ما 1218 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەزا شوان

فـۆلکلـۆر گرنگترین زێی بەخـۆڕە، کە بە بەردەوامی دەڕژێتـە نـاو روبـاری ئەدەبـەوە. ئەدەبی فـۆلکلـۆریـش، بە بەرهـەمی کەسـێک و دووان دانـانـرێـت، بەڵکـو دەرێتـە پـاڵ هـەمـوو میـللەتەوە. بەرهـەمی ساڵـێک دوو ساڵـیش نییە، بەڵکـو لەگەڵ لەدایکـبوونی مرۆڤـدا سەریهـەڵـداوە. 

گرنگـییەکـانی چـیرۆکی فـۆلکـلۆری لە ئەدەبی منـداڵانـدا

 

زاراوەی فـۆلکلۆر، وشەیەکی لێکدراوە لە (فـۆلک + لـۆر) ی ئینگلیزییەوە وەرگیراوە. یەکەمـیان مانـای (خەڵـک) یا (گـەل) دەگەیەنێـت. دووەمیشـیان مانـای (چـیرۆک، ژیـر، هـونەر، زانـسـت) دەگـەیـەنێـت. بەڵام هـەنـدێ لە تـوێـژێنـەران، رەسەنـایـەتی زاراوەی فـۆلکلۆر بۆ وشەی (فـۆلکـسشـین) ی ئەڵمانی دەگەڕێننەوە، کەو واتـای (چاولێکـردنی خەڵک) دەگرێتەوە. عـەرەبیـش بە (التـراث الـشعـبي) ناویـان بـردووە.

چەنـد پێناسەیەک بۆ چەمکی فـۆلکلـۆر کـراوە، وەکو:
فـۆلکلـۆر: بـریتییە لە کۆمەڵـێک لە داب و نەریـت، لە بیـروبـاوەڕ، لە چـیرۆکی میـللی، لە هەڵپەڕکێی میـللی، لە گۆرانی فۆلکلۆری، لە پەنـد و قـسەی نەستەق، لە رووداو، لە ئەفـسانە، لە داستان، لە یـاری، لە مەتـەڵ، لە دیـرۆک، لە جلوبەرگ، لە هـۆنـراوە، لە خـشـڵ، لە مـوزیک، لە حیکایـەت، لە بابەتـەکـانی سـیرامێک، لە نـەریـتی زەمـاوەنـد و بـووک گواسـتـنەوە، لە نەریـتی کـشتوکـاڵی، لە ...هـتـد. کـە بە زارەکی لە نەوەیەکەوە بـۆ نەوەیـەکی تـر گـۆازراونەتـەوە، تا گـەیـشـتوون بە نـەوەی ئەمـڕۆ. بە نـووسـین و گـێڕانـەوەش، دەشگـۆازرێـنـەوە بـۆ نەوەکـانی داهـاتـووش.

(ولیـەم نـۆڤـەر) دەڵـێـت: "فـۆلکـۆر پەنـدی گـەلە یا زانسـتی خـەڵـکە".

هەندێکی تر بەوە پێناسەی فۆلکلۆر دەکەن کە: بەرهەمی هـزری و دەستی گەلە، لەگەڵ داب و نەریـت و ئـەدەبی میـللـیی. یا رەنگـدانـەوەی بەهـا رەوشـتیـیەکانی کـۆمـەڵـگایە.

زانـاکان پێیانوایە، کە فـۆلکلۆر و ئـەم داب و نەریتانە، هـەر ئەوە نین کە گوزارشت لە خەیـاڵ و لە ئارەزووەکان و لە رەوشـت و لە بەهـا مـرۆییەکانی مـرۆڤ دەکـەن، بەڵکو فـاکتەرێکی گـرنگیشە بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵە سەرەتاییەکان و تێگەیشتن لە مێژووی هەمەلایـەنەی بەهـا کولتـوورییەکـانی ئادەمـیزاد. هـەر گەلـێکیش خـاوەنی فـۆلکلـۆری تایبەتی خـۆیەتی و سیمای نەتەوەیی پێـوە دیارە و دەیپارێـزێـت و شانازی پێوە دەکات.

بێ زیـادەڕۆیی، گەلی گوردمـان یەکێکە لە گەلە دەوڵەمەنـدەکانی جیهـان لە فـۆلکلۆری هەمەجـۆرەدا. خاوەنی سامانێکی لەبـن نەهـاتووی فـۆلکلـۆری هەمەڕەنگەی رەسەنی کوردیین، کە مـۆڕک و شـەقـڵی تـایبەتی نەتـەوەییـمانی پێـوە دیـارە و تا ئەمـڕۆش کـاڵ نەبـۆنەتەوە، کە لە ژیانی کـوردەواری و لە سروشی جـوان و رەنـگـینی کوردسـتانەوە بەرجەستە بوونە. ئەوەی کە تا ئەمڕۆش داگیرکەرانی کوردستان زەفەریان پێنەبردووە فۆلکلـۆری رەسەنی کوردیمانە. پێـویستە بە شێوەیەکی زانستی و ئاکادیمی جۆرەکانی فـۆلکلۆری کوردیمان تـۆماربکـەین و بە ئەرشیـفـیان بکەین، بۆ ئەوەی لە مەتـرسیی لەبیرچوونەوە لەناوچوون  بیانپارێـزین. بشبن بە سەرچاوەیەکی گرنگی لێکۆڵینەوە و توێـژینەوە بـۆ نەوەکـانی داهـاتـوومان.

گـرنگی فـۆلکلـۆر لەوەدایە، کە هـۆکارێکی گرنگە بۆ گواستنەوەی زانست و کولتوور لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیـەکی تر. بەو پێـیەش کە کـولـتوور سەرچـاوەیەکی راکـێشانی گەشتیارانە، بۆ ئارەزووی زانین و ئاشنابوون بە کولتووری تازە و تاقیکردنەوەی ئەو شتانەی کە پەیوەندییان بەم کولتوورەوە هەیە. وەک: خواردنەکانیان، داب و نەریتیان، جلـوبەرگی نەتەوەییان، هـەڵـپەڕکیێ میللییان، موزیکـیان، گۆرانییان، شتەکانی تریش. ئەمەش دەبێـتە هـۆی هـانـدان بـۆ هـاریکاریکـردن و سوودوەرگـرتـن و را گـۆڕینـەوە لە نێـوان کولتـوورە جیـاوازەکـانی گەلانی جیهـانـدا.

فـۆلکلـۆر هـۆکارێکـیشە بۆ گەیانـدنی رابـردوو و ئێستا و داهـاتوو. کە زامنی پاراستنی ئـەم کـولتـوورە بـۆ مـاوەیـەمـان بـۆ دەکـات.

فـۆلکلۆر جـور و شێوەی زۆرە، زۆر لە هـونەرەکان لەژێـر ناوی فـۆلکلۆردا ریـزبەندی کـراون و دەکـرێـن. هـەوادارنێکی زۆریـشـیان هـەیە.

فـۆلکلـۆر گرنگترین زێی بەخـۆڕە، کە بە بەردەوامی دەڕژێتـە نـاو روبـاری ئەدەبـەوە. ئەدەبی فـۆلکلـۆریـش، بە بەرهـەمی کەسـێک و دووان دانـانـرێـت، بەڵکـو دەرێتـە پـاڵ هـەمـوو میـللەتەوە. بەرهـەمی ساڵـێک دوو ساڵـیش نییە، بەڵکـو لەگەڵ لەدایکـبوونی مرۆڤـدا سەریهـەڵـداوە. کوردستانیش یەکەم لانکی رەسەنترین شارستانییە لە جیهـاندا، دوور نییە کە دێرینترین فـۆلکلۆر لە جیهاندا رەسەنایەتی بۆ گەلی کوردمان بگەڕێتەوە.

