ما 413 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

من ئەگەرچی رقم لە ئۆسلۆ نەبووە، بەڵام خۆشیشم نەویستووە. هەمیشە تیایا هەستم بە دڵتەنگی کردووە. ئۆسلۆ بە شەقامە تەنگ و تەسکەکانییەوە و بە بینا خەمینەکانییەوە. ئۆسلۆی بێ سروشت و ئۆسلۆی خانوو و ئاپارتمانە تەنیاکانی. وەها شارێک بە گۆڕستانێک لە مرۆڤە مێژووییەکانی رێک لە سەنتەریدا. بزەیەک دەمگرێ. مونک بە مردوویش، نیگاکانی پڕن لە ئێکسپرسیونیزم!

لە گۆڕستانێکی ئۆسلۆدا

فەڕۆخ نێعمەتپوور

گۆڕستانی 'ڤۆر فرێلسێش گراڤلوند' لە سەنتەری شاری ئۆسلۆیە. ٢١٥ ساڵی تەمەنە و شوێنی ناشتنی پیاو و ژنە مێژووییەکانی نۆروێژە. وەک دەڵێن 'پێرلاشێز'ی ئەم وڵاتەیە. رەنگە بەو جیاوازییەوە کە بە پێچەوانەی پێرلاشێز، دیواری هیچ کۆمۆنارێکی لێ نیە و جگە لەمە تەرمی هیچ مرۆڤێکی مێژوویی ئۆپۆزیسیۆنی دەربەدەری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کە لەم وڵاتە تیرۆرکرابێ، تیایا نەنێژراوە.

دیارە بەو هۆکارە سادەیە کە کەسی وەها لێرە تیرۆر نەکراوە. بۆیە لەوە دەچێ لێرە، لەم قەبرستانە کۆنەدا تەنیا مرۆڤە مێژووییەکانی خودی نۆروێژ نێژرابن.

کەواتە ئەمە بەر بەوە ناگرێ 'ڤۆر فرێلسێش گراڤلوند'یش گۆڕستانێکی مێژوویی نەبێ. گەلێک نووسەر و نیگارکێشی بەناوبانگ لێرە بۆ هەمیشە لە ژێر خاکدا راکشاون. لە 'ئیبسن' نووسەری مەشهووری 'بووکەشووشە'وە بگرە هەتا 'ئێدوارد مونک'ی خوڵقێنەری تابلۆی 'قیژە'. ئەو ئێدوارد مونکەی لە زانکۆ خوێندم و، زیاتر لە دەرسەکانی تر تییگەیشتم و کەچی نمرەی قبوڵیم تیانەهێنا! من کە بیرەی مونک دەکەومەوە، زیاتر لە تابلۆی قیژە، بیری تابلۆی پیاوە تەنیاکەی نیوەشەوانی دەکەومەوە کە بە ناو ژوورەکانیدا بێهوودە دێت و دەچێت. وەک دەڵێن مونک لەم تابلۆیەدا خۆی کێشاوەتەوە. هەڵبەت من نازانم ئەمە تا چەندە راستە، تەنانەت گەر راستیش نەبێت گرینگ نیە. هەمیشە ئەوەندە پیاوی تەنیا لە دونیادا هەن کە لایان وابێ مونک لە راستیدا ئەوانی کێشاوەتەوە.

ئەوەی سەردانی 'ڤۆر فرێلسێش گراڤلوند'ی کردبێت دەزانێ کە کەلەسەری بێدەنگی مونک بەسەر کێلێکی درێژەوە لە داوێنی بەرزاییەک کە هیچ ئاسەوارێک لە قیژە بەناوبانگەکەی تیا نابیندرێ، بە خامۆشی و بە حەپەساوی لە دونیا دەڕوانێ.

کاتژمێر نۆی شەوی یەکێک لە شەوەکانی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣یە. دوو سێ سانتیمێک بەفر لە عەرزدایە و، بەستێنی گۆڕستانەکەی روون کردووەتەوە. شوێن پێی رێبوارانی گەڕەکەکانی دەورووبەری قەبرستانەکە، کە بیڕەدا گوزەردەکەن، بەفرەکەیان شێلاوە و بە هەموو لایەکدا، جگە بە ناو خودی کێلەکاندا پەخش و بڵاون. کێل و درەختە رووتەڵە و رەشەکان بەرینایی گۆڕستانەکەیان داگیرکردووە. گڵۆپی ئاپارتمان و جادەکانی دەوروووبەر ئەوەندە بڕناکەن تا ئێرە جوان رووناک بکەنەوە. بۆیە جۆرێک لە تارمایی زاڵە. بەتایبەت لە بەشەکانی هەرە ناوەوە کە ئیتر بۆ تاریکایی دەگۆڕدرێ.

بە ناو بەفرە چەند سانتیمییەکەدا لەکاتێکدا پاڵتۆیەکی گەرمم لەبەردایە، سەرم کزگرتووە و دەستم لە گیرفاندایە، هەنگاوهەڵدێنم. لە گۆڕەکان دەڕوانم. بە هۆی تاریکی، نووسینی هەڵکۆڵدراوی سەر کێلەکان ناخوێندرێنەوە. بۆیە موبایلەکەم دەردێنم، هەڵیدەکەم و تیشکە بەهێزەکەی لە کێلە قەوارە جۆربەجۆرەکان دەگرم. بەروارەکان لە سەدەی هەژدەوە بگرە تا سەدەی نۆزدە، بیست و بیست و یەکی تێیدان. وە زەمەن چەندە کتوپڕ لام بێ مانا هەڵدەگەڕێ. لە ئێدوارد مونک ورددەبمەوە. لەسەر کێلەکەی نووسراوە ١٩٤٤ ـ ١٨٦٣. چاوم دەقونجێنم و، حیسابی دەکەم. هەشتا و یەک ساڵ ژیاوە. رێک لە گەرمەی شەڕی دووهەمی جیهانیش، یان باشتر بڵێم کۆتاییەکانیدا مردووە. لێکی دەدەمەوە سەدو دوو ساڵ پێش من لە دایک بووە. بە خۆم دەڵێم گەر منیش تا چلەکانی سەدەی بیست و یەک بژیم خراپ نیە!

بەفر لە ژێر هەنگاوە قورسەکانم کرمەی دێت. کێلەکان رامدەکێشن. وەک بڵێی بانگم لێدەکەن. تکایەک بۆ خوێندنەوەیان لە گوێمەوە گوزەردەکا. منیش خۆم دەدەمە دەستی. بە کاوەخۆ بە ناویاندا تێدەپەڕم. کێلەکانن دەدوێن، یان مردووەکان... نازانم. ئاگام لێیە هەر جارەی دەنگ دەگۆڕدرێ. دەنگ هەڵدەبڕم و تکایان لێدەکەم پەلە نەکەن... نۆرەی ئەوانیش دێت،... بەڵام ئەوان پەلەیانە. دەزانم لە مێژە ئەم پیاو و ژنە مێژووییانە کەس سەری لێنەداون. دەزانم ئەوانەی وەک کەس و کار لێیان ماونەتەوە، رەنگە چوار تا پێنج بەرەی دووای خۆیان بن.

پیاوە مێژووییە لەبیرکراو و تەنیاکان... لە باوەشی شەوێکی تاریک و بەفراویی زستانی ئۆسلۆ تامەزرۆی هەنگاوەکانی منن.

