ما 3503 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ناڵە حەسەن

بەهیوام ماڵی شیعری سەباح ڕەنجدەری شاعیر هەر ئاوەدان و ڕووناک و بۆ هەمیشەش پڕ کۆشش و داهێنان بێت، هەروەها هەر لە شاری شیعر بمێنێتەوە چونکە وەک خۆی دەڵێت / لە شاری شیعر هەناسەم نەرم و خۆشە و بە ئارەزووی خۆی لە بەهەشت ناچمە دەرەوە. 

سەباح ڕەنجدەر و (سەرزەمینی هەموو ناوەکان)

ناڵە حەسەن         

سەرزەمینی هەموو ناوەکان، کتێبێکی شیعری سەباح ڕەنجدەری شاعیرە ماوەیەک لەمەوبەر بڵاوبۆتەوە، ئەم کتێبە شیعرییە ١٠ دەقی شیعری ناوازەی لەخۆگرتووە بەم ناوانە، (تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین، دەرکەوتنی سەر لەنوێ دەستنووسێکی چوارینەکانی بابا تاهیری هەمەدانی، دەنگ، ناونیشان بۆ گۆڕەپانی جەنگەکان، خاڵبەندی، وەسیەت، سیما و ساڵەکان لە پێ پیرۆزەوە، سپی بەرەو ڕەش، دیوانی مات، مردووان گۆرانی زەوی دووەمیان دەڵێن) لە کۆتاییش ئاماژەیەکی کورتی ژیان و بەرهەمەکانی نووسیوەتەوە. بە شێوەیەکی گشتی شیعرەکان بە زمانێکی چڕی تۆکمە و بە ناوەڕۆکێکی قووڵی پڕ کێشمەکێش نووسراون . ئەوەی مایەی دڵخۆشییە و خاڵێکی درەوشاوەیە لە ئەزموونی شیعری (سەباح ڕەنجدەر) ئەوەیە، بە چڕی ئیش لەسەر زمان دەکات، بە زمانێکی جیاواز دەنووسێت، زمانێکی شیعری ئەوتۆ بە خودی خۆی دەناسرێتەوە ، شاعیرێکە لە (زێوانە)ەوە کە هەوڵی یەکەمییەتی لەگەڵ شیعر، لەنێو ڕووباری شیعر چاوەی هەڵێناوە و تا ئێستا لە هەورازەکانی ئەم ڕووبەرە ماوەتەوە و هەنگاو هەنگاو بەرەو بڵنداییەکانی دەڕوات. ئەو شاعیرەمان دەتوانم وا باسی بکەم کە (شاعیرێکی داهێنەری نوێگەرە)، چونگە دەبێ ئەوەمان لەلا ڕۆشن بێت کە / هەموو داهێنانێک نوێگەر نییە بەڵام هەموو نوێگەرییەک داهێنانە . زۆر شاعیرمان هەن داهێنەرن بەڵام داهێنانەکانییان نوێ نین. واتە (لەوەی کە هەیە) داهێنان دەکەن و دەقە شیعرییەکانییان تا ئاستێکی بەرز جوانی بەرجەستە دەکەن ، بەڵام نوێگەر نین و لەکاروان دانەبڕاون و بە تەنیا بەڕێگادا ناڕۆن، ڕەنگە لە ڕیزی پێشەوەی کاروانەکە بن بەڵام تاق و تەنیا نین! بەڵام سەباح ڕەنجدەر هەم داهێنەرە هەم نوێگەر، چونکە سیمایەکی گەش و تایبەتمەندییەکی نوێگەری (جیاوازبوونە). هەرشاعیرێک جیاوازبوو (لەوەی کە هەیە) واتە نوێگەرە، جیاوازبوون ڕوخسار و سیمای ئەم شاعیرەمانە ، هەم لە ڕووی زمان و تەنانەت فۆرمی شیعریش. هەربۆیە شاعیرێکە زۆرترین خوێندنەوە بۆ شیعرەکانی کراوە و دەکرێت. بەمانایەک ناوەندی ئەدەبی بەخۆی سەرقاڵ کردووە. تا ئێرە سەرەتایەکە بۆ ئەو کورتە خوێندنەوەیەم بۆ کتێبی (سەرزەمینی هەموو ناوەکان)، ئەم خوێندنەوەیەم بۆ دوو مەبەستە، یەکەم ناساندنی کتێبەکە وەک کتێبێکی نوێی شیعری، دووەم قسەکردن لەسەر شتگەلێکی نوێ کە شاعیر لە چوارچێوەی ئەم دەقە شیعرییانی ئیشی لەسەرکردوون لەهەمانکات، ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەر بۆ ئەم شتە نوێیانە. بۆیە هێندەی بۆمان بکرێت هەڵوێستە لەسەر بەشێک لە دەقە شیعرییەکان دەکەین و سیما و ڕووگە نوێکانیش دەخەینەڕوو. دەقی ( تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین)، ئەم قەسیدەیە یەکێکە لە دەقە نایابەکانی نێو ئەم کتێبە ، ناونیشانەکە وەک ڕووناکییەکی گەورە تیشکەکانی خۆی بەسەر دەقەکانیتر پەخش دەکات چونکە ئەم قەسیدەیە پێکهاتووە لە دە شیعریتر بە تایتل و ناوی جیاواز و سەربەخۆ، بۆ نموونە (ڕوخسار و شوێن ، جێناوەکان، ڕێگاکانی دەوروبەر گەشەی ڕەنگ و ئاوازی چاوپێکەوتن و... پێنج شیعری تریش ..)، شیعرەکان ناوەڕۆکێکی قووڵی پڕ هەوراز و نشێویان هەیە، خەم و خەونەکان هاوتەریبن لەگەڵ ژیان، لە پشتی نائومێدییەکان پەنجەرەو گورزە تیشکی خۆرەتاوێکی خەملیو دەبیندرێن. ئێمە کاتی خۆی لەڕێگای نامەیەکەوە بەناوی (نامەیەک بۆ هاوڕییەکی شاعیرم) خوێندنەوەیەکمان بۆ هەندێک لە دەستەواژە شیعرییەکانی ئەم دەقە کردووە، ئیتر هێندەی بۆمان کرابێت بۆ نێو قووڵاییەکان چووینەتە خوارەوە و بەشێک لە دیوە شاراوەکانی پشت کۆد و هێما و وشە و چەمکاکانمان خستبووە ڕوو، باسمان لەوەش کردبوو کە شاعیر وەک گەریدەیەکی جوانناس لەنێو ڕووبەری گەردوونی شیعر بە هەستێکی مرۆییانە خەمە ڕۆژانەییەکان و ئێش و ژانەکان و خەونە گەورەکان دەخاتە ڕوو ، پەنجە لەسەر برینەکان دادەنێت و لەم ڕێگایەوە هەم هێز و توانای زمانی شیعریمان پێشان دەدات هەم لەنێو ڕووبەری جوانکاریدا دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت کە (شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە ...!)، شیعر هاوتەریبە لەگەڵ ژیان و لەگەڵ پیرۆزی مرۆڤ و بەها مرۆییەکان. هاوکات، هەر لەچوار چێوەی ئەو نامەیەمان باسمان لەوەش کردبوو کە لەنێو ئەم دەقە شیعرییەدا بە ڕوونی هەست بەوە دەکەین کە / شیعر فەلسەفە نییە بەڵام، دەتوانێ سوود لە فەلسەفە ببینێت، شیعر زانست نییە بەڵام، دەتوانێ سوود لە زانست ببینێت، شیعر بەهۆی ڕووبەرە فراوان و گەردوونیەکەیەوە دەتوانێ سوود لەهەر شتیک ببینێت کە شاعیر مەبەستی بێت دەستی بۆبەرێت و بیخاتە ژێر ڕکێفی خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی، چونکە دواجار شیعر عەشقێکی گەورەیە! ئیتر بۆ زێتر تێگەیشتن لە ناوەڕۆک و دیوە شاراوەکان و مامەڵە سیحراوییەکەی شاعیر لەگەڵ چەمک و وشە و دەستەوازە شیعرییەکان سەرنجی خوێنەر بۆ خوێندنەوەی لێکۆڵینەوەکەم ڕادەکێشم، چونکە لێرەدا نامانەوێت تەواوی قسە و بۆچوون و لێکدانەوەکانمان دووبارە بکەینەوە تەنها ، بەشێوەیەکی ڕاگوزەر و بەخێرایی هەندی ئاماژە بە دووسێ دەستەواژەی شیعری دەدەینەوە، لە شیعری (ڕوخسار و شوێن ) دا دەڵێت:

دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی

هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما

گەڕاینەوە بەر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان!

بەر لەهەر شتێک / بەس وردبوونەوە لە تایتلەکە زۆرشت دەخوێنییەوە، یان نائومێدییەکی گەورە هەست پێدەکەین، شاعیر زۆر بە ئاگاهانەو شارەزایانە ئەم تایتلەی بەکارهێناوە، دەکرێت شوێن نیشتیمانە بریندارەکەی خۆمان بێت، ڕوخسارەکانیش، ئەو مرۆڤە دابەستی و مشەخۆرە بازرگانە زاڵمانەی دەسەڵات بن. ئەوەتانێ لە کۆپلە شیعرەکە باس لە هەژاری نەداری و سفرەی خاڵی ماڵەکان دەکات، کە بەشی زۆریان ماڵەکانییان تا ئاستی گۆڕستان بەتاڵ و تاریکە. هەر لەو شیعرەدا لە شوێنێکی تر دەڵێت:

گۆڕیان بە تاڵ کردین و ئیسکیان کردە قۆپچە

ڕەنگە بۆ من ئەم دەستەواژە شیعرییە یەکێک بێت لەو دەربڕینە شیعرییانەی کە زۆرترین جووڵەی ئیستاتیکی لەخۆ گرتبێت ، مەبەستییەتی بڵێت / بەدەرلەوەی دیکتاتۆر و دارودەستەکانی کە ژیانی ئێمەیان بە مەرگ سپاردووە گۆڕستانییان کردووە بە ماڵی هەمیشەیی ئێمە ، سەرباری ئەوەش گۆڕەکانمان بەتاڵ دەکەن و ئێسکەکانمان دەکەنە قۆپچە، واتە سامانی سەرزەوی و ژێر زەویشمان دەدزن و بەتاڵان دەبەن . ئیتر بۆ گۆڕانی ئەم وەزعە و بیرکردنەوە لە گۆڕانکاری بەرەو ژیانێکی باشتر شاعیر نائومێد دەبێت و هیچ تروسکاییەک نابینێت و دەڵێ:

شۆڕش شەپڕە لێی داوە

ناتوانێ مەلە بکا

یان دەڵێت:

دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕدا

هەڵخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک

هەر بە وردبوونەوە و ڕامانێکی خێرا لەو دوو دەستەوازە شیعرییەی سەرەوە لە نائومێدییەکانی شاعیر تێدەگەین و چەند ڕاسگۆیانە و واقیع بینانە باس لە دۆخەکە دەکات و تاریکایی و گۆڕستانی نێو ژیان دەخاتە روو هاوکات هیچ تروسکاییەکیش نابینێت، کە لە کورتماوەدا گۆڕانکاری بیتە ئارا و ژیان بەرەو باشتر گوزەر بکات، چونکە شۆڕش شەپڕە لێیداوەو شەلەل و ئیفلیج بووە شۆڕشگێرەکان و ئەوانەی جێگای ئومێدن بۆ گۆرانکاری و کۆتایی هێنان بە نەهامەتییەکان، ڕۆنییان لەژێر پێدا ڕژاوەو هەڵخلیسکاون و بەرەو ڕوناکییەکی چرووک کە ناڕۆشن و بەرچاوتاریکن و لە خشتەبراون. ئیتر لەناو ئەم ناهامەتی و ژیانە مەرگئامێزە یان ئەم ژیانە پڕ لە هەڵاواردن و نابەرابەرییەی پێ قەبووڵ ناکرێ و دێتە دەنگ و دەڵێت:

کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن

بیخەینە گەنجینەی منداڵێک!

چەند جوان و شاعیرانەیە ئەم پارادۆکسە! (دیکتاتۆر و منداڵ)، دیکتاتۆر هێمایە بۆ / دەسەڵات، دزی، تاڵان، تاریکی و مردن ، لەبەرامبەردا منداڵ هێمایە بۆ / پاکی و بەرائەت و جوانی و ئاسوودەیی و ئارامی و خۆشبەختی! کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن و بیخەینە گەنجیی منداڵێک وعتە بیخەینە دەستێکی ئەمین و پاک و بێگەرد! ئیتر شاعیر لە کێشمەکێش و ململانەکان بەردەوام دەبێت و تا بەوە دەگات، لە شیعری (جێناوەکان) دا دەڵێت:

با بگەرێینەوە دواوە هێز توورەیە لە سێوی کەوتوو

ئەم دێرە شیعرەش، یەکێکە لە دێرە شیعرە ناوازەکان کە بە جوانکارییەکی تۆخ دەورە دراوە، ئەم شیعرە لەسەرەتاوە تا کۆتایی ململانێیە لە نێوان (ژیان و مردن) یان هێزەکان (هێزی زەوی و هێزی ئاسمان)، دواجار ژیان تەسلیم بە مردن دەبێت و هێزی زەوەی کە هێمایە بۆ گۆڕستان دەیباتەوە و شاعیر دەڵێ / با بگەرێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو، کێشی زەوی واتە کێشی گۆڕستان و مردن بەهێزترن لە کێشی ئاسمان و کێشی ژیان، سێوەکە دەکەوێتە سەرزەوی و لە ئامێزی گۆڕستان دەگیرسێتەوە , ئیتر بەناچاری ژیان و ڕێبوارەکان دەگەڕێنەوە دواوە و شاعیر بە نائومێدییەکی گەورەوە دەڵێت / ئیتر تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین ...!

ئیدی هەروەک لەسەرەوە گوتمان لەم خوێندنەوەیەمان هێندەی مەبەستمانە قسە لە بارەی ئەو دیاردە و شتە نوێیانە بکەین کە شاعیر لەم کتێبە و لە چوارچێوەی دەقە شیعرییەکانی دەستی بۆ بردوون، هێندە مەبەستمان نییە خوێندنەوە بۆ کۆپلە شیعرییەکان و بۆ نێو قووڵایی ناوەڕۆکدا شۆڕبینەوە، لەو شیعرەی سەرەوە تا ئاستێک گەر بە کورتیش بێت ئەوەمان کرد و کەمێک خۆمان لە کەناری مانا و خوێندنەوەو بۆ ئامانج و مەبەستەکانی شاعیردا، دەکرێ ئەمە پێشاندانی روویەکی گشتگیر بێت بۆ شێوازی شیعر نووسین و ئەزموونی شاعیر و مامەڵەکردن لەگەڵ زمان و وشە و هێما و میتافۆر و دەستەواژە و پێکهاتە شیعرییەکان . لێرەدا هەوڵدەدەین سەرنجی خوێنەر بۆچەند حالەتێک و کار و دیاردەیەکی نوێ ڕابکێشین کە شاعیر ئیشی لەسەرکردوون، بۆ نموونە لە قەسیدەی (دەرکەوتنەوەی سەر لە نوێی دەستنووسێکی چوارینەکانی بابا تاهیری هەمەدانی)، لەم دەقە شیعرییە وەک شتێکی نوێ کاری لەسەر فۆرمی چوارخشتەکی کردووە، هەروەکو دەزانین ئەم فۆرمەش ئیش لەسەر وەزن و قافییە دەکات، بۆیە ناوی باباتاهیری هەمەدانی هێناوە دەیەوێت ئەوە پێشان بدات کە لە سەردەمی ئەو شاعیرەمان لە دێرزەمانەوە تا ئێستاکە چوارخشتەکی یان چوارینە بەیەک فۆرم نووسراوە بە شێوازی وەزن و قافییەوە و هیچ گۆڕانکارییەکی تیانەکراوە بەڵام (سەباح ڕەنجدەر) دێت گۆڕان لەو فۆرمە دەکات و بەشێواز و فۆرمەکی نوێ (شیعری چوارینە)یی دەنووسێت، ئەویش بە فۆڕمی (پەخشانە شیعر ) یان شێوازی سەربەخۆ ، واتە ڕەچاونەکردنی وەزن و قافییە، واتە تێشکاندنی فۆرمی کۆن و لەبەرامبەردا دەستبردن بۆ فۆرمێکی نوێ بۆ شیعری چوارینەیی یان چوار خشتەکی، ئەوەش یەکەمجارە لە مێژووی شیعری کوردی شیعری چوارینەیی بە فۆرمی سەربەخۆ بنووسرێت، وا لە خوارەوە یەکدوو کۆپلە لەو چوارینە شیعرانەتان بۆ دەخەمەڕوو. ئەم دەقە شیعرەش واتە / دەرکەوتنەوەی سەر لەنوێی دەستنووسێکی چوارینەکانی بابا تاهیری هەمەدانی. لە (دە) چوارینە پێکهاتووە هەریەکە و تایتلی تایبەت بە خۆیان هەیە، بۆ نموونە لە لە چوارینەی (دوا هێڵی ڕۆژی شەشەم) دا دەڵێت:

تابلۆی زەوی هێشتان هەموو هێڵەکانی نەکێشراون

باڵندە لەسەر لکە پڕەکان تووشی حەپەسان هاتوون

لە ڕێگادام چەند جارێک ویستوومە پێی ڕابگەیەنم هێڵەکان تەواو

دەکەم

لە زەردەی ئێوارەیەکدا لوورەی ئاگر دەترسێنم و فرمێسکی نابەچێ

ناڕژێ

 

یان لە چوارنەیەکیتر بە ناوی (بزربوونی ناونیشانی حەوا) دا دەڵێت:

ئادەم بۆنی ددانی ڕزیو لە دەمی دێ

حەوا خۆی لە تەنیایی مارە کرد و ناونیشانی بزرکرد

کەس تەماشای ئاشنای خۆی نەکرد و ناسین تەفرەی داین

ئەو درەختانە ئاشنامان بوون ڕەگیان گەیشتبووە ناو ڕووبارە نزیکەکان

 

لە قەسیدەی (دەنگ)، بە سەلیقەیەکی وردی زمانەوانییەوە، چەند وشە و چەمکێکی زۆر لە یەکتر نزیکی دۆزیوەتەوە کە بەهۆی دەنگی پیتێکەوە ماناکەی تەواو دەگۆڕێ ، هاتووە (دە) دوو وشەی وەک دووانە هێناوە و لەلایەک پێشانی داوە کە کە لە ڕێی دەنگی پیتی ڕاوە. وەک لە زمانەوانی و لە ڕێزمان پێی دەڵێن ڕای قەڵەو و رای لاواز، بەهۆی جیاوازی دەنگی ئەم پیتە چۆن گۆڕانکاری لە وشەکان بەدیدێت دە جووت وشەکانیش ئەمانەن (برین و بڕین، بۆر و بۆڕ، گۆران و گۆڕان، بر و بڕ، کەر و کەڕ، وەرین و وەڕین، هەڵکران و هەڵکڕان، باراندن و باڕاندن، فریو فڕیو، سوور و سووڕ،) دەمەوێت هەر هێندە بڵێم، ڕەنگە مەبەستی شاعیر بێشاندانی ئەم دووانە وەک کارێکی زمانەوانی لەنیو ڕووبەری شیعر و وەک کارێکی نوێ بێت بەڵام ، بە دیوێکیتر ڕەنگە پێداگرتن بێت و لەوەی کە پێشاندنی کاریگەری و ڕۆلی دەنگ، واتە ژیان پێویستی بە دەنگە، دەنگ هەڵبرین گرینگە بۆ گۆڕانکارییەکان، وەک چۆن ژیان پڕیەتی لە جووڵە دەبێ پڕیش بێت لە دەنگ. لەگەڵ ئەمانەش هەریەک لەم دووانەییانە وردە شیعری سەربەخۆی لێدروست کردوون هەروەک لە (برین و بڕین) دەڵێت:

برین دەڵێی مانگی پڕە بەسەر ڕێگای نیوە چۆڵ کراوەتەوە

دەست بەسەر دژوارییەکان دادەهێنێ و پەنجەی گەرم دەبێ

گەرمایی پەنجە گۆرانیی هێمنی و بیرەوەری زەوییە

بە سوپای دۆڕاو شەڕ ناکات

***

برین بەسەر زەوییەکی پڕ مردوو بە دواتدا دێ

بڕوای بە ڕۆیشتن نامێنێ و دەرگات لە دوا دادەخات

چرای سێبووریت دەکوژێنێتەوە

بە دەنگێکی برووسکەدار دەتخاتە چاوەڕوانییەکی ساردەوە

 

یان لە دەقی (ناونیشان بۆ گۆڕەپانی جەنگەکان) دا هاتووە وەک فۆرمێکی نوێ، (دە) دەقی شیعری نووسیوە، دەقە شیعرییەکان تەنها، ناونیشانن و هیچیتر. وەک شیعری تاکدێری و ناونیشانەکانیشی لە ناوەڕاستی لاپەڕەدا نووسیوە،  بۆنموونە (لە کاتی خۆیدا لە قووڵاییدا هەڵدەلەرزم، گرەو لەگەڵ کلیلسازی گەنجینەی پاشا و داهاتووی پێشبینیکراو، پێم بوونەتە ڕووبار و خۆم بۆ شەڕی دونیا ناونووس کردووە، هەتا دوایی) وەک گوتمان دە ناونیشانە شیعرە ، بە بڕوای من ئەم هەوڵەی سەباح ڕەنجدەر لە دوو ئاست دا دەتوانین قسەی لەبارەیەوە بکەین، یەکەم / وەک هەوڵێکی نوێ ویستوویەکی ئەم دەقەی بە فۆرمێکی نوێ بنووسێت، واتە شیعرێک تەنها پێکهاتبێ لە (ناونیشان) و بەس. کە ئەمەش هەوڵێکی نوێیە لە شیعری کوردی ، وەکچۆن کاتی خۆی (فەریدا زامدار) دیوانێک شیعری بێ ناونیشانی نووسی کە هەوڵێکی نوێ بوو بۆ ئەوکات ، ئەم هەوڵەی ئەو شاعیرەشمان بە پێچەوانەوە تەنها ناونیشانی نووسیوە و هیچیتر ، دووەم / ئامانج لەم شیواز و فۆرمە بە بڕوای من، پەیوەندی بە باری دەروونی شاعیرەوە هەیە، لەلایەک مەیدانی شیعر وەک مەیدانێکی گەورەی جەنگ دەبینێت لەنێوان زۆرانبازی و ململانێی نێوان (جوانی و ناشیرینی) یان بەمانا (فرۆید)یەکەی ململانێی نێوان (ئیرۆس و ساناتۆس) واتە (ژیاندۆستی و مەرگدۆستی) کە شیعر لە سەنگەری جوانی و ژیاندۆستییە، بۆیەش دەڵێین ئامانجی شیعر گەڕانە بەدوای جوانی لەنێو رووبەری زمان دا. لەلایەکی تر / چەمکی ناونیشان و کاریگەری ئەم چەمکە بەسەر دەروونی شاعیرەوە کە کوڕی کۆمەڵگەیەکی بێ شوناس و بێ ناو و نیشتیمانە. ئەم دەقە گەڕانێکە بە دوای شوناس چ وەک تاک چ وەک کۆمەڵگە. واتە هاوار و ململانێ و جەنگێکە بۆ بە دەستهێنانی شوناس.

شیعرێکیتر بەناوی (خاڵبەندی)، سەباح ڕەنجدەر لە ئەزموونی سەرەتایی دا،  واتە بەدوای (زێوان )ەوە، بەهۆی ئەو زمانە شیعرییە تایبەت و جیاوازەی، کەوتە بەر هێرش و دژایەتییەکی زۆر، لەوەی کە ، سیستەمی زمان و سیستەمی ڕێزمانی تێکداوەو ڕەچاوی خاڵبەندی ناکات و ئەم ڕەخنە بێ بنەمایانە، بە ئێساتاشەوە ئەم ڕەخنە و تێروانینانە لەبارەی زمانی شیعری ئەم شاعیرەمان هەرماوە بەڵام، بە شێوەیەکی تۆخ نییە وەک ڕابردوو، شاعیریش بۆ وەڵامدانەوە بۆ ئەو ڕەخنە و تەوهینانە، هاتووە ئەم دەقەی نووسیوە بەناوی (خاڵبەندی) کە هەموو یەکە و پێکهاتەکانی خاڵبەندی یەکبەدوایەک ڕیزکردووە و شیعری لێ دروست کردوون، دەیەوێت پێشانی بدات کە زۆرباش شارەزایی هەیە لە خاڵبەندی کە لە زمانی شیعری ڕەچاوی ناکات مانای ئەوە نییە کە ئاشنا نییە یان بێئاگایە بە یەکە و پێکهاتەکان و ڕۆڵی خاڵبەندی لەنێو رووبەری ڕێزمان و زماندا بەڵام، بە بڕوای من شاعیر پێی وایە، زمانی شیعری دەبێت سەربەخۆ و ئازاد بێت ، خۆی نەبەستێتەوە بە هیچ سیستەمێکەوە بە سیستەمی ڕێزمانیشەوە چونکە شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە هاوکات، شیعر جووڵەیەکی بەردەوامە لە نێو رووبەری ئیستاتیکادا، بۆیە بوونێکی کراوەی هەیە بە تایبەت لە کۆتایی دەقە شیعرییەکان  دا هیچ دەقێک پێویستی بە نوختە دانان نییە  ، پیکهاتە خاڵبەندییەکانیش ئەمانەی بەدوای یەک ڕیزکردوون (خاڵ، دووخاڵ، سێ خاڵ، کەوانە، هێڵی لار، تەقەڵ، وێرگوڵ، ئەستێرە، نیشانەی پرسیار، نیشانەی سەرسووڕمان) هەریەکێک لەمانەش شیعرێکی سەربەخۆی بۆ دروست کردوون وەک لەسەرەتا بە (خاڵ) دەستی پێکردووە و دەڵێت:

خاڵ لە شەرمێکی گەمژانەی ڕستە ڕادەگرێت

زەمینیش دەخولێتەوە بە دوای خورپەیەکی بەهێزەوە

ئەدی بەخشندە بە کام دەست دەبەخشێ و بەکام دەست لێمان دەستێنێتەوە

دوای کەمێکی تر زەمین هەمووی تاریک دەبێت

بە دەنووکی سووری قەقنەس گۆڕێک هەڵدەکەنم

دڵ پێی ڕازی نییە و ئاهی شادمانی تێ نەگەڕاوە

گوڵەستێرە لەناوی نیشانە و ناوە

بە نیگایەکی ماندوو بیر و پڕۆژەی دیوارەکانی دەخوێنێتەوە

لەوێ پەیام ناگات

کەویش لە چیای ڵاڵن

هەروەها لەدەقی (سیما و ساڵەکان لە پێ پیرۆزەوە) ش لێرەدا شاعیر لە کەش و هەوایەکی ئارامی پڕ لە بیرکردنەوە و ڕامانی قووڵ ، دەڵێ

لەگەڵ ئەستێرە بیردەکاتەوە و لە مەیسوورەوە دێ

سەر لەنوێ سەیری بای پەنجەرە دەکەمەوە

لە کۆتایی ڕێگا دانیشتووم و سڵاو وەردەگرمەوە

چاوم ماندوو نییە بە زۆربینی.

شاعیر لێرەدا ، بە شوێنێک گەیشتووە لەنێو ڕامان و بیرکدنەوەیەکی قووڵ، ڕامان لە ڕابردوو و لە ئەزموونێکی دوورو درێژی لەگەڵ شیعر، ئیتر هەر ڕێبوارە و دێت بەپیرییەوە و سڵاوی لێ دەکەن  ئەمیش سڵاو وەردەگرێتەوە، هەریەکێک لەو ڕێبوارانەش یەکێک لە کتێبە شیعرییەکانییەتی کۆی ڕێبوارەکان سێزدە ڕێبوارن، ڕێبواری یەکەم (زێوان)ە تا دەگاتە ڕێبواری سێزدەمین (سەرزەمینی هەموو ناوەکان) . لەگەڵ ئەوەی شاعیر دەڵێ، لە کۆتایی ڕێگا دانیشتووم ، بەڵام هێشتا لەگەڵ ئەستێرەکان بیردەکاتەوە و سەر لەنوێ لە بای پەنجەرە دەڕوانێتەوە و چاویشی ماندوو نییە بۆ زۆربینی، ئەگەر لێرە مەبەستی لە بینینی ڕێبوارەکان بێت کە کتێبە شیعرییەکانییەتی، دەیەوێت ئەو هێزە لەخۆی پێشان بدات کە هێشتا وزەی بینینی ڕێبواریتری تیایە و چاوەکانی ماندوو نابن واتە، ئەو وزەیەی تیایە بۆ خوڵقاندنی ڕێبواریتر واتە هیشتا کەسێکی پڕ جووڵە و وزەیە لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێناندا. وەک هەوڵێکی پڕ جوانکاریش بۆ هەر ڕێبوارێک بە دێرە شیعرێک باسی کردووە بۆ نموونە :

_ ڕێبواری یەکەم زێوان

بوون تێیدا لە بەیانی خۆڵەمێشی و مانگی نیوەگیان نامێنێتەوە

_ ڕێبواری دووەم ڕووەکەکانی خوداوەند

دیکتاتۆر نەیهێشت گوریسی جۆلانە بە درەختی ناوچیا ببەستین

_ ڕێبواری سێیەم خەون وا خۆی گێڕایەوە

گوڵم لە بێئاگایی نەچنیوە و نهێنی گەشەکردنم درەوشاندەوە

ئیتر تا دەگاتە ڕێبواری سێزدەمین (سەرزەمینی هەموو ناوەکان)ە، کە دوا کتێبی شیعرییەتی، شاعیر بە بڕواو شانازییەکی گەورەوە دڵخۆشە بەوەی کە توانیویەتی ئەو هەموو ڕێبوارەی بە ژیان بەخشیوەو کۆلەگەیان پڕە لە خەون و خۆزگەکانی مرۆڤبوون ئەمەش بۆ ئەو سەروەرییەکی گەورەیە ، واتە لەنێو هەستەکانی ئەو /  شیعر دەبێ بە ڕێبوار و ڕێبوارەکان بۆ تائەبەد لەنێو ژیان دەمێننەوە و دەبن بە سەرزەمینی هەموو ناوەکان...! چونکە کتێبە شیعرییەکان و شیعر بۆ ئەو مانای ژیان و یانی سەروەری و  هێزی مانەوەی پێ دەبەخشن. ئەگەر بە کورتی قسە لەبارەی ناساندنی ڕێبوارەکان بکەین بۆ نموونە، ڕێبواری یەکەم کە (زێوان)ە دەڵێت، بوون تێیدا لەبەیانی خۆڵەمێشی و مانگی نیوەگیان نامێنێتەوە ،، دەکرێت لێرە خوێندنەوەیەکی (هایدگەر)یانەی بۆبکەین بە تایبەت بۆ بوون کە پێیوایە، مرۆڤ لەسەرەتاوە بوونێکی ناتەواوی هەیە لە رێگەی داهێنانەکانییەوە هەوڵدەدات بوونەکەی بەرەو کەمال بەرێت، شاعیریش باس لەوە دەکات بوون تێیدا لە (بەیانییەکی خۆڵەمێشی) دەکرێت خوێندنەوەی بوونێکی ناتەواوی بۆ بکەین لە مانگی نیوەگیان نامێنێتەوە، هەوڵدان ڕۆیشتن بەرەو کەمال لە ڕێگەی داهێنانەوە بێت، داهێنانەکانی شاعیریش سەرەتاکەی بە زێوان دەست پێدەکات. بۆ ڕێبواری دووەم کە ڕووەکەکانی خوداوەندە دەڵێت، دیکتاتۆر نەیهێشت گوریسی جۆلانە بە درەختی ناو چیا ببەستین، ئیتر لەم کتێبە زێتر قووڵ دەبێتەوە بەنێو کێشمەکێش و هەوراز و نشێوەکانی ژیان، چ لەنێو داهێنانە شیعرییەکانی چ لەنێو واقیعی ژیانی خۆی، کە ڕووبەڕووی سەختییەکان دەبێتەوە و دەسەڵاتدار و ستەمکاران ناهێڵن بە ئارامی بژی و خۆشییەکانی ژیانی بەرەو بڵنداییەکان بچن  گوریسی جۆلانە کە هێمایە بۆ خۆشییەکان بە درەختی ناوچیا ببەستن. شیعر پێویستی بە چ توانایەک و سەلیقە و وزەیەک هەیە، لەهەمانکاتیش دەکرێت وەڵامێک بێت بۆ هەموو ئەوانەی لەم نێوەدا ڕەخنەیان لێگرتووە و هێرشی ناڕەوایان کردۆتە سەر کە بە تێکدەری زمانیان لە قەڵەم داوە و ئەوەتا بە ڕوون و ئاشکرایی دەڵێت، گوڵم لە بێئاگایی نەچنیوە و نهێنی گەشەکردنم دروشاندەوە، بۆ کتێب و ڕێبوارەکانیتریش بەهەمان شێوە تا دەگاتە دواهەمین ڕێبوار و دواهەمین کتێبی کە (سەرزەمینی هەموو ناوەکانە)، ئیتر بەشی دووەمی ئەم دەقە شیعرییەوە هەموو دەقەکانی تری نێو ئەو کتێبەی شایستە بە قسە لەبارەوە کردن و ئاوڕلێدانەوەن، بۆ نموونە دەقەکانی (وەسیەت و سپی بەرەو ڕەش و دیوانی مات و مردووان گۆرانی زەوی دووەمیان دەڵێن)، بەڵام من لێرەدا دێمە کۆتایی ئەو خوێندنەوەیەم، بەهیوام ماڵی شیعری سەباح ڕەنجدەری شاعیر هەر ئاوەدان و ڕووناک و بۆ هەمیشەش پڕ کۆشش و داهێنان بێت، هەروەها هەر لە شاری شیعر بمێنێتەوە چونکە وەک خۆی دەڵێت / لە شاری شیعر هەناسەم نەرم و خۆشە و بە ئارەزووی خۆی لە بەهەشت ناچمە دەرەوە .

 

سەرچاوە: کتێبی شیعری (سەرزەمینی هەموو ناوەکان)، سەباح ڕەنجدەر

 

 

گەڕان بۆ بابەت