ما 881 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نوێژی شەو
دڵکەش قادر

عەتری تۆ کایەکردنی منداڵی منە لەسەر خیابانێ / کە دەچێتەوە نێو دڵی سلێمانیی و / گۆیژە دەکاتە جوانترین بووکی سپیپۆشی دنیای زستان  / عەتری نوێژ و / عەتری من دوانەیەکی دانەبڕاون لە نیگای تۆ / نیگای تۆ نوێژی نیوەی شەوە لە گریانی منداڵی / تۆ خوناوی سەر گوڵەگەنمی گیانمی / ئیحساسم تژی دەکەی لە سروەی بەیان.

نوێژی شەو

لە نوێژی مەغریبی ئەمڕۆمدا

نزام کرد
جێنزرگەی خەیاڵ و ژوانم
ڕووەو ڕۆژئاوا بێ
ڕووەو نیگای تۆ بێ.

دوێ ئێوارێ
خەیاڵم لای ئەو ڤۆیسە بوو
کە لە نوێژی عەسردا دەستنوێژی شکاندم.

سەرمخستە سەر باڵی چەپی
قژی ئاڵۆسکاوم
شانە دەکەم و
دڵی تەژی دەکەم لە خۆم
خۆم دەکەم بە شاباڵی نوێژی شەو.

دوێ بەیانی
کە هەڵسام
چاوی خەیاڵی تۆ لەسەر سینەم کایەی دەکرد و
هەڵیدەگڵۆفیم.

هەموو نوێژەکانم دەڕژێنە نێو
پێکی تەنیاییتەوە
خۆم لە ڕقی ئەو نەوڕەسانە دادەبڕم کە شەوان دەڕژێنە نێو عەتری جەنگ.

عەتری تۆ کایەکردنی منداڵی منە لەسەر خیابانێ
کە دەچێتەوە نێو دڵی سلێمانیی و
گۆیژە دەکاتە جوانترین بووکی سپیپۆشی دنیای زستان.

عەتری نوێژ و
عەتری من دوانەیەکی دانەبڕاون لە نیگای تۆ
نیگای تۆ نوێژی نیوەی شەوە لە گریانی منداڵی.

تۆ خوناوی سەر گوڵەگەنمی گیانمی
ئیحساسم تژی دەکەی لە سروەی بەیان.

گەڕان بۆ بابەت