ما 3212 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

عەلی حەمەڕەشید

ئەوەی کە پێویستە بوترێت ئەوەیە کە مامۆستایانی بەشداربووی ئەم چالاکییە بەحەزێکی زۆرەوە بۆ منداڵ و بۆ وانەکەیان وانەکانیان دەوتەوە،هەموویان تەواوکەری یەکتر بوون لەبابەتەکاندا و زۆرجار واتدەزانی کە یەک وانەیە کەئەمەش سەلیقە و تواناو شارەزایی مامۆستاکانی دەسەلماند و گیانی هاوکاری و یارمەتیدانیان کردبووە بنەما بۆ سەرکەوتنی کارەکانیان.

نمونەی چەند وانەیەک لە وانەیەکی ڕاهێناندا

عەلی حەمەڕەشید

سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

ئاشکرایە کە باخچەی منداڵان تایبەتمەندی خۆی هەیە بەگشتی و بەتایبەتی لە بواری وانە وتنەوە و فێرکردندا.چونکە منداڵانی باخچە سەرەتای دروستبوونی کەسایەتییانە و ئەو قۆناغەش هەستیارە و وا پێویست دەکات کە مامۆستایان بە وردی و وریاییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەن و زانیارییەکانیشیان لەشێوەی چیرۆک و هۆنراوە و شانۆیی و یارییەوە پێبڵێن ،وانەکانیشیان یاری ئامێز بێت و وەرزش و چالاکی جۆراوجۆر کە بگونجێت بۆ ئاستی تەمەنی ئەوان بەکاربهێنرێت.هەروەها ئەو چیرۆک و هۆنراوانەش کە مامۆستایانی بەڕێز هەڵی دەبژێرن و بە منداڵانی دەڵێن گونجاوبێت بۆ منداڵانی باخچە و پەیوەندیشیان هەبێت بەو بابەتانەوە کە بە منداڵانی دەڵێن .وەک لیژنەی باخچە ناحکومییەکانی بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانی و بە مەبەستی زیاتر ئاشنا بوونی مامۆستایانی باخچە ناحکومییەکان دەربارەی شێوازی وانە وتنەوە و چۆنیەتی بەکارهێنای هۆیەکانی فێرکردن و هەڵس و کەوت لەگەڵ منداڵانی باخچەی منداڵان ، باخچەی منداڵانی کوردجینیەس/٢ ی ناحکومی لە چالاکییەکدا  نمونەی چەند وانەیەک لە وانەیەکی ڕاهێناندا کە لە وانەی وەرزش و شانۆ و زانست و میوزیک و هونەر پێکهاتبوو لەلایەن چەند مامۆستایەکەوە بەسەرکەوتوویی پێشکەش بە مامۆستایانی ئامادەبووی باخچە ناحکومییەکان کرا کە لەهەر بەشێکدا چالاکی و جوڵە و هۆی فیرکردنی نوێ و گونجاو و  جیاواز خرانەڕوو کە منداڵان بەپەرۆشەوە لەگەڵ گوێگرتن لەمامۆستا بەشداری وانەکانیشیان دەکرد و خۆشی و حەزکردن بەوانەکان وەک ڕەنگ بە ڕوخساریانەوە دیاربوو،ئاوێتەی جوڵە وەرزشییەکان و گۆرانی و ڕێتمە مۆزیکییەکان و وتووێژو قسەکانی (مشکەبۆر) کە لەشێوەی بوکەڵەدا نمایش دەکرا و تا کۆتایی وانەکانی تریش ئەویش جار جار بەشداری دەکرد و وەک ئامادەبووەیەکی ناو وانەکە ،شێوازی وتنەوەی هۆنراوە بە ئاوازو گۆرانی و توت توتی ئەو شەمەندەفەرەی کە مامۆستا وەک چالاکی و جوڵە بە منداڵەکانی کرد وا هەستیان