ما 5602 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

ها دیسان بەرەو ئەوێ دەچیت؟ ئەمە ئەو رستەیە کە هەموو جارێک قوتار بەوە دەست پێدەکات. ئەو، هەموو شوێنەکان کە پێشتر چوبێتین دەناسێتەوە. زۆر جار شوێنەکانی بە رووداوەکان، یان کەسەکانەوە گرێداوە. بەم شێوە پێم دەڵێت: ئەها دەچیت بۆلای ژنە ناوچاو تاڵەکە، کابرا درێژەکە، کچە جوانەکە، یان دەڵێت ئەو شوێنەی وا مناڵەکەی لێبوو هەر دەیقیژان و هەموویانی هەراسان کردبوو. بەم جۆرە هەموو شوێنەکان دەناسێتەوە.

گوڵدانە بێ گوڵەکە

رەسوڵ سەفەریانی

چەند ساڵ بوو رێم نەکەوتبووە ئەو شووێنە، یان لەوانەیە بەوشێوەی ئەو رۆژە نەچووبووم. رەنگە شتەکان بەو شێوە کۆنەبوونەتەوە تا بتوانن هاندەری مێشکم بن بۆ دروستبوونی  ئەو هەستە. هەر چۆنێک بێت ئەو رۆژە خولقا. رەنگە بپرسن ئەو هەستە یان ئەو شتە چییە وا خولقاوە. پەلە مەکەن هەمووی دەگێڕمەوە، بەڵام تۆزقاڵێک بە تاقەت بن با مێشکم ئارام بێتەوە، بتوانێت دەستێک بۆ هۆکارەکان ببات، سەرە داوەکان بدۆزیتەوە و، بیانناسێتەوە. من لە گەڵ مێشکم زۆر جار لەکاتی تەنیاییدا قسە دەکەم. بە تایبەت لە کاتی لێخوڕێنی ماشیندا، چۆن ئەو کاتانە وا دەچم بۆ کار تەنیا خۆمم و قوتار. من ناوی مێشکم ناوە قوتار. کە تەنیا دەبم وەک هاورێیەک دێتە پەنام و دەمدوێنێت.

ها دیسان بەرەو ئەوێ دەچیت؟ ئەمە ئەو رستەیە کە هەموو جارێک قوتار بەوە دەست پێدەکات. ئەو، هەموو شوێنەکان کە پێشتر چوبێتین دەناسێتەوە. زۆر جار شوێنەکانی بە رووداوەکان، یان کەسەکانەوە گرێداوە. بەم شێوە پێم دەڵێت: ئەها دەچیت بۆلای ژنە ناوچاو تاڵەکە، کابرا درێژەکە، کچە جوانەکە، یان دەڵێت ئەو شوێنەی وا مناڵەکەی لێبوو هەر دەیقیژان و هەموویانی هەراسان کردبوو. بەم جۆرە هەموو شوێنەکان پێناسە دەکات و دەیانناسێتەوە. زۆر جار لە شوێنی پارککردنەکاندا دەڵێت ئاگات لێبێت ئەمە هەر ئەو شوێنەیە وا جارەکە جەریمەیان کردیت. قوتار زور جار دادەنیشێت و بە کارەکانی رۆژانەمدا دەچێتەوە. پێم دەڵیت باش بوو ئەو کارەیشت ئەنجامدا ئیتر سەرت سوک بوو و ئەوