ما 797 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاوڕێ نەهرۆ

خاڵێکی دیکەی رۆمانەکە زیاتر شێوازی دیالۆک تیا زاڵە، رومانەکە وەسفی شوێن وکەسایەتیەکانی تیا نییە، ئێمە وەکو خوێنەر تەنیا لەبەرانبەر ناوەکانین نازانین کەسایەتیەکانمان قەڵەون یان لاوازن ، جوانن یان ناشرینن، تەنیا لە شوینێک دا باسی یەکی لە کچەکان دەکا کە دەڵێ پرچی لوولەو سیمای جوانە دەبوایە پانتایی وەسف ئامادەبوونی هەبوایە وەک رومانەکانی یەشار کەمال.

 

رۆمانی (جارێکیتر هاوسەرگیری ناکەم) خوێندەوە

هاوڕێ نەهرۆ

ئەم رۆمانە لە نووسینی برای بەرێزم 'شوان حەسەن'ە. ئەمە دووەم رۆمانیەتی، رۆمانێکی دیکەی نووسیوە بە نێو (دزێک یادەوەریم دەنووسێتەوە).

رۆمانی جارێکیتر هاوسەرگیری ناکەم لە ٤٧٠ لاپەرەی قەوارە مام ناوەندی پێکهاتووە، دوازدە بەشە، زمانی نووسینی ئەم رۆمانە زمانێکی رەوانە، بە کوردی یەکی پەتی نووسراوە، دوورە لە زمانی ناوچەگەری و لۆکاڵ، بە زمانێکی ئەدەبی بەرزو زیندوو نووسراوە، ئاستی زمانەکەی ئاستی ناوەندی یە وەک عەبدولرەحمان مونیف و نەزار قەبانی رۆمان و شیعریان پێ دەنووسی، ئەوانیش لە نووسین دا زمانی ناوەندیان هەڵبژارد تا وەکو دەقەکانیان بگاتە دوورترین چین و توێژی کۆمەڵگا، نەزار دەیگوت، حەز دەکەم دەستفرۆش و گەریدەیەک لە زمانی شیعری من حاڵی بێ، کاتی ئەوە بەسەر چووە بە زمانی موتەنەبی شیعر بنووسین! بەم شیوەیە ئەوەی بزانێ کوردی بخوێنێتەوە لە رۆمانەکانی کاک شوان حاڵی دەبێ و تام و چیژ لە خوێندنەوەیان وەردەگرێ!

چ رۆمانی یەکەم، چ رۆمانی دووەم لە روانگەی جیهانبینی پۆست مودرێنەوە نووسراوە، پۆست مودرێن بە واتای ماڵئاوایی لە حکایەتە گەورەکان، پۆست مودرێن بە واتای روانین بۆ دیاردەکان لە چەند روانگەیەکەوە، لە چەند گوشە نیگایەکەوە بە شێوەیەکی رێژەیی، پۆست مودرێن بە واتای گومان لە ڕاستی و هەقیقەتەکان، لە رۆمانی جارێکیتر هاوسەرگیری ناکەم  ڕاستە ئازاد قارەمانی سەرەکی یە و لەسەر زاری ئەو حکایەتەکان دەست پێ ئەکاو کۆتایی پێ دێ بەڵام هاوشانی ئازاد شیروان و ئاراس و جەمال هەن، کارزان و زریان و چنار هەن، خانزاد هاوسەری پێشووی و ئاری هەن، ئەمە جگە لە سوفیاو و کرستیناومامۆستاکەی و نسێ و ساوێنی کوری ئازاد.

کەواتە لە پۆست مودێرن چەند قارەمانێکمان هەن، لە پۆست مودێرن نووسەر ئازادانە بەشێوەیەکی ڕەها لە نێو پانتایی یادەوەریی هاتووچۆ دەکا.

ئەگەر رۆمانەکە لە رووی میتافورییەوە بە درەختێک بشوبهێنین کە هەڵگری  میوەی جۆراوجۆرە، نووسەر هەر جارەو وەک کایەکی مناڵی لەرووی تەکنیکەوە بەردێک تێ دەگرێ و میوەیەک دەکەوێتە خوارەوە ئیدی نووسەر بەچەند لاپەڕەیەک باسی تایبەتمەندی ئەم میوەمان بۆ دەکات و شییدەکاتەوە هەروا ئەگەرەکانی ئیش کردن لەسەر چەمکی ئەو میوەیە دەخاتە گەڕ، بە واتایەکی دی  هەر جارەوە دەرگای چێرۆکی لێمان دەکاتەوە تا دەگاتە چیرۆکێکی تر، بۆ نموونە قارەمانی سەرەکی نێوی ئازادە بە ئازادی وەرگێڕ، ئازادی زانیاری، ئازادی مەعلومات ناسراوە، ناوی خۆی  بە خۆیەتی. بەدرێژایی رۆمانەکە هەڵگری زانیاری تازەی یەک لە دوای یەکە ئەو زانیاریانەی نووسەر بەدرێژایی ماوەی تۆمارکردنی رووداوەکان لە شوێنی ئیش، لە ماڵ و کافێ، لەسەیرکردنی تەلەفزیون و فیلمی دیکۆمینتار، لە خوێندنەوەی پەرتووک تێکراو هەمووی دەخاتە بەردەمی خوێنەر بە بێ ئەوەی خوێنەر دووچاری وەڕس بوون بێ. ئەمەش خاڵی سەرکەوتنی رۆمانەکەیە.

قارەمانی سەرەکی ئازاد لە رۆمانەکە هاوتەریب پەیوەندی لەگەڵ ئافرەت دا هەیە چی وەک هاوسەر یان وەک دوست تا ڕادەیەک وەک جۆنتراڤوڵتاو ئەلەندیلۆن دێتە پێش چاو عەرەب گوتەنی (زیر النساء) بەڵام هەمیشە گیروگرفت و کێشە لە نێوانیان دا هەیە، بەشێوەیەک لە کۆتایی دا دەگاتە ئەو بڕوایەی بڵێ چی دیکە هاوسەرگیری ناکەم.

بێگومان پروسەی پەناهەندەیی و هاوسەرگیری و پەیوەندی لەگەڵ خانەوادە لە کوردستان هەڵگری گرفت و کێشمەکێش و ململانی یە بۆ نموونە ئازاد دووچاری ئەوە دەبێتەوە کە خزمی خێزانەکەی لە یونان بهێنێ کە نێوی ئاریە ! لەم میانە دەچی بۆ دوورگەی کریتی لە یونان لەوێ چەند شەوێک لەگەڵ قاجاغچییەکان دەمێنێتەوە، لیرەدا باسی ژیانی ئاڵوزو پڕ نهێنی قاچاغچیەکان دەکا کە چۆن خەڵک ناچار دەکەن لە خێزانەکەی جیا بێتەوە دواتر لەگەڵ خێزانەکەی ڕادەبوێرن، ئاکام ئافرەتەکە ئالودەی دەرمان خواردن ئەبێ.

هەروا ئازاد ناکۆکی لەگەڵ کاکی هەیە کە لە کوردستان دەژێ بەڵام هەڵگری سیمبولی عەشایری و دڵپیسی و دواکەوتووییە، ئەم کێشانەی ئازاد تووشی ئەبێ لە میانەی رۆمانەکە دەیخاتە بەر نەشتەری رەخنەو لێکۆڵینەوەو بەڕاشکاوی قسەی خۆی لە بارەیانەوە دەکا، گەرچی حوکمی کۆتایی لە بارەیانەوە نادا، هەمیشە شیکردنەوەکانی بە کراوەیی دەهیڵێتەوە بۆ زیرەکی و ئازادی خوێنەر.

لەرێگای هەڵسوڕاوێکی کوردستانی باکوور کە ئافرەتەو نێوی کافێ یە. هەڵویستی خۆی دەربارەی سیاسەتی پەکەکە لە کوردستانی باشورو لە ئەوروپا دەخاتە روو، باسی پەیوەست بوونی  پەکەکە بە کەسایەتی عەبدوڵلائۆجەلانەوە دەکا.

لەچەند لاپەڕەیەک دا باسی ئاین و چەمکی خودا دەکا، هەر چەندە ئەم بابەتە فەلسەفیانە قسەکردن لە بارەیانەوە زۆر زەحمەتە وەکو گەرانێکی هەمیشەییە بە دوای هەقیقەت دا، هەقیقەتێکی ئاڵۆزو نەزانراو، هەر بۆیە نووسەر لەچەند روانگەیەکەوە قسەی خۆی لە بارەیانەوە دەکا بەتایبەتی لەسەر زاری شیروانی هاوڕێ و هاودەمی، شیروان هەڵگری بۆچوونی جیاوازو دژە.

نووسەر لە رێگای شیروانەوە لەدەرگای دیوێکی دیکەی رووداوەکان ئەداو بیرورایەکی دیکە دەخاتە روو.

ئەگەر نووسەر لەزمانی ئازادەوە بڵێ ڕەشە، شیروان دەڵێ سپی یە، بەم شێوەیە لە نێوان ڕەش و سپی ڕەنگی خوڵەمێشی هەیە، کەواتە لە دواجار دا ڕەنگی خوڵەمێشی دەخرێتە بەردەم خوێنەر.

لێرەدا دەمەوێ سەرنجی برای نووسەر بۆ شیکردنەوەیەکی فرویدی ڕاکێشم ئەویش ئەوەیە نووسەر لە رێگای ئازادو کەسایەتیەکانی دیکەوە زانیارەیەکان دەردەبرێ لەکاتێکدا بەرهەمی یادەوەری خۆدی نووسەرە.

نووسەر لە رێگای ئەم کەسایەتیانەوە، کەسایەتی خۆی (اسقاط) دەکا بەسەر ئەوانی دیکە، نووسەر کەسایەتیەکانی کردۆتە شەمعەیەک (هەڵگری جلو بەرگ) بیروراو بۆچوونی خۆی پێ هەڵواسیوە لەوانەیە ئەم قسەیە تا ئەو رادەیە ڕاست بێ منیش شیکردنەوەی ئەم رۆمانە کردومەتە شەمعەیەک و بیروڕای تایبەتی خۆم پێ هەڵواسیوە بەشێوەی (اسقاط)

ئەمە وەک کایە کردنە لەگەڵ دووپشک دوایی بە خۆتەوە ئەدا.

نازانم تا چ ڕادەیەک مافی ئەوەم هەیە باسی ژیانی تایبەتی نووسەر بکەم، نووسەر لەژێر ناوی هاورێ دیار لەسەرەتای لاویەتی یەوە پێشمەرگەیەکی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانە تەنانەت دوای ئەنفالەکان وەک پارتیزانی لە ناوچەکان مایەوە، بە ماوەیەکی کەم لە پێش راپەرین چووەتە هەندەران وەک ئاشکرایە لە سایەی دەسەڵاتی حکومەتی هەریم رێک لە رێگای دەزگای پێشمەرگە دیرێنەکانەوە مووچە ىڕاوەتەوە بۆ پێشمەرگە دانەبڕاوەکان بەڵام برای نووسەر رەتی ئەم مووچەیەی کردۆتەوە وەریناگرێ ئەم وەرنەگرتنی مووچەو لە سەر زاری یەکی لە قارەمانەکانەوە هاتۆتە بەر باس ئەمەیە کایەی (اسقاط) کە فروید باسی دەکا.

ئەم دیاردە فرویدیە تایبەت نییە بە برای بەرێزمان شوان حەسەن بەڵکو پەیوەستە بە هەموو نووسەرێک و پروسەی نووسین بە گشتی، دیارە شیکردنەوەی دیکەی فرویدی هەیە بۆ باکراوندی سایکۆلۆژی رۆمانەکە بەڵام لێرەدا بەباشی دەزانم خۆمی لێ بوێرم.

رۆمانی لوبنانی (ئەمین مەعلوف) وەک کاک شوان لە رۆمانەکانی دا باسی جیاوازی نێوان رۆژئاواو رۆژهەڵات دەکا، هەر وەک چۆن لە رۆمانی (جارێکیتر هاوسەرگیری ناکەم) باسی سوئید و کوردستان کراو سیناریوی رۆمانەکە لەسەر ئەو سەحنەیە هاتووجؤ دەکا.

لەمیانەی رۆمانەکە ئازاد برایەکی خۆی لە کوردستان دەهێنی بۆ سوئید بەنێوی کامۆی، دیارە کامۆی زۆر خوشدەوێ هەروا خوشەویستی دیکە لە رۆمانەکە بەدی دەکرێ لە نێوان ئازادو کارزان دا، لێرەدا دەمەوێ بڵیم ئازاد کارزانی بەدڵە سەرەڕای درۆزنییەکەی.

چەند خاڵێکی دیکە تیبینیم هەیە هیوادارم نووسەر دڵی نەیشی لەلاپەرە ( ٣١١) دەڵێ (بەو ئاوانەی لەدەمی دەردەچوو هەموو دەموچاوی سواغدابووم) باشترە برای نووسەر بڵی بەو لیکاوانەی لەدەمی پژا  تێکرای سەروسیمای سوغدابووم.

لەلاپەرە ( ٤٦٢) نووسەر دەڵێ، نووسین باشترین تەرەپی یە (بەواتای چارەسەری دەروونییە) بۆ مرۆڤ، لێرەدا نووسەر دان بەوەدا دەنێت کە پروسەی نووسین لای ئەو خۆ بەتاڵ کردنەو بێگومان ئەمە بۆ هەر نووسەرێکی دیکە رەوایە، پروسەی نووسین خۆبەتآڵ کردن و تەرەپیە بۆ مرۆڤ.

ئاخۆ کەی کایەی نووسین لای نووسەران بە گشتی لەکایەی بیماری خۆ بەتاڵ کردن رزگاری بێ بە شێوەیەک کە قوڵایی بیری یادەوەری نووسەران بگاتە ئاوی زوڵاڵ و ئیدی نووسەران دەقی نەمرو نوێ و جاویدانی بەرهەمبهێنن.

لە لاپەرە ( ١٨٠) نووسەر دەڵێ، ببورن ئێمە لە کەلتورێکەوە هاتووین خۆمان بەکەم دەزانین بۆیە چاولێکەریمان لەگەڵ خۆمان هێناوە، سەبارەت بەم خاڵە، ئازاد لەرێگای خوشەویستی و هاوسەرگیری لەگەڵ سوفیا کەسایەتی بیانی یی زۆر بەدڵە بەڵام کاتێ لەگەڵ نسێ هاوسەرگیری دەکا کە کچێکی کوردە تای تەرازووەکە ڕاست دەکاتەوە، لێردا ئێمە نابێ ئافرەتی کورد بە کەم تەماشا بکەین و ئافرەتی بیانی بە فریشتە بەڵکو لە کۆتایی دا هەموویان مرۆڤن خاڵی پۆزەتیڤ وە نەگیتڤ یان هەیە مەسەکە رێژەیێ، ئافرەتی کورد بایەخی بەپاک و خاوێنی جەستە بدا لە ئافرەتی ئەوروپی جوانترەو کەسایەتی یی بەهێز ترە .

هەروا رۆمانەکە تیشک دەخاتە سەر فرت و فێڵی کوردەکان لەگەڵ سوسیال و جیابوونەوەی ئافرەت و پیاو بەرواڵەتی بەمەبەستی وەدەستهێنانی پارەو پوڵێکی زیاتر. یان درۆ کردن لە کێسەکانیان دا.

لەکۆتایی دا دوو خاڵ دەورووژێنم یەکەم رۆمانەکە مورکی بیوگرافی پێوەیە بەشێوەیەک لە شیوەکان نووسەر بیوگرافی خۆی نووسیوەتەوە، ئەمەش تارادەیەک زەرەر لە نووسەر ئەدا بەشێوەیەک کە کانی نووسینی بۆ ماوەیەک وشک بێ.

خاڵێکی دیکەی رۆمانەکە زیاتر شێوازی دیالۆک تیا زاڵە، رومانەکە وەسفی شوێن وکەسایەتیەکانی تیا نییە، ئێمە وەکو خوێنەر تەنیا لەبەرانبەر ناوەکانین نازانین کەسایەتیەکانمان قەڵەون یان لاوازن ، جوانن یان ناشرینن، تەنیا لە شوینێک دا باسی یەکی لە کچەکان دەکا کە دەڵێ پرچی لوولەو سیمای جوانە دەبوایە پانتایی وەسف ئامادەبوونی هەبوایە وەک رومانەکانی یەشار کەمال، ئەم رۆمانە زیاتر بەو رۆمانە دەچی کە لەچەند ساڵیک لەمەوبەر خوێندمەوە، لەلایەن نووسەری سوری لەوانەیە کوردیش بێ مەلحەم بەرەکاتەوە نووسرابوو، لەو رۆمانەش دیالوک زاڵەو وەسف ونە.

 

 

گەڕان بۆ بابەت