ئەدەبی فـۆلکلۆری کوردیمـان، ناسنامەی رەسەنایەتی و دێـرینی نەتەوەی کوردمانە، کە رەنگـدانەوەی ژیـانی گەلی کوردمـان و سروشتی جـوانی کوردستانە، بناغـەیـەکی بتـەو و رەسەنی ئەدەبی تازەی کوردیمانە. گۆمانی تێـدا نییە، کە ئەمڕۆمان لەسەر پەرگەمای دوێـنیمان چـنراوە. ئەدەبی فـۆلکلـۆری کوردیمان، بەزمـانێکی ساکار و رەوانی کوردی باس لە هـەمـوو پێکهـاتە ماتـریـالییەکـان و واتـایـیەکـانی نەتـەوەی کـوردمـان دەکـات. بەشێکی گرنگیشە لە کولتـوور و لە میـژووی هـەزاران ساڵەی گەلی کوردمان لەسەر خـاکی کوردسـتانمان. پاشماوە و شوێنـەوارە دێـرینەکانمـان گـەوای ئـەم راسـتیـیەن.

لەم نووسینەمدا، تەنیا باس لە رۆڵ و لە گرنگییەکانی چـیرۆکی فۆلکلۆری لە ئەدەبی منـداڵانـدا دەکـەم. چـیرۆکی منـداڵان بەشـێکی سـەرەکـییە لە ژیـانی منـداڵان و چـێژ و خۆشییەکی زۆریـان پێدەبەخـشێت، هـۆکـارێکی گرنگ و ئاسانیـشە لە فـێرکـردن و لە پەروەردەکـردنی دروستی منـداڵان. چـیرۆکی منـداڵان گرنگترین و کۆنـترین ژانـرە لە ئەدەبیاتی منـداڵاندا. چـیرۆک وانەیەکە لە وانەکانی قـوتابخانە بنەڕەتییەکانی ئەمریکا.


چـیرۆکی فـۆلکلـۆری هەندێ جار بە (چـیرۆکی میللی) یش ناو دەبـرێت، زمانێکی سادە و رەوانی هـەیە. پاڵـەوان و کاراکتەرەکانی چیرۆکە فـۆلکلۆرییەکان، مـرۆڤ یا ئاژەڵ یا باڵـندە و شـتی بێ گیـانـن. یا شـتی ئەفـسانەیی ناڕاسـتـین، وەکـو: جنـۆکە، دێـۆودرنـج،  چەتـەوڵ، شـومقـار، قـەقـنەس، ئەرژەنـگ، سـیمرخ، ئەسپی باڵـدار هـتد. کە بە کوردی و بە زمـانەکانی کەش قـسەدەکەن. هەر وەکو مرۆڤـیش هەست دەکەن. بەڵام مەرجـیش نیـیە، کـە هـەمـوو چـیـرۆکی ئـاژەڵان و بـاڵـنـدە، چـیـرۆکی فـۆلـکـلـۆری بـن. زۆر لـە چـیرۆکنـووسـانی ئەمـڕۆش، پاڵـەوان و کـاراکـتەری چـیرۆکەکـانیـان ئـاژەڵ و باڵـنـدە و زینـدەوەری ترن. خۆم چەنـد چـیرۆکـێکم نووسیوە و بڵاومکردوونەتەوە، کە پاڵەوان و کاراتەرەکانیان باڵـنـدە و ئاژەڵـن. حـیکایەت و نـەزیـلە کـۆنەکـانیش هـەر جـۆرێـکـن لە چـیرۆکی فـۆلکـۆری. ئـەم چـیرۆکـانە لـە دێـر زەمـانـەوە، پشـتاوپـشـت و دەمـاودەم بە زارەکی لە باوبـاییـرانمـانەوە بـۆمـان مـاونـەتە.  

لە ئەدەبی فـۆلکلۆری کوردیـدا، بە دەیـان چـیرۆکی فـۆلکلـۆریمان بۆ منـداڵان هـەیە، وەکو: تیتیلە و بیبیلە، مریشکە خان دەچـێت بۆ شاری شـووکردن، ئەژدیهـا و کـوڕە ئـازاکە، کـاکـۆڵ زێـڕیـن، دەنـکە هـەنـارە، بەخـتیار و بەدبـەخـت، مـریشکە قـونـدە و مام هـۆمەر، چەرخوفەلەکە ئەفـسووناوییەکەی پیرەژن، کچەشـوان و شازادە... هـتد. هەنـدێ جاریش بە (چـیرۆکەکانی گوێـئاگـردان) ناودەبـرێن. کە لە زستانانی سەخت و ساردا، لەگەڵ خواردنەوەی چای گەرمدا، چیرۆکخوان (باپیرە یا داپیرە) بە شێوازێکی خـۆش و فانتـازییەوە بۆ جگەرگـۆشەکانیان دەگـێڕانەوە، سەرەڕای خۆشی بەخـشین، سوودێـکی زۆریشـیان بۆ منـداڵان هەبـوو. بێگـومان چـیرۆکە فـۆلکلـۆرییـەکان چ بۆ منداڵان و چ بۆ گەورەکانیش، تەنیـا بۆ خۆشی و کات بەسەردبردن نەبوون، زۆربەی ئەو چـیرۆکە فۆلکلۆرییانە، پەیامێکی بەرزی رەوشتی و پەروەردەییان لەخۆگرتوون. پـرەنـسیـپ و بەهـای بەرزیـان تێـدایە، وەکـو سەرکـەوتـنی: چـاکە بەسـەر خـراپـەدا، ئاشـتی بەسـەر شـەڕدا، خۆشـەویستی بەسەر رقـدا، ئازایـەتی بەسـەر تـرسـدا، هـیوا بەسەر نائـومێدیـدا، ژیـری بەسەر گەمـژەییـدا، هـێز بەسەر بێ هـێزیـدا... هـتد. ئـەم چـیرۆکانە پـڕیشن لە زانست، لە ئامۆژگاری، لە رێنمـایی بەسوود، لە هـاوڕێتی، لە دڵسـۆزی، لە خـاکی، لە رێـزگـرتـن، لە وانـە و لـە پـەنـد و لە قـسەی نەسـتەق. ئـەم بـەهـا بـەرزانـە، پەیـامـێکـن بـۆ نـەوەی تـازە. منـداڵان ئـیـلهـام و پـەنـد و وانـەیـان لـێوەفـێردەبن. فـێری بەهـای بەرز و رەفـتاری جـوان دەبن. فـێری کۆمەڵێک وشە و زاراوەی تـازە دەبـن. هەوادار و هـۆگری خوێنـدنەوەی چـیرۆکی فـۆلـكلـۆریش دەبن.

زۆربەی چـیرۆکە فـۆلکلۆرییەکان خەیـاڵی و ئەفـسانەیین و لە چـیرۆکە بنەڕەتییەکانی منداڵانن. گوزارشت لە رووداو و لە راستییەکانی ژیانی مرۆڤ دەکەن. هەندێکیان تێـز و رەخـنەئامێزن و ناڕاستەوخۆ پـلار و توانج و رەخـنە لـە دەستەڵات و لە ستەم و لە زۆرداری و لـە نـادادپـەروەری دەگـرن. یـان خـەوشـەکـانی مـرۆڤ ئاشـکـرادەکـەن.

(ئەلـبێرت ئانشتاین) دەڵێت:"گەر دەتەوێت منـداڵەکانت زیـرەکبن، چـیرۆکی خەیـاڵییان بۆ بخـوێنەوە.. گەر دەتەوێت زیـرەکتربن، چـیرۆکی خەیـاڵی زیاتـریان بۆ بخـوێنەوە".

(ج. نیتسترۆن) یش دەڵێت:"چـیرۆکی خەیاڵی بە منداڵان ناڵێت ئەژدیهـا هەیە، چونکە منـداڵان دەزانـن کە ئـەژدیـهـا هـەیە. چـیرۆکی خەیـاڵی بـە منـداڵان دەڵـێـت لەوانـەیـە ئەژدیهـا کوشـندەبێـت".

بەشی زۆری ئەم چـیرۆکە فۆلکلۆرییانە، سەرچاوەیەکی گـرنگـن، بۆ پەروەردەکردنی دروستی منـداڵانی ئەمـڕۆمان، بۆ گەشکردن و زاخـاودانی هـۆش و هـزر و هەست و بەهـەرەکانیـان. چـیرۆکی ئـاژەڵانیش، چـیرۆکی هـێمایـین، بـۆ نمـوونە:
رێـوی هـێمای فـێڵبـازییـە، سـەگ هـێمای بە ئەمـەکـییە، پشـیلە هـێمای بێ ئەمـەکـییە. شێر هـێمای زۆردارییە. گورگ هـێمای دڕندەییە، چەقەڵ هێمای چـلێسییە، مار هـێمای بـەدخوویی و نەگریسـییە، مـەڕ هـێمای بێ دەسـەڵاتییە،.. هـتد. بەڵام ئەم خەسەڵەتانە گـشـتی نـین، دەشـێ شـێر دادپـەروەربـێـت و سـەگـیـش ناپـاکی بـکات.

هەر هەمـوو چـیرۆکە فـۆلکلـۆرییەکانیش مەرج نییە بۆ منداڵان گونجاوبن. هەنـدێکیان بە کارەسات و کوشتن و مردن و تراژیدییا کۆتاییان پێهاتـووە، ئـەم چـیرۆکانە لەبارنین بـۆ منـداڵان، پێـویسـتە دەستکـاری بکـرێـن و لەسـەرە و دابـڕێـژرێـن، کە بـۆ منـداڵان بگـونجـێن. چـیرۆکەکانیش بەپـێی قـۆنـاغـەکانی تەمـەنی منـداڵی هـەڵـبژێـرێـن.

پێمـوایە کە نمـوونەی چـیرۆکی ئەفـسانەیی بۆ منـدااڵان لە هەموو جـیهـانـدا، چـیرۆکە ئەفسانەییەکانی، نووسەری یۆنانی (ئیـزوب: ٦٢٠ـ ٥٦٤ پ.ز) کە بە (باوکی چـیرۆکە ئەفسانییەکان) لە جیهـاندا ناسراوە. نزیکەی شەش سەد ساڵ پێش زاینی نووسیویانە، لەوانەشە لەسەر زاری خەڵکی وەریانی گرتووبن و بەشێواز و شێوەیەکی ئەدەبی و بە زمانێکی سووک و ساکار دایـڕشتوون. سەرەڕای سەرهـەڵـدانی ئەدەبی تازەی منداڵان، بەڵام تا ئەمـڕۆش چـیرۆکەکانی ئـیـزوپ چـیژ و گـرنگییان کـاڵ نەبـوونەتـەوە. وەریـان گـێڕاون بـۆ سـەر هەمـوو زمـانەکـانی جیهـان. هەنـدێک لەو چـیرۆکانە لە ئەمـڕۆشـدا، بوونە بە بابەتی کتێبی خوێندنەوەی قـۆناغی بنەڕەتی و لە هەموو جیهاندا دەخوێندرێن. بۆنموونە: مـێروولە و کوللـە، گـورگ و بەرخۆلە، رێۆی و کەڵەشێر، رێوی و لەقلەق، رێـوی و قـەلـەڕەش، رێـوی هـێشووە تـرێ، شــێر و مـشـک، شـێری ساخـتە، شـوانە درۆزنەکە، کۆبوونەوەی مشکان، هـێز لە یەکـێتی دایە، کچۆلەی خەیڵباز و شیرەکەی. لە دوای ئیـزوپ، چـیرۆکـەکەکـانی (بەیـدەبـا) ی هـینـدی (کـلـیلە و دمـنە) دێـن. ئیـنجـا چـیرۆکەشیعـرەکـانی نووسەری فەرەنسی (لاڤـۆنتـین: ١٦٢١ـ ١٦٩٥) دێت، تا دەگاتە چیرۆکەشیعـرەکانی میری شاعیرانی عەرەب (ئەحمەد شەوقی ـ کە بە رەسەن کوردە).
لە ئەدەبی کوردیشدا چـیرۆکە شیعـرەکانی پیـرەمێر و فایق بێکەس و هەژار موکریانی. کە لە چیرۆکەکانی ئـێزۆپ و لاڤـونتینەوە وەریان گرتـوون و بە چـێژێکی کوردی و بە زمانێکی ناسک و شیریـن و ئاسان، بە چیرۆکەشیعـر بۆ منداڵانی کوردیان داڕشتوون.

چـیرۆکی فـۆلکلـۆری کە بریتییە لە کـۆمەڵێک لە چـیرۆکە خەیـاڵی و ئەفـسانەییەکان، بەشـێکی گـرنگە لە ئەدەبیـاتی منـداڵان. زۆر لە نووسەرانی جیهـانی بە کـۆکردنەوە و نووسینەوەی چیرۆکی فۆلکلۆری منداڵان ناوبانگیان دەرکرد، لەوانە: برایانی گـریمی ئەڵمانی ( یاکوب و ولیـام گـرین) و (پێتەر ئاسبـیورسن و یـۆرگـن مـۆ) ی نەرویـجی. کەڵەڵە نووسەری جیهانيش (هانز کریستیان ئەندەرسین: ١٨٠٥ـ ١٨٧٥)ی دانیماکی، لە نووسینی چیرۆکەکە ئەفـسانەییەکانیدا، سوودێکی زۆری لە چـیرۆکە فـۆلکـلۆری و ئەفـسانەییەکـانی دانیـمارک وەرگـرت. بێگـومـان نـووسـەرانی کوردیـشمان، چـیرۆکی فـۆلکلۆری کوردییان قـۆستوونەتەوە و سوودێکی زۆریـان لە چـیرۆکە فـۆلکلـۆری و کلاسیکـییە کوردییەکانمان وەرگـرتـوون و رەنگـدانەوەیان لە نووسینەکانیانـدا هـەیە.

دەکـرێـت لە تەمەنێکی زووی منـداڵیـدا. منـداڵانی کوردمان هـۆگـر و ئاشـنای جیهـانی چـیرۆکی فـۆلکلۆری بکەیـن، لە گـۆڕەپانی یاریکـردن بێت یا لە باخچەی منـداڵاندا. یا لە قـوتابخانەی بنەڕەتیدا بێت، لە راستیدا زۆر لە منـداڵان و لە گەورەکانیش، هەسـت بەوە ناکەن، کە ئەو گەمە و یارییە سادە و سووک و سەروادارانەی، کە لە سەرەتای منـداڵـیدا فـێریـان دەبـن و دەیـاکەن، کە جـۆرێـکـن لە ئـەدەبی فـۆلکلـۆری کوردیمـان. بۆ نموونە: هـەللـور بـەللـور تەکـامە... زەرد و سوور و شەمامە. حاجـیلەقـلەق مـار هـات... مـاری زەنگەڵـدار هـات. پـێـم سـۆ دەسـتم سـۆ.. شەکــری عـەمبـارانـم سـۆ. حـل حـلی بـل بـلی.. چاوی ڕشـتووە بە کـلی. هەیاران مەیاران... خوایە داکاتە باران.  

لە راستیشدا چـیرۆکە فـۆلکلۆرییە زارەکییەکان، لەبەر ئەوەی تۆمـار نەکراون، بۆیە دەقی ئۆرجـیناڵی و نووسەریـان نییە. تا بەم سەردەمەش گەیشتوون گۆڕانکارییەکی زۆریـان بەسـەر هـاتـووە، بەشـێکی زۆریشـیان لە یـادچـوونەتەوە و لەنـاوچـوون.

بۆ نموونە بە کـورتی باس لە چـیرۆکی (مێـروولە و وکوللـە) دەکـەین، کە یەکێکە لە چیرۆکە فـۆلکلـۆرییە ئەفـسانەییەکانی چیرۆکنووسی یۆنانی (ئیـزوپ) بۆ منداڵان، کە نزیکەی (٢٥٠٠) ساڵ پێـش ئێستا نووسیوێـتی. بە دەستکارییەوە لـە ئینگـلیزییەوە وەرمگـێڕاوە بۆ کـوردی. مـن بە شـێوەی دیـالـۆگ دامـڕشـتووە.
 

مێـڕوولە و کـوللـە

مێروولەیەک بە درێژایی وەرزی هاوین، خەریکی کارکـردن بـوو.. دانەوێـڵە و میـوەی کۆدەکردەوە و دەیبـردەوە بۆ ماڵەکەی و بۆ زستان کـۆی دەکردنەوە.. بەڵام کوللـەیەک کە لە نـزیـکی مـاڵی مێـروولـەکە بـوو. هـەر خـەریـکی یـاری و گـۆرانی وتـن بـوو.. خـۆی لـە گـەڵای سـەوزی دارەکان تێـردەکـرد، بەڵام هـیچی بـۆ زسـتان کـۆنەکـردەوە.

پایـز هـات و گەڵای دارەکان وشکـبوونەوە و وەریـن.. زسـتان هـات و بـاران و بەفـر باریـن.. رۆژێـکی زۆر سـاردی زسـتان بەفـرێـکی زۆر بـاری و زەویـی داپـۆشی. مێـروولـەکە بـاکی نەبـوو، بـایی وەرزی زسـتـان دانـەوێـڵە و مـیـوەی کـۆکـردبـۆوە. بـەڵام کـوللـە تەمـەڵـەکە، هـیچـی نەبـوو بـیخـوات، لەبـرسـا خـەرێکبـوو بـمـرێـت.. مێـروولەکەی بیـرکەوتەوە.  چـوو بـۆ ماڵی مێـروولەکە و لە دەرگـای مـاڵـەکەی دا.

مـێروولەکە: کـێیە وا بـەم رۆژە سـاردە لە دەرگـای مـاڵـەکـەم دەدات؟

کوللـەکە: منـم هـاوڕێی خـۆشـەویـست و بەڕێـزم.

مێـروولەکە: لە کەیەوە بە هـاوڕێی خۆشەویست و بەڕێزم دەزانیت..؟ لەبیرت چۆتەوە کە چەند جارێک رێت لێگـرتم و گاڵـتەت پێـدەکردم و پێم پێـدەکەنیت؟! بۆ چی هاتووی؟

کوللـەکە: زۆم بـرسـیـیە و خـەریــکە لەبـرسـا بـمـرم.

مێـروولەکە: ئـەی بە درێـژی وەرزی هـاوینی رابـردوو چــیـت دەکـرد؟

کوللـەکە: بە درێـژی هـاویـنی رابـردوو، گـۆرانــیم دەوت و یـاریـم دەکـرد.

مێـروولەکە: دەبـڕۆ بە درێـژایی ئەم زسـتانەش هەر هـەڵـپەڕە و سەمابکە.. ئەوەشت لەبیرنەچێت، ئەوەی کارنەکات و بیر لە داهاتووی نەکاتەوە.. بە برسێتی سەردەنێتەوە.

ئـەم چـیرۆکە فـۆلکـلـۆرییە ئەفـسانەییە، وانەیـەکی فـیرکـردن و پـەروەردەیی باشی بـۆ منـداڵان تێدایە، هانی منداڵان دەدات بۆ کۆششکـردن و هەوڵدان، تا لە تاقیکردنەوەکاندا دەربچـن و بگەن بە هـیوا و ئامانجەکانیان. هەر قوتابییەکیش کۆشش نەکات و تەمەڵی و تەوەزەلی بکات و پـلانی بۆ داهـاتووی نەبێـت و کارەکانی ئەمـڕۆێ بخـاتە بەیـانی و کاتی خوێنـدنی بەفـیڕۆبدات. لە تاقـیکـردنەوەکانـدا دەرناچێـت. پەشیمانیش بێ سوودە.
ئـەم چـیرۆکە فـۆلکلـۆرییە ئـەو پەنـدە جـوانە کـوردییـەشی لەخـۆگـرتـووە کە دەڵـێـت:
"دەســتی مـانـدوو لەســەر ســکـی تـێــرە"

رەزا شـوان
 دوبـەی: ٢٠٢٣


    

 

  

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت