یوسف ئیسماعیل عەزیز

سەری بۆ له‌قاندم و بە ئاماژه‌ گوتی: "من نایەم." منیش بیرم کردەوە، زانم چۆن بیهێنمەوە دەرەوە لەم ماڵە بێزارکەرە. ''ئاکۆ بۆ نایەیت؟ من دەچم گۆڤارێكی ئەم مانگە دەکڕم کە تازە ژمارێکی نوێی  دەرچووە''. بە ساردی گوتی: "ناوی گۆڤاره‌كه‌ چیە؟"، "تۆ سەره‌تا وەرە ئەوکات دەیزانی، گۆڤارێکە ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ خۆ گرتووه‌ كه‌ تۆ ئاره‌زوویان ده‌كه‌ی." توانیم بەم قسانە ئاکۆ رازی بكه‌م بێته‌ ده‌ره‌وه.

رۆژێک دەگەڕێمەوە و خۆم دەناسێنم

یوسف ئیسماعیل عەزیز

خەڵکەکە بە هێمنی هەنگاویان دەنا بۆ کافیەکان تا چێژ لە دیمەنەکە ببین، بەفر بە باڵە سپیەکەی بە هێمنی هەموو شاری داپۆشیەوە، حەز بە خواردنەوەی قاوەیەک دەکەم لە بەردەم پەنجەرەی کافیەک کە ئەم خەلکەیان ڕاکێشاوەتە سەر شەقامەکانی شار.

هەوڵم دا ''ئاکۆ'' لەگەڵ خۆم ببەم بۆ دەرەوە، بەڵام بێ دەنگی باڵی به‌سه‌ر خۆی و ماڵه‌كه‌یدا كێشاوه‌، بێ دەنگ، بێ ڕووناکی... تەنها دەژیێت خۆی و سەگە بچووکەکەی کە لە برایەک زیاتر خۆشی دەوێت و هۆگری ئەوە. لەسەرەتای ڕۆژێکی نوێ تا درەنگانی شەو بەرامبەر کورسیە بەتاڵەکەی بەرامبەرخۆی دادەنیشێت، هەوڵەکانم بۆ خۆ نزیک کردنەوە لە ''ئاکۆ" بێ سوودە، هیچ قسەیەک وەرناگرێت، ڕۆژەکەی بە بێ دەنگی لەگەڵ کتێبەکانی بەسەر دەبات. لە هەموو سوچەکانی ماڵەکەیدا کتێب دەبینیت، وێنەکانیش کە هەڵیواسیوە خۆی هەڵدەداتە خەیاڵی خۆکوشتن و خۆ وونکردن، چرا و ڕۆناکی لەم ماڵەدا وەک هێڵی سوورە، ئاکۆ بە تاریکییەکە هەمیشە لەگەڵ ڕەشەباکاندا دڵی خورپەی خۆشی لێده‌دات.

کارە سەیرەکانی ئاکۆ، هاوڕێ و دۆست و دراوسێکانی سەرسام کردوە، ڕۆژانی باران دەچێتە بەرامبەر پەنجەرە و سەیری دەرەوە دەکات و کوپە قاوەکەشی لەدەست دایە و جێژ لە دیمەنەکە وەردەگرێت. ''ئاکۆ تکایە وەرە با پیاسەیەک بکەین، کەمێک خۆت لە کتێب و دانیشتن لەسەر ئەم کورسیە بێزارکەرە دووربکەوە، کەمێک ژیانی دەرەوە ببینە!''

سەری بۆ له‌قاندم و بە ئاماژه‌ گوتی: "من نایەم." منیش بیرم کردەوە، زانم چۆن بیهێنمەوە دەرەوە لەم ماڵە بێزارکەرە. ''ئاکۆ بۆ نایەیت؟ من دەچم گۆڤارێكی ئەم مانگە دەکڕم کە تازە ژمارێکی نوێی  دەرچووە''. بە ساردی گوتی: "ناوی گۆڤاره‌كه‌ چیە؟''، "تۆ سەره‌تا وەرە ئەوکات دەیزانی، گۆڤارێکە ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ خۆ گرتووه‌ كه‌ تۆ ئاره‌زوویان ده‌كه‌ی." توانیم بەم قسانە ئاکۆ رازی بكه‌م بێته‌ ده‌ره‌وه‌ تا پیاسه‌یه‌کی لەگەڵ بکەم، بزانم هۆكاری ئه‌م گۆشه‌گیرییه‌ی چییه‌ و هه‌میشه‌ ده‌یه‌وێ ته‌نها بێ؟! کاتێک گەیشتین بە دوکانی کتێبفرۆشەکە هه‌ستم كرد به‌ بینینی دوكانی كتێبفرۆشه‌كه‌ دڵخۆشه‌، سەیری کتێبە تازەکانی دەکرد، لاپەڕەکانی زۆر بە ناسکی هەڵدەدایەوە و بەجوانی سەرنجی پەڕەکانی دەدا، لە ناكاو ئاکۆ بە قسەهات و گوتی:''ئەم کتێبە بەرگەکانی تریشی بەردەستە؟''، كتێبفرشه‌كه‌: "بەڵێ بەردەستە، ئاره‌زووی خوێندنه‌وه‌ی چ جۆره‌ كتێبێك ده‌كه‌ن بەرێز؟''، ''رۆمانی خەیاڵی بێت، ئەم جۆرانەتان هەیە؟''، ''بەڵێ بەڵێ، سەیری لای راستت بکە ئەمانە ڕۆمانی نوێین و بابەتی خەیاڵین''. ''زۆر باشە، ئەم پێنج دانەیه‌م بۆ دابنێ، وە چ گۆڤارێکی ئەدەبی هەیە؟''، ''بەرێزم ڕاستی گۆڤار لە ئێستا دا زۆر کەم بونەتەوە دەتوانین بە پەنجەی دەست بیان ژمێرین، بفەرموون ئەم سێ دانه‌یە بەردەستە''، ''کێشە نیە، ئەم سێ دانەیم لەگەڵ ڕۆمانەکان بۆ دانێ''. بزه‌یه‌كی خۆشی كه‌وته‌ ڕوخسارم، چونکە ئاکۆم بینی به‌م كاره‌م له‌گه‌ڵی خۆشحاڵە و بێ هیچ قسه‌یه‌کی تر بكات ئاماژه‌ی كرد تا بگه‌ڕێینه‌وه‌ ماڵ، كه‌ گه‌یشتینه‌وه‌ به‌رده‌رگا ئاکۆ لێمی ڕوانی و وتی: ''خۆشحاڵبووم کە هەوڵدا کە من دڵخۆش بکەی و کەمێک لە تاریکی دەرم بهێنی، گه‌ر ئاره‌زوو ده‌كه‌ی هه‌موو رۆژانی هه‌ینی پیاسه‌یه‌كی شار ده‌كه‌ین، تا هەینی داهاتوو ماڵئاوا''. ''زۆر سوپاس ئاکۆ، بەهیوای دیدار!''، خۆم وه‌كو پاڵه‌وانێك هاته‌ به‌رچاو، ئیتر پێویست بە هەوڵدان ناکات، من له‌وانه‌یه‌ په‌ی به‌ ژیانی ئاكۆ ببه‌م، ئاخۆ بۆ تەنیایە، بۆچی ئاره‌زووی تاریكی و بێده‌نگییه‌.

لە ژوورەکەم دانیشتم و خامەکەم دەرهێناو كاخه‌زێكی سپیم ده‌رهێناو ده‌ستم به‌ نووسین كرد، بۆ ڕۆژی هەینی داهاتوو کۆمەڵێک پرسیارم نووسی تا "ئاکۆ" وەڵامی بداتەوە و منیش بزانم چ نهێنییه‌ک هەیە لەم تەنیاییه‌ی "ئاکۆ". رۆژان تێپه‌ڕی و گه‌یشتینه‌وه‌ رۆژی هه‌ینی لەگەڵ خۆرهەڵاتن خۆم ئامادەکرد بۆ ئەوەی لەگەڵ "ئاکۆ" پیاسه‌یه‌ک بکەین.

لای من ئەمە پیاسە نیە ئەمە دیدارە، کاتێک نزیک بوومەوە لە ماڵی ئاکۆ به‌رده‌می ماڵی ئاكۆ قه‌ره‌باڵغییه‌ك هه‌یه‌، نزیک بوومەوە تا بزانم لێرە چ باسە؟ بەڵام خەڵکەکە بەبێ دەنگی وەستابوون تا ئەفسەری پۆلیس لەماڵی ئاکۆ هاتە دەرەوە و ئاکۆیان قۆلبەست کردبوو، هه‌رچه‌نده‌ هۆكاری قۆڵبه‌ست كردنه‌كه‌یم پرسی به‌ڵام وه‌ڵامێك نه‌بوو''من لەدوای ئاکۆ خۆم گەیاندە بنکەی پۆلیس و به‌ ئه‌فسه‌ری لێكۆڵه‌رم وت من یه‌كێكم له‌ هاوڕێ نزیكه‌كانی، ده‌كرێ بزانم چی ڕوویداوه‌؟''، "هاوڕێکەت لە لایەن دراوسێکانیەوە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوه‌، لەسەر ئەوەی گوایه‌ هه‌تیوبازه‌!" ده‌مم بووه‌ ته‌ڵه‌ی ته‌قیو، زۆر به‌ سه‌رسامییه‌وه‌ وتم چی؟! ئاخر شتی وا چۆن ئه‌بێ، ئاکۆ بە ڕوخسارێكی ماندوو و خه‌مگینه‌وه‌ سه‌ری داخستبووه‌ سه‌ر زه‌ویه‌كه‌ بێده‌نگ به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ بڵێ وەستابوو. دوای هه‌وڵدانێكی زۆر توانیم به‌ ده‌سته‌به‌ری ئازادی بكه‌م تا چاره‌نووسی سكاڵاكه‌ له‌ دادگا یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌، لەگەڵ ئاکۆ گەڕاینەوە بۆ ماڵ و خەڵکی گەڕەک هەموو سەیری ئێمەیان دەکرد، ڕووم له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ كرد و وتم: ئێوە كوا هه‌ستی مرۆڤایه‌تی و ئاینییتان؟ به‌ چ به‌ڵگه‌یه‌ك كه‌سێكی ئاوا بێ گوناهـ كارێكی ئاوا قێزه‌ونی ئه‌نجام دابێ، ژیانی تایبه‌تی خۆیه‌تی چۆن ده‌ژیت؟ ته‌نها ده‌ژی یان نا، ئێمه‌ش كه‌سمان هێنده‌ بێ تاوان نین و فریشته‌ بین، بایی به‌وه‌ تاوانمان ئه‌نجامداوه‌، ئه‌وه‌ خۆمان و خوداین ده‌یزانین و خوداش په‌رده‌پۆشی كردووه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێم گه‌ر ئه‌م كوڕه‌ پاك و بێ تاوانیش نه‌بێ، تاوانی له‌ ئێوه‌ زیاتر نییه‌.

خه‌ڵكه‌كه‌ كه‌وتنه‌ ورته‌ورت و پسته‌پست له‌ به‌ینی یه‌كدی، هنێکیان بەچاوێکی خراپ دەیان ڕوانییە ئاکۆ، دووباره‌ بێده‌نگیم شكاند و وتم: ئێوە خودا ناناسن، تۆمه‌ت ئه‌به‌خشن تەنها دەتوانن وەك قەل دەنگە دەنگ بکەن، ئەو کارانەی ئێوە دەیکەن ڕۆژێک دەبێت باجەکەی بدەن. ئاکۆ قۆڵی گرتم و هه‌نگاوی بەرەوە ماڵەوە نا، لەسەر کورسیەکەی دانیشت و هەناسه‌یه‌كی قوڵی هەڵمژی، کلیلی ماڵەکەی پێدام و گوتی: بگەڕەوە بۆ ماڵ، بەیانی قسەدەکەین.

بەیانی گەڕامەوە بۆ ماڵی ئاکۆ، لەدەرگام دا کەس وەڵامی نەبوو منیش کلیلەکانم دەرهێنا و چوومە ژورەوە، بەڵام بینیم هیچ شتێک لەم ماڵەدا نەماوە هەمووی بردراوە جگە لە هەنێ کتێب نەبێ، لە نێو کتێبەکە کاخەزێکی سپی گەورە نووسرابوو منیش دەرم هێناو سەیرم کرد، لەسەرەتای پەڕەکاغەزیەکە نوسرابوو، بۆ هاوڕێیەکەم کە حەزی دەکرد من وەک خەڵک ژیان بکەم.

‘’هاوڕێکەم کە دوێنی کلیلەکانم پێدایت بۆ ئەوە بێت و ئەم نامەیە بخوێنیتەوە، من ئێرەم جێهێشت، بەڕاستی خەڵکی ئێستا زۆر سەیرن، کاتێک کەسێک بەتەنها ژیان دەکات و خۆی لە کەسانی تر بە دوور دەگرێت ئەوە مانای ئەوە نییە کە کەسێکی گۆشه‌گیره‌ یاخوت خەمۆکە، بەڵکوو ئەم کەسە ئازار دراوە و پێویستی بە پشووە. خەلک لە هەڵبەستنی قسەی پڕوبووچ و بێ بنه‌ما هیچ کارێکی تریان نییە، پێت وایە من چیم، من لەشارەکە ڕامکرد تا بەتەنها بژیم، خۆم و ئازارەکانم کەلەگەڵیان کردم، بەڵام مرۆڤە دڕندکان حەزناکەن کەس بێ کێشە سەر بە سەرینەکانیان بکات و بخەون، من لەشارەکەی خۆم نووسەرێکی ناودار بووم بەڵام بەهۆی مەستی چاوێکەوە کەوتمە دەریای تەنهایی، بۆیە تەنهایم هەڵبژارد گوتمە خۆم یان لەگەڵ ئەو ژیانێکی تێکەلاوم دەبێت یان خۆم دەخەمە دەریایی تەنهایی، بۆچی مرۆڤەکان ئەوەندە دڕندەن، بۆچی کەس بەزەیی بە کەس نایەوەتە. لەکۆتاییدا هاوڕێ من قەرزاری تۆم، ئەم کتێبانەم بۆ جێهێشتووی کە نووسیینی خۆمە، وە دڵنیابە ڕۆژێک دەگەڕێمەوە و خۆم دەناسێنم...’’

 

 

گەڕان بۆ بابەت