ما 11776 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەزا شـوان

جودی بلوم نووسەرێکی ئەمریکی ناسراوە لە بواری ئەدەبیاتی منداڵان و نەوجەواناندا، بە داهـێنانی چـیرۆک و رۆمـانی خەیاڵی بـۆ منـداڵان و هەرزەکاران ناسراوە. سەنـگ و پێگەیەکی بـاڵا و رێـز و خۆشـەویستییەکی زۆری لەنـاو خوێنەراندا هـەیە، بە تایبەتیش لەنێوان نەوجەوانـانـدا کە سەرسامی نووسینەکـانـین. بلوم بەشداریی لە کۆرسێکدا کرد، لە لایەن زانکۆی نیویۆرکەوە کرایەوە بۆ ئەوانەی بەهـرە و حەزی نووسینیان هەبوو.

جـودی بلـوم رۆماننووسی مـنداڵان و نەوجەوانـان

رەزا شـوان

                                                                      
خاتـوو جـودی بلـوم، ناوی تەواوی (جـودیـس نی سوسـمان) ە، نووسەرێکی ئەمریکی بەناوبـانـگە، لە نووسـینی چـیرۆک و رۆمـان بۆ منـداڵان و نەوجـەوانـان و گەورەکـان. جودی لە رۆژی (١٢/ فـێبروار/١٩٣٨) لە شاری (ئیزابێس) لە ویلایەتی (نیوجێرسی) لە وڵاتـە یەکگـرتـووەکـانی ئەمـریـکا، لە دایکـێکی مەسـیحی (ئـیـستـیـر نی رۆزنـفـێـڵـد سوسمان) ژنی مـاڵـەوە، باوکـێکی جـوولـەکە (رۆدۆڵـف سـوسـمان) ی پـزیـشکی ددان، لەدایکـبووە. بـرایەکی هەبـوو (دیڤــید) پێـنج ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو. جودی منداڵی دووەمی خـێزانەکەیەتی. خێزانەکەی بە رۆشنبیریی جوولەکە گۆش و پەروەردەکـراون. جودی بـلـوم چانسی ئەوەی پێـدرا، کە لە رێگای کـۆمەڵـێک چالاکـییەوە، بەهـرە و وزە داهـێنەرەکـانی خـۆی بسەلـمێنێـت. لەوانـەش بەشـداربـوونی لە وانـەی پیـانـۆ لێـدان و سەماکـردن. بە تایبەتیش چـێژێکی زۆری لە خـوێنـدنەوەی پەرتووک وەردەگـرت، ئەم خـووەش لـە دایـک و بـاوکـیـیەوە فـێـربـوو. بە بەردەوامیـش لە ئەنـدێـشـە و هـزریـدا چـیرۆکی دادەهـێنا. بەڵام وەکو منـداڵـێک خەونی ئـەوەی نەبـوو کە ببێـت بە نووسـەر.
جـوی کچـۆڵەیەکی جـوانی زۆر رووخۆش و گەشبین بوو. هەمیشە لێـوبەخـەنـدە بـوو.

جـودی بلـوم لە ساڵی (١٩٥٦) دا، لە قـوتابخانەی ئامادەیی (باتـین) ی کچـان بە پلەی نایـاب دەرچـوو. لە زانکـۆی نیـویـۆرک وەرگـیرا، لە سـاڵی (١٩٦١) دا، بـڕوانـامـەی بەکالـۆریـۆسی لە پـەروەردەدا وەرگـرت. بـوو بە مامـۆسـتای قـوتـابخـانەی ناوەنـدی.

لە ساڵی (١٩٥٩) دا باوکی جودی کۆچی دوایی کرد. هەر لەم ساڵەدا لە زانکۆدا لەگەڵ پارێزەر (جـۆن ئێـم بلـوم) دا، یەکترییان ناسی و هـاوسەرگیرییان کـرد. لێـڕەوە (بـلـوم) بوو بەنازناوی جـودی. دوو منـداڵیان بوو، کچەکەیـان (رانـدی ـ ١٩٦١) و کوڕەکەیان (لـۆرێنس ـ ١٩٦٣). لە ساڵی (١٩٧٥) دا، ئەم دوو هاوسەرە لە یەکتری جیابوونەوە.

هـەر لە سـاڵی (١٩٧٥) دا، جـودی بلـوم (تـۆمـاس ئەلف کـیتـشنـز) ی زانـای فـیزیـای ناسی و بە خـێرایی هاوسەرگـیریی لەگەڵـدا کرد. لە ساڵی (١٩٧٩) دا لەم هاوسەرەشی جـیابـۆوە.

جـودی لە ساڵی (١٩٨٧) دا، بۆ جـاری سێیەم هـاوسەرگـیریی کـرد. ئەمجارەیان لەگەڵ (جـۆرج کۆپـەر) ی مامۆستای پێشووی یاسادا هـاوسەرگیریی کرد. ئەم هـاوسەرگیرییە سـەقـامگـیری و بەخـتـەوریی پێـبـەخـشی. ماڵـیان گـواسـتەوە بـۆ (نیو مەکـسیکـۆ) لە ریستـۆرانەکـانـدا کـاریـان دەکـرد.

لە سـاڵی (٢٠١٢) دا، لە رێـگای پـشکـنینی سـۆنـارەوە، دەرکـەوت کـە مەمـەکـەکـانی جـودی بلـوم توشی شـێرپەنجـە بوونە. بە سەرکەوتـوویی نەشتەرگەریی مەمکـبڕین و دووبارە دروستکـردنی مەمـکـیان بۆ ئەنجـامـدا. شـێرپـەنجـەی نەمـا و چـاکـبـۆوە.

جودی بلوم نووسەرێکی ئەمریکی ناسراوە لە بواری ئەدەبیاتی منداڵان و نەوجەواناندا، بە داهـێنانی چـیرۆک و رۆمـانی خەیاڵی بـۆ منـداڵان و هەرزەکاران ناسراوە. سەنـگ و پێگەیەکی بـاڵا و رێـز و خۆشـەویستییەکی زۆری لەنـاو خوێنەراندا هـەیە، بە تایبەتیش لەنێوان نەوجەوانـانـدا کە سەرسامی نووسینەکـانـین. بلوم بەشداریی لە کۆرسێکدا کرد، لە لایەن زانکۆی نیویۆرکەوە کرایەوە بۆ ئەوانەی بەهـرە و حەزی نووسینیان هەبوو.

جودی بلوم لە ساڵی (١٩٥٩) وە، دەستی بە نووسین کرد. سەرەتا بە نووسینی چیرۆک دەستیپێکرد. یەکێکە لە نووسەرە لاوە پێشووەکان. زۆر چاودێرییان دەکرد و سانسۆر و فـشار و سەرنـج و ئابـڵـۆقـەیـان دەخـسـتە سـەر چـیرۆک و رۆمـانەکانی و تەنـگـیان بە نووسینەکـانی هـەڵـدەچـنی و لـۆمەیـان دەکـرد و تانـەیـان لە راشکاوی زمـانەکەی دەدا. چـونـکە لە هـەنـدێ لە رۆمـانـەکـانی دژەبـاوە، سەرنـجی خـستـە سەر هـەرزەکـاران و دەربارەی سـوڕی مانگـانەی کـچـان (بـێنـوێـژی) و گـێچـەڵی سێکـسی کـوڕان و وێنەی ئەنـدامانی جـەستە و سـێکس و خۆشەویستی و دەسترێـژی سێکـسی و جیابـوونەوە و مـردن بـوون بۆ منداڵان و هەرزەکاران. ئەم بابەتانەی هەرایـان نایەوە و بوونە هـۆی ورووژانـدنی مشـتومـڕ و دژایەتیکـردن. بەڵام بلـوم متمانەبەخـۆ و ئیـرادە بەهـێزبوو، نوێخـواز و داهـێنەر بـوو. کـۆڵی نەداو و درێـژەی بە نووسینەکـانی دا و رووبەڕووی  چـاودێـری و سانسۆری و رەخنـەکـان بـۆوە.

جـودی بلـوم لە سەرەتادا کۆمەڵێک چـیرۆکی بۆ پەرتووکەکانی خوێندنەوەی قـوتابیـانی قـوتابخانەی ناوەنـدی نووسی. بۆ یەکـەم جـاریـش لە ساڵی (١٩٦٩) دا، پەرتـووکـێکی چـیرۆکی بە ناونیـشـانی (یەکـێک لە نـاوەڕاسـتـدایە، ئـەوە کەنـگەرۆ سـەوزەکـەیە) بۆ منـداڵانی نووسی و چـاپیکـرد. لە دوای ئەم پەرتـووکەیدا، لە ساڵی (١٩٧٠) دا، یەکەم رۆمانیشی بۆ منداڵان نووسی و چاپیکرد، بە ناونیشانی (ماڵی ئـیگی) باس لە خێزانێکی ئەمـریکی بە ڕەسـەن ئەفـریـقی دەکـات، کە مـاڵـیان دەگـوێـزنـەوە بـۆ گـەڕەکـێکی سـپی پێـستەکان. ئەمانـە نـاوی چەنـد پەرتووکـێکـن لە پەرتووکە چاپکـراوەکانی جـودی بلوم، کە بـریتین لە رۆمـان بۆ منـداڵان و بۆ هـەرزەکاران بۆ نـەوجـەوانـان و بۆ گەورەکـان:

(ئایا تـۆ لەوێـیـت خـودا؟ منـم، مـارگـرێـت ـ ١٩٧٠)، (چـیرۆکـەکـانی هـیچ شتـێک ـ بۆ پـۆلی چـوارەم ـ ١٩٧٢)، (هـەروەهـا بە شـیلای گـەورەش ناسـراوە ـ ١٩٧٢)، (ئـەوە کـۆتـایی جیهـان نییە ـ ١٩٧٢)، (دیـنـی ـ ١٩٧٣)، (بـلـوبـەر ـ ١٩٧٤)، (تـا هـەتـایە ـ ١٩٧٥)، (سـوپـەر فـۆدج ـ ١٩٨٠)، (چـاوی پـڵـنـگ ـ ١٩٨١)، (شـۆربـای رۆژانـی شەممە ـ ٢٠٠٦)، (ئەوەی منـداڵەکانت ئاواتـەخـوازن پێت بڵـێن ـ ١٩٨٦)، (هـاوڕیی دایـکی شـەڕانی ـ ٢٠٠٨)، (شـوێنـانێک هەرگیز مەبەستم نەبـوو کە لـێیبم ـ ١٩٩٩). ئەم رۆمانانەشی بۆ گەورەکان نووسیوە: (ویـفی ـ ١٩٧٨)، (ژنانی زیرەک ـ ١٩٨٣)، (خـوشـکانی هـاویـن ـ ١٩٩٨)، (لـە رووداوی بـەدوور لـە چـاوەڕوانـیـدا ـ ٢٠١٥).

جودی بلـوم لە ساڵی (١٩٨١) دا، بیـرەوەرییەکانی خۆی لە پەرتووکێدا بڵاوکردۆتەوە.
 بلـوم تـێکـڕا زیاتر لە (٥٠) پەرتووکی چـیرۆک و رۆمـانی بۆ منـداڵان و نەوجەوانان نـووسـیوە و چاپـیکـردوون. پەرتـووکەکـانی وەریانگـێڕاون بـۆ (٣٢) زمـانی جیهـانی. تا ساڵی (٢٠٢٠) زیـاتر (٨٥) ملیـۆن دانـە لە پەرتـووکەکـانی لە جیهـانـدا فـرۆشـران. بەشی زۆری پارەی داهـاتی پەرتووکەکانی خستە (سندوقی منـداڵان) ەوە. کە لە ساڵی (١٩٨١) دا دایـمەزرانـد، بۆ پشتگیریکردن لە رێکخـراوەکـانی قـازانـج نەویسـت، کە هـانـدەری پەیـوەنـدیی بـاشی نێـوان دایـکان و بـاوکـانـن لەگـەڵ منـداڵـەکـانیان.

رۆمـانی (تا هەتـایە ـ ١٩٧٥) یەکەم رۆمانی جودی بلـومە، کە باس لە ژیانی سێکسی لە قـۆنـاغی هـەرزەکاریـدا دەکـات و بە ئاسـایی پیـشـانی داوە. بلـوم روونی کـردۆتـەوە سەرچاوەی ئیلهـامی ئەم رۆمانەی لە کچەکەی (رانـدی) یەوە بـۆی هـات، کە ئەو کاتە تەمەنی (١٣) ساڵان بوو. وتی دەمەوێت ئەو پەرتووکانە بخوێنمەوە کە کارەکتەرەکـان سێکسی بکەن، بەڵام دوای ئەوە نەمـرن. پاڵەوانی رۆمانی (تا هەتـایە) کـچ و کوڕێکی قوتابین. (کاتـرین دانـزگەر) و (مایکل واگـنەر ) کە لە دوو نامادەییدان، بە رێکەوت لە ئاهـەنگی جـەژنی سـەری ساڵی زاینی، یەکـتری دەبینـن و دەکەونە خـۆشـەویستیـیەوە.
 ئەم رۆمانە، گەلێ بابـەتی ئاڵـۆزی نابـاوی لەخـۆگـرتـووە، وەکـو: مـلمـلانـێی خـێزانی، مـووبەکـردن، وێنـەی جەسـتە، سێکسی کـردن. بلـوم دەربـارەی نووسینی ئەم بابەتانە، بە تایبـەتیـش سـێکـس، روونی کـردەوە، کە پێـیـوایە منـداڵان پێـویستییان بـەوە هـەیە دەربارەی سێکس بـزانـن و زانیارییان هەبێت. خۆشی لە منداڵـیدا پـرسیاری دەربارەی ئـەم بابـەتە دەکـرد. بـۆ مـاوەی چـەنـد ساڵـێک، خـوێنـدنـەوەی ئـەم رۆمـانەی بلـوم لە لایەن دەزگـای چاودێـری و سانسۆرییەوە، لە ئەمـریـکادا قـەدغـە کـرا. ئەم رۆمـانە لە ساڵی (١٩٧٨) دا کرایە زنجیرە درامایەکی تەلەفـزیۆنی و لەسەر تۆڕی (س. بی. سی) نمایشکـرا. دواتـریش کـرا بە فـیـلمـێکی سـینەمـایی.

جـودی بلـوم بە نووسین و بڵاوکردنەوەی پەرتووکی شاکارە رۆمانی (ئایا تـۆ لەوێیـت خـودا؟ منـم مارگـرێـت ـ ١٩٧٠) ناوبانگی دەرکرد، بە تایبەتیش لەنـاو هەرزەکاران و نەوجەوانان دا، زۆرتـرین دانەش لەم پەرتـووکەی فـرۆشـرا. بلـوم لـەم رۆمـانەیـدا لە میانەی پاڵەوانی رۆمـانەکـەیەوە (مارگـرێـت سـیمـۆنە) وەک یەکـەم رۆمـانی، باس لە قـۆناغـی پێش هەرزەکاری و لە باڵـقـبوون و لە سێکس دەکـات. (مارگـرێـت) کچـێکی هـەرزەکاری (١١) ساڵانە. لە دایکێکی مەسیحی و لە باوکێکی جوولەکە لەدایکبووە. خـێزانەکەیـان گۆاستیانەوە بۆ شارێکی تـازە. مارگـرێت کـە بـە قـۆنـاغی باڵـقـبوون و هـەرزەکـاریـدا تـێـدەپـەڕێـت. وێـڵی دوای خـوێنـدنەوەی پەرتـووکـە سـێکـسیـیەکـانە. دەیـەوێـت لـە نهـێـنـیـەکـانی چـەمکـی جـەسـتـەی و لـە گـەشـەکـردن تـێـبگـات و چی پەیـوەنـدییـەکـیان لەگـەڵ ئـایـندا هـەیە. بـۆ رەوینـەوەی ئـەم گـومـانەی، راسـتەوخـۆ لەگەڵ خوادا قـسەدەکات، نابەڵەدە و نادڵنیایە دەیەوێت راستییەکان بزانێت، دەربارەی رازی ئـەو گـۆڕانـکارییـانەی کـە دێـنـە رێی، وەکـو بـۆ یەکـەمجـار ســوڕی مـانـگانە (بـێـنـوێـژی) و قـوتبـوونـەوەی مەمـکەکـانی و گـێـچـەڵی سـێکـسی کوڕان و... هـتد.
ئەم رۆمـانە بابەتی ئاڵـۆز و ورووژێنـەری دژەبـاوی لەخـۆگرتووە، وەک مـلمـلانێ و مشـتومـڕی نێوان خـێزان و چـەوسانـدنەوە و هـەژاری و وێنەی جەستەیی و خەم و سـێکـس و مـردن. جـودی بلـوم جەخـتی لەوە کـرد، کـە مەبـەسـتی لە نـووسینی ئەم جـۆرە بـابـەتـانـە دەربـارەی جـەسـتە و سـێکـس، بەخـشـینی زانیـاریی پێـویـسـت و رۆشـنبریی سـێکـسییە بە منـداڵان و هـەرزەکـاران و نەوجـەوانـان.
لە لایـەن ئەو کچـە هـەرزەکـارانەی کە ئەم رۆمـانەیـان خوێنـدەوە. بە سـەدان نامەی دەستخۆشی گەیـشتنە جودی بـلـوم. ئەوەیان بۆ نووسـیوە، کە رۆمـانەکەتمان زۆر بە دڵە، چـێژێکی زۆرمان لە خوێندنەوەی وەرگرت. خۆشمان لەگەڵ مارگرێت دەناسێنین. ئـەم رۆمـانە کـراوە بـە فـیـلـمـێکی درێـژ. راگـەیـەنـدرا کـە دەرهـێـنانی تـەواوبـووە، تـرەیـلەری (بەشێکی) فـیـلمـەکە لە مـانـگـی یـەکی ئەمسـاڵـدا (٢٠٢٣) بڵاوکـرایـەوە. لەوانـەیە لـە چەنـد رۆژی داهـاتـووی ئەمسـاڵـدا. تـەوای فـیلـمەکـە نمـایـش بکـرێـت.

رۆمانی (بلـوبەر ـ ١٩٧٤) باس لە کچـێکی قـەڵـەو دەکـات، کە لە پـۆلـەکەیـدا لەبـەر قـەڵـەوی و قەبەیی گـاڵتەی پێـدەکەن. رووداوەکـانی ئەم رۆمـانە لە: رادنۆ، ویلایەتی پەنسلڤـانیـا، لە یەکـێک لە گەڕەکەکـانی شاری (فـیلادلـڤـیا) یە.  

لە رۆمـانی (کـۆتـایی جـیهـان نیـیە ـ١٩٧٢) بـاس لـەو کـێشـانە دەکـات کە دێنـە رێی منـداڵان، وەکـو چـەمکی جـیابـوونـەی دایـکان و بـاوکان و دۆخـی منـداڵان.

پەرتـووکەکـانی جـودی بلـوم، کەوتبـوونە نـاو بازنـەی دژایەتیکـردنەوە، یەکـێکە لـەو نووسەرانەی کە زۆرترین رەخـنەی لێـدەگـرن. لە (١٠٠) پەرتـووکی قەدەغـەکـراو لە جیهاندا، پێنج لە پەرتووکەکانی بلوم لە لیستەکەدان. بەڵام لەگەڵ ئەم دژایەتیکردنەشدا، جودی بلوم یەکێکە لەو نووسەرانەی کە بە ملێۆنان خوێنەر لە جیهانـدا پەرتووکەکانی دەخـوێننەوە، بە تایبـەتیش لە لایـەن هـەرزەکـاران و نەوجـەوانـانەوە.
جـودی بلـوم نووسـەرێکی کراوە و راستگۆیە دەربارە ئەوبابەتانەی کە لە رۆمانەکانیدا نـووسـیوون. هەمـوو ئەو رەخـنانەی کە لـێیانگـرت کـوڵـیان پـێی نەدا و سـاردنەبـۆوە.
ئەمساڵ (٢٠٢٣) جودی بلوم یەکێکە لەو (١٠٠) کەسایەتییە هەڵبژێراوانەی کە رۆڵی کـاریگەرییـان لە جـیهـانـدا هـەبـوو، لـە لایـەن گـۆڤـاری (تـایـم ) ەوە هـەڵـبژێـراون.   

جـودی بلـوم، سەرەڕای ئەوەی کە نووسەر و مامۆستا بوو، لە چەنـد بـوارێکی کەشدا چـالاکوانێکی چـالاک بوو. داکۆکیکەرێکی سەرسەخـت بوو لە ئازادی هـزری و ئازادی خوێنـدنەوە. شەڕی لە دژی لە چـاودێـری و سانسۆری خستـنە سەر بیـروڕای ئـازاد و قەدەغـەکـردنی پەرتـووک دەکـرد. کە لە ساڵانی هـەشـتاکـانـدا، چـەنـدیـن پەرتـووک لە ئەمـریکادا قـەدەغـەکران. بلـوم ئەندامێکی چالاکی دەستەی بەڕێوەبەری (ئەنجوومەنی هـاوپەیـمانی نیشـتـمانی) بوو، لە دژی سانسۆرکردن و چاودێـری. ئەنـدام و رازگـری دامـەزراوەیـەکی فـێرکـاری و خـێرخـوازی بـوو، بە نـاوی (کـۆمـەڵـەی نـووسـەران و وێـنەکـێشانی منـداڵان). دامـەزرێنـەر و بەڕێـوەبـەری دامـەزراوەیـەکی خـیرخـوازی و پـەروەردەیـی بـوو، بـە نـاوی (سـنـدوقـی منـداڵان). ئـەنـدامی (دەسـتـەی کـارگــێـڕی سـەنـدیـکای نـووسـەران) بـوو. لە چـەنـدیـن کـۆمـەڵـەی کەشـدا ئەنـدام بـوو.

زۆر لە رەخنەگـرانی پسپۆر، ستایشی جودی بلومیان کـرد، کە دەیەوێـت بە رێگایەکی راست و دروست و تێگەیشتن و بێ شەرمکـردن، مامـەڵە لەگەڵ تەمەنی باڵـقـبوون و هـەرزەکـاران و لەگـەڵ چـەمـک و بابـەتە هـەستـیارەکـانـدا دەکـات.
بەڵام لە لایەن هەنـدی لە دایکان و باوکان، رەخنەگـران، گـروپە سیاسییەکان، پیاوانی ئاینی، خـاوەنی پەرتووکخـانەکانەوە، بە تـونـدی رەخـنەیەکی زۆریـان لە جـودی بلـوم گـرت. هەڵمەتێکی زۆریـان دەستپێکـرد بۆ قەدغـەکـردن و کـێشانەوەی پەرتـووکەکانی لە پەرتووکخانەکانـدا. بانگەشەی ئـەوەیـان دەکـرد کە جـودی بلـوم، بە راشکاوی و بە زەقی، مامەڵەی لەگەڵ سوڕی مانگانە و سـێکـس و گەشـەکـردنی ئەندامانی پۆشراوی جەسـتەی کچـان و کـوڕان و باڵـقبـوون و خۆشـەویستی کـردووە. بێ ئـەوەی گـوێ بە سۆزداری و بە رەوشـت بـدات. ئەمەیان بە سنووربەزانـدن و بە سـووکایەتیکـردن بە ئایـن دەزانی. بەڵام زۆری پێنەچـوو، زۆرتـرین دانە لەو پەرتووکە رەخنەڵێگـیراوانەی فـرۆشـران و زۆرتـریـن خـەڵاتی لیـوەرگـرتـن و رێـزلـێـنانیـان پێـشکەشی کـرد.

جـودی بلـوم لە ساڵی (٢٠١٨) دا، لەگـەڵ (جـۆرج کـۆپـەر) ی هـاوسەریـدا، لە شاری (کـی وێـسـت) دا، فـرۆشـگایـەکی فـرۆشـتـنی پەرتـووکی قـازانـج نەویسـتیان کـردەوە.  

چـەنـد رۆمـانـێکی جـودی بلـوم کـراوان بە فـیلـمی سـینەمـایی، کە هـەنـدێکـیان خـۆی لەگـەڵ کـوڕەکـەیـدا سـیـناریـۆی بـۆ نـووسـیـون. (لـۆرێـنـس) ی کـوڕی لـە ئـێـسـتادا، دەرهـێـنەرێـکی سـیـنەمـایی و سـیناریـۆنـووس و بەرهـەمهـێـنەر و نـووســەریـشـە. کچـەکەی (رانـدی) کـچی، (ئیلییۆت کیفارت) زۆر هـاوکـاری داپیـرەی دەکـات. جـودی بلوم کچەزاکەی زۆر خۆشدەوێت و بوتە مایەی خەمڕەوێنی و شادی بۆی. شانازی بۆ ئەو دەگەڕێتـەوە، کە هـانی داپیـرە بلـومی دا، بۆ ئەوەی رۆمـانی (فـودج) بنووسـێت.

سەرجەم زیاتر لە (٩٠) خەڵاتی بەنـرخ و میـدالـیای زێـڕ و رێـزلـێـنایان پێـشکەش بە رۆماننووس جودی بلوم کرد. لێرەدا تەنها ناوی دوانزە خەڵات و رێزلێنانی دەنووسین:

(*) خـەڵاتی پەرتـووکی نایـابی ساڵ، بۆ فـیلـمی رۆمـانی (ئایـا تـۆ لەوێيـت خـودا؟ مـن مـارگـرێـتم) ـ لە لایـەن رۆژنـامـەی (نیـویـۆرک تـایـمز) ەوە ـ ١٩٧٠
(*) خـەڵاتی هـەڵـبژاردەی منـداڵان ( سوپـەر فـۆدج ) لە لایەن کۆمـەڵەی نێـودەوڵەتی خوێنـدنـەوە و ئەنجـوومـەنی پەرتـووکی منـداڵان ـ ١٩٨١
(*) خـەڵاتی مـرۆیی ئـیـلیـانـۆر رۆزڤـێـڵـت ـ ١٩٨٣
(*) خـەڵاتی ئازادیی خـوێندنەوە (کـارل سانـدبـێرگ) لە لایـەن پەرتووکخـانەی گـشتی شـیکاگـۆ ـ ١٩٨٤
(*) خـەڵاتی ئـازادییە شـارستانییەکـان ـ لە لایـەن یەکـێتی ئازادییە شـارستانییەکـان ـ ئەتـڵەنـتا ـ ١٩٧٦
(*) خـەڵاتی باشتریـن نووسەر ـ لە لایەن میـدیـای لاوانی باشووری ئوسترالیا ـ ١٩٨٨
(*) مەدالـیای زانکـۆی باشووری میـسیسیـپی ـ بـۆ بەشـداریکـردنی تا هـەتـای ژیـانی، لە ئەدەبیـاتی منـداڵان ـ ٢٠٠٩
(*) خـەڵاتی نەوجـەوانـانی پـێگەیشـتوو ـ لە لایـەن شیکاگـۆ تـریبـیون ـ ٢٠١٣
(*) خـەڵاتی ئەنجـوومـەنی ئەدەبیـات بـۆ هـەرزەکـاران (ئـالان) ـ ٢٠١٣
(*) خـەڵاتی نیشـتمانـیی ئازادیی هـزری ـ هـاوپەیـمانی مامۆستایـنی زمـانی ئینگـلیزی (نکـتە) ـ ٢٠١٣
(*) خـەڵاتی ریگـیـنا ـ کـۆمەڵـەی پەرتـووکـخـانەکـانی کـاسۆلـیکی ـ ٢٠١٥
(*) بـڕوانامەی دکتۆرای رێزلێنان لە ئەدەبدا ـ لە لایەن کـۆلـێژی (مـاونـت هـۆلبـوک).

ئەمانە و چەندین خـەڵات و مەدالـیا و رێـزلێنانی تریان بە جـودی بلـوم پێشکەش کرد.

جـودی بلـوم، لە ئێستادا تەمەنی (٨٥) سـاڵە. لە نووسینی ئەدەبیات دانەبـڕاو و درێـژە بە نووسین و بە چالاکی دەدات. چەنـد رۆمانێکیشی نووسیوە کە هـێشتا چاپ نەکراون.

فـیلمـێکی بەڵـگەنــامەیی (دیکـۆمێـنـتـاری) شـیان لەسـەر ژیـانی دەرهـێـناوە، بە نـاوی (جـودی بلـوم تا هـەتـایە) رۆڵی سەرەکی ئـەم فـیلمەش خـودی جـودی بـلودم خۆیـەتی. ئـەم فـیلـمە ئەمسـاڵ (٢٠٢٣) بۆ یەکـەم جـار لە فـێـستـیڤـاڵـی فـیلـمی (سـونـدانـس) ی سـیـنەمـایی نمـایـشکـرا. 

رەزا شـوان
نـەرویـج: ٢٠٢٣

(*) بۆ نووسـینی ئەم بابـەتە، سـوودم لە چـەنـدیـن سـایـتی ئیـنگـلـیزی وەرگـرتـووە.

 

گەڕان بۆ بابەت