ناڵە حەسەن
لەبەر فانۆس
کتێب دەخوێنێتەوە
بۆ منیش دەنووسێت
عەشقی تۆ
ڕووناکی بەچاوەکانم بەخشیوە
عەشق خەرەندێکە لەنێوان هەورازەکانی ژیان و مردن
ناڵە حەسەن
١
لەدوورەوە چاوم لێیە
لەنێو
بەستەڵەک و شەختەبەند دا
خۆی داوەتە بەر خۆرەتاو و
بۆ منیش دەنووسێت
نیگا نەرمەکانی تۆ گەرمیان کردمەوە
٢
لەبەر فانۆس
کتێب دەخوێنێتەوە
بۆ منیش دەنووسێت
عەشقی تۆ
ڕووناکی بەچاوەکانم بەخشیوە
٣
لەسەر پشتی هەڵۆی خەونەکانی ڕاکشاوە
لە ئەستێرەیەکەوە دەفڕێت بۆ سەر ئەستێرەیەکیتر
بۆ منیش دەنووسێت
عەشقی تۆ
دوو باڵی پێ بەخشیوم بۆ فڕین
٤
هەموو شەوێ قسە لەگەڵ مانگدا دەکات و
حیکایەتەکانی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە
بۆ منیش دەنووسێت
عەشقی تۆ
زمانی دڵ و خەیاڵەکانمی هێناوەتە گۆ
٥
کە بە ڕێگادا دەڕوات
درەختەکان گۆرانی بۆ دەڵێن
پەرییەکانی بەهەشت بۆی دەچەمێنەوە
بۆ منیش دەنووسێت
عەشقی تۆ هێزی ئەوەی پێبەخشیم
بەسەر پەیژەکانی شکۆمەندی دا هەڵگەڕێم
٦
لە زەماوەند و ڕەشبەڵەکدا
هەمیشە سەرچۆپی دەگرێت
لەگەڵ مرۆڤە لانەوازەکانیش
سروودەکانی ڕووناکی دەچڕێت
بۆ منیش دەنووسێت
عەشقی تۆ پڕی کردووم لە ئاوەدانی
٧
بە کەمانجەیەکی شینەوە
سەمفۆنیای سێرنادایی
بۆ پەپووڵە و وردە ماسییەکان دەژەنێت
بۆ میش دەنووسێت
عەشقی تۆ میلۆدییەکی ئیرۆسییە
ژیان جوانتر و ڕەنگینتر دەکات
٨
لەژێر باران خۆی ڕووت دەکاتەوە
لە ئامێزی شەپۆلەکانیش پاڵدەکەوێت
بۆ منیش دەنووسێت
عەشقی تۆ
جەستە و خەونەکانمی تەڕ تەڕ کردووە
٩
لە دواهەمین نامەش دا دەنووسێت
عەشقی تۆ
دوو چاوی پێبەخشیوم بۆ بینین
لێوەکانم بۆ ماچ و
پەنجەکانیشم بۆ نووسین
بەڵام چیبکەم
کە تۆ لێرە نیت
شوێن پێیەکانم
بە خۆڵەمێشی
نائومێدی دادەپۆشرێن
مردن لەدەوری گوڵدانەکانی مورادم
مۆرانەیان کردووە
کە تۆ لێرە نیت
خەون دەبێتە وەهمێکی سپی و
کردنەوەی پەنجەرەکان
نابنە گومان بۆ تاریکی
باران بێدەنگی لێدەڕژێ
ڕووبار ئاوڕ لە سەوزایی ناداتەوە
کە تۆ لێرە نیت
عەشق خەرەندێکە
لەنیوان هەورازەکانی ژیان و مردن
منیش / هەموو چرکەیەک
لە چاوەروانیت
ئەمبەر و ئەوبەر دەکەم ...!
فێبروەری ٢٠٢٣