لەگەڵ هەر راوەستان و تیشک لێگرتن و خوێندنەوەیەک، ئارامدەگرن و دەنگ و تکایان نامێنێ. لادەکەمەوە و لە جێ هەنگاوەکانم دەڕوانم. هەر جارەی بە لایەکدا و بە بێ هیچ چەشنە نەزم و رێک و پێکییەک. وەک خودی مێژوو و جۆری مردنی پیاوە مێژووییەکان. لە سەر جادە سەیارەیەکی پۆلیس بە چرا تیژ و بێ ئۆقرە و شینەکانییەوە تێدەپەڕێ. بۆ ماوەیەک قەبرستان شین هەڵدەگەڕێ و دەکەوێتە سەما. ئاگام لێیە پیاوە مێژووییەکان دەنگیان نامێنێ. وەک بڵێی جارێکی دیکە دەکشێنەوە بۆ قووڵاییەکان. دەرفەتە بۆ پشوودان و، جگەرەیەک دادەگیرسێنم. سەمای گڵۆپەکانی ئۆتۆمبیلی پۆلیسەکە ون دەبێ و، گۆڕستان دەبێتەوە بەوەی وا هەبوو. سێبەرێ رێبوارێک خۆی بە ناو 'ڤۆر فرێلسێش گراڤلوند'دا دەکا و، بە نیازە بۆ گەڕەکەکانی ئەودیوی بپەڕێتەوە. لێی ورددەبمەوە. بە جۆری لەنجەی دەبێ ژن بێت. سێبەرەکە لەبەر چاوم وندەبێ. شان بە کێلێکەوە دەدەم و لەوسەری گۆڕستانەکە دەڕوانم. رێک لەو کاتەدا دووامژ لە جگەرەکەم دەدەم، کتوپڕ کەسێک دەست دەخاتە سەر شانی چەپم. دادەچڵەکێم و بەپڕتاو لادەکەمەوە. دڵم لەسەر هەزار لێدەدا. وە لە پشت سەرمەوە تارمایی سەرێک دەبینم کە بە بێ جەستە بە حەواوە راوەستاوە و لە من دەڕوانێ. هەنگاوێک دەکشێمەوە. بەڵام راناکەم. زیاتر لە ترس جۆرێک لە پرسیار لە دەروونمدا سەرهەڵدەدا. کە زیاتر لێی ورددەبمەوە، دەبینم کەلەسەرەکەی 'مونک'ە! ئەمجارە چەند هەنگاو دەکشێمەوە و، تێکەڵێک لە ترس و لە سەرسوڕمان وەک هێلانە جاڵجاڵۆکە دەورم دەتەنن. کەلەسەرەکە، کە زۆر مڕومۆچ دەنوێنێ، دەڵێ:

ـ پێویست ناکا هەموویان بە سەر بکەیتەوە، رەنگە لەوە گەیشتبی کە هەر هەموویان سەر بە کەسە مێژووییەکان نین!

من کە هێشتا دەمم گۆناکا و، چاودەگێڕم و خواخوامە ماشینی پۆلیسەکە بەڵکو بگەڕێتەوە و روو لێرە بکا، دەڵێم:

ـ ئەرێ ئەرێ... نا نا... ئا ئا... منیش سەرنجم دا... یەعنی تێگەیشتم... خۆیشی هەر وەها بووە پێویست ناکا تەنیا پیاوە مێژووییەکان لە شوێنێک بنێژرێن، ئەوان (لێرەدا خەنی لە رەوان قسەکردنی خۆم باشتر دیانم بە وشەکاندا دەنا)، ئەوان بۆ ئەوەی مێژوویی بمێننەوە وەک هەمیشە پێویستیان بە مرۆڤە ئاساییەکانیشە.

ـ بەهەرحاڵ دەمویست پێت بڵێم گۆڕستانەکە گەورەیە، وەک بیستوومە ٨٦ دۆنمە و گەلێک گۆڕی تیایە، زستانیشە و... سارد و تاریک.

ئەم چەند وشەیەی دووایی بە ئارامی و وەک بڵێی بە گلەییەوە بڵێ.

ـ بێگومان وەهایە... بێگومان، بەڵام هاوکات سەرنجڕاکێشیشە. لەگەڵ خۆی دەتبات. بەسەرهاتی پیاوە مێژووییەکان هەمیشە سەرنجڕاکێش بوو، تەنانەت دووای مردنیشیان... وانیە؟

ئەوەندەی تر لێم مۆڕ دەبێتەوە. دەڵێ:

ـ بەڕاست پێت وایە؟

ـ ئەیچۆن... ئەیچۆن کە پێم وایە، ئەگینا چۆن لە شەوێکی زستانی و سارد و تاریکدا پیاو دەتوانێ ئاوا بە ناو قبرستانەکەدا بگەڕێ!؟ پێم وایر تەنیا مێژوو ئەو لێهاتووییەی هەیە.

ـ پێت وانیە زیاتر هی ئەوەیە خەڵکی ئێرە نیت؟

من کە لەم قسەیەی سەرم سوڕمابوو، بە خۆم گوت ئەو چووزانێ، رەنگە بە هۆی لەهجەکەمەوە بێت. بۆیە رانەوەستام و گوتم:

ـ ئەمە عادەتی کۆنمە. لە وڵاتی خۆیشم وامدەکرد... بگرە لە پاریس لە پێرلاشێزیش هەر وامکرد. دانە بە دانەیانم بەسەرکردەوە.

راستییەکەی ئەوە بوو کە پێرلاشێز بەلامەوە ترسناک بوو. رەنگە هۆکارەکەی چڕوپڕیی گۆڕستانەکە و ئەو گۆمبەز و ماڵە چکۆلانەی بن کە زۆر جا بۆ گۆڕەکان سازکرابوون،... یان رەنگە هی گۆڕغەریبەکان بوو. گوتمەوە:

ـ بەڕای من بۆ ناسینی باشتری کەسە مێژووییەکان، گرینگە سەردانی گۆڕەکانیشیان بکرێ.

کەلەسەرەکەی مونک لە بەفرەکەی بەردەمی رووانی و، پاشان نیگا سارد و بەتاڵەکانی لە من کردەوە و، گوتی:

ـ هەر ئەوەندەی کە دڵم پێت سووتا. هاتم پێت بڵێم کە پیاوە مێژووییەکان تەنیا بۆ کەسانی وەک تۆ گرنگیان ماوە، تەنیا کەسانی وەک تۆ دەنگیان دەبیستنەوە و بە پەرۆشەوە سەیری وێنە و کێلی قەبرەکانیان دەکەنەوە. جا رەنگە ئەمە یارمەتیت بدات!

ئەوسا ئارام بەرەو کێلەکەی خۆی هەڵکشایەوە و چووەوە سەری و دیسان وەک تاوێک لەمە پێشی خۆی بێدەنگ و بێ جووڵە لە دونیای رووبەڕووی خۆی رووانییەوە.

من هەروا راوەستام و، لێم دەرووانی. چەند گڵۆپێک، لە شۆقەکانی ئەو دیو گۆڕستانەکەوە کووژانەوە. هەستمدەکرد بەردەوام دەنگی ویقەویقی سەیارەی پۆلیسەکە دێتەگوێم. بە خۆم گوت بێگومان گرتنی دز لە شەودا دژوارترە.

گوێم هەڵخەست. سەیربوو. ئیتر هیچ گۆڕێک هاواری لێنەکردمەوە. مرۆڤە مێژووییەکان بێدەنگ ببوون. یەعنی قیژەکەی مونک ئەوەندە بەهێزبوو!؟

جگەرەیەکی ترم داگیرساند و، ئەمجارە لە بەر کێلە بەرزەکەی مونکدا کێشام. هەوڵمدا وەک ئەو سەیری ئەو شوێنەی بکەم وا نیگا سارد و بێڕۆحەکانی ئەو لێیاندەڕوانی. کە تەواوبووم، قونچکەکەم فڕێدایە سەر بەفری چەند سەنتیمی و بەرەو دەرگای رۆژئاوای گۆڕستانەکە بەڕێکەوتم.

من ئەگەرچی رقم لە ئۆسلۆ نەبووە، بەڵام خۆشیشم نەویستووە. هەمیشە تیایا هەستم بە دڵتەنگی کردووە. ئۆسلۆ بە شەقامە تەنگ و تەسکەکانییەوە و بە بینا خەمینەکانییەوە. ئۆسلۆی بێ سروشت و ئۆسلۆی خانوو و ئاپارتمانە تەنیاکانی.

وەها شارێک بە گۆڕستانێک لە مرۆڤە مێژووییەکانی رێک لە سەنتەریدا. بزەیەک دەمگرێ. مونک بە مردوویش، نیگاکانی پڕن لە ئێکسپرسیونیزم!

   

گەڕان بۆ بابەت