دەکرد کە لەو ساتەدا هەر بەڕاستی لەناو شەمەندەفەردان و دەچن بۆ گەشت،دوو مامۆستا لەسەرەتای دەستپێکردنیان بۆ وانەیەکی تر یەکێکیان گوڵێکی پێبوو وتی من ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشم کەلەگەڵ ئێوەم ،دواتر دای بە یەکەم منداڵ و داوای لێکرد کە ئەویش هەمان دەستەواژەی وتەوە و گوڵەکەی دا بە منداڵێکی تر ئەویش بەهەمان شێوە وتیەوە و تا کۆتایی هەر منداڵێک وەریدەگرت دەیوتەوە کە ئەمەش نواندنی خۆشەویستی مامۆستا دەردەخات بۆ منداڵەکان.دواتر مامۆستا  چیرۆکێکی بۆ گێڕانەوە بەناوی جوجەڵە.جوجەڵە و ئامۆژگارییەکانی دایکی جوجەڵە و دواتر چوونەدەرەوەی جوجەڵە و فەرامۆشکردنی قسەکانی دایکی  کە  (هەوای ئۆتۆمبیلێکی تیژڕەو دەیخات بەزەویدا و دەیگەیەننە پزیشکی تایبەت بە گیاندار و باڵندە چونکە وەک چۆن پزیشکی تایبەت بەمرۆڤ هەیە بەو شێوەیەش پزیشکی تایبەت بەوان هەیە).باسکردنی پیشەی دارتاشی و پزیشکی کەیەکێکیان بابەتی وانەی پێشووبوو وای لە منداڵان کردبوو کە بەشێوەیەک تامەزرۆ بوون وەک لە شاری یاری یان لەسەیرانگەیەکدا دانیشتبن وابوو،کۆمەڵێک لەو پێداویستییانەی کە دارتاش بۆ کارکردن بەکاری دەهێنێ وێنەکانی بە بچوکی دانرابوون و مامۆستا لەکاتی وانەکەدا نیشان منداڵانی دەدا،وێنەی دارتاشێک بەگەورەیی ،دواتر سندوقێکیان هێنا کە یەک یەک منداڵانیان بانگ دەکرد تا دەست بکات بە سندوقەکەدا هەر شتێکی دەرهێنا ناوەکەی بڵێت کە سەرجەمیان پێداویستییەکانی دارتاش و پزیشک بوون یان ئەو کەرەستانەی کە پەیوەندیان بەو دوو پیشەیەوە هەیە.چەندە جوان و سەرنجڕاکێش بوو کە یەکێک لە مامۆستاکان خوی خست  و وتی ئای ئای قاچم منداڵێکیان نارد کە بچێت بەدوای پزیشکدا کە لەو دیو دەرگەکەوە منداڵێکیان دانابوو جل و بەرگی پزیشکیشی لەبەردا بوو هاتە ژوورەوە کەجوان بوو خێرا تەماشای قاچی مامۆستای کرد و وتی هیچ نییە  و لەزگە و شتی بۆ بەکار هێناو وتی زۆر باشە ئازارەکەشت نامێنێ،لەوکاتەدا (مشکەبۆر) بانگی کرد و پرسیاری لێکرد زۆر بەجوانی وەڵامی دایەوە،لەڕاستیدا ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکییانە لەگەڵ ئەوەی کە وانەکە لای منداڵ خۆشەویست دەکات و لەبابەتەکەش بەباشی تێدەگات،لەیادەوریشیدا دەمێنێتەوە،هەروەها وا لە منداڵ دەکات کە زیاتر بڕوای بەخۆی ببێت و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی کەسانی تری هەبێت و بە شێوەیەکی باش وەڵامی گونجاویان بداتەوە.لەبەشێکی تردا باسی نیشتمان و هەرێم و شارەگەورەکانی هەرێم کرا و وێنەی شارەکانیش بەشێوەیەکی جوان دانرابوون.وەرزش بەشێوەیەکی جوان لەڕێگەی چەند یارییەکەوە کە بووە مایەی زیاتر دڵخۆشکردنی منداڵان.پێویستە مامۆستا پرسیار ئاراستەی گشت بکات و وەڵام لەیەک منداڵ وەربگرێت ،دواتر ئەگەر ویستی دەتوانێت داوا لە منداڵانی ژوورەکە بکات کە دووبارەی بکەنەوە،کە بەو شێوەیە منداڵ فێری ئارامی و یاسای پۆل و لەخۆیەوە وەڵام ناداتەوە تا داوای لێدەکرێت.لەبەشی مۆزیکدا گۆرانی شاری سلێمانی و ئاڵای کوردستان وترا و دروستکردنی ڕیتمی مۆزیک بە دوو داری بچوکی درێژ کە منداڵان چێژێکی تایبەتیان لێوەردەگرت.لەبەشی هونەریشدا مامۆستا منداڵانی بەشێوەی گروپ داناو پێداویستییەکانی دروستکردنی وێنەیان خرایە بەردەست کە بۆیەی ئاوی و ئاو و لاکێشەیەکی بچوک کە هەریەکەیان لە شەش داری چلورە دروست کرابوو کە مامۆستا ڕێنمایی کردن تا ئاڵای کوردستان دروست بکەن،چەند جوان بوون هەریەکەو سەرقاڵی ڕەنگکردن و دروستکردنی ئاڵای کوردستان بوون،ئەوەی کە پێویستە بوترێت ئەوەیە کە مامۆستایانی بەشداربووی ئەم چالاکییە بەحەزێکی زۆرەوە بۆ منداڵ و بۆ وانەکەیان وانەکانیان دەوتەوە،هەموویان تەواوکەری یەکتر بوون لەبابەتەکاندا و زۆرجار واتدەزانی کە یەک وانەیە کەئەمەش سەلیقە و تواناو شارەزایی مامۆستاکانی دەسەلماند و گیانی هاوکاری و یارمەتیدانیان کردبووە بنەما بۆ سەرکەوتنی کارەکانیان،دەستخۆشی لە کارگێڕی و مامۆستایانی باخچەکە دەکەین،لەکۆتاییدا هیواخوازین کە مامۆستایانی ئامادەبوو سودیان لەو چالاکییە وەرگرتبێت تا بتوانن لەگەڵ زانیارییەکانی خۆیان ئاوێتەی بکەن و لەباخچەکانی خۆیاندا بەکاری بهێنن.ئێمەش وەک لیژنەی باخچە ناحکومییەکان لەکۆتاییدا  دەستخۆشی و تێبینی و سەرنجی خۆمان خستەڕوو بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی هەمووان و چالاکییەکانی ناو وانەکەم بەشێوەی هۆنراوە بۆ ئامادەبووان خوێندەوە کە لەکاتی بەڕێوەچوونی وانەکەدا لەگەڵ تێبینییەکانمدا نووسیبووم کە بووە مایەی خۆشحاڵی بۆ هەمووان ،وا لێرەدا دەینووسم:

وا باخچـــــەی منــــداڵانی...کوردجینیەس گشت ئامادەن

بەچـــالاکی جـۆرا و جـــۆر...پێشـــوازیتان لێدەکـــــەن

...

بـەئــــاوازێکی دڵگـــــیر...دەڵێن بەخێربێن هەمــــوو

بە هـــاتنتان خۆشحـــاڵین...باخچەکەمــان جوانتر بوو

...

ئەم وانەیە زۆر خۆشـــــە...بوو بە شــــــانۆی بوکەڵە

یاری و وەرزش و مــۆزیک...گـۆرانیشی لەگــــــــەڵە

...

مامۆستاکانیش یەک یەک...چـــــــالاکییان دەنـوێنن

توانا و شـــــــارەزاییـان...بە بـاشی بەکــــــاردێنن

...

خۆ چـــالاکی جۆراو جـۆر...لەگــەڵ وانــەی ڕاهێنان

بەســــودە بۆ مامــۆستا...لەنێو باخچــەی منداڵان

 

 

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت