ئارام سدیق
نووسین جۆرێكه هه‌م له به‌رپرسیارێتی و هه‌م له عه‌زاب. به‌رپرسیارێتییه ئه‌وكاته‌ى زیاتر ده‌خوێنیته‌وه و به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی نووسین وشیارتر ده‌بیت، عه‌زابه به‌وه‌ی هه‌موو نووسینێكی ڕاسته‌قینه به‌شێك له ڕۆحی نووسه‌ره‌كه‌ی تێدا جێ ده‌مێنێت. هه‌ركه‌س بیر له چێژی خوێندنه‌وه بكاته‌وه، یان كه‌م ده‌نووسێت، یان كه نووسی بۆ ئه‌وه نانووسێت نووسه‌ر بێت، به‌ڵكوو دیسان بۆ ئه‌و چێژه ده‌نووسێت، كه نووسین هه‌یه‌تی.
خوێنه‌ر و چێژی خوێندنه‌وه
زۆر جار بیرم له چێژی خوێندنه‌وه كردۆته‌وه، ویستوومه پێناسه‌ی بكه‌م، یان ویستوومه تێی بگه‌م، لێ به هیچ كامیان نه‌گه‌یشتووم، چونكه ئه‌و چێژه‌ی خوێندنه‌وه هه‌یه‌تی، هیچ شتێكی تر بۆ من نه‌یبووه و شتێكه له ده‌ره‌وه‌ی ڕاڤه و تێگه‌یشتنه‌وه. زۆر جار خۆم له زۆر كار و زۆر شت دزیوه‌ته‌وه، ته‌نها له پێناو ئه‌وه‌ی چیرۆكێك بخوێنمه‌وه، یان به‌شێك له كتێبێكی فه‌لسه‌فی ته‌واو بكه‌م، یان ویستوومه له‌گه‌ڵ یه‌كێك له پاڵه‌وانه‌كانی ڕۆمانێكدا هاوسه‌فه‌ر بم.
خۆرخێ لویس بۆرخیس له وتارێكدا به ناوی "ئه‌فسانه‌ی كتێب" باسی زۆر لایه‌نی كتێب و خوێنه‌ر و چێژی خوێندنه‌وه ده‌كات، له ده‌ستپێكی ئه‌و وتاره‌دا ده‌نوسێت: "له‌نێو هه‌موو ئامێر و كه‌لوپه‌له‌كانی مرۆڤدا، بێگومان كتێب به سه‌رسامهێنترینیان داده‌نرێت، چونكه درێژكراوه‌ی هیچ شتێكی دیكه نییه جگه له مێشك و خه‌یاڵدان. له شوێنیكی دیكه‌ی هه‌مان وتاردا، ده‌ڵێت: "له‌و باوه‌ڕه‌دام كتێب تاكه خۆشییه‌كی شیاوه بۆ مرۆڤ."
هه‌ندێك دۆخ تێی كه‌وتووم، كه نه‌متوانیوه به هیچ شتێك خۆم هێمن بكه‌مه‌وه ته‌نها خوێندنه‌وه توانیویه‌تی كه‌مێك ئه‌و ئارامییه تۆراوه‌ی ڕۆحمم بۆ بگێڕێته‌وه. زۆرجار به چێژی باڵای خوێندنه‌وه گه‌یشتووم، ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌یه، كه هه‌ستم به‌وه كردووه ئه‌و چێژه‌ی له خوێندنه‌وه‌ی وشه‌كانه‌وه ده‌ستم ده‌كه‌وێت، له هیچ شتێكی تردا ده‌ستم ناكه‌وێت. هه‌ر بۆیه بۆرخیس گوته‌نی خوێندنه‌وه تاكه خۆشییه‌كی شیاوه بۆ مرۆڤ. لام وایه خوێنه‌ربوون كه‌م نییه و خوێنه‌ربیت خۆشتره له‌وه‌ی نووسه‌ر بیت، به ده‌یان جار خۆم له نووسین دزیوه‌ته‌وه له‌پێناو ئه‌وه‌دا چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی ديكه بخوێنمه‌وه، چونكه نووسین جۆرێكه هه‌م له به‌رپرسیارێتی و هه‌م له عه‌زاب. به‌رپرسیارێتییه ئه‌وكاته‌ى زیاتر ده‌خوێنیته‌وه و به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی نووسین وشیارتر ده‌بیت، عه‌زابه به‌وه‌ی هه‌موو نووسینێكی ڕاسته‌قینه به‌شێك له ڕۆحی نووسه‌ره‌كه‌ی تێدا جێ ده‌مێنێت. هه‌رچه‌نده لای كورد ژماره‌ی نووسه‌ر له خوێنه‌ر زۆرتره، به‌ڵام هه‌ركه‌س بیر له چێژی خوێندنه‌وه بكاته‌وه، یان كه‌م ده‌نووسێت، یان كه نووسی بۆ ئه‌وه نانووسێت نووسه‌ر بێت، به‌ڵكوو دیسان بۆ ئه‌و چێژه ده‌نووسێت، كه نووسین هه‌یه‌تی.
به‌ڵام ئایا نووسینیش چێژداره؟ بێگومان زۆر جار نووسین جۆرێك چێژ و نه‌شئه ده‌به‌خشێته نووسه‌ر، كه ڕه‌نگه له خوێندنه‌وه‌دا چنگ نه‌كه‌وێت، يان ڕه‌نگه هه‌ر به‌هۆی ئه‌مه‌وه بێت مرۆڤ په‌نای بۆ نووسین بردبێت. نووسین به‌وشه‌كردنی هه‌سته‌كانه، به‌ڵام خوێندنه‌وه گه‌ڕانه به‌دوای خۆتدا له‌نێو وشه‌كاندا.
بۆ ئه‌وه‌ی به چێژی خوێندنه‌وه بگه‌یت، ده‌بێت به حه‌وسه‌ڵه بیت له‌گه‌ڵ وشه و كتێبه‌كاندا، چونكه به‌شێك له كتێبه‌كان ئه‌وه‌نده سركن، كه به یه‌ك جار خوێندنه‌وه خۆیان ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه. به‌شێكی دیكه‌یان له ته‌مه‌نێكی دیاریكراودا خۆیان ده‌ده‌ن به ده‌سته‌وه و ده‌بێت حه‌وسه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌ت هه‌بێت، له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ندا جارێكی دیكه بیانخوێنیته‌وه. كتێبه‌كان ته‌نها یه‌ك ڕوویان نییه، بۆیه له هه‌ر زه‌مه‌نێكدا ڕوویه‌كی خۆیان بۆ مرۆڤ ئاشكرا ده‌كه‌ن و له هه‌ر زه‌مه‌نێكیشدا جۆرێك له چێژ به خوێنه‌ر ده‌ده‌ن.
سۆزان سۆنتاك له نامه‌یه‌كیدا بۆ (بۆرخیس) ده‌نووسێت: "هه‌ندێ كه‌س خوێندنه‌وه به جۆرێك له ڕاكردن له ژیانی ڕاسته‌قینه بۆ دونیایه‌كی خه‌یاڵی ده‌زانن، به‌ڵام كتێب ڕێگه‌یه‌كه بۆ زیاتر بوون به ئینسان." ئه‌م قسه‌یه‌ی سۆزانیش ئه‌وه ده‌خاته ڕوو، مرۆڤ ده‌توانێ به هۆی كتێبه‌وه زیاتر خۆی و ده‌وروبه‌ر بناسێ و ئه‌مه‌ش گرنتی سه‌ركه‌وتنه له ژیاندا.
من له‌و كه‌سانه‌م كه سه‌فه‌ری زۆرم نه‌كردووه، بێجگه له دوو وڵاتی دراوسێ و چه‌ند شارێكی كه‌م نه‌بێت نه‌گه‌ڕاوم، به‌ڵام له ڕێی كتێبه‌كانه‌وه چوومه‌ته ئه‌رجه‌نتین و (بۆرخیس) ڕێنیشانده‌رم بووه، چوومه‌ته كۆڵۆمبیا و (ماركیز) هاوسه‌فه‌رم بووه. جارێكیش ویستم بگه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌رده‌می میرایه‌تیی بابانه‌كان، ئه‌فسوونی خه‌یاڵه‌كانی (عه‌تا محه‌مه‌د) گه‌یاندمیه‌وه سه‌رده‌می بابان. كاتێكیش ویستم له‌گه‌ڵ خانی‌دا كه‌مێك له حوجره‌كه‌ی پشوویه‌ك بده‌م، (جاندۆست) ده‌ستی گرتم و ڕێگه‌ی حوجره‌كه‌ی خانی پیشان دام. ساڵانێك خولیایه‌كی زۆرم هه‌بوو به یۆنان ئاشنا بم، یۆنانێك، جیا له‌و چیرۆكه تراژیدیانه‌ی ئازیزانمان له ڕێگه‌ی ئه‌وروپادا تێیدا بوونه قوربانی، به‌ڵكوو یۆنانێك، كه وڵاتی سوكرات و پلاتۆن و ئه‌رستۆیه. (كازانتزاكیس) بووه ڕێنیشانده‌رێكی ڕاستگۆ و زه‌مه‌نێكی زۆر له‌گه‌ڵمدا مایه‌وه و ئێستاش به‌رده‌وام ده‌خوازم سه‌فه‌ری نوێی له‌گه‌ڵدا بكه‌مه‌وه.
وشه‌كان و كتێبه‌كان زۆر دونیای دیكه‌یان به‌ڕوودا كردمه‌وه، ده‌كرێت ئینسان له ڕێی كتێبه‌كانه‌وه به دونیای نوێ ئاشنا بێت، كه ڕه‌نگه به‌ئاسانی ده‌ستی پێیان نه‌گات، به‌ڵام له ڕێی كتێبه‌كانه‌وه، ده‌توانرێت سه‌فه‌ری زۆر وڵات و جێگه و مه‌مله‌كه‌ت بكرێت و زۆر سه‌رزه‌مینی ئه‌فسانه‌یش به‌سه‌ر بكرێته‌وه. ده‌كرێت مرۆڤ چێژی خوێندنه‌وه تاقی بكاته‌وه و بۆنی پیته‌كان بكات و ده‌ست له ڕۆحی وشه‌كان بدات، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ژیانه سه‌خته به‌ئارامی به‌رده‌وام بێت و به‌رگه‌ی ئه‌م عه‌زابه به‌رده‌وامه بگرێت، كه ناوی ژیانه.