ما 3523 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئازاد کەریمی

کاتێ ئیسلام ئاسیای گرت، هەندێ بابەتیان لە زانستی کوردەوانی هەڵبژارد و پاشان ئەوەی تۆماری کوردی بوو سووتاندیان... هەندێ شت لە لای زەردەشتیەکان و ئێزدیەکان و یارسانیەکان و مەنداییەکان ماونەتەوە و ئایینەکانی دیکەش ڕێگەی سڕینەوەی ئاسەواری حکمتی کوردییان گرتە بەر... بەڵام ئێستا من هاتووم دەستم داوەتە وەرگێڕانی ئەو دەقە سومەری و ئاکادیانە وا بە زمانی کوردی کۆن نووسراون...

 

 

 

قەلەندەر و ئەوداڵ

قەلەندەر و ئەوداڵ دەقێکی چیروانۆکی ی سۆمەرییە. ئەم دەقە ئازیز و ناوازە، یادگارێکی وێژەیی کۆنی زنجیره شاهەنشایی سومەریی یەکەمە وا پاراستویانە و لە سەردەمی سۆمەرییە نوێکاندا (نزیکەی سەدەی بیست و یەکەمی پێش زایین) نووسراوەتەوە.

 ئەم دەقە پێکهاتووه لە زنجیرە گێڕانەوەیەک کە باس لە ململانێی نێوان قەلەندەرشا دەسەڵاتداری هەرێمی گوڵپێ و ئەوداڵ شای هەرێمی تیراوێ دەکات.

قەلەندەر لە ئاوێستای کوردی دا بە نەریوە واتە مارینە (بە وێنەی مار تۆمار کراوە) هەربۆیە لە زاراوەی مایشانی (ماشکانی، ماژگانی، ئەشکانی، شەبەکانی، بازیانی) یان زەندکی دا که کوردانی لەک قسەی پێ ئەکەن بە نەریوە یا قەلەندەر ئەڵێن نەریوان، نەردیوان. لە بادینان و هەورامان بە ئەردەوان تۆمار کراوە، گۆران و کەڵوڕەکانی لای کرماشان و پاڵە و چەرداوەڵ بە نەریمان ناوی ئەبەن... ئاشورییەکان که کوردانی کۆنی هەرێمی کلدەی گەورەن لە داسن و شنگار و نەینووا، قەلەندەریان بە نائیری و مەردیوە ناویان هێناوە. هێمای مەردیوە یان قەلەندەر بە دیواری بەر درگای پەرستگەی لالەشەوەیە.

هەروەها ئاودەل لە هەرێمە جۆراوجۆرە کوردییەکاندا به ئەوداڵ، ئەڤدال، ئەبداڵ، ئاودەل،عەودل، عەواڵ، هەواڵ، هەوداڵ، هەڵوەدا، داڵاهو و دەلۆ تۆمار کراوە. هێمای ئەوداڵ خەشتەخاو یان خشتی نەبرژاوی گڵینەیە و بە چوارقوڵفی وەستاوە بە پێوە...دیزەی ئاو.

چاک وایە ئەوەش بدرکێنم وشەی ئاوێستا بە واتای ئەبەزە یان "قەڵبەزە" یە و ئەوەش بریتی یە لە بەردەڕەشی ناوەڕاست حەوزی هەشتبەری ئاسمانی و کانگای حکمەت و زانست و خڕەدە... قەڵبەز خۆی هەڵئەقوڵی و زانیاری لەم بەردەڕەشەوە ئاوێتەی ئاوی حەوزەکە ئەبێ و پاشان شوڕ ئەبێتەوە بە کاسەی مانگدا و لە حکمەتی ئەو بەرداوەدایە مانگ تاریک و ڕوون ئەبێ و شەو و ڕۆژ درووست ئەبێ.  ئاوێستا یان ئەبەزە شوناسی مانگی شەوی پازدەی شاری کور-دیلمون ی سێهەم شاری مێژووی ئاننوناکی یە و بۆ زانیاری زیاتر با ئەوەش بڵێم بنەماڵەی ئانونناکی لە ئیزەد ئانوی چاوەدێرەوە دەس پێدەکات و خۆی و بنەماڵە نازدارەکەی بەڕێوەبەری هەرێمی خۆر و کەشوەرن...

 گ جارێ بە وشەی مانگی پازده ئەکەومە بیری یەک ڕاستی و ئەوەش یەک شتە: ئێمەی کورد ون نەببوین، هەر تەنیا ئاگامان لە خۆمان بڕابوو، بەڵام من هاتووم بە گێڕانەوەی ڕاستیەکان بە بیری گەلی کورد بهێنمەوە دڵنیا بن کەس ئەو شان و شاپیتکە بەرز و بەڕێز و بەڕیزکراوەی ناو و ناوبانگی خۆمان و باوک و باپیران و دایک و داپیرانی ئێمەی نیە...

ئەگەر بزانن ئەو خەڵکە ڕانک و چۆخە لەبەرە کڵاش لەپێی پێچ و مێزەر بەسەر و لفکە و سۆرانیە شۆڕەی ئاتەکی قۆڵی دەم وقۆپانە فش و هێڵ و هەراوەکەی بەری و پشتێنە گۆزەنگرێکەی پشتی وا پیی ئەڵێن کورد، چ دیاردەیەکی سەیرە کەس نابێ بە ئافەرەمبێژی کولتوری خەڵکی تر بێجگە لەخۆی...

کاتێ ئەم دەقەم لە ویکیپێدیادا بینی و خوێندمەوە چاوم بەم چەند دێڕە کەوت و زانیم کە جەنابی ساموئیل کرامەر کە ئەرکی وەرگێڕانی ئەم دەقەی لە فونەتیکی بزماری سومەرییەوە بە ئینگلیزی کێشاوە چ خزمەتێکی بێ وێنە و ناوازەی بە کورد و بە مرۆڤایەتی کردووە بەڵام خۆی نەیزانیوە چ پەنجێرەیەکی بە ڕووی زانست کردووەتەوە. کەسێ لە ویکیپێدیا بەم جۆرە پەسنی کرامەر دەدا:

لە سۆنگەی پێشکەشکردنی دەقێکی وڕینەیی سۆمەری وا لە چێرەی " تێکەڵاویی زمانەکان" خۆی پێناسە دەکات، هەروەها قەلەندەر وەک کەسێکی درووستکەری پەرستگەکانی دیوارە و ئاکرێ دەناسێنێ، ئیترلە سەردەمی ساموێل کرامەرەوە، چاخی قەرەنی بەراورد کراوە لەگەڵ گێڕانەوەی تاوەری بابل لە بەشی ئافراندن لە پەرتوکی پیرۆز.

بەڵام خوێنەری هێژا، نووسەری ئەم سێ چوار دێڕە باسی یەک شت ئەکات و ئەویش تێنەگەییشتن لە بابەتەکەیە و باس کردن لە یەکگرتوویی زمان لە دەقی قەلەندەر و ئەوداڵ ناگەڕێتەوە بۆ تەلاری بابل وا لە تەورات و ئینجیل ( بایبڵ)دا هاتووە. لە بەر ئەوەی دەقی قەلەندەر و ئەوداڵ باسی قۆناغی نێوان مرۆڤ و ئیزەدە ئانونناکی یەکان ئەکات... ئەو قۆناغه واتە دەسپێکی "بەدیهێنانی بیرۆکەی ئافراندنی هەبوون لە جیهانی خەیاڵدا" لە ئەبەدیەت...

کەواتە ئارخایەنتان ئەکەمەوە هەموو ناوەکان هەرچەندە ئێمە بەکاریان دێنین بەڵام منطقی هەبوونیان هی سەردەمی پێش "بەدیاردەکردنی بوون و نەبوون" ە... با ئەوەش بڵێم باسی زمان لەم بابەتەدا، دواتر لە فەلسەفەی موساسیری کوردیلمون دا ڕەنگی هەڵێنا و کاتێ ئەسکەندەری گەورە پێی گەییشتە ئاسیا و لەگەڵ ئاتوروانی پەرستگەی کوردیلمون شناسیی پەیدا کرد ئەم بابەتە کەوتە کولتوری یۆنانییەوە...

 با ئەوە بڵێم لەگەڵ ئەسکەندەری گەورەدا چەند زانا و فەیلەسوفی گەورە هاتبوون... ئەوان ئەو زانستەیان بردەوە بۆ یونان و ئەو وڵاتە ژێرەوژوور بوو لە بواری حکمەت و عەقڵیەت و زانستی مرۆڤایەتییەوە.

کاتێ ئیسلام ئاسیای گرت، هەندێ بابەتیان لە زانستی کوردەوانی هەڵبژارد و پاشان ئەوەی تۆماری کوردی بوو سووتاندیان... هەندێ شت لە لای زەردەشتیەکان و ئێزدیەکان و یارسانیەکان و مەنداییەکان ماونەتەوە و ئایینەکانی دیکەش ڕێگەی سڕینەوەی ئاسەواری حکمتی کوردییان گرتە بەر... بەڵام ئێستا من هاتووم دەستم داوەتە وەرگێڕانی ئەو دەقە سومەری و ئاکادیانە وا بە زمانی کوردی کۆن نووسراون...

پەروەردگار ئەو زانستەی بە من داوە تاکوو هێماکان و ڕەمزەکان بکەمەوە و بۆ خەڵکی کوردستان و جیهان بگێڕمەوە...

ئەزانم ئاڵۆزە بابەتەکە، بەڵام ناتوانم شان لە بڵاوکردنەوەیان هەڵتەکێنم... لەبەر ئەوەی قۆناغی نوێ بۆ ئێمەی کورد و بۆ مێژووی مرۆڤایەتی دەستی پێکردووە. من دەستم پێکردووە لەبەر ئەوەی ئەرکی منە و ئێوەش پەرەپێدەری ئەو بەرهەمەی منن لە بەر ئەوەی ئەو ئەرکە مێژووییە دیسانەوە کەوتووەتە سەرشانی کورد تاکوو ئەوەی لێی ون ببوو هەڵیبگرێتەوە لە بەر ئەوە ئێستا چرای بۆ هەڵکراوە... هەر ئەوەندەتان پێئەڵێم: لەپ مەکوتن، پەل مەهاوێژن ... تۆزێ لە ڕووناکایی ئەو چرا ڕۆشنەدا وا خوا هەڵیکردووە و داویە بە دەست منەوە چاوتان لە بەرپێی خۆتانەوە بێ و بە دوای مندا بێن... کورد نەتەوەی یەکەم و ئاخرە لە مێژووی ئەم دنیادا... ئەرکەکە کۆتایی پێنەهاتووە ئەبێ بە جوانی و بە پوختی و ماقوڵانە کۆتایی پێبێنین...

 

ئەم دەقەم ئاسان کردوەتەوە بۆ ئێوەی خوێنەر. دواتر بە تێر و تەسەلی لە کتێبەکەمدا بڵاو دەبێتەوە. لەوانەیە ئەم دەقە درێژەی هەبێ و ئەو بەشەی دیکەشی لە مانگی مارچ دا بڵاو بکەمەوە، لەوانەیە زووتر یان درەنگتر... با ئەوەش بڵێم لە بەشێکی ئەم دەقەدا باسی پێنج زاراوەی زمان دەکرێ. ئەم پێنج زاراوە زمانی کوردی ئێستا پێکدێنن: شوبور(سیروان،سۆرانی)،هەمازی(ماچویی، زازایی)، سومەر(ژیوار، گۆرانی)، ئوری کی(کوریوی،هوریکی، هەکاری،کورمانجی)، مارتو( ڕومیا، پردو،هەورامی)... لە شوێنێکی تردا باس لە گۆچانێکی ڕازاوە ئەکرێ. ئەو گۆچانە " تێڵای دەسئەوشار"ی پێ ئەڵێین و گورزێکی زێڕین بووە بە تۆپەوانەیەکی زێڕینەوە. ئەم تۆپەوانە ڕازاوە بە زێڕ بووە و دەسەڵاتدار، لە دەستیدا بووە و گووشیویەتی. ئەم گۆپاڵە زێڕینە هێمای هێز و قەوەتی شا بووە بە سەر دوژمنانیدا... واتە شا هەموو دوژمنانی وەک ئەو تێڵا دەستئەوشارەی دەستی نەرم ئەکا... لە مێژوودا تەنیا خەسرەو پەروێز ئەو تێڵای بووە و ئێستاش لە زمانی ناوچەی ئێمەدا بە دارایی هەرە بەقیمەت ناسراوە.

داواتان لێئەکەم ئەم دەقە بە جوانی بخوێننەوە لە بەر ئەوەی بناغەکانی ڕوانگەی باوکانی زانای ئێمە بوون لە پازدە بیست هەزار ساڵی پێش ئێستادا... هەروەک باسم کرد ئەم دەقە وا به کولتوری ئێستای ئێمە بە قەلەندەر و ئەوداڵ دەیناسێنم، لە دەقە کۆنە سومەری و ئاگادیەکاندا به ئەنمەرکار و ئارەتە تۆمار کراوە.

 

 

 

کورتە

 

لە نزیکەی سەرەتای ڕاپۆرتەکەوە، ئەم پێشەکییە خراوەتە ڕوو:

جاران، وا چارەنووسەکان دەنووسرانەوە، گەورە خاوەن بەشەکان (هامزادەکان) فەرمانیان بە ئانی ی گوڵەوەنەوشە(هەیوان ساری) دا سەرهەڵێنێ، واتە سەر بەرز بکاتەوە و دەرکەوێ... پاشان فرە ئاوان( ئاوەفرە،لافاو) و ماسیاو(ئاوی ئاوساو،باران) وا ئینیماباخش(تەڕەماش) ئەڕوێنێ لە هەرێمی گوڵەوەنەوشە زیادی کرد. پێش ئەوەی هەرێمی کوردیلمون ئاوەدان کرابێتەوە، هەرێمی گوڵەوەنەوشە (ئانو چەم) دامەزرابوو. واته مانگ لە چاوی ئانو( نێوچاوان، ئەنی)دا ئەخەوێ. واته لە بیر و هزری ئانودا.

 

 

ئی ئانا( گیانە، ئەناوە) پەرستگەیەک بوو لە ئاکرێ (ئوروک) و بە خۆشی ئیزەد هانە (ئیناننا، ئینگی شاوش، ئاوی مانگ)ەوە بەرپا کرابوو. هەربەو شێوە، ئەوداڵ فەرمانڕەوای تیراوێ ڕێوڕەسمی شەدەلە (شەدەکان، سیدەکان، گەندەش، خەندە، زەندە، سەدە)ی بە جێهێنابوو بە خۆشی و شانازی ئیزەد هانەوە.

جەژنی شەدەلە واتە "خشە دە ئانو" یان کەشان یان خشڵەی تاج ی سەر ئانو لە ڕۆژی دەی مانگی دووی ساڵی یەکەم ی ئافراندن ڕووی داوە. واتە پێنجی فەبریوەر... ئەوەش چل ڕۆژ دوای لە دایکبوونی زوو( باوکی شەو) ڕووی دا.

بەڵام ئیزەد هانە ئەم کارەی ئەوداڵ ی بەقەد بەرپاکردنی پەرستگەکانی ئاکرێ و ئەندیوەر پێخۆش نەبوو وا  بۆی بەرپاکرابوو لە لایەن قەلەندەرەوە.

قەلەندەر ئەو پەرستگەی لە سەر چاڵئاگر ( ئەگرەنە، گڕەناو، کڕەوان، ئەکران) بەرپا کردبوو.

 

کەواتە قەلەندەر لە لایەن ئیزەد هانەوە هەڵبژێردرا. دڵی ئیزەد هانە وا ڕووناکایی خۆی لە کێوە پیرۆزەکەدا هەڵکردووە بڕوایی بەو بڕیارە دا. قەلەندەر دوای ئەوەی لە لایەن ئیزەد هانەوە هەڵبژێردرا داوای لە  ئیزەد "بانەبەژن هانه" کرد ڕێگەی پێبدا هەرێمی تیراوێ بخاتە ژێر ڕکێف خۆیەوە و باجێک ببەستێ بە خەڵکی ئەو هەرێمەوە کە پێکهاتبێ لە لازەوەرد و کانەبەردە گرانباییەکان بە مەبەستی درووستکردنی پەرستگەی باڵابڵەندی ئەبەزە (ئاوزە، زەهاو، گاوزە، گاوزان، کچە ئازەو)ی ئیزەد " ئێن کی" لە ئیندیوار(وەردەن، ئوردن) و هەروەها بۆ ڕازانەوەی پەناگەی " پاینجە، ئەناوە" یان هەناوەی ئیزەد هانە لە ئاکرێ.

 

هەر بۆیە ئیزەد هانە ئامۆژگاری قەلەندەری کرد، نێردە (فرستادە)کەی خۆی لە ڕێگەی کوێستانی سوسین( شەوشین، شەوزین، شەمزین، شەوەنا، سەوەهی) و ئەنشان(هەنخان، هەناخ، نیشای، مەنشان، نوزی)یەوە بەڕێ بکات بۆ لای دەسەڵاتداری تیراوێ( داراجە) واتە ئەوداڵ، بەو مەبەستەی داوای لێبکات خۆی بەدەستەوە بدا و ڕێز و خۆشامایی خۆی بنوێنێ.

 

ئیزەد هانە بەڵێنی پێدا و قەلەندەر نێردەیەکی بەڕێ کرد بۆ شاری تیراوێ بە هەڕەشە و گوڕەشەی تایبەتییەوە سەبارەت بە خاپور کردنی ئەو شارە و پەرتەوازە کردنی خەڵکی ئەو شارە هەر وەک چۆن گەردەلوول گسک ئەدا لە هەموو شت و ڕای ئەدا ئەگەر هاتو باج و ساویان نەنارد بۆ شاری قەلەندەر... ئیزەد هانەش بە دوای قەلەندەردا هەڵیدا و قیژاندی و بە دەنگی بەرز هاواری کرد منیش کاولکاریەکی بێوێنەی بە سەردا دێنم.

 

هەروەها ئەوداڵ دەبێ ئەم فریانامەی نودیم مود (ددووین ، دم دم، دەم دەمان، دەم و دەوان) بخوێنێتەوە وا پاڕانەوەیە لە ئیزەد "ئێن کی" بەم جۆرە:

 " ئەی ئیزەد ئێن کی ! یەکگرتوویی زمانی هەرێمەکانی شوبور، هەمازی، سومەر، ئوریکی و مارتو بگێڕەوە!

ئەو ڕۆژەی وا مار نەبێ، دوپشک نەبێ، کەمتیار نەبێ، شێر نەبێ، سەگ نەبێ و گورگ نەبێ، کاتێ ترس و تاکانەوە و تەکان و شەکان نەبێ، مرۆڤ بێ ڕکابەر دەبێ!

لە کاتێکی وەهادا هەرێمی سیروان و زەهاوی (مەڵبەندی زمانزانان)، و ژیوار(شاخە بەرزە شکۆدارەکەی من) و هەجیج (ئەو مەڵبەندەی وا ئەوەی شیاو بێ لە بەردەستیدایە) و هەرێمی بانەمار( وا لە تەناهیدا سرەوتووە) و هەموو جیهان - ئەو خەڵکەی وا تێیدا پارێزراون- بەشکەم هەمووی بە یەک زمان بانگ لە ئیزەد هەڵاڵان "ئێنلیل" بکەن!

لە بەر ئەوەی لەو کاتەدا، ئیزەد ئێن کی- خاوەن هێزی فراوانی و بڕیاری یەکاڵاکەر و سەرگەورەی زانا و تێگەییشتووی سەر زەوی، کارزان و پسپۆری ئیزەدان، ئیزەدی دەسنیشان کراو بۆ زانیاری، خاوەنی دیوارە( ئێریدۆگ، گوردوان)- قسە و وتاری گشت ئەو خواجەمیرە بەرزەفڕ و شازادە بەرزەفڕ و شاهەنشا بەرزەفڕانە ئەگۆڕێ وا خۆی قسەی نابووە سەر زاریان... هەر گا وایە وتار و دەمەزاری خەڵک لە ڕاستیدا یەکێکە!".

 

 

ڕاسپاردە گەییشتە تیراوێ و ئەم پەیخامەی بۆ ئەوداڵ شا خوێندەوە و داوای کرد وا ئەویش وەڵامێک بداتەوە تاکوو بیباتەوە بۆ قەلەندەرشای خاوەن شکۆ... ئەو دەسەڵاتدارەی وا لە لایەن پیری ڕیش سپی کوڕی گای ڕاوێستاوی کوێستانەوە وا لە خاکی تیراوێدا پەروەردە بووە و لە گوان ی مانگای هەرێمی گوڵپەوە مژرا.

ئەوداڵ شای تیراوێ بەم شێوە وەڵامی داوە بە فرستادەکەی قەرەنی شای گوڵەوەنەوەشە:

خۆبەدەستەوەدانی گوڵەوەنەشە ئەوە نیە باس بکرێ، لەبەر ئەوەی ئیزەد هانە خۆی منی بۆ ئەم پۆست و ئەرکە هەڵبژاردووە...

لە بەرانبەردا نێردەی قەلەندەرشا ڕایگەیاند:

- ئیزەد هانە بە نازناوی "بانەبەژن"ەوە بووە بە سەرۆکی هەرێمی هەناوە و تەنانەت بەڵێنی بە قەلەندەر داوە کە پشتی تیراوە بەربدا بۆ هەرێمی گوڵەوەنەوشە و لووتی ئەوداڵ بخشێنی بە خاکی بەرپێی قەلەندەردا...

ئەوداڵ شای تیراوێ بە بیستنی ئەم هەواڵە ناخۆشانە تێکچوو، لە کۆتاییدا بڕیاریدا و وا وەڵامی داوە:

 " من بۆ زۆرەملەیەکی ڕاستەوخۆی پاڵەوانانە لەگەڵ قەلەندەر ئامادەم هەرچەندە ئەو لە شان و ئاستی خۆمدا نابینم، بەڵام تەنیا بە مەرجێک سەربەخۆییم ڕادەست ئەکەم کەوا لە بەرامبەردا قەلەندەر شا بڕێکی زۆر بارەجۆ بەڕێ بکا و هەروەها ئیزەد هانە بەڵێنی لەدەم بستێنێ هێز نەهێنێتە سەر تیراوێ و داگیری نەکا و هەروەها پلەی خۆی لە خوار پلەی ئیزەد هانەوە دەسنیشان بکا و بەوەفا بێ بە پەرستگەی ئاکرێ".

 

نێردە بەم وەڵامەوە گەڕایەوە بۆ لای قەلەندەر و ئەویش لە بەرامبەردا ڕۆژی دواتر بڕێک جۆی بەڕێ کرد بە نێردەدا بۆ تیراوێ و هەروەها داوای بڕێکی زۆرتر بەردەلەزۆی گرانقیمەتی کرد لە ئەوداڵ شا.

 

 

دەسەڵاتداری تیراوێ بە هەوای بەرزەدەماخی و دەمار، بەرپەرچی ئەم داواکاریەی دا و لە بەرامبەردا داوای لە قەرەنی شا کرد ئەویش با بڕێ بەردەکانزای گرانبەها بۆ هەرێمی گوڵەوەنەوشە بە دیاری بەڕێ بکات. لەگەڵ بیستنی ئەم بابەتە قەلەندەر دە ساڵ خەریک ئەبێ بە درووست کردنی گۆچانێکی تایبەت و پاشان بەدیاری بە نێردەیەکدا بەڕێی ئەکا بۆ ئەوداڵ شای تیراوێ.

ئەم بابەتە دەسەڵاتداری تیراوێ ئەترسێنێ و تێئەگا ئەمجارە هەر بە ڕاستی ئیزەد هانە دەسبەرداری بووە و پشتی تێکردووە. ئەوداڵ شا پێشنیار ئەدا زۆرەملەیێکی ڕوو بە ڕوو لەگەڵ قەلەندەرشا دا ڕێکبخرێت تا ئاکامی ئەم ململانێ چەقبەستوو- دیپلۆماتیکەی نێوان دو پاڵەوان ی ئەم دوو شارە بە بێ تێکهەڵچوونی سەربازی یەکلایی بکرێتەوە.

قەلەندەرشای هەرێمی گوڵەوەنەوشە ئەم مەرجەی قەبووڵ کرد و لەگەڵ ئەوەشدا داخوازیەکانی لە خەڵکی تیراوێ زیاتر کرد بۆ ئەوەی باج و ساوێکی بەرچاویتر بۆ پەرستگەکانی ئەناوە و ئاوزە پێشکەش بکەن یان خۆیان ئامادە بکەن بۆ تەفروتوونا بوون.

ئەوداڵ شای تیراوێ وەڵامی قەلەندەرشای نەداوە و فەرمانی دەسگیر کردنی نێردەکەی قەلەندەری دا.

قەلەندەرشا دەستی دایە فێڵێک بۆ ڕزگار کردنی  ئەو نێردەیەی وا پەیغام و ڕاسپاردەکانی نێوانیانی ئەهێنا و ئەبرد و ئێستا وەک بارمتە لە لایەن ئەوداڵ شاوە دەسبەسەر کراوە... قەلەندەرشا لەوە ئەترسا ئەو نێردەیە ئەشکەنجە بدرێ و هەموو زانیارییە نهێنیەکانی شاری گوڵەوەنەوشە بدرکێنێ.

 

 

نووسین لەم بەشەی تابلۆکەدا نادیارە...

نێردەکە دیسانەوە بە "حەوتەوان "دا ئەبەن تا دەگاتە تیراوێ، ئەوە لە کاتێکدایە پەیامە نهێنیەکان بە تۆمارە گڵینەکانەوە نووسراون و کاتێک ئەوداڵ شای تیراوێ هەوڵی خوێندنەوەی پەیامەکە دەدات، گوڕەش (ئیشکور)، ئیزەدی پارێزەری هەورەگرمە، دەبێتە هۆی بارانێکی بەخوڕ بۆ بەرهەمهێنانی گەنمەکێویلە و نۆک کە لە وەرزی خەرماناندا بە دیاریی پێشکەشی دەسەڵاتداران دەکرێ. ئەوداڵ شا بە بینینی ئەم کاری ناکردە و ناوازە(معجزە) ڕایدەگەیەنێت وا دیارە ئیزەد هانە وازی لە بانەبەژنایەتی هەرێمی گوڵەوەنەوشە نەهێناوە. هەر بۆیە ئەوداڵ شا بانگ لە پاڵەوانەکەی دەکات.

|||

 

دوایین دێڕەکانی دەقەکە بۆشایی زۆری هەیە....و ئەم ڕووداوانەی خوارەوە وا نووسراون و تێکشکاون ڕوون نین، بەڵام پێدەچێت دەقەکە بە سەرکەوتوویی قەلەندەر شا کۆتایی هاتبێ و لەلایەن ئیزەد هانەوە لەسەر تەختی تیراوێ دانیش کرابێ و خەڵکی تیراوە باج و ساوەکەیان گەیاندبێتە هەرێمی ئەناوە بۆ دابینکردنی کەرەستەی دروستکردنی پەرستگەی پاساوە (ئاپسو، ئاوی شاراوە، یان هەرێمی آوچا یان چاییوە).

پێدەچێت دەقێکی بەدواداچوون بە ناوی " قەلەندەر و گڕەزۆ" درێژە بەو داستانە بدات.

 ئازاد کەریمی، ئاتوروانی پەرستگەی ئارونا، ١٧ی فەبریواری ٢٠٢٣، نۆروێژ

 

گەڕان بۆ بابەت