ما 864 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەزا شوان

پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان ئەوەش بـزانن، کە ئەمڕۆ دوێـنێ نییە. لەم سەردەم و رۆژگارە جەنجاڵەی ئەمڕۆی پڕ لە گۆڕانکاری و داهـێنانی مۆدێـری سەیر و سەمەردا، هـێندەی تـر ئەرک و پێویستـیی پەروەردەکـردنی دروستی منـداڵەکانتان قـورستر بووە. پێویستییەکی زیـاترتـان بە زانیاری و بە شارەزایی و هـۆشـیاری و بە شـێوا و رێبازی تـازە هـەیە، بۆ ئەوەی بتوانـن لە پەروەردەکـردنی دروستی نـوێ و لە مامـەڵەکـردن و رەفـتارکـردنی راسـت لەگـەڵ منـداڵـەکانتـانـدا بەخـتـەوەر وسـەرکـەوتـووبـن.

پێویستە دایکان و باوکان پێشەنگی باشـبن بۆ منـداڵەکانیان

 رەزا شـوان
 

دایکان و باوکانێکی زۆر نیگەرانی ئەوەن، کە منـداڵەکانیـان لە قـوتـابخـانەدا، بـوونە بە پاشکـۆی هـاوڕێکانیـان و ناتـوانن کەسایـەتی خۆیـان بسەلـمێـنن و لە کارەکـانیانـدا رابـەری و سەرکـردەیی بکەن و تەوای بەهـرە و توانـاکانیان بۆ کەسـانی تر دەربـخەن. ناشتوانـن بە ئاسانیش گوزارشت لە را و لەبهـزری خۆیـان بکەن. چـونکە بێ ئیـرادەن و بـروایـان بە تـواناکانی خۆیـان نییە. لەوانە هـۆی سەرەکی لاوازیی منـداڵەکانیان لەم رووەوە، ئەوەبێت کە دایکان و باوکانیان رێـنـیشانـدەر و پـێشەنگـیان نەبـوونە و نیـن.

پێویستە دایـکان و باوکـان، وەکو یەکـەم مامـۆسـتای منـداڵەکانیان، لە پەروەردەکـردنی دروسـت و رێـنمـایی پێـویسـت، هـەسـت بە بەرپـرسیارێـتی ئەستـۆیـان بـکەن. چونـکە کاریگەری و رۆڵێکی گرنگ و سەرەکییان لە بنیاتنانی کەسایەتی دروست و هاوسەنگی منداڵەکانیانـدا هەیە. زۆربەی ئەو شتانەی منـداڵان لە قـۆناغی بەرایی ژیانیانـدا فـێریان دەبن و وەریان دەگرن، ئەرێنی بن یا نەرێنی بن، لە دایکان و باوکانیانەوە فـێریان دەبن و وەریان دەگرن. چونکە منداڵان لەو قۆناغـە هەستیار و چارەنووسسازەدا، کە بناغەی کەسایەتییان دروست دەبێت. چـاولێکەر و لاساییکەرەوەن، بە وردی چاودێـریی رەفـتار و هەڵسوکەوت و کردەوەکانی دایکان و باوکانیان دەکـەن و چاویان لێدەکەن و لاساییان دەکـەنەوە. ئـەم راسـتییەش ئەوە دەخـوازێت، دایکان و باوکان ئەو بـزانن کە کسەنگی مەحـەکی پەروەردەکـردنی دروستی منداڵەکانیـانـن. بۆیـە پێویسـتە لە قـسە و لە کـار و رەفـتارەکانیانـدا، هـەمیشە راستگۆ و هـاوسەنگبن و پێشەنگ و نموونە و سەرمەشـق و رابـەر و رێـگانـیشانـدەری باشـبن بـۆ جگـەرگـۆشـەکـانیـان. پێـویسـتە قـسەکانیان و کـردارەکانیان یەکـبن و نابێـت بە پێچـەوانـەی یەکـترییـەوەبـن. تا منـداڵەکانیان چاویان لـێیانبکـەن. کە گەورەشبوون هەمان خەسڵەتی جـوان و باشیان هـەبێت. وەکو دەڵـێن: "فـێربـوون لە منـداڵیـدا وەک نەقـشی سەر بـەرد وایە" کوردیش دەڵێـت: "خـوویـەک گـرتـت بە شـیری.. تـەرکی ناکـەیـت بە پـیری".

ئایـا ئەوە راسـتە کە باوکـێک ئامـۆژگـاریی منـداڵەکـانی بـکات و بڵـێت: جـگەرەکـێـشان سەرەڕای زیـانی ئابووری، زیـانێکی زۆری بۆ تەنـدروستی مـرۆڤ هـەیە. کەچی خـۆی لە ماڵەوە، لە بەرچـاوی و منـداڵەکانیانـدا، مـژ لە جـگەرە دەدات و دووکەڵەکەی بە بـادا دەدات؟ کەواتە ئەم باوکە قـسەکانی لەگەڵ کـردارەکانیدا پێچەوانەی یەکـترین. یا یەکێک لە دەرگایان بدات، بە منداڵەکەی دەڵێت: بـڕۆ بـزانە کـێیە؟ ئەگەر وتیان باوکت لە ماڵـە؟ پێی بـڵی لە مـاڵ نییە و هـێشـتا نەهـاتـۆتـەوە. منـداڵەشی وەکـو خـۆی فـێرە درۆدەبـێت. ئـەم بـاوکە نمـوونـەیـەکی خـراپـە بـۆ منـداڵـەکـانیان. خەسـڵەتی پێـشەنـگی تێیـدا نیـیە.

لە سایەی خۆشەویستی و میهـرەبانی و رێـز و تەبـایی و لێبووردن و پەیونـدیی ئەرێنی نێـوان دایکان و باوکان و منـداڵەکانیانـدا. ژیـانێکی خـۆش و ئاشـتی و ئاسـوودەیی بـاڵ بەسـەر خـێزانـدا دەکـێشێـت. دەتوانـن بە هـاوکاری و بە هـێمـنی و بە هـاوڕایی، لغـاوی کـێشە و گرفـتەکانیان بکەن و چارەسەری گونجـاویـان بۆ دابنـێن. ئەمەش رازی شادی و بەخـتەوەریی و خـۆشنوودیی خـێزانە.

دایـکان و باوکانی بەڕێـز، تا رادەیـەکی زۆر چارەنـووس و داهـاتووی منداڵەکانتان، لە ئەستۆی ئێـوە دایـە. بە شێوەیەکی کـردەوەیی و زانستییانە، بە بەها و میتـۆدی بەرز و بە دروستی منـداڵەکانتان پەروەردە بکەن و رایان بهـێـنن. منداڵەکانتان کرداریـان لێتان دەوێـت نەک هـەر قـسە و بەڵـێن رووت.
(ویـن دایـەر ) دەڵێـت:" منـداڵەکانتـان دەڕواننـە هـەمـوو ئـەو کـردارانەی لە ژیـانتانـدا دەیـانکەن.. نـەک لـەو قـسانـەی دەیـانـکەن".

رێی ئـازادی لە منداڵەکانتـان مەگـرن، سەرکـوێـریان مەکـەن و با بە راشکاوی و بەبێ تـرس، گوزارشت لە راز و لە نیازە پاکەکانیان بکەن. بە هـەنـدیـان بـزانن و لە بـڕیارە خـێزانییەکانتانـدا، فـەرامۆشـیان مەکەن و پـرسیان پێـبکەن و سوود لە را و بۆچوون و پێشنیارەکانیان وەربگـرن. بە تایبەتیش لەو بـڕیارانەی پەیوەنـدییان بە خۆیانەوە هەیە.

بەڵام کـۆنترۆڵکـردن و پابەنـدبـوونیيش بە دەستوور و بە یاسـا و رێـسای خـێزانییەوە، پێویستە جێبەجـێبکـرێن. بۆ ئەوەی منـداڵەکانتان سەرپێچی نەکەن و سنوور نەبەزێـنن. هەمیشە هەوڵی رەخـسانـدنی زەمـینەیەکی خـێزانی شاد و بەختەوەر و کەشوهەوایەکی خـۆشـەویستی و رێـز و سـۆزداری و دلـۆڤـانی و هـاوسـەنـگی بـدەن.

پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان ئەوەش بـزانن، کە ئەمڕۆ دوێـنێ نییە. لەم سەردەم و رۆژگارە جەنجاڵەی ئەمڕۆی پڕ لە گۆڕانکاری و داهـێنانی مۆدێـری سەیر و سەمەردا، هـێندەی تـر ئەرک و پێویستـیی پەروەردەکـردنی دروستی منـداڵەکانتان قـورستر بووە. پێویستییەکی زیـاترتـان بە زانیاری و بە شارەزایی و هـۆشـیاری و بە شـێوا و رێبازی تـازە هـەیە، بۆ ئەوەی بتوانـن لە پەروەردەکـردنی دروستی نـوێ و لە مامـەڵەکـردن و رەفـتارکـردنی راسـت لەگـەڵ منـداڵـەکانتـانـدا بەخـتـەوەر وسـەرکـەوتـووبـن.

 

         

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت