ما 2040 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

عەلی حەمەڕەشید

هەروەها خاڵێک کە من وەک نووسەر و سەرپەرشتیار لەو سەردانانەدا هەستی پێدەکەم ئەوەیە کە هەندێک جار هۆنراوەیەک ئاوازی بۆ دادەنرێت کە لەگەڵ ئاستی تەمەنی منداڵی باخچەی منداڵاندا ناگونجێت بەڵام ئەوەندەیان بۆ دووبارەکردوونەتەوە ئەو لەبەری کردووە بێئەوەی لێی تێبگات، کە پێویستە ئاگاداری ئەو خاڵەش بین.

فیستیڤاڵی ساڵانەی قوتابخانە و باخچەکان و چەند سەرنجێک

نوسینی: عەلی حەمەڕەشید

نوسەر و سەرپەرشتیاری پەروەرەیی

 

لەڕاستیدا منداڵ بریتییە لە جوڵەیەکی زۆری پڕ چالاکیی و توانا و بەهرەی جیا جیا و جیاواز کە هەر هەموویان واپێویست دەکات کە بەشێوەیەکی دروست و پەروەردەیی و بە شارەزاییەکی باشەوە هەڵسوکەتیان لەگەڵدا بکرێن  بۆ ئەوەی جوڵەکە کە وزەیەکی زیادەی منداڵە بە شێوەیەکی باش خاڵی بکرێتەوە تا منداڵەکە ئاسایی دەبێتەوە بۆ ئەوەی مامۆستا وانەکەی خۆی پێ بڵێت، هەروەها گرنگیدان و دۆزینەوەی ئەو توانا و بەهرانەش کە لە منداڵاندا هەن بەهەمان شێوە شارەزایی و سەلیقەی تەواوی دەوێت تا دەدۆزرێنەوە بۆ ئەوەی مامۆستا بتوانێت بۆ کارێکی هونەری ،چالاکییەکی هونەری سودیان لێوەربگرێت و منداڵان بەکاربهێنێت و هەریەکەیان لەکام بواردا توانای زیاتریان هەیە لەو بوارەدا بەکاریان بهێنێت کە دواجار پەرە بەتواناکانی منداڵەکان دەدرێت و ئەویش کارێکی جوانی هونەری پێشکەش دەکات. نیگارکێشان،مۆزیک،گۆرانی، شانۆ، سەما، نواندن،کەواتە ئێمە بمامەوێت و نەمانەوێت منداڵ ئەو مادە خامە گرنگەیە کە پێویستی بەتواناو شارەزایی و سەلیقەی ئێمەی مامۆستا هەیە کەبیاندۆزینەوە و بەکاریان بهێنین.کاتێک سەردانی ئەو چالاکییانە دەکەیت کە لە قوتابخانە و باخچەکانی منداڵاندا وەک نەریتێکی ساڵانە ئەنجامی دەدەن بە ڕوونی ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێ و دەیان بینین چۆن منداڵان ڕۆڵی سەرەکی و باش دەگێڕن کە مامۆستا ئازیزەکان پێیان داون،وەک گۆرانی وتن یان نواندن لە ئۆپەرێت و شانۆییدا یان لە وێنەکێشاندا کە مایەی دڵخۆشییە و بەکار و چالاکییەکانیان سەرنجی ئامادە بووان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن و ئێمەش دەست خۆشییان لێدەکەین و ئافەرینیان دەکەین. حەزدەکەم خاڵێک کە زۆر گرنگە لام بخەمەڕوو بۆ ئەوەی کە ئیتر لەمەودوا گرنگی زیاتری پێبدرێت،ئەویش وەک سەرنجمداوە و لە زۆر چالاکیدا بینیوومە کە ناوی نوسەری شانۆیی یان ئۆپەرێت یان هۆنراوەکە نانوسرێت، کە بنچینەی

سەرەکی چالاکییەکەیە چونکە ئەگەر هۆنراوەیەک نەبێت گۆرانی دروست نابێت، ئەگەر ئۆپەرێتێک نەبێت بە نوسراو ناتوانرێت نمایش بکرێت، ئەگەر شانۆییەک بە نوسراو نەبێت ناتوانرێت شانۆگەرییەک نمایش بکرێت،بۆیە پێویستە وەک مافی خۆی ناوی نوسەر و شاعیر بنوسرێت .هەروەها لێرەوە ڕوو دەکەمە ئەو لیژنە بەڕێزانەی کە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو چالاکییانە دەکەن ئەوە بەخاڵێکی گرنگ تەماشا بکەن ،بۆئەوەی هەم بزانرێت ناوی شاعیر و نوسەرەکە کێیە هەم وەک مافی خۆیان ناوەکانیان بنوسرێت.کە ئەوە کێشەیەکە زۆرجار دووبارە و چەندبارە دەبێتەوە بۆ ئەوەی ئەو کارە ڕێگە ڕاستەکەی خۆی بگرێتە بەر و چیتر دووبارە نەبێتەوە.هەروەها خاڵێک کە من وەک نوسەر و سەرپەرشتیار لەو سەردانانەدا هەستی پێدەکەم ئەوەیە کە هەندێکجار هۆنراوەیەک ئاوازی بۆ دادەنرێت کە لەگەڵ ئاستی تەمەنی منداڵی باخچەی منداڵاندا ناگونجێت بەڵام ئەوەندەیان بۆ دووبارەکردوونەتەوە ئەو لەبەری کردووە بێئەوەی لێیتێبگات،کە پێویستە ئاگاداری ئەو خاڵەش بین. من لێرەدا حەزدەکەم  سەرنجی خۆم بخەمەڕوو بۆ ئەوەی ئەو ماندوو بوونەی مامۆستایان و منداڵانیش بەفیڕۆ نەڕوات و بەو جوانییە وەکو خۆی بمێنێتەوە ئەو گۆرانی و ئۆپەرێت و شانۆییانەی کە لەو چالاکییانەدا نمایش دەکرێن و ئاستێکی باشیان هەیە و پەروەردەیین و سەردەمیین.هۆنراوە و تێکست و نوسینەکانیان بۆ منداڵان گونجاون و داهێنانیان تێدایە و دوورن لە دووبارە بوونەوە و سواوی و ئاوازەکانیان تازەن و پێشتر نەکراون، دوای ئەوەی کە لیژنەی هەڵسەنگاندنی بەڕێز بینییان دەتوانن بەتێبینی و سەرنجەکانیان بیانکەن بە کارێکی باش و لە تەلەفزیۆنی پەروەردەیی تۆمار بکرێن تا لەگەڵ کردنەوەی تەلەفزیۆن پەخش بکرێن کە ئەمەش کۆمەڵێک کار و گۆرانی پەروەردەیی جوان و بەسود دێتە بەرهەم و سەرجەم منداڵانی کورد سودیان لێوەردەگرن و ئەو باخچە یان قوتابخانەیەش کە ئەنجامیان داوە هەوڵی زیاتر دەدەن کە بۆ ساڵی داهاتوو کاروچالاکی باشتر و جوانتر بکەن و لەهەمان کاتیشدا قوتابخانە و باخچەکانی تریش هەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆئەوەی ئەوانیش کاروچالاکی باش ئەنجام بدەن و لێرەوە کێبڕکێیەکی باش دروست دەبێت و بەو شێوەیەش دەتوانرێت خزمەتێکی باش بە هونەری منداڵان بکرێت و کارەکانی لیژنەی هەڵسەنگاندنی ئەو چالاکییانە باشتر دەردەکەوێت و تەلەفزیۆنی پەروەردەییش دەوڵەمەند دەبێت بە کۆمەڵێک بەرهەمی باش و بەسود و پەروەردەیی.هەروەها وەکو مەرج دابنرێت کە بۆ هەموو ئەو چالاکییانە دەلیلی تایبەت بکرێت بۆ ئەوەی هەموو زانیارییەکانی ئەو چالاکییەی تێدابێت بە دروستی کە لەو قوتابخانە یان ئەو باخچەیەدا ئەنجام دەدرێت. چونکە تا ئەم ساتەش کە من قسەی تێدا دەکەم هەموو ئەو چالاکییانەی کە ماوەیەکی زۆرە مامۆستایانی هونەر پێوەی سەرقاڵن و ماندوون دوای ئەنجامدانی ڤیستیفاڵەکە وردە وردە دەپوکێنەوە، مەگەر لە ئەرشیفی باخچەکەدا تۆمار بکرێن بەڵام ئەو سود و گرنگییەی نابێت کە باسمان کرد.

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت