ما 4719 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەزا شوان

شاعـيری باش نابێت لە نووسینی شیعـر بێزاربێت: لەپاڵ خوێنـدنەوەیەکی زۆری شـیعـری منـداڵان، بۆ ئەوەی شیعـرێکی جـوان بۆ منـداڵان بنووسیت. تا پێت دەکـرێت بنـووسە و بسـڕەوەوە و یـاری بـە وشـە جـوانـەکـان بـکە. درێـژە بـە راهـێـنان و بە نووسینی شیعـرەکانت بـدە. خەیاڵـت فـراوانـتر و هـۆشت زیـاتر دەکرێنەوە. 

چـۆن دەبیـت بە شاعـیرێکی شیعـرنووس بۆ منـداڵان

رەزا شـوان                 


شـیعـر کـۆنـتریـن و گرنگـتریـن ژانـری ئەدەبە. جـوانـتریـن و ناسکـتریـن شـێوەیە لە شـێوەکانی هـونەر. شـیعـر فـۆرمـێکی نایـاب و سەرنجـڕاکێـشە. گوزارشـتـێکی پـڕ لە هەست و سـۆز و خـۆشەویستـییە. پەیامێکی پەروەردەیی و سۆزداری و نیشتمانی و رەوشـتیی و بەهـای بەرزی مـرۆڤـایەتی لەخـۆگـرتـووە.

شیعـری منـداڵان، نـزیکـترین هـونـەرە لە دەروونیـانەوە. بەشـێکی گـرنگە لە ئەدەبی منداڵان. جۆگایەکی هەمیشە خوڕە لە رووباری رۆشنبیریی منداڵان. چـێژ و خۆشی و سوودێـکی زۆریان پێـدەبەخـشـێـت. شـیعـری منـداڵان، کـاریـگەریـیەکی گـەورەی لـە پەروەردەکردنی دروست و لە بە ئاسانی فـێرکردنی منداڵان هەیە. کاریگەریی لەسەر ژیـانی ئەمـڕۆ و دهـاتوویانـدا هـەیە. لە نووسـینێکی پـێشـترمـدا، بە درێـژی باسم لە
(گـرنگـییەکـانی شـیعـر بـۆ منـداڵان) کـردووە. لەم نووسـیـنەمـدا، باس لە گرنگـترین ئـەو رێنمـاییە پێـویستیـیانە دەکەم، کە پێـویستە ئەو بەهـرەمەنـدانەی کە ئـارەزووی نووسینی شیعـری بـاش بـۆ منـداڵان دەکـەن و دەیانەوێـت ببن بە شاعـیری منـداڵان.

ئەگـەر ئارەزوو و خـولـیای ئەوەت هـەیە، کە شـیعـری جـوان و باش و بـۆ منـداڵانی کوردمـان بنووسیـت و ببیـت بە شاعـیرێـکی ناسراوی شـیعـرنووسی منـداڵان. ئەمـە مایەی خۆشبەختی و دڵخۆشییە، کە شاعـیرێکی تازەی کوردمان، لە بـواری شـیعـری منـداڵانـدا لـێهـەڵـبکەوێـت. بتـوانیـت لە رێـی شـیعـرەکـانـتـەوە، خـزمـەتی ئـەدەبیـاتی منـداڵانی کوردمان بکەیت. لێی مەوەستە و چاکی لـێهەڵبکە و ئاوزەنـگی لە ئەسـپی تـوانـاکـانـت بـدە و خـۆت تـاقی بـکـەرەوە. بـەڵام بـەوە فـریـو مـەخـۆ کە پێـتـوابێـت، شیعـر نووسـین بـۆ منـداڵان، کـار و پیـشەیـەکی هـەڕەمـەکی و ئـاسـانە، بێ مـەرج و بێ بنەمایە، چـونکە بـۆ منـداڵانە. نەخـێر وا نییە و لە نووسینی شیعـر بۆ گەورەکان گرانترە. نووسینی شیعـر بۆ منداڵان پێویستیی بەو تێگەیشتنە هەیە، ئەوە بزانیت کە منـداڵان حەزیـان لـە چـیـیە و چـیـیان دەوێـت، نـەک تـۆ چـیـت دەوێـت ئـەوەیـان بـۆ بنووسیت. نووسینی شـیعـر بۆ منـداڵان، شارەزایی لێـدەوێت، بۆ ئەوەی بە زمانێکی شیرین و ناسک و ساکار، بتوانیت مەبەست و پەیـامەکانـت بە منـداڵان بگەیەنیت تا منـداڵان بتـوانن لـێی تـێبگەن. شیعـر هـەر ئـەوە نییە کە کـۆمەڵێک وشەی سەروادار ریـزبکەیـت و نـاوی لـێبنێیـت شیعـر بـۆ منـداڵان. هـەر شیعـرێک هەست و دەروونی منداڵان نەبـزوێنت و چـێژی لێوەرنەگـرن، منـداڵان بە شیعـری نازانن و رەتیدەکەنەوە. کەواتا پێویستە لە سەرەتاوە، پەنجە بخەیتە سەر ئەوەی کە منـداڵان حەزیان لە چـییە. پێویسە ئەوەش بـزانیت کە تەنیا بەهـرە مـەرج نیـیە، بۆ ئـەوەی ببیـت بە شـاعـیرێکی منداڵان، بەڵکو نووسینی شیعـر هـونەرە، هەر هـونەرێکیش شێوە و شێواز و رێبـاز و تەکنیکی داڕشـتنی خـۆی هـەیە. هـەر شاعـیرێکـیش شێواز و ستایلی تایبەتی خـۆی لە شیعـر نووسینـدا هـەیە. جیـاوازە لەگەڵ شـێواز و رێبـازی و ستایلی شاعـیرێـکی کـەدا.
لە راستیشدا هـیچ رێگایەکی دیارکراو بۆ نووسینی شیعـر نییە، بەڵام دەتوانیت هەندێک یاسای بنەڕەتی پەیـڕەوی بکەیـت بۆ ئەوەی ببیـت بە شاعـیرێکی باش و سەرکەوتـوو. هـەمیشەش ئەوەت لەیـادبێت، کە تۆ شیعـر بۆ منـداڵان دەنووسـیت نەک بۆ گـەورەکان.

دەکـرێت هـەر بەهـەرمـەنـدێکی ئارەزوومـەنـدی شـیعـر بـبێـت بە شـاعـیر، لە میـانـەی راهـێنان و دووبـارەکـردنەوەدا. بەڵام بەشـێک لە بەهـرەی نووسینی شـیعـر رەمـەکییە.

رێنماییەکانی نووسینی شیعـر بۆ منـداڵان

بۆ ئەوەی شیعـرێکی جـوان و باش بۆ منداڵان بنووسیت، هەنگاو بە هەنگاو پەیـڕەوی ئـەم رێنـماییـانە بکە. کە ئـەم هـەنـگاوە سەرەتـاییـانەت زانـی، دەتوانیـت بە روونی لە چـۆنیـەتی نووسـینی شـیعـر تێـبگەیـت و دەست بە شیعـرنووسین بۆ منداڵان بکەیـت:

١ـ خـووبـدەرە خوێنـدنەوەی شـیعـر بـۆ منـداڵان: تا پێـت دەکـرێت شـیعـری شـاعـیرانی جیاواز بۆ منداڵان بخوێنەوە. بە تایبەتیش رۆژانە شیعـرە تازەکانی شاعـیرە ناودارەکان بخوێنەوە. تازەترین کـتێبی شیعـر بۆ منـداڵان بخوێنەوە. لە شێواز و رێبازی نووسینیان تێدەگەیت. تا شیعـری زیـاتر بخـوێنیتەوە، ئیـلهـام و بیـرۆکەی زیاتر و باشترت بۆ دێت. خوێندنەوەی شیعـری منـداڵان، هەنگاوێکە بۆ هـۆشت تا ئامادەی نووسینی شیعـر بێت.

٢ـ پێویستە ئامانجـت دیاری بکەیـت: پێویستە لە نووسینی هـەر شـیعـرێک بۆ منـداڵان ئامـانجـێکی روونت هـەبێـت. پـەروەردەیی، نیـشـتمانی، رەوشـتی، ژیـنگەیی،... بێـت. ئەگەر نەزانیت بۆ کوێ دەچـیت؟ چـۆن دەتـوانیت لە خۆتەن رێگایەکی نەزانراو بگریتە بـەر.. بێگـومـان بە شـوێـنی مەبەست ناگـەیـت. نـووسینی شـیعـریـش بـۆ منـداڵان لـەم پێویستییە بەدەر نییە. تا ئامانجی شیعـرەکەت دیاری نەکەیت ناتوانیت شیعـر بنووسیت.

٣ـ لە کوێـوە ئیـلهـمی شیعـرت بۆ دێت؟: ئیلهام وەحی نییە بۆ مـرۆف بنـێرێت، کارێکی ناکاوی و کوتـوپـڕیش نییە. ئیلهـام لە ئەنجـامی خەیـاڵ و بیـرکردنەوە بۆ شاعـیر دێـت. دەشێش لە ئەنجـامی بیـرکردنەوە لە یادەوەرییەکانی منـداڵیتەوە بۆت بێـت. یا لە بینینی دیمـەنێک یان رووداوێـک، یا لە جـوانی سـرووشـتەوە یا لە هـەستـێکی نیشــتمانییەوە بۆت بێت. ئیلهـام سەرچـاوەی زۆر زۆری هـەیە و نایـەنە ژمـاردن و سنووردارکـردن.

٤ـ هەڵبژاردنی ناونیشانی شیعـرەکەت: دوای ئەوەی کە بیرۆکەی شیعرەکەت دیاریکرد، هەوڵبدە ناونیشانێکی جوان و گونجاو و کورت و سەرنجڕاکێش بۆ شیعرەکەت دابنێیت.

 ٥ـ کـێشی بـڕگەیی لە کـێشی شیعـرەکانـدا بەکاربهـێنە: چـونکە ئاسانتریـن کـێشە، وا بـاشـترە کە کـێـشەکـانـت لـە (ە ، ٦، ٧، ٨، ٩) بـڕگـە زیـاتـر نـەبـن، ئـەوەش بـزانە باشـتر وایە کە شیعـری سەروادار بۆ منـداڵان بنووسیت. لەبەرکـردنیان ئاسانترە. با شـیعـرەکانت کـورت و پوخـتبن. باشـتر وایە شیعرەکانت بۆ منـداڵانی تەمەن تا (١٠) ساڵان لە نێـوان (٦) دێـڕ بـۆ (٨) دێـڕ زیـاتـر نەبـن. تا بە ئاسانی لەبـەریـان بـکەن. ریـتـم و تەکـنـیکی شـیعـریـش پێـویسـتە بەپـێی پێـوەرەکانی شـیعـر بـۆ منـداڵان بێـت. زۆر جـاریـش پـێـویسـت ناکـات، کە سـەروای کۆتـایی هـەر هـەمـوو نیـوە دێـڕەکانی شـیعـرەکانـت سـەرواداربـن.

٦ـ خەیـاڵ رەگەزێکە لە رەگەزەکانی شیعـر: خەیـاڵ پێویستییەکی گـرنگە لە نووسینی شیعـر بۆ منـداڵان. شاعـیر لە رێی خەیاڵـیشەوە ئیـلهـام و بیـرۆکەت بـۆ دێـت. خەیـاڵ رۆڵـێکی سەرەکی گـرنـگی هـەیە بـۆ راکـێـشانی منـداڵان بـە لای شـیعـرەکانـتـدا. ئەو شیعـرانەی کە بە خەیاڵـێکی ناسک و شـیریـن  داڕێـژراون، بۆ ماوەیەکی درێـژتـر لە بیـری و لە یـادی منـداڵانـدا دەمـێنـنەوە. تـۆی شاعـیر لە رێی خەیـاڵـەوە، دەتـوانیـت باوەڕ بە منـداڵانی قـۆنـاغی بەرایی ـ قـۆنـاغی خەیاڵی ـ لە لەدایکـبوونەوە تا شەش و حـەوت ساڵان بهـێنیـت، کە ئـاژەڵ و باڵـندە و دار و درەخـت و شتی بێگـیان بە زمانی کـوردی دەدوێـن وەک ئەوەی کە کوردبـن. خەیـاڵ هەموو ئـەو شـتانە دەگـرێتەوە، کە بە خەیـاڵ بـڕیاریـان لەسـەر دەدەیـت. بەڵام ناشبێـت شـتەکـانـت لە خـەیـاڵ بەدەربـن و منـداڵان باوەڕیـان پـێـنەکـەن. بۆ نموونە: ئەستەم و لە خەیاڵ بەدەرە کە میروولەیەک فـیلـیـك قـوت بـدات. واش تـێمـەگە کـە منـداڵان هـێنـدە سـاویـلکەن و هـیچ نازانـن.

٧ـ شـێوازی شیعـر نووسین بۆ منـداڵان: شـێواز پێکهـاتـەیەکی سەرەکـییە لە شیعـری منـداڵانـدا، بابەتی شیـعـرەکەت شێواز دیاری دەکات. پەیوەندییەکی بەهـێزیش لە نێوان  ناوەڕۆک و شێوازی شیعـردا هـەیە. هـێزی شـێوازی شیعـریش بـۆ منـداڵان، لەوەدایە کە تا چـەند منداڵان دەووروژێنێت و بە ئاگایان دێنێتەوە. جوانی شێوازیش لە جوانی و فانتازیی داڕشتنی وشەو و هـۆنینەوەی شیعـرەکەت دایە. وەکو لەسەرەوە باسمان کرد، هـەر شاعـیرێک شێواز و ستایـلی تایبەتی خـۆی لە شیعـر نووسین بۆ منـداڵان هـەیە.

٨ـ زمـان گرنگـترین پێویستی شیعـرە: زمـان گرنگـترین کەرەستەی نووسینە، کـلـیلی گەیـشتـنە بە هـۆش و بە دەروونی منـداڵان. تۆی شاعـیر بە هـۆی زمانەوە دەتوانێت گوزارشت لە هـزر و لە ناخی خۆت بکەیت و شیعـرەکانت بنووسێت و پەیامەکانت بە منـداڵان بگەیەنێـت. بۆیـە پێـویستە، شـارەزای زمـان و رێـزمـان و رێنووسی کوردی بێت. شارەزای فـەرهـەنگی وشەکانی منـداڵان بێت. شیعـرەکانت بە زمانێکی پـەتی و شـیرین و ناسک ساکار بنووسە، دوور لە وشـە و لە زاراوەی قـورس و تـوێکڵـدار. هـێندەش بە دوای جـوانـکاری و رەوانبیـژی و فـانتـازیـدا مـەگـەڕێ. راسـتیـشە زۆر جار زمـان لە ئاستی خەیـاڵ و بیـری مـرۆڤـدا نییە، ئەوەی لە خەیاڵی دایە، نەتوانێت بـەو هـێز و چـێـژ و مەسـتـییەوە، بە وشـە و بە شـیعـر گـوزارشتی لێبـکات. بـۆیـە شاعـیری رابەری شـیعـری نـوێی کوردیمـان، مامۆسـتا (عـەبـدوڵڵا گـۆران) دەڵـێت:

هـەرچـەنـد ئەکـەم ئـەو خەیـاڵـەی پێی مەســتـم
بـۆم ناخـرێتـە نـاو چـوارچـێـوەی هـەڵـبـەســتـم

٩ـ بە شیعـری ئاسان دەست پـێـبکە: لە سەرەتـاوە بە شیعـری ئاسان و کورت دەست پـێبکە. لەوەوە دەست پێبکە کە منداڵان حەزیان لە چی بابەتە شیعـرێکە. لە نووسینی شیعـرەکانیشدا پەلـە مەکە، بە وردی بـیر لە وشە بە وشەکانت بکەرەوە. چونکە ماوە بە لای منـداڵانەوە گرنـگ نییە. گەر لە مـاوەی یەک رۆژدا نـووسیبێـتـت یا لە مـاوەی یەک مانگـدا. گـرنگ بە لای منـداڵانەوە شـیعـرەکـەی بەردەستـیانە کە دەیخـوێـنـنەوە. لە بابـەتی ئـەو شـیعـرە باونـەمـا و دووبـارە بـوونـەوانـەش مـەنـووسە، کە منـداڵانی ئەمـڕۆ چـێژیـان لـێوەرناگـرن. دەتـوانیت سـوود لە ئەزمـوونی ئەو شاعـیرە ناسـراوە کوردانەمـان وەربگـریت، کە شیعـر بۆ منـداڵان دەنـووسـن. بەڵام لاساییان مەکەرەوە. ببـە بە خـاوەنی ریچـکە و رێبـاز و شـێـواز و سـتایـلی تایـبـەتی خـۆت لە نـووسیـنی شـیعـر بـۆ منـداڵان. سێ رەگـەزی گـرنگـیـش لەبەرچـاو بگـرە (مەبـەسـت، کـورتی، سـەروا) هـونەری تەکـنیکی نووسـین و رێـکخـسنی شـیعـر و بە جـبێهـێشتی ماوە لە نێـوان دێـڕەکانـدا پێـویسـتن، بۆ بە ئاسانی خـوێنـدنەوە و بۆ وەسـتان و پشـوودان.

١٠ـ نـوێخـوازی و داهـێـنان لەشیعـری منـداڵان: هـەوڵبدە لە چـوارچـێوەی شـیعـری کلاسیکـیی منـداڵان دەربچـیت، بیـر لە نوێخـوازی و داهـێنان و ئافـرانـدن بـکەرەوە.

١١ـ پێویستە شارەزای قـۆناغـەکـانی منـداڵیەتی بیـت: چـونـکە هـەر قـۆنـاغـێک لە قۆناغەکانی منداڵی، لە رووی جەستەیـی و دەروونی و سۆزداری و بیر و خەیاڵ و زمان و زیرەکی و توانای فـێربوون و وەرگرتـن و گوزارشتکـردن، تایبـەتـمەنـدیی خۆیان هـەیە. تـۆی شاعـیر کاتێک دەتوانیـت شیعـرێکی باش و گونجاو بۆ منـداڵان بنووسیت، کە لە هەموو روویەکەوە شارەزای قـۆناغـەکانی گەشکردن منـداڵی بیت.
تا شیعـرەکانت بە پێی پێـویستییەکانی قـۆنـاغـەکان بنووسیـت.

١٢ـ رەنگـدانەوەی وردەکارییەکانی هـەستیاری لە شـیعـرەکـانتـدا: شیعـری باش بـۆ منـداڵان لەگـەڵ هـەر پێـنج هـەسـتەکـەدا سەرقـاڵ دەبێـت. لە بـۆنکـردنەوە تا دەگـات دەست لێدان و تا بینین و بیـسن و چـێژکـردن. دڵنیابە لەوەی کە شیعـرەکانت ئەوەی تێـدایە کە یـاری بە هـەسـتەکانی منـداڵان دەکەن،. بۆ نمـوونە، کە شـیعـرێک لەسەر بەهاری رەنگـینی کوردستان دەنووسیت، منـداڵان گوڵە رەنگاوڕەنگە سروشتییەکان دەبینن و بۆنیان دەکەن و دەستیان لێـیان دەدەن. یـاری لەگەڵ پەپـوولەکانـدا دەکەن، گـوێیـان لە جـریـوەی مـەل و قـاسـپە قـاسپی کـەو دەبـێـت، تـامی رێـواس دەکـەن و دەیخۆن. کەواتە لێرەدا توانیوتە هـەستەکان بخـەیتە ناو شیعـرەکانتەوە بۆ منـداڵان.

١٣ـ گـەڵاڵـە و پـوخـتکـردنی شـیعـرەکەت: کـە شـیعـرەکـەت نـووسی چـەنـد جـارێـک پێـداچـوونەوە بە نـاوەرۆک و فـۆرم و کـیش و سـەروا و دروسـتی وشەکانـت بکەوە. لە دوا دەستکاریـدا، هـەڵـەکانـت بـژار بکە و ئەوەی پێـویستی بە گۆڕانبـوو بیگـۆڕە. یەکەم رەخـنەگـریـش خـۆت بە، رەخـنە لە شیعـرەکانـت بگـرە و هـەڵـیان بسەنگـێـنە.

١٤ـ شیعـرەکانت پێشانی شاعـیرێکی بە ئەزموـون بـدە: وەکو شاعـیرێکی تـازە پێت شـەرم نەبێـت و شیعـرەکانت پێـشانی شاعـیرێکی ناسراو و خاوەن ئەزموونی بواری شـیعـری منـداڵان بـدە. سـوود لە تێبینی و لە پێشنیارەکانی وەربگـرە و بە سنگـێکی فـروانیـشەوە رێـنمـایی و رەخـنـەکانی قـبووڵ بـکە.

١٥ـ شیعـرەکانت بۆ منـداڵان بخـوێنـەوە: تێدەگەیەت کە تا چەند شیعـرەکانت بە لایانەوە پەسەندن، داوای فـیدباک لە منـداڵانی خوێنەرانی شیعـرەکانت بکە، دەتوانیت سوودیش لە فـیـدباکەکـانیان دەربارەی شـیعـرەکانـت وەربگـریت و را و بۆچـوون و رەخـنەکانیان بە هـەنـد وەربـگـرە. جـارێکی کـەش پێــداچـوونـەوە بە شـیعـرەکانـتدا بکە. تا دڵنیابیت لەوەی کە شـیعـرەکانـت سـەرنجـڕاکـێـشن و ئامـانجـەکـانی شیعـری منـداڵانیان پێکـاوە.

١٦ـ هەست بە ئاستی شیعـرەکانت دەکـەیـت: هەست بەوە دەکەیت، کە شیعـرەکانت لە ئاستێکی باشدان و لە شیعـرەکانی گەلێ لە شاعـییران باشترن، لە ئاستی شیعـرەکانی گـەلێ لە شـاعـیرانی ناسراویـش ئاسـت نـزمـترن. ئەمـەش هـەستـێکی سـروشـتیـیە، چـونـکە ئاستی بەهـرەمـەنـدی و شارەزایی لە نێـوان شـاعـیرانـدا جیـاوازیـیان هـەیە. گـەلێ لە شاعـیرانی کوردمـان شیعـریـان لەسەر (کوردسـتان) بـۆ منـداڵان نووسـیوە، بەڵام جـیوازی لە ئاستی شـیعـرەکـانیـانـدا هـەیە.

١٧ـ شیعـرەکانت بۆ گـۆڤـارێکی منـداڵان بنێرە کە بە کوردی دەردەچـێت: لەوش دڵگـیر مەبـە، کە جـارێک و دووجـار شـیعـرەکانـت بڵاونـەکـەنەوە. سـتافی ئـەو گـۆڤـارەش کە شیعـرەکـانتی بـۆی دەنـێریت. روانینینی خۆیـان دەربـارەی شیعـرەکانت دەبێت، دەشێـت لەگەڵ شـێواز و ستایـلی شیعـرەکانی گۆڤـارەکەیـان گۆنجـاو نەبن. ئەمەش نابێـت ببێتە هـۆی گـلەیی و کـۆڵـدان و ساردبـوونـەوەت.

١٨ـ بەشداری لە کۆڕەکانی شیعـر خوێنـدنەوە بکە: شەرم مەکـە و ئازایـەتی ئەدەبیـت هەبێـت. بەشداری لەو کۆڕانەدا بکە کە بۆ خوێنـدنەوەی شیعـری منـداڵان سازدەکرێن. لەوەش سـڵ مەکـەرەوە کە رەخنـەت لێـدەگـرن.

١٩ـ وەک شاعـیرێـك هـەمیشە پێنووس و پەڕەیەک کاغـەزت پێبێت: چـیت بە خەیـاڵدا هات بینووسە، هەنـدێ جار ئیلهـامێک یا بیـرۆکەیەکی باش یا دێـڕێک شیعـری جوانت بۆ دێـت، بینووسە بۆ ئـەوەی لەبـیرت نەچـێتەوە، لەوانەیە ئەو دێـڕە شیعـرە ببێـت بە سـەرەتـای شـیعـرێـکی تـازەت بـۆ منـداڵان و هـەوڵ بـدەیـت تـەواوی بـکەیـت. کـەڵە نووسەری ئینگلیزی (جـوان رۆلـینگ) ی نووسەری زنجـیرە رۆمانی (هـاری پـۆتەر) لەناو شەمەندەفەردا، ئیلهـامی نووسینی هـاری پۆتەری بۆ هات. یەکسەر پێنووس و کاغـەزی دەرکردوو و ئیلهـام و سەردێـڕی بیـرۆکەکانی نووسی تا لەبیری نەچـنەوە.

٢٠ـ شاعـيری باش نابێت لە نووسینی شیعـر بێزاربێت: لەپاڵ خوێنـدنەوەیەکی زۆری شـیعـری منـداڵان، بۆ ئەوەی شیعـرێکی جـوان بۆ منـداڵان بنووسیت. تا پێت دەکـرێت بنـووسە و بسـڕەوەوە و یـاری بـە وشـە جـوانـەکـان بـکە. درێـژە بـە راهـێـنان و بە نووسینی شیعـرەکانت بـدە. خەیاڵـت فـراوانـتر و هـۆشت زیـاتر دەکرێنەوە. دەتـوانیت ئـەو زۆرە نووسـینانەت، پوخـت و کورت بکەیتـەوە و شیعـری جـوانیـان بۆ منـداڵان لـێـبهـۆنیـتەوە. (شکـسپیر) دەڵێـت:"تا لاپـەڕەیـەکـم نـووسی.. هـەزار پـەڕەم دڕی". ئەوەش بـزانە کـەس بە شاعـیری لەدایـک نەبـووە. وەکو کوردیش دەڵـێت:(کـەس لە پـڕێـک نەبـووە بـە کـچ و کوڕێـك).

٢١ـ شاعـیرێکی هـەمیشە خوێنەر بە، کورد و کوردسـتان پەروەرێـکی سەرسەخـت بە، هـیواخواز و گەشـبیـن بە، خـۆڕگـر و کۆڵـنەدەر بە، رووگەش و لێوبەخەنـدە بە، خاکی و کـۆمـەڵایـەتی بە. گـەورە و بچـووکـت خۆشـبوێـت، دەمارگـیر و تونـدڕەو مـەبە، رێـز لە هەموو را و بۆچوونێکی جیاواز بگـرە. بە سنگێکی فـراوانەوە رەخنەش وەربگـرە.

 


 

گەڕان بۆ بابەت