما 1179 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ناڵە حەسەن

چەند کارەساتە لە نیشتیمانێک بژیت وەک لادێیەکی خاپوورکراو بێ، وەک دۆزەخێکی هەمیشەییش کە دەنگی ژیانی تیا نەبیسترێ، هەر هەڵبێین و ئێمە مرۆڤەهایەکی هەڵاتووی هەمیشەیی بین، شاعیر وێنەی ژیان و نیشتیمانێکمان بۆ دەکێشی، تابلۆکان بە ڕەنگەکانی مردن ڕەنگکراون، ژیان وەک درەختێک شیلەی مردنی لێدەچۆڕێ. 

(شیعر و خەون) وەک دووانەیەکی لێکدانەبڕاو

"خوێندنەوەیەکە بۆ دەقی (تەنگە بە پێی خەونەکانمان شار)ی سومەیا جەلال"

ناڵە حەسەن

                                                               

(تەنگە بەپێی خەونەکانمان شار)

دارمێوێکمان

بە هەورەوە هەڵواسی

پیایدا هەڵدەگەڕێین بەرەو ماڵە خەیاڵییەکەمان

ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕن

سەبەتەکەیان پڕ دەکەن

لە ترێ

شەرابی نەمری لێ دروست دەکەن و

تۆوەکەی بە دوعا دەچێنن

هاکە ئەوانیش

ماڵێکی ڕاستەقینەییان هەبێت و

ڕۆحیان بێتەوە بەر.

کە سەرمامان دەبێت بە وشە خۆمان گەرم دەکەینەوە

برسێتیمان لەسەر سفرەی شاعیرێک دەشکێنین.

دەچین بەرەو کۆشکی خەیاڵ و

کەلاوەی ژیان بە جێ دەهێڵین.

 

بە پێی خەونەکانمان تەنگە شار

لەناو تەمدا بزر دەبین و

هەر خۆمان دەبینین بە کۆڵەکەی خەونەکانمان.

 

یەک ڕەنگمان هەیە گشت ڕەنگەکانی لێ دێتە بوون "ڕەش"

یەک خودا کە ئێوە هەزار و یەکتان لێ دروست کرد

 

سەری ئێوە بە هەسارەیەکدا دەگەڕێت

هەسارەیەک لە سەری ئێمەدا.

کە بە دەڕنەفیزێکەوە دێن

 بووڕغوەکانی سەرمان شل بکەنەوە و

چاوی خەونەکانمان هەڵکۆڵن

هەڵدێین...

کە لەبارەیان دەپرسن هیچتان بۆ ناگێڕینەوە

دەترسین تاڵانیان بکەن و

ئەنفالێکی دی بنووسنەوە لە دەفتەری بیرەوەرییەکانمان.

میکرۆبەکانتان ڕۆبکەنە نێویان و تاڵانیان بکەن

وەک لادێیەکی خاپوورکراو

کە دەنگی ژیان تیا نەبیسترێ.

بۆیە هەڵدێین و  ئێمە هەڵهاتوویەکی هەمیشەیین

 

بۆ چنگخستنی مشتێ ژیان و

ڕەتکردنەوەی قومێک مردن نا

ژیانمان لێ دەڕژێ و

دەیان جار پێکی مردنمان هەڵداوە.

 

بەڵام ئێمە دارمێوێکمان هەیە

پیایدا هەڵدەگەڕێین بەرەو ماڵی خەیاڵیمان و

پاسەوانی جوانی دەکەین.

تۆش سەبەتەکەت پڕکە...

پڕیکە لە ترێ

شەرابی نەمری لێ دروست بکە و

تۆوەکەی بچێنە

تا ماڵێکی ڕاستەقینەیت هەبێ ...!

ژیان وەک چەمکێکی گەردوونی دەکرێت (یەکێک) لە ماناکانی لە نێو خەون بەرجەستە بێت، واتە دەتوانین بڵێین (ژیان یانی خەون). واتە خەون مانایەکی تری ژیانە. چونکە نەک تەنها ژیان بەڵکو بوونیش بەهەمان شێوە هەمان بەرکەوتە و ئاوێتەبوونی لەگەڵ خەوندا هەیە. واتە (بوون و خەون) بەئاراستەیەکی تەریب دا دەڕۆن، پێکەوە و یەکانگیر. بەدیوێکی تر، چەمکەکانی (شیعر و خەون) هەمان مانا و هەمان پەیوەندی و هەمان ئاوێتەبوونیان هەیە، چونکە شیعر بە چڕی ئیش لەسەر ژیان دەکات و هەوڵدەدات جوانییەکان لە ڕووبەرە نادیار و تاریکەکان کەشف کات و بیان خاتە ڕوو. واتە شیعر ئیش لەسەر جوانی و جوان پێشاندانی ژیان دەکات. لەم نێوەدا خەونیش ئەو وزە و هێزەیە کە وا لە شیعر و شاعیر دەکات هەمیشە بە ژیانەوە پەیوەست بن. چونکە ئەو شاعیرانەی دوور دەکەونەوە لە خەون و لە خەون خاڵی دەبنەوە، ئەوکەسانەن دەگەنە دوانوختەی ڕەشبینی ، بوون و نەبوونی خۆیان لەنێو ژیاندا وەکو یەک دەبینن و دواجار زۆربەیان پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن. (سومەیا جەلال)ی شاعیر لەم دەقە شیعرییەی (تەنگە بە پێی خەونەکانمان شار)، بە چڕی ئیشی لەسەر چەمکی خەون کردووە، هەر ئەمەشە وای کردووە ئەم دەقە شیعرییەی لە ئاستێکی بەرزی جوانیدا دەربکەوێت. چونکە وەکو گوتمان خەون ئەو چەمکەیە کە وزە و جووڵەی بەردەوام بە شاعیر دەبەخشێت کە لەنێو ڕووبەرە تاریکەکان بەرزترین ئاستی جوانی بەرهەمبهێنێ . ئەم شیعرەی سومەیا لە ڕووی زمان و وشە و دەستەواژە و وێنە و خەیاڵی شیعری. دەقێکی نایاب و پڕە لە چێژ و شیعرییەت. تایتلی شیعرەکەش تا ئاستێکی بڵند بە جوانی دەورەدراوە، (تەنگە بەپێی خەونەکانمان شار) ئەو ڕستە شیعرییە و ئەو ناونیشانە شیعرییە کە بەئەندازەی دەقێک جوانی چێژ بەخوێنەر دەبەخشێت. دواجار جوانیش ڕاستەوخۆ کاریگەری و پەیوەندی بە ئارامبوونەوەی دەروون و ڕۆحی خوێنەرەوە هەیە. لە پشتی ناونیشانی دەقەکە و زۆرێک لە وێنە و دەستەواژەکانی شیعرەکە، وێنەی شاعیرێک یان کەسێکی یاخی دەبینین، کە لێوانلێوە لە خەون و لیوانلێوە لە وزە و جووڵە و خەونی گەیشتن بە ئومێدە گەورەکان، خەون بە ژیان و دونیایەکی باشتر، یان خەونی ئەوەی هەوڵدان  لە ڕیگەی داهێنانەوە بۆ بە کەمال گەیاندنی بوون، هەموو ئەمانە لەنێو دەقێکی شیعری شاعیرێکی لاو دەبیندرێن کە لەسەرەتای ئەزموونی شیعر نووسینیەتی، بە عەشقەوەش هەنگاو دەنێ بۆ گەیشتن بە ڕووبەری شیعر و بەدەستهێنانی شوناسی شاعیربوون، ئەوکەسەش سومەیا جەلالی شاعیرە، بەبڕوای من جوانییەکانی نیو ئەو دەقە هێزی ئەوەیان پێیە بگەنە نێو ڕووبەری شیعر و لەنێویدا بمێننەوە. تا ئێرە وەک دەروازەیەک بۆ چوونە نێو خوێندنەوەو مەبەستەکانمان و پێشاندانی دیوە شاراوە و نادیارەکانی دەقەکە تیشکخستنە سەر هەندێک لە گۆشە و کەلێنەکانی،

شاعیر لەسەرەتای دەقەکەی دەڵێت:

دارمێوێکمان

بە هەورەوە هەڵواسی

پیایدا هەڵدەگەڕێین بەرەو ماڵە خەیاڵییەکەمان

ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕن

سەبەتەکەیان پڕ دەکەن

لە ترێ

شەرابی نەمری لێ دروست دەکەن

ئەمەی سەرەوە، کۆپلە شیعرێکی نایابە، وێنەیەکی جوانی شیعرییە، پڕە لە هەستی بەرزی مرۆیی و خۆشەویستی بۆ ژیان، گوتمان شاعیر لەودەقە شیعرییەی پڕە لە خەون، شاعیر کەسێکی بزێو و پڕ جووڵەیە ، ناتوانێ لەنیو ژیانێک بمێنێتەوە، کە (شار پەپێی خەونەکانی ئەو تەنگ) بێ بەدوای رووبەرێکی فراوانتر و لەبارتر دەگەرێت کە لەوێدا ژیان لە هەموو جوانیەکان و مرۆڤەکانیش لە هەموو خۆشییەکان بەهرەمەن بن، خۆیشی دەستلەملانی خەونە گەورەکانی بێت ، بۆیە (دارمێوێک بە هەورەوە هەڵدەواسێ و لەگەڵ ڕێبواران و عاشقانی ڕێگای ژیان پیایا هەڵدەگەڕین بەرەو ماڵە خەیاڵیەکەیان)، ئەو ماڵەی لەنێو خەونەکانیان نەخشەیان بۆ کێشاوە، ماڵێک پڕ لە کتێبەکانی ئومێد، ماڵێک پڕ لە ئارامی و ئاسوودەیی، جیا لەو کەڵاوەیەی نێو ئەو شارەی کە بەپێی خەونەکانی مرۆڤەکان تەنگە، ئەو شارەی کە دۆزەخێکە بۆ خۆی، ئەو شارەی هەموو شتێکی لێیە جگە لە ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ نەبێ. دار مێوەکە بەهەورەوە هەڵدەواسێ و ئەوانەی بەوێشدا تێدەپەڕن سەبەتەکەیان پڕ دەکەن لە ترێ. ترێ وەک هێماو فیگەرێک دەتوانێ دەلالەت بێ بۆ چەندین مانای جیاواز دەکرێ هێما بێ بۆ بەروبووم و خۆشی و جوانیەکانی ژیان، دەکرێ هێما بێ بۆ گەیشتن بە خەونەکان و زۆر شتیتر. مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی سەبەتەکانیان پڕ دەکەن لە ترێ. شاعیر بە هەستێکی بەرزی مرۆیی ئەم وێنە شیعرییەی کێشاوە. وێنەی ژیانێکمان بۆ دەکێشی کە تیادا پراوپڕە لە بەهای جوانییەکان و بەها مرۆییەکان. ژیانێک وەک ژیانی سەرەتای مرۆڤایەتی کە ئەو سەردەم لە مێژوودا بە (کۆمۆنەی سەرەتایی) ناوبراوە کە لەوێدا موڵکدارێتی (گشتیی بووە نەک تاک). لەوێدا خێروبێر و خۆشییەکان بۆ هەمووان بوو، ژیان و پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای هەرەوەزی و پێکەوە ژیان و خۆشەویستی بنیاد نرابوو نەک رەتکردنەوە و کوشتنی ئەویتر، لەم وێنە شیعرییە نایابە شاعیر پڕمان دەکات لە خەیاڵی جوان و وێنەی ژیانێکی پڕ لەسەروەریمان بۆ دەکێشیت. (سەبەتەکان پڕدەکەن لە ترێ و شەڕابی نەمری لێدروست دەکەن) بێگومان لە شێوە ژیانێکی لەم جۆرە، مرۆڤەکان دەگەنە ئەوپەری مەوداکانی شکۆمەندی و ژیانیش دەگاتە ئەوپەڕی مەوداکانی جوانی. شاعیر لە دیمەنێکیتر دەڵێ:

کە سەرمامان دەبێت بە وشە خۆمان گەرم دەکەینەوە

برسێتیمان لەسەر سفرەی شاعیرێک دەشکێنین

دەچین بەرەو کۆشکی خەیاڵ و

کەلاوەی ژیان بە جێ دەهێڵین

لەم وێنە شیعرییە، (سومەیا جەلال) دیدێکی ڕۆشن بۆ پەیوەندییەکانی(شیعر و ژیان) و (یاخیبوون و خەون) دەخاتە ڕوو. (کە سەرمامان دەبێت بە وشە خۆمان گەرم دەکەینەوە، سەرما وەک هێمایەک بۆ هەموو میحنەتیەکان و هەموو موعانات و ئازارەکان. کاتێک ژیان دەگاتە ئەوپەڕی ناخۆشی و بێزاربوون، مرۆڤەکان دەکرێ تەوقی بێدەنگی بشکێنن و بێنە قسە، وشە دەکرێ هێما بێ بۆ قسەکردن، (برسێتیمان لەسەر سفرەی شاعێرێک دەشکێنین!)، شاعیر وەک پەیامبەرێک لەنێو شیعرەکانی قسە دەکات، دەتوانێ لە ڕێگەی زمانەوە سەرمابوون و برسییەتی و خەون و هاوارەکان بنووسێتەوە، شیعر دەتوانێ تەواوی ژیان بنووسێتەوە، لێرە ، شیعر هاوتا دەبێت بە ژیان، سفرەی شاعیریش هاوتا دەبێ بە گەردوون، بەڵام دەبێ ئەوەمان بیر نەچێت، شیعر ناتوانێ نان و ئازادی و خەون و خۆشییەکان بۆ مرۆڤەکان دەستەبەر بکات، بەڵام شیعر یان ئەدەب دەتوانن وا لە مرۆڤەکان بکەن، بیر لە نان و ئازادی و بیر لە خەونەکان و ئایندە و ژیانێکی باشتر بکەنەوە، بۆیە شاعیر کاتێک سەرمای دەبێت بە وشە خۆی گەرمدەکاتەوە، دەکرێ لە ڕێگەی وشەوە بیر لە ڕزگاربوون لە هەموو نەهامەتییەکان و هەموو سڕبوون و سەرمابوونەکان بکاتەوە. شاعیر بە هەمان گڕوو تینەوە لەنێو خەیاڵە شیعرییەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵی، (دەچین بەرەو کۆشکی خەیاڵ و کەلاوەی ژیان بە جێدەهێڵین)، بێگومان شاعیر بەم هەست و خەیاڵێکی مرۆییەوە، بەو هەموو جووڵە و وزەوە بۆ گەیشتن بە بڵندترین هەورازەکانی خەون. کەلاوەکانی ژیان جێدەهێڵێ و دەڕوا بەرەو کۆشکەکانی خەون. لێرە وەک (شاعیرێکی یاخی) ئەو شارەی بەپێی خەونەکانی ئەو تەنگە ڕەت دەکاتەوە، کەلاوەکانی ژیانی ئەوشارە جێدەهێڵی بەرەو کۆشکەکانی خەیاڵ بەئاراستەی خەونەکانی ڕێدەکات، کەسێکی یاخییە نەفرەت لە هەموو ئەو ڕێگریانە دەکات و شەڕ لەگەڵ هەموو ئەو بەربەستانە دەکات کە رێگرن لەبەردەم خەونەکانی. شاعیر لەنێو هەستە یاخییەکانی کە کەلاوەکانی ژیان جێدێڵی و بەرەو کۆشکەکانی خەیاڵ دەروا ئەوجا بە زمانێکی شیرینی شیعری و لێوانلیو لە جوانی دەڵێ:

 بە پێی خەونەکانمان تەنگە شار

لەناو تەمدا بزر دەبین و

هەر خۆمان دەبین بە کۆڵەکەی خەونەکانمان

لێرەدا شاعیر دوای هەنگاوی جێهێشتنی کەلاوەکانی ژیان و گەیشتن بە کۆشکی خەیاڵ ، دەیەوێت بڵێت / ئاخر لەوێدا بەپێی خەونەکانمان تەنگ بوو شار! ئێمە خەونی گەرەترمان هەبوو، پێویستمان بە ڕووبەرێکی فراوانتر و دونیایەک بوو کە جوانتر بێت لە هەمیشە. بۆیە لە قۆناغی سەرەتا دارمێوێک بەهەورەوە هەڵدەواسن و دواتر بۆ گەیشتن بە خەونەکان بڵنتر دەبنەوە و هەورەکانیش جێدەهێڵن و دەگەنە نێو تەمە سپییەکانی خەیاڵ چونکە، دەزانن ڕووناکییە گەورەکە و سفرە ڕازاوەکە و کۆشکە گەرمەکەی ئارامی لەوێندەرێیە! بۆیە لەناو تەمدا بزر دەبن و هەرخۆیشیان دەبن بە کۆڵەگەی کۆشکی خەونەکانیان بەڵێ مرۆڤ بۆ گەیشتن بە خواست و خەونەکان و ژیانێکی باشتر دەبێ بەسەر هەورازە بەرزەکان سەرکەوێ، بڵند ببنەوە و بزر ببن لە نێو تەم و هەرخۆیشیان ببن بە کۆڵەگە و بە ستوونی کۆشکە ڕازاوەکانی خەونەکان و ئومێدە جوانەکانیان .لەدوای ئەوە شاعیر دەیهەوێ هۆکاری ئەو یاخیبوون و ئەو جێهێشتنی کەڵاوەی ژیان ڕوون بکاتەوە ئەوەتا ڕاست و ڕەوان دەڵێت:

یەک ڕەنگمان هەیە گشت ڕەنگەکانی لێ دێتە بوون "ڕەش"                                         

یەک خودا کە ئێوە هەزار و یەکتان لێ دروست کرد

دەیەوێت باسی ئەو ژیانە ناهەموارە بکات کە بەهاکانی جوانی و بەهاکانی مرۆڤ لەچ ئاستێکی نزمدا بوون، ژیان پارچەیەک بوو لە نائومێدی، هەموو ڕەنگەکان لە ڕەشەوە دەهاتنە بوون، ڕەش سەرچاوەی هەموو ڕەنگەکان بوو، ژیان تابلۆیەکی ڕەشبوو، ژیان لەناو مردن ڕاکشابوو، ئاسۆ و ئومێدەکان ڕەش. خەون و ئایندەکان ڕەش، هەر ڕەش و هەر ڕەش و هەر ڕەش. یەک خودا ئێوە هەزار و یەکتان لێدروست کرد. ژیانێکی ڕەش و مرۆڤەهایەکی سەرگەردان و شێواو، جەنگەڵستانێک پڕ لە خودای جۆراوجۆر، پڕ لە ماری حەوت سەر و پڕ لە ئەژدیهای هار و برسی، لێرەدا باسی هەموو ئەو هەوڵە نابەجێ و هەموو ئەو دەستە ڕەشانە دەکات کە ژیان ناشیرین و نابووت دەکەن. باسی ئەو مرۆڤ و ئەژدیها چاوچنۆکە برسیانە دەکات کە بەخوێنی ئەوانیتر نەبێ تێر ناخۆن و ژیان لە ئەوانیتر دەکەنە دۆزەخێکی پان و بەرین.

ئەگەر بە وردی لەم دەقە شیعرەی سومەیا جەلال ورد بینەوە، بەو ئاکامە دەگەین هەر خودی ناونیشانی شیعرەکە (تەنگە بەپێی خەونەکانمان شار) لەگەڵ ئەوەی دەستەواژەیەکی شیعری جوان و پڕ چێژە لەهەمان کات کارەساتێکی گەورەشە کە /  ناوەرۆکی دەقە شیعرییەکەی لێوانلێوە لە وێنەی تراژیدی و گێڕانەوەی کارەساتە گەورەکان  کە لە پشتی چیڕۆکە تراژیدییەکان، هاوکێشەکانی (مردن هەمیشە مردن) و (کەوتن هەمیشە کەوتن ) ببیندرێ  لەنێو ئەودەقە شیعرییەی ئەم شاعیرە گەنجەمان بوونی مرۆڤ و شکۆمەندی مرۆڤ لەژێر پرسیاردایە, کە ژیان هێندە بەئاراستەیەکی ناشیرین دا دەڕوات. مرۆڤ ناچار بە هەڵاتن و ناچار بە پشتکردن دەبێت لە ژیان، ئەوەتا بە ئاشکرا باس لە کارەساتی ئەنفال و کۆڕەو دەکات. باس لە مردنی بە کۆمەڵ دەکات، ئەم کارەساتە تراژیدیانە نیشاندەری لوتکەی هەرەس و لوتکەی بێ بەهابوونی مرۆڤ و هەموو جوانیەکانی ژیانە، یان بە دیوێکی تر وەک (ئەلبێرت ئەنیشیایین)، دەیەوێت بڵێ (ئەم جیهانە شوێنێکی ترسناکە کە تیایدا دەژین نەک لەبەر ئەوەی مرۆڤەکان خراپن، بەڵکو لەبەر ئەوەی مرۆڤەکان بە گشتی هیچ جووڵەیەک لە خۆیان نیشان نادەن) شاعیر لەنێو ئەم دەقەدا بەو دونیایە ڕازی نییە و لێی ڕادەکات و بەدوای دونیایەکی تر دا دەگەڕێت چونکە ئەم دونیایە دونیاییەکی شەیتانییە و جێگای فریشتە و مرۆڤە ڕۆح  پەپووڵەییەکانی تیا نابێتەوە! بڕوانن چەند جوان و شاعیرانە دەڵێ:

هەڵدێین

دەترسین تاڵانیان بکەن و

ئەنفالێکی دی بنووسنەوە لە دەفتەری بیرەوەرییەکانمان

میکرۆبەکانتان ڕۆبکەنە نێویان و تاڵانیان بکەن

وەک لادێیەکی خاپوورکراو

کە دەنگی ژیان تیا نەبیسترێ

بۆیە هەڵدێین و  ئێمە هەڵهاتوویەکی هەمیشەیین

چەند کارەساتە لە نیشتیمانێک بژیت وەک لادێیەکی خاپوورکراو بێ، وەک دۆزەخێکی هەمیشەییش کە دەنگی ژیانی تیا نەبیسترێ، هەر هەڵبێین و ئێمە مرۆڤەهایەکی هەڵاتووی هەمیشەیی بین، شاعیر وێنەی ژیان و نیشتیمانێکمان بۆ دەکێشی، تابلۆکان بە ڕەنگەکانی مردن ڕەنگکراون، ژیان وەک درەختێک شیلەی مردنی لێدەچۆڕێ. ڕۆژێ ئەنفال و گۆڕی بە کۆمەڵ، ڕٶژێ کۆڕەوی چەند ملیۆنی و هەڵاتنە سەر سنوورەکان و ڕەقبوونەوە لەنێو بەفر و سەرماو سۆڵەدا، ئێمە هەردەبێ هەڵبێین ، چونکە قەدەرمان وایە و هەر لەئەزەڵەوە بۆ هەڵاتنی هەمیشەیی دروست بووین. (سومەیا جەلال) بە هەستێکی شاعیرانە باس لە مێژووی میللەتێکی هەمیشە تێشکاو و بێ شوناس دەکات، باس لە کەوتن و نسکۆی هەمیشەیی میللەتێک دەکات کە هەزاران ساڵە لە نێو هاوکێشەی (مردن هەمیشە مردن) درێژە بە ژیان و تەمەنی خۆی دەدات، شاعیر لە وێنەیەکیتر لە نیو نیشتیمانی دووکەڵ و خوێندا ڕۆشنتر دێت باس لە ململانێ و پەیوەندییەکانی نێوان (مردن و ژیان) دەکات و دەڵێ:

 

بۆ چنگخستنی مشتێ ژیان و

ژیانمان لێ دەڕژێ و

دەیان جار پێکی مردنمان هەڵداوە

هەر وەک لەو دیمەنە شیعرییە جوان و نایابە دەڵێ (بۆ چنگخستنی مشتێ ژیان دەیانجار پێکی مردنمان هەڵداوە، دەیەوێت بڵێ، (بۆ سەیرکردنی ڕووناکی لەدرزێکەوە. دەیان ساڵ لەنێو شەوەزەنگە تاریکەکان ماوینەتەوە!). کەچی ئێمەش مرۆڤەهایەکین ژیانمان لێدەرژێ و پڕاوپڕین لە خەون بەڵام / قەدەر ئێمەی لە ڕووبەرێک هێناوەتە بوون کە بەپێی خەونەکانمان تەنگە شار! بۆ چنگخستنی مشتێ ژیان دەبێ هەمیشە پێکی پردن هەڵبدەین، یان دەبێ گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بیابانەکان بکەین بە ماڵی هەمیشەییمان، یان ببین بە ڕۆبۆتیکی هەمیشە هەڵاتوو. ئەگەر لەم دەقە وردبینەوە، ئەوڕاستییە دەبینین کە پێشتر گتوومانە (شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە!) شاعیریش بوونەوەرێکی گەردوونییە! بەو مانایەی شیعر بە هۆی بوونە گەردوونییەکەی لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکات، زمانی شیعریش خاوەن ئەو هێزە سیحراوییەیە کە شاعیر بەهۆیەوە دەتونێ وێنەی هەر شتێک بکێشێت کە بیەوێت، لە جووڵەی مێروولەیەک و فرمێسکی سەر گۆنای پەپووڵەیەک و فڕینی باڵندەیەک و تا دەگاتە گەورەترین ڕووداوە تراژیدییەکان ،، لە شێوەی جەنگەکان و کارەساتەکانی ئەنفال و هۆڵۆکۆست و کۆڕە و مردنی بە کۆمەڵ و هەتا دوایی. چونکە شیعر دابڕاو نییە لە ڕابردوو و لە ئیستاش تەنانەت لە ڕیگەی خەونەکانەوە دەتوانێ ئیش لەسەر ئایندەش بکات، مامۆستا (عەلائەدین سەجادی) لە سەرەتای (مێژووی ئەدەبی کوردی) دەڵێت (هەر میڵەتێک ئەدەبی نەبوو واتە مێژووی نییە!)، شیعریش وەک بەشێکی سەرەکی ئەدەب یەکانگیر دێتەوە لەگەڵ مێژوو، یان بەپێی بیرکردنەوەی (مارتن هایدگەر) شیعر دەتوانێ تەعبیر لە حەقیقەتی بوون بکات . ئەم قسەو بیرکردنەوانە هەمووی دەسەڵات و هێزی زمانی شیعری و ڕووبەرە فراوانەکەی شیعرمان پێشان دەدات، ئەگەر لەم دەقە شیعرییەی سومەیا جەلال بڕوانین. دەبینین / لە خەونەکانی خۆی دەست پێدەکات. لەم نێوەشدا وێنەی دوو دونیای جیاواز و دوو هەسارەی جیاوازمان پێشان دەدات. دونیایەک کە ژیان پڕاوپڕە لە جوانی و مرۆڤەکانیش بەختەوەر و دڵخۆش و ئارام و شادومان، هاوکات بەیەکەوە دەژین و بەیەکەوە لە جوانیەکان و بەروبوومەکان بەهرەمەندن. ئەم دونیایەش دونیا جوانەکەی خەون و خەیاڵە وەک ماڵێکی ئارامی شایستە بە مرۆڤ. هێما و ئاماژەش بۆ ئەو دونیا جوان و رەنگینە. هەڵواسینی دارمێوێکە بە هەورەوە مرۆڤەکانیش سەبەتەکانییان پڕدەکەن لە ترێ! لەبەرامبەر دونیایەکی تر کە (بەپێی خەونەکانمان تەنگە شار)، لەوێدا هەموو رەنگەکان لە ڕەشەوە دێنەبوون و بۆ مشتێ ژیان دەبێ پێکی مردن هەڵبدرێ و مرۆڤەکانیش هەڵاتووی هەمیشەیین و ئەنفال دەکرێن و بەکۆمەڵ دەمرن. دەتوانین ئەم ململانێی نێوان (ژیان و خەون یان ژیان و مردن) وێنەیەک و هاوکێشەیەک بێت بۆ هەموو گەردوون. بەڵام لەگەڵ تەنگ بوونی شار و ملمانێی نێوان ژیان و مردن و پێشاندانی کارەساتە جەرگبڕەکان، هەروەها هەستە نائومێدی و خەمۆکییەکان . بەڵام ، شاعیر وەک مرۆڤێکی لێوانلێو لەخەون خاوەن ئیرادە و توانایەکی بەهێز، ورەبەرزە دەست لە خەون و ئومێدەکانی بەرنادات، وەک چۆن (فرێدریک نێتجە) پێی وایە (هێز مرۆڤەکان بە ژیان پەیوەست دەکات)، ئەوشاعیرەشمان دەیەوێت پێمان بڵیت، (خەون مرۆڤەکان پەیوەست دەکاتەوە بە ژیان) بۆیە داوا دەکات، دەست لەخەونەکانمان بەرنەدەین تا دەگەینە نێو ماڵە راستەقینەکەی خەیاڵ و دونیایەکی باشتر و جوانتر دەخوڵقێنین، ئەوەتا لە دیماهی شیعرەکەی دەڵێ:

بەڵام ئێمە دارمێوێکمان هەیە

پیایدا هەڵدەگەڕێین بەرەو ماڵی خەیاڵیمان و

پاسەوانی جوانی دەکەین

تۆش سەبەتەکەت پڕکە

پڕیکە لە ترێ

شەڕابی نەمری لێ دروست بکە و

تۆوەکەی بچێنە

تا ماڵێکی ڕاستەقینەیت هەبێ ...!

وا پێویست دەکات. بۆ گەیشتن بەو ماڵە جوان و ئەفسووناوییەی خەیاڵ بێ ئومێد نەبین، چونکە ئێمە دارمیوێکمان هەیە پیایا هەڵدەگەریین. کۆڵنادەین بەسەر هەوراز و بڵنداییەکان هەڵدەگەرێین و پاسەوانی جوانی دەکەین. واتە هەموو بەهاکانی جوانی دەپارێزین چونکە مرۆڤ پیرۆزترین بوونەوەرە و شایستە بە هەموو جوانییەک و شایستە بە هەموو خۆشییەکە، بەدار مێوەکە هەڵدەگەرێین، شاعیر لە شوێنێکی بڵند وەستاوە (وەک زەردەشتی نێو کتێبەکەی نێچە) قسە بۆخەڵک دەکات و دەڵێت (تۆش سەبەتەکەت پڕکە لە ترێ، شەڕابی نەمری لێ دروست بکە و تۆوەکەی بچێنە تا ماڵێکی ڕاستەقینەیت هەبێت!) چاندنی تۆوەکە هێمایە بۆ (بەردەوامبوون و کۆڵنەدان) بۆ گەیشتن بە دونیایەک کە کە شایستە بێت بە شکۆمەندی مرۆڤ و لەوێدا (بە پێی خەونەکانمان (تەنگ نەبێت) شار!

دەمەوێت لە کۆتایی ئەم خوێندنەوەیەم بۆ ئەم دەقە شیعرییە تاکید لەوە بکەمەوە و ئەوە بڵێم، کە دەقی (بە پێی خەونەکانمان تەنگە شار). دەقێکی شیعری نایابە، پڕە لە هێما و وێنە و کۆد و میتافۆری شیعری، لە پشت هەر هێما و وێنەیەک هەستێکی قووڵی مرۆیی دەبیندرێ، دەقێکە پڕە لە چێژ و جووڵەی ئیستاتیکی. وەک هێشوە ترێیە گەییوەکان شیلەی شیعرییەتیان لێدەڕژێ. بە چاوەڕوانم سومەیا جەلال ئەم (دەقە شیعرییە و هەندێک لە دەقە شیعرییەکانیتری وەک (دەمەوێت لە تۆدا بزر بم) و (ئازار بە بۆیەی شاعیرێک ڕەنگی کردووم)  بکاتە خاڵی هەنگاو هەڵگرتن بۆ چوونە پێشەوە و یان سەرکەوتن بەسەر پەیژەکانی داهێنان و نوێگەری. بە ئومێدم لە داهاتوویەکی نزیک بەرزاییەکانی داهێنان بکات بە ماڵی هەمیشەیی خۆی، هاوکات لەناخی دڵەوە ئومێدی ئەوەش دەخوازم کە ئەو شاعیرەمان لەگەڵ نووسەر و شاعیرە پڕجۆش و لاوە خوێن گەرمەکانی شاری کەرکووکی خۆشەویست جووڵەیەکی هیوابەخش وەک دەیەی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان بەڕێخەنەوە، جێی پەنجە و قەڵەمەکانییان بە تۆخی دەرکەوێت و سایە بکەن  بەسەر شیعر و ئەدەبیاتی کوردی دا!

 

                                                             جانیوەری ٢٠٢٣

سەرچاوە :

ـ شیعری (تەنگە بە پێی خەونەکانمان شار) نووسینی سومەیا جەلال

تێبینی:

ئەم دەقە شیعرییەی (سومەیا جەلال)، لە پێشبڕکێی (کامەران موکری) خەڵاتی یەکەمی وەرگرت، کە لەلایەن یەکێتی نووسەرانی سلێمانی سازدرابوو، لەم چاڵاکییەدا چەند لاوێک دەقە شیعرییرکانیان خوێندەوە.

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت