ناڵە حەسەن
من دڵتەنگییەکی فەنتازیایی قووڵم
لە عەشق بۆ ماوەتەوە
هەر دەڕۆم و
خۆم و ڕێگایەکی خەواڵوو
خۆم و خەیاڵێکی خەمناک
(گەڕان ١٠)
ناڵە حەسەن
( قەدەر، تابلۆ ، سووتان، خەون، گەڕانەوە، ژیان، جیابوونەوە، ونبوون، دووری، خەزان، عەشق، مردن، ژووان، گومان نائومێدی، سووتان، کوژانەوە...)
١
(...)
من دەمەوێت وێنەی تۆ
لەسەر گۆنای مانگ هەڵکۆڵم
تا شەوانان
ببیت بە سۆناتای تریفەیی بتهۆڤن و
چاوەکانیشت
هەموو گەردوون ڕووناک بکەنەوە
٢
(...)
من دڵتەنگییەکی فەنتازیایی قووڵم
لە عەشق بۆ ماوەتەوە
هەر دەڕۆم و
خۆم و ڕێگایەکی خەواڵوو
خۆم و خەیاڵێکی خەمناک
نازانم لە خۆم نزیک دەکەومەوە یان دوور
نازانم تۆ جێدەهێڵم یان بەرەو لات دێم
هێندە نەبێ
بە دووڕیانێک گەیشتووم
خۆیشم نازانم لە کوێم !
٣
(...)
ژیان هێشوە ترێیەکی ڕەشە
لە بنار بڵنداییەکانی
خەمە سپییەکاندا
هەڵوەریی گەڵاکانی پایزێکە
بەسەر
تەلاری تەمە تەنیاکاندا
تەمومژێکی ئاڵۆزە
لەنیو خەیاڵی مرۆڤە ونبووەکاندا
٤
(...)
تۆ / ئەی پرشنگی عەشقێکی شینی
نیگا شین و
برژانگ شین و
ئەنگوستیلە شین و
ستیان شین و
دەلینگ شین
منیش / لەم بیابانی غوربەتە شینەوە
لەم دەریا شینەی پڕ لە شەپۆلەکانی
نادیدەگی و خەمۆکییەوە
ئەم هێز و سەلیقە شینە لە کوێ بێنم
تا بە قەڵەمێکی ئاگرینی شین شین
قەسیدەیەکی شینت بۆ بنووسمەوە
ئەی گوڵە شین...!
٥
(...)
تۆ بروسکەی ئاسمانێکی تێکشکاوی
هاوارەکانت ناگات بە من
منیش تیشکە ڕیشالییەکانی تریفەیەکی تەنیام
کەچی شەوانان
ژێر کەپر و کەڵاوەکانی نێو خەونەکانی تۆ
هەر تاریک و تاریکتر دەبنەوە
٦
(...)
لەوەتەی هەم
خۆر بە دووچاوی خێلەوە
لەنێو خەونەکانم هەڵدێت
تۆش تازە بە تازە
پەڕی کتێبە شیعرییەکانم هەڵدەدەیتەوە و
لێم دەپرسی و دەڵێی
لەم دۆزەخی پڕ لە کڵپە و هەستانەوە
لەم گۆڕستانی کوژانەوەی ئەستێرەکانەوە
بۆچی هێندە بە زمانێکی غەمگین و
بە وشەی چاو بە فرمێسکەوە
شیعرەکانت دەنووسییەوە
٧
خۆم لەنێو تاریکییەکی گەورە دەبینمەوە
کە هیچی / لەو ڕووناکییە ناچێ
لەنێو چاوەکان و لەنێو
ئەو شەفەقەی کە دەمویست شتە جوانەکان و
پڕیشکی درەوشانەوەی وردە ئەستێرەکانی پێ ببینم
ئێستاش چەند پرسیارێک مێشکییان داگیر کردووم
ئەم تاریکییە بۆ بوو بە قەدەری من
ئەم تەنیاییە بۆ بوو بە بەشێک لە بوونی من
ئەم غوربەتە ئەبەدییەش بۆ بوو بە نیشتیمانی من
٨
(...)
ژنێکی بزە گەرم و نیگا نەرم
هەموو شتێکی منی خۆشدەوێت
شیعرەکانم
پێکەنینم
ڕەنگی پێستم
قژی خاوم
هاوار و فرمێسکەکانیشم
هەموو شتێکم / بەس خۆم نا
٩
(...)
ویستم لە نێو بیرکردنەوە و
خەونەکانم دەرتبێنم
ڕەشەبایەک هەڵیکرد
هەموو شتێکی ڕفاندم
کتێبەکەی دەستم
چاویلکەکەم
جلەکانم و ڕووت ڕووتی کردمەوە
ویستم نامەکان و
دەفتەری یادەوەرییەکانیشت بسووتێنم
باران شەپڕە لێیدا و بوو بەلافاو
هەرچی ئاگری نێو ماڵەکان و دارستانەکان و
تەنانەت / ئاگری نێو دۆزەخەکانیشی کوژاندەوە
ئیدی منیش لەسەر جێگاکەم ڕاکشام و
زەردەخەنەیەک هاتە سەر ڕوخسارم
لەودەمەدا / شەبەنگێک لە ڕووناکی هاتە نێو ژوورەکەم
دەنگێک لەنیو ڕووناکییەکە گوتی
ئەی شاعیرە ڕۆژهەڵاتییەکە ئایندەت باش...!
تێبینی: خوێنەری خۆشەویست دەتوانن ناونیشانی ئەم وردە شیعرانە لەو وشانەی سەرەوە هەڵبژێرن، هەندێکیان زێتر لە ناوێک لەخۆدەگرن. خۆتان ئازاد و سەرپشک بن لە دانانی ناونیشانەکان...!