سەردار جاف

بە تەنها خۆم گۆڕێکی بە کۆمەڵم / ونبووم وەرن بمدۆزنەوە / وام لە ناو جانتای دۆلارەکانتان / لە تەنيشت سۆزانييەکانتان / بۆنی وڕ ومەستیتان بە سەرما دێ / نە نوگرە سەلمانم نە عەرعەر / نە تۆبزاوە نە لێواری مەرگ / ئێوە ئيتر ناتوانن بمدزنەوە / مناڵيم سپاردە برسێتی ئەمڕۆم / شەرم پڕ بوو لە چوکلێت / شەوم تەنهایی و ونبوو / گەمەکانم نوقمی چاوشارکێ / لە تەک گريانەکانم رادەبورن و خۆ گێل دەکەن

ئێوارانە ٣١

سەردار جاف

 

 ئێوارەيە و

شۆڕەبييەکی شۆخ و شەنگ لە گۆشت

بە ئاودامانی خوێنەوە

بە سەر مەملەکەتی قژە سوورە ئاڵۆسکاوەکەدا غلۆر بۆتەوە

گەڵاکان سپی سپی

 مينا کڕێوەی بەفر

درەختەکان رووت رووت

کەزێی لوولی بەرداوەتەوە

سەما وەک خۆی

بە گەڵا زەردەکانەوە لکاوە

بەرگەی سەرما ناگرێ

سەرە رێی مەرگی تەنيوە و مەستبوونی بيرچۆتەوە

خەرندە خەراباتێکە

وڕ و گێژ و کاسی مەيخانەيەکی تووڕەيە

بە دەم کاوێژی رێوە

گەڵا وەريوەکانی دۆراندۆری دەژمێرێ

خووی بە لەنجەی سەما و شەختەوە گرتووە

سپێدانی لێ تاريوە و

فەنابوون هێدی هێدی قۆزاخەی دەرگاکەی لێگرتووە

ئيتر ئاوازە وڕێنەکانی بۆ رۆژانی جوانيمان نانێرێ

بە پێخواسی وێڵێکم لە سۆراغا نوقمم

بە سوتاوی لە تەنهایی دەبينرێمەوە

يۆتوپيايەک لە گەردانەی حەرفەکانی ئەوينما گيربووەو

نە بۆم قووت دەدرێ

 نە دەکرێ بە مەفتەنی خۆی بسپێرمەوە

بە تەنها خۆم گۆڕێکی بە کۆمەڵم

ونبووم وەرن بمدۆزنەوە

وام لە ناو جانتای دۆلارەکانتان

لە تەنيشت سۆزانييەکانتان

بۆنی وڕ ومەستیتان بە سەرما دێ

نە نوگرە سەلمانم نە عەرعەر

نە تۆبزاوە نە لێواری مەرگ

ئێوە ئيتر ناتوانن بمدزنەوە

مناڵيم سپاردە برسێتی ئەمڕۆم

شەرم پڕ بوو لە چوکلێت

شەوم تەنهایی و ونبوو

گەمەکانم نوقمی چاوشارکێ

لە تەک گريانەکانم رادەبورن و خۆ گێل دەکەن

دەچمە سەفەری ئوس و ديداری شەهلا

سۆمای چاوم پڕ دەبن لە هەڵپەڕکێ

ئيتر بۆ دەڵێی دەترسم و بێکەسم

خۆشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت