سامان حسینی
بیریار دەستی هەڵێنا و وتی بە دوای منداڵەکەیدا هاتوە کە لە قوتابخانە بوە و تا ئێستا سۆراغی نیە. کابرای سەرئەفسەر وتی: کەوایە تۆش هاودەستی کچەکەتی و ئەمجا دەسبەجێ تێکیانەوە پێچاو تەلیسێکیان بەسەردا کرد و لە زرێپۆشێکی ڕەشیان پەستاوت و ئیتر هەر ئەوەندە... جا من چوزانم بۆ کوێیان برد؟!
بیریار تۆقاوە
سامان حسینی
شار شێواو و شڵەژاوە، ڕفێن ڕفێن و بگرە و بەردەیە، ئۆردووی زاڵخواز و ناڕازیان وەک دوو پڵینگی لەسەر چیچکان پۆشتە و پەرداخ و توڕە و بێ دەربەست بەرامبەر بەیەک ڕاوەستاون. لەم گێژاوەدا بەسەختی دەتوانی ڕەواو ناڕەوا لێک جیاکەیتەوە، ئەمیر و موحسین کەف و کوڵ و حەماسەتی تێکنەچوونی دەسەڵات و دابەشنەبوونی وڵاتیان لەسەردایە. ئاکارو بڕیاریش خەمناک و دڵگرانی خەڵک و لایەنگری مافخوازانن و دەیانهەوێ هەوڵبدەن بۆ باشترکردنی بارودۆخەکە. ئیحسان و مەهدیش بێکارەو پەتیارەو لات و بەرەڵڵان و بەنیازن لەم ئاوە لێڵەدا ماسی خۆیان بگرن، ئیحسان دەڵێ، هەر کە گاردی تایبەت و پۆلیس و ناڕازیەکان تێک بەردەبن، ئێمە دەرفەتمان بۆ هەڵدەکەوێ بەئیشتیای خۆمان دزی و تاڵان بکەین و دەسکەوت وەدەست بێنین، لە دۆخێکی ئاوادا کە کەس لە کەسەو کەس ئاگای لە قونی خۆی نیە، ڕۆژ ڕۆژی ئێمەیە، بەتایبەت ئەوەی کە زۆربەی پشیوی و ڕاپەڕینەکان دەکەونە ئێواران و کاتی ڕوەو تاریکی، دز بازاڕی بشێوی پێ خۆشە، ئەوەیە کە لەو ئاشوفتەبازاڕەدا بە بێ هیچ زەحمەتێک گیرفانان دادەتەکێنین و ماشێن و دوکانان تاڵان دەکەین و ئەگەر کەسێک برینداردەبێ یان دەکوژرێ، بەبیانووی یارمەتی دان و گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیرفان و ماشێنەکەی گەسک دەدەین و تەنانەت بێتوو مێینە بێ وردە دەستکاری و نێرکاریەکی خۆشمان دەکەین، لەوەش خۆشتر ئەوەیە کە زۆر جار خۆمان لە گەنج و منداڵ و مێرمنداڵە ناڕازی و دژبەرەکان دەکەینە کاربەدەستی دەوڵەت و دەیانڕفێنین و چیمان پێ خۆش بەسەریان دێنین و چیمان پێ خۆش بێ لێیان دەستێنین و تەنانەت حەزکەین دەیانکەینە بارمتە و کاسبیان پێوە دەکەین و کۆڵێک پارەو دراڤ لە کەسوکاریان وەردەگرین تا وازیان لێ بێنین، ڕاپەڕین ئەوەی خۆشە، ئاشوفتەبازاڕ ئەوەی خۆشە...
بەڵام بیریار سەر بە هیچکام لەو بەرەو لایەنانە نیە. نە لایەنگری سیستم"ە، نە هاریکاری دژبەر و ناڕازیەکان، بیریار دەڵێ: من لەم دۆخە تۆقاوم، من لە تۆمەتبارکرانم تۆقاوم، من لەوە تۆقاوم کە ئەمیرو موحسین بە دژی سیستمم بزانن و بمگرن و ئەشکەنجەم کەن یان بمکوژن، لەوە زۆرتر لەوەی تۆقاوم کە ئاکار و بڕیار بە خۆفرۆش و سیخوڕم بزانن و لە نێو کۆمەڵگەدا سووک و ڕیسوام بکەن، بەڵام تۆقێنەرتر لەو دوو تۆقانەم ترس لەو لۆمپەن و گەندەمێشانەیە کە بەپێی بەرژەوەندی و بۆلوان و بۆکران هەرجارە خۆیان سەر بە بەرەیەک نیشاندەدەن، تۆقین لە کەسانی وەک ئیحسان و مەهدی کە لە لای ناڕازیەکان ناڕازی دوو ئاگرەن و لەلای دەوڵەتیەکان پاسداری پارێزەری حەرەم و لەلای شەرفرۆش و بەرگاراجی و پەتیارەکانیش بە هزرو شەرەفی ئەوهەموو مافخوازە دڵپڕو گیان لەسەردەستە پێدەکەنن و بەردەوام لەبیری ئەو پیلانەدان کە چۆن هەم کەسانی دڵپاک و ساویلکەو دڵ پڕ لە ئەڤینی خۆشکردنی ژیان و دنیا، سوک و بێ ڕێز بکەن و هەم ئەگە بۆیان بلوێ بە هۆی سیخوڕی لێکردن و تاڵان کردنیان پاروێکی چەوریشیان دەسکەوێ.
بیریار دەڵێ: سەڕەڕای ئەوەی کە بە قوڵی بڕوام بە پێویستی گۆڕانکاری و لەنێوبردنی زۆرداری لە وڵات هەیە، بەڵام تاڕادەیەکی زۆرهیچ متمانەیەکم بە وەرگرتنی ماف و دەستەبەرکردنی ژینخۆشی و دڵخۆشی نیە، چون هەزاران سیخوڕو خۆفرۆش و دڕندەکار خۆیان مت داوەو بەناوو ڕواڵەت و دەمامکی ڕزگاریخوازی و دڵسۆزی گەل و نیشتمانەوە بۆسەیان داناوە بۆ دڵسۆزو دڵبریندارە ڕاستەقینەکان تاکوو هەم خۆیان بە قارەمان نیشان بدەن و هەم لەپشتەوەش گورزی گورچگبڕ بوەشێننە ئەو هەموو ڕۆڵە قوربانی و گیانبەختکردوە.
بیریاردەڵێ: من تۆقاوم، من زۆر تۆقاوم لە تۆمەتباربوون بە هەڵوێست و تاوانێک کە ڕۆحیشم لێی ئاگاردار نیە، بیریار دەڵێ من تۆقاوم، من زۆر تۆقاوم لەتۆمەتی کەسانی وەک مەهدی کە چاک دەزانم لە پێناو وەدەست هێنانی بڕەپارەیەک سوار دایکی خۆشیان دەبن و لەهیچ روڵەتبازی و دوڕویی و فێڵبازیەک ناپرینگێنەوە.
سەرەڕای هەموو ئەوانەش بیریار هێشتاش هەرتۆمەتبارە، تۆمەتباری ئەوەی کە ئەوەنیە جارێ لە هەمووشتێک خۆی دەپارێزێ و خۆی دەبوێرێ،... تۆمەتبارە بە خۆپارێزی و بێلایەن بوون و ترسەنۆکی، بەڵام بەو هەموەشەوە خوابکا هەرتەنیا تۆمەتباربێ، خوا بکا هەر بەوەندە بوگزەری و تووشی بەڵای زۆرتر
نەبێ... چونکا سەرو بنی زمانی ئەم ڕۆژانەی بیریار هەر ئەم دەستەواژەیەیە، من زۆر تۆقاوم گەلۆ، من زۆر تۆقاوم...
قسێکی کوردی هەیە دەڵێ هەر کەس لە شتێک بترسێ ناخەلسێ، یان دەڵێ:
لەسەرهیچ ڕێگەیەگ مەنوو با ڕێت پێ نەگرن... لێرەدا ئەمەیان ڕاست بوو بە چیرۆکی "بیریار"ی بەسزمان یان با بڵێم بوو بە چارەنووسی "بیریار"ی بێ تاوان...
"هاوژین"ی کچی بیریار هەمیشە لە کاتی خۆی دا واتە لە کاژێر پێنج و نیوی پاش نیوەڕۆدا لە قوتابخانەوە دەگەیشتەوە ماڵ... بەڵام ئەمڕۆ ئەوەتا بۆتە شەش و بیست خولەک و هێشتا هیچ هەواڵێکی نیە، بیریار دڵگران ببوو، توشی دڵەڕاوکەو خەیاڵات ببوو، دادە ژاڵەی خێزانیشی هەروا، یاساخانی کوڕیشی هەروا، بوو بە کاژێر نزیک حەوت و هێشتا هیچ سەر و سۆراغێک لە هاوژین نەبوو، دڵەڕاوکە ببوو بە ترس، دڵەڕاوکە ببوو بە تۆقان، هاوژین"یش ببوو بە دڵۆپێک ئاو و بە عەرزدا ڕۆچوو بوو، تەمی ماتەم و مەرگ بەسەر بنەماڵەکەی بیریاردا سێبەری کردبوو، بەتایبەت ئەوەی کە ڕۆژی پێشتر هەواڵی ڕفێندران و کوژرانی دەیان گەنج و منداڵی قوتابی و خوێندکار سنوورو کەوشەنی میدیاو ڕاگەیاندن و ڕادیۆتەلەفزیۆنەکانی بەزاندبوو. باشە دەبێ هاوژین چی بەسەرهاتبێ؟!
لە کاژێر شەشەوە ژاڵە خانم یەکبین زەنگی بۆ لێدەدا کەچی سەرەڕای ئەوەی کە موبایلە زەنگی دەخوارد هێشتا هەر هیچ وڵامێکی تیا نەبوو، ئەوە بوو کە کاک بیریار سەرەڕای دوودڵی و دڵەڕاوکە چونکە خەریک بوو دڵی بتۆقێ هەستاو جل و بەرگی گۆڕی و بەو ئێوارە درەنگانەی کۆتایەکانی وەرزی بەهار لەکاتێک دا بەپێی نەریت لەبن زاریەوە هەردەیگوت تۆقیوم، زۆرتۆقیوم...لە ماڵ وەدەرکەوت...
بەرلەوەی لە درگا بچێتە دەر لە دڵی خۆیا گوتی: جا چ بکەم؟ بەشەرەفم ئەگە هەموو ئەم شارەشیان بدامایە هێشتا هەرئامادە نەدەبووم لەم ئاگربارانەدا لە ماڵ بێمەدەر، بەڵام چی بکەم، منداڵەکەم... کولەکەی ڕۆحەکەم؟!
تا نزیک گۆڕەپانی پشت قوتابخانەکەی هاوژین سوار تەکسی بوو، خاوەن تاکسی پێی وت: برا ئەوە لەم کارەسات و پەتپەتێنەدا بۆکوێ دەچی تۆ؟ ئەو شوێنەی تۆ بەنیازی بچی ڕفێن ڕفێن و بگرەو سەگ خاوەنی خۆی ناناسێتەوە...
بیریار بە هەناسەیەکی ساردەوە وتی: کچەکەم کاکەگیان ،کچەکەم دیار نیە، ئەگینا لە ڕۆژی وادا من کوا پیاوی هاتنە دەرەوەم بەقوربان؟!...
لە تەکسی دابەزی، هەوا ساردو تیژ بوو، لەوبەر گۆڕەپانەکە گاردی تایبەت بەپێی نەریتی ئەو ڕۆژانە لەسەر چیچکان بوون، لەولاتریش چەند ماتۆڕسوار بە باتۆم و بۆری گازەوە کۆمەڵێک خەڵکیان ڕاودەنا، بۆنی گاز و باروت و دەنگی قیژەو هاوارو جارجاریش تەقەی فیشەکێک لە کەوشەنەکەدا بڵاو دەبۆوە، بیریار لە مەیدانەکە پەڕیەوەو ویستی ڕوو لە شەقامی بەردەم قوتابخانەکە بکا کە لەنەکاو تاقمێک گورز و مەتاڵ بەدەست لە بن دیواری ئەملای قوتابخانەکەوە دەرپەڕین و ڕویان لە بیریارکرد، بیریار دەستی هەڵێناو وتی بە دوای منداڵەکەیدا هاتوە کە لە قوتابخانە بوەو تا ئێستا سۆراغی نیە، کابرای سەرئەفسەر وتی: کەوایە تۆش هاودەستی کچەکەتی و ئەمجا دەسبەجێ تێکیانەوە پێچاو تەلیسێکیان بەسەردا کرد و لە زرێپۆشێکی ڕەشیان پەستاوت و ئیتر هەر ئەوەندە... جا من چوزانم بۆ کوێ یان برد؟!
ئەوە ئێستا دوو مانگ زۆرترە کە هاوژین و باوکی بێ سەرو شوێنن، ژاڵەخانم و یاساخان و کەس و کار شوێن نەماوە کە بۆسەرو سۆراغی ئەو دوو بێ سەرو شوێنە سەردانیان نەکردبێ، بەڵام درێغ لە بچوکترین هەواڵێک...
"ئاکار"ی برازای بیریار، کە لەم دو مانگەدا کون و قوژبن نەماوە کە لەپێناو وەدەستهێنانی سەرەپەتی شوێنەوارێک لە مامی سەری پیا نەکا، دەڵێ: هەمو جارێک هەر کە لە ماڵ دێمەدەر و بەتایبەت کە ڕێم لەو گۆڕەپانە دەکەوێ کە مامەمی لێ بێ سەر و شوێن بوو ئەوە هەر دەنگی مامەمە کە لەو کەوشەنەدا باڵ دەگرێ و لە گوێمدا دەزرینگێتەوە...
تۆقاوم، زۆر تۆقاوم، زۆر لەوە تۆقاوم کە هەر لەخۆوەو بە بێ تاوان کلکێکمان لێ بەستن و سەرمان بە با بدەن...
٤١-٩-٤١١٤ – تاران