ما 3297 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاوڕێ نەهرۆ

لەڕاستی دا زەمەنی شەڕ و ئاشتی زەمەنی موقەدەسن. لێرەدا من ناڵیم شەر پیداویستییەکی میژووییە، بەڵام بە جۆرێکی دیکە وەک کلاوز فیدز دەڵی شەڕ درێژە دان بە سیاسەتە بە شێوەکانی دی. میژووی مروڤایەتی بریتیە لە میژووی ململانێی نێوان چینەکان، نێوان دەسەڵاتە رەنگاوڕەنگەکان، نیوان کیشوەرەکان. 

جوڵانەوە لە نێو بازنەی کاتی موقەدەس دا

کاتی موقەدەس ئەو کاتەیە پەرتووکە موقەدەسەکان لێ دەدوێن لە نێو زەمەنی نووسینەوەی پەرتووکی حیکمەت دا زەمەن جاویدان و ئەبەدییە، زەمەن، دوێنی و ئەمرۆ و سبەی نییە، یەکەی زەمەن تێکچرژاوە، رایەڵەکانی زەمەن تێک ئاڵاوە، زەمەن وەک ئاوێنەیەکی روون و شەفافە، قیبلەنمایەکە دوێنی و ئەمرۆ لەوانەیە سبەینی تیا دیارە، زەمەنی گەمەی تاوانەکان زەمەنی موقەدەسە، بەڵام شەیتان و ئەهریمەن تیا باڵا دەستە، لەنێو زەمەنی جاویدان و ئەبەدی دا مرۆڤ هەمیشە ماندوو سەرقاڵە، لە نێو ڕایەڵ و ریتمی گریان و پێکەنین دا هاتوو چۆ دەکا، گریان بۆ هەڵەکانی خود و پێکەنین بە هەڵەکانی ئەوانی دی، ڕاستە لە پەرتووکی موقەدەسی ئینجیل دا گوتراوە مروڤ تاوانبارە یان بە واتایەکی دی مروڤ لە ئەزەلەوە تاوانبارە یان دووچاری تاوان دەکرێ، تاوانی کۆمەڵایەتی یان تاوانی ئاینی یان تاوانی ئیکۆنۆمی، مرۆڤ لە سەرەتای تەمەن دا فریشتە نییە، لە بەرانبەر تاقی کردنەوەکانی ژیان کەم کەس هەیە پەریزی پاک بێ، کەم کەس هەیە هەڵەی نەکردبێ، لەبەر ئەوەی ئەهریمەن لە سەرەتای تەمەن پانتاییەکی بەرفراوان داگیر دەکا لە دڵ و دەروونی مرۆڤ تا وەکو مروڤ لە رووی تەمەنەوە هەڵدەکشی یادەوەریی دەبێتە بەشیک لە یادەوەری دەستەجەمعی دەسەڵات، دەسەڵات بە هەموو مانا فراوانەکەی، دەسەڵاتێک کە سیفەتی روون و ترانسپارینتی هەیە، دەسەڵاتی کەونی و ئینفیرساڵ، دەسەڵاتی کۆی ئەهریمەنەکانی دوێنی و فریشتەکانی ئەمرۆ، فریشتەکان سیفەتی ریژەییان هەیە لە نێوان چاکەو خراپەدا، فریشتە بە واتای ترسان لە سزادانی دەسەڵاتی باڵا ( بامانا میتافیزیەکەی دەسەڵاتی خودا ) شایانی باسە فروید دەڵی دەسەڵاتی خودا دریژبوونەوەی دەسەڵاتی باوکە، مروڤ هەمیشە پیویستی بە سیبەری دەسەڵاتی باوکە، مروڤ هەمیشە پیویستی بە مەرجەعە، مەرجەع بەواتای نموونەیەکی باڵاتر لە خود، مەرجەع بە واتای توانای ڕاڤە و تەفسیری دیاردە نەزانراوەکان، مروڤ تا لە ژیان مابێ ناگاتە قووڵایی بنی دەریای دەسەڵات، دەسەڵات وەک ئاوێنەیەکی شکاو وایە وەک تارماییەک هەمیشە تراویلکە دەکا وەک دەرکەوتنی پشتی ماسی یە ڕەنگاو ڕەنگەکانە لە نێو رووبارەکانی ژیان و زندەگی، دەسەڵاتی دەستەجەمعی لە پەیوەندییەکی هارمۆنی و نیمچە بەردەوام دایە لەگەڵ دەسەڵاتی تاک بەڵام هەمیشە ئامادەبوونی نییە، زوو زوو ئاوا دەبێ و بۆ ماوەیەک نایەتەوە، مروڤ ئەگەر بیەوێ لەگەڵ دەسەڵاتی باڵا پەیوەندییەکی نیمچە هەمیشەیی بەرقەرار بکا پیویستە دەست پاک و داوین پاک بێ وەک لە پەیرەوی ناوخۆی حزبە عەلمانیەکان دایە، پیویستە دەرس و پەند لە هەڵەکانی ڕابووردووی خۆی وەرگرێ، لەبەر ئەوەی کونتاکی تاک و کۆ  کونتاکتیکە لەسەر پرنسیپەکانی دونیای پاکی بەرقەرارە، پاکی هەناسەو لەش، پاکی دەروون و نیاز، رازیکردنی یادەوەریەکانی دەوروبەر، مروڤ هەمیشە لەبەرانبەر پروسەی تاقیکردنەوەی ژیان دایە، مروڤ بەرپرسیارە بەرانبەر ئەو یادەوەریانەی کە لە میانەی زندەکی تووشی ئەبن، بە تیر کردنیان لە رووی مادی و مەعنەوییەوە گەرچی کایەی یادەوەری هەمیشە لەسەر ریتمێکی گۆڕدراو بەرێوە دەچی، نووسەری ئیراقی عەلی وەردی دەڵی، مرۆڤ لە ژیان دا خەوتووە تا وەکو ئەو رۆژەی دەمرێ بە ئاگا دێتەوە دیسان دەچێتە خەونێکی قووڵی دیکەوە، یادەوەری هەر نەتەوەو میللەتێک لەسەر کۆمەڵی  سیمبول و پرنسیپ بەندە، لەکاتی شەڕ یادەوەرییەکان گرژ دەبنەوەو توڕەن بەڵام لەکاتی ئاشتی و سەقامگیربوون یادەوەرییەکان خاو دەبنەوە، هەر بۆیە لە کاتێ ئاشتی میللەتان گەشە دەکەن بەڵام لەکاتی شەڕ زیانیان لێ دەکەوێ و لەرووی فیزیکییەوە ئەندامانی کۆمەڵگا  کەم دەبنەوە.

لەڕاستی دا زەمەنی شەڕو ئاشتی زەمەنی موقەدەسن، لێرەدا من ناڵیم شەر پیداویستییەکی میژوویی یە بەڵام بە جۆرێکی دیکە وەک کلاوزفیدز دەڵی شەڕ درێژە دان بە سیاسەتە بە شێوەکانی دی، میژووی مروڤایەتی بریتی یە لە میژووی ململانی نێوان چینەکان، نیوان دەسەڵاتە رەنگاوڕەنگەکان، نیوان کیشوەرەکان، میژووی مروڤایەتی درامایەکی ترسناک و خوێناوی یە، قارەمانەکانی لە نیو بەرداشی پاداشت و سزا هەنگاو هەڵدێنن، لە نێو زەمەنی موقەدەس دا نیشتمان وەک یەکەیەکی جوگرافی و بایلوجی و یادەوەری سزا دەدرێ وەک سزادانی جووەکان لە جەنگی جیهانی دووەم لەسەر دەستی هیتلەر بەشیوەیەک کە پینج ملیون جوو جینوساید کران یان سزادانی میللەتانی سەرزەمینی کوردستان لەسەدەی بیستەم کاتێ ئەنجام دانی ئەنفالەکان و کیمیابارانی هەلەبجە، ئەوە بوو لە ئەنفال دا ١٨٢ هەزار ژن و مناڵ و پیر کرانە ژیر لمەوە، لە هەلەبجەش لە ١٦ ئاداری ١٩٨٨ بەچەکی کیمیاوی پینج هەزار شەهید بوون، نزیکەی پازدە هەزاریش بریندار بوون بگرە تاوەکو ئەمرۆ پاشماوەی کاریگەری ئەو چەکە کۆمەڵکوژی یە لەسەر ژیانی کەسانی زیندوو و تازە پەیدا بوو کاریگەری خۆی هەیە .

قوبانیانی زیندووی ئەو چەکە دووچاری شیزوفرینیاو زهایمەر بوون لێرەوە لەوێ لەکونج و کەنارەکانی دونیا .

لەئەوروپا بەتایبەتی ئەڵمانیا و فەرەنساو ئیتالیا دەسەڵاتی کلیسا وەک یەکەیەکی موقەدەس سەیری زەمەن و میژووی کرد کە زەمەنێکە دابڕاو نییە، بەدرێژایی میژوو مروڤ تاوانبارەو بەرپرسیارە بەرانبەر بە هەڵەکانی، پیاوانی کلیسا سو ئیستیفادەیان لەم حالەتە کرد و لەبەرانبەری دا بە پارە (سەکی غوفرانیان) فرۆشت بەڕانبەر سرینەوەی هەڵەکانی مرۆڤ، تا وەکو مارتن لوسەر هات ریفورمی لە دەسەڵاتی کلیسا کرد و مەزهەبی پروتستانتی داهێنا.

دەسەڵاتی پروتستانت لە مەزهەبەکانی دیکەی ئاینی مەسیحی وەک کاسولیک و ئەرذەذوکس باشترو نەرمترە دەربارەی مافەکانی مرۆڤ و هەڵەکانی لە ڕابوردوودا.

لە فەرەنسا لە سەدەی بیستەم  بەرانبەر قورسایی زەمەنی نەپچراوی چەمکی ئاین فەلسەفەی ئیکستانسیالیزم وەک وەڵام دەرەوەی ئەم دوخە هاتە کایەوە بە رابەری ژان بۆل سارتەر، لەم فەلسەفە دا زەمەنی دابەش کرد لە نێوان دوێنی و ئەمرۆ و ئایندە بەشێوەیەک کە ڕابوردوو ئایندەی فەرامۆش کرد و جەختی لەسەر چەمکی زەمەنی ئێستا و هەنووکەی کرد، هەروا سایکۆلوژیستەکانی ئەمرۆی ئەوروپا جەخت لەسەر قودسیەتی زەمەنی ئێستا و هەنووکە دەکەنەوە، گەرچی هەندێ جار مرۆڤ دیلی زەمەنی ڕابوردووە و نێگەرانی زەمەنی ئایندەیە، یەکێک لە بۆچونەکانی سارتەر کە شایەنی ئاماژە پێکردنە، سارتەر دەیگوت مرۆڤ بەرێکەوت لە دایک دەبێ و بەناچاری دەژێ و بەزەرورەتیش دەمرێ ! سارتەر گەرچی سەرەتا ئەندامی حزبی شیوعی فەرەنسی بوو بەڵام بە داهینانە فەلسەفیەکەی دژی بیرورای شیوعیەکان وەستایەوە لە فەرامۆش کردنی خەونەکانی تاک وبایەخ دان بەرژەەندییەکانی چینی کریکارو پرولیتاریا عەرەب گوتەنی (کلام الحق یراد بە الباطل).

سارتەر فوکوس خستە سەر خەونەکانی تاک، تاک بە هەوڵی تاکە کەسی دەتوانی خۆی رزگار بکا لەو قەیرانانەی رۆژگار بۆی سازی دەکا، مرۆڤ لە هەوڵی تاکە کەسی دا وەک نەورەسێکە دوو شاباڵی هەیە لە ئاسمانی شینی بەرفراوانی داهێنان دا بە هەوای دڵ و خواست دەفرێ.

بەڵام کاتی تاک دووچاری حزبی شیوعی بوو، حزبی شیوعی بەدەسەڵاتی بیروکراتی نامرویانەی! شاباڵەکانی تاکی سەربەخۆ لێ دەکەنەوەو وەک تەیرێکی دەستەمۆ لە نێو خۆیان دا دەیمرێنن و لە نێو زەمەنی موقەدەس دیلی ئەکەن و دواجارو سەرئجام دەبێتە مرۆڤیکی پاسیڤ وئیماندارو میتافیزیکی بەشێوەیەک لە شێوەکان.

گەڕان بۆ بابەت