ما 1607 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نووسین و وەرگێرانی: ناڵە حەسەن

گڕێکی زەردی هەوەس

لە جەستەیەکی باریک ئاڵاوە

ئیدی دەچێتە نێو باوەشی

وەک سەلامەتترین بەندەر

بۆ چاودێری و دڵنیایی!

هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی (جیویل کێلچێر)

نووسین و وەرگێرانی: ناڵە حەسەن

 

- (ڕزگاربوون لە خۆم)

چەندجار بە بێدەنگی گریاوم

کە دەبێ لەخۆم ڕزگارم بێ

لە ناوەڕاستی شەودا

جووڵەکردن

بێحەد ترسناکە

وەڵامە تۆقێنەرەکەش

لەوانەیە

لەدەرەوەی تواناکانی من بێ

کە هەردوو دەستم

زۆر بچووکن

 کەس نابێت بە تەنیا هەست بەوە بکات!

 

- (دەی تەنها ماچم بکە)

دەی تەنها ماچم بکە

لێگەڕێ با قژی شێواوم

 بەنێو پەنجەکانتا بڵاوبێتەوە

 

پێم بڵێ هیچ شتێک پێویست بە تەواوبوون ناکات و

هیچ کاتژمێرێکیش پێویستی بە گەڕانەوە نییە

 

تۆ کە دەنگی منت هەیە

هیچ زەنگێک بێدەنگ نییە

لە جیاتی ئەوە با باوەش بە تۆدا بکەم و

 لەوێشدا بمێنمەوە

 

پیاوێک داوام لێناکات ببم بەکەسێک

کە ئەو دەیەوێت

بەڵام ڕێگەم دەدات کە خۆم بم

وەک ئەوەی کە هەم

 

گڕێکی زەردی هەوەس

لە جەستەیەکی باریک ئاڵاوە

ئیدی دەچێتە نێو باوەشی

وەک سەلامەتترین بەندەر

بۆ چاودێری و دڵنیایی!

 

  • (شیعری خۆشەویستی)

دوێنێ شەو عەشقمان کرد

لەژێر ئەستێرەکاندا

مانگیش ڕووەو خوارەوە

چاوەکانی دەتروکاندن و دەیبینین

بە جەستەی رووتەوە لەنیو تاریکیدا

ڕاکشابووین

وەک ڕەگە رووتەکانیش

بەنێو قەد و ئەنیشکی ڕووەکە گەییوەکان

چوبووینە خوارەوە

ببووین بە قەستانەی زستانە بریقەدارەکان

جەستەی ئەو پیاوەی من خۆشمدەوێ

بە دەم داخراوەیی و لێو لەسەریەک دانان

زمانی گوڵەکان پڕ دەکات لە شاگەشکەیی

بە تامەزرۆیی و بەبێ وچان

دەمتوانی

وێڵی نێو کیشوەری

دۆڵە زێڕیینیەکانت بم

تا ڕۆژگارە دڵگەشەکان

بەیانییەکی نوێ

بە هەڵکشان بە نێو قووڵاییەکانی

نهێنییەکانی بوونت / بدۆزێتەوە!

 

  • (لەبیرکردن)

ئەو بە پێستی بەردەوە دەڕوا

بۆ ئەوەی خوێنی لێنەڕژێ و

سەر شۆستەکان پیس نەکا

 

بە مەبەست چاوەکانی دادەخا و

هەوڵدەدا

شتەکانی بیرکەوێتەوە

 

خوێنبەرەکانی پشت چاوی

بە نەخشە ڕێگایەکی شین

وەک هەر کەسێکی تر

بەرەو دەریای دەبەن!

 

 

  • (هەست گۆڕینەوە)

کە زمان بە جەستەمدا

دەهێنی

دڵم لەنێو ئارەزووەکانت دەتوێتەوە

 

گوێچکەکانم دەبن بە با

ڕەگی دەمارەکانم دەگۆڕێن

جەستەم دەتوێتەوەو

گەدەم دەبێت بە دووانەیەک

لەگەڵ مانگدا

 

تەڕمکە تا ئەو دەمەی

ون دەبم لەنێو تیشکێک

وەک ڕیشاڵی سەر بەردە بچووکەکان

بە باڵی زۆرەوە

هێلانە دەکەن لەنێو دەستەکانی تۆدا!

 

  • (ونبوون)

ونبوون

مەتەڵێکی ئەستێرەییە

کە وەک ئاو

هەناسە دەدات و

وەکو بەردیش دەهاڕدرێ!

 

  • (خۆت کۆکەرەوە)

لە کەنار دەریایەک خۆت کۆکەرەوە

منیش دێم و لەوێدا خۆشمدەوێی

خۆت کۆکەرەوە لەگەڵ شتە کێوییەکان دا

لەگەڵ گۆرانییەکانی چۆڵەکە و کەفی دەریا

لێگەڕی با جوانییەکی شێتانەش خۆی کۆبکاتەوە

لەنێو چاوەکانت بدرەوشێتەوە و بانگم بکا

چونکە من ئارەزووی پیاوێک دەکەم

لەنێو قژیدا بۆ شتە کێوییەکان هێڵانە چێبکا

ئەو پیاوەی گڕو بڵێسە ماچ دەکا!

 

_  کورتەیەک لە ژیان و بەرهەمەکانی (جیول کێلچێر):

جیول کێلچێر یەکێکە لە شاعیرە مۆدێرنەکانی ئەمریکا، بە فۆرم و ڕوئیایەکی نوێوە شیعر دەنووسێت، لە لە ٢٣ی مەی ساڵی ١٩٧٤ لە (پەیسۆن) لە دایک دەبێ و لە (ئەلیسکا) ژیان بەسەر دەبات. لە تەمەنی شەش ساڵیدا ئەوەی لەخۆی هەستپێکردووە کە حەزێکی تایبەتی  بە شیعر و گۆرانی و مۆسیقا هەیە. هەر لە تەمەنی گەنجێتییەوە بە وشیارییەوە هەنگاوی بەرەو گەیشتن بە خەونەکانی ناوە، لەم نێوەندەشدا دایک و باوکی پاڵپشت و هاوکاری بوون . جیول خاوەن بەهرەیەکی فرەڕەهەند بووە. لەپاڵ شیعر نووسین، خولیای مۆسیقا و گۆرانی گوتن و کاری ڕۆژنامەگەری و هاوکات تێکستی بۆ گۆرانیش  نووسیوە و کاری نواندنیشی کردووە . جیول لە ساڵی ١٩٩٨ یەکەم کۆمەڵە شیعری خۆی بەناوی (شەوێک بەبێ زریپۆش) بڵاودەکاتەوە. ئەم کتێبەی دەنگدانەوەیەکی زۆرباشی دەبێت بە پێی سەرچاوەکان دەبێت لە یەکێک پڕفرۆشترین کتێبی ئەوساڵەی (نیۆرک تایمز) لە (کالیفۆرنیا) شیعرەکانی (شەوێک بەبێ زریپۆش). شیعری ناسک و پڕ چێژن، لەڕووی زمان و وشە و دەستەواژەی شیعریەوە لە ئاستێکی بەرزی جوانکاریدان. لەنیو شیعرەکانی، بە قووڵی تەعبیری لە هەستەکانی خۆی کردووە. پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ناوەوەی خۆی و دەرەوەی خۆی رەسم کردووە. جیول بۆ پێشەکی کتێبە شیعرییەکەی دەنووسێت (من بۆ تەقاندنەوەی ئەو بێدەنگییەی ناوەوەی خۆم دەنووسم، بۆ کردنەوەو دۆزینەوەی کایەکانی ڕۆح و ئاشکراکردنی هەستەکانی بینین و گەیشتن بە ئاشتی و ئارامی، هاوکات بە چڕی هەستەکانی یەکەمین ئەزموونی خۆشەویستی خۆی و وانەکانی ڕاستی و متمانە و وانەکانی خیانەت و ساڕێژبوونەوەی برینەکان باسدەکات. هەر لەو پێشەکییەی (شەوەکانی بێ زریپۆش)دا لە پەرەگرافێکیتر، پێ لەسەر قسەکانی (دیلان تۆماس) ی شاعیر دادەگرێ و دەڵیت / شیعری جوان لەنێو واقیعەوە هەڵدەقووڵی دونیا هەرگیز وەکو خۆی نامێنیتەوە، شیعری جوان لە هەوڵی مانەوەی جوانیەکان دا دەبێت. یان شیعری باش یارمەتی ئەوە دەدات کە گەردوون بە ناوازەترین شێوە دەرکەوێت، یان یارمەتیدەری هەرکەسێک دەبێت بۆ فراوانکردنی مەودای مەعریفە و زانین لەنێو ئەو رووبەرەی کە دەورەیداوە) وەکو گوتمان جیول کەسێکی پڕ وزە و خاوەن توانا و بەهرەیەکی فرە ڕەهەند بوو لە شەش ساڵییەوە دەستی بە گۆرانی گووتن کردووە. لەگەڵ دایک و باوکی  لە (قاوەخانەیەکی ساندیاگۆ) بەردەوام مۆسیقا و گۆرانییان پێشکەس کردووە، لە تەمەنی پانزە ساڵی یەکەمین ئەلبوومی گۆرانی لە ساڵی ١٩٩٥ بەناوی ( pieces of you) بڵاوکردۆتەوە. ئەم ئەلبوومەی ڕیکۆردێکی باشی شکاند زێتر لە سیی ملیۆن دانەی لێ فرۆشرا. لەدوای ئەوە چەندین ئەلبوومی تری بەرهەم هێناوە، جیول کاری نواندن و ئەکتەریشی کردوە لە ساڵی لە ساڵی ١٩٩٩ وەک کارەکتەری سەرەکی بەشداری لە فیلمی ( Rides with the devil) کردووە، کە بەم کارەی لە ئاستێکی بەرین دەناسرێ و دوای ئەوەش لە چەند کارێکی تری نواندن بەشداری دەکات. جیول لە ساڵەکانی دوای دوو هەزار بە تایبەت لە دەوروبەری ساڵەکانی دووهەزار و چوار و دووهەرار و شەش ، لەو دەورانە بە چڕی ئیش لە سەر مۆسیقا دەکات و چەندین ئاواز  یان مۆسیقای سەما بەرهەم دەهێنێ. جیول لەبواری مەدەنی و مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی تاک ئاکتیڤیست و چالاکوانێکی پڕ وزە بووە. لەبارەی ژیانی تایبەتیش / جیول لە مانگی ئابی ٢٠٠٨ لە (باهاماس) هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستە دێرینەکەی دەکات، کە پاڵەوانی (ڕۆدیۆ تای مۆرایە)، لە تەموزی ٢٠١١ بە لەدایکبوونی کوڕەکەی (کاسێ) جیول دەبێ بە دایک ، دوای ئەوە لە ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ هاوسەرەکەی پلانی جیابوونەوە دادەنین. ئەوەی شایانی باسە جیول هێشتا لە ژیان بەردەوامە.

 

                                                              جانیوەری ٢٠٠٣

  • سەرچاوە:
  • A night without armor

Poms by Jowel

  • Towel -songs , albums , tour & biography

 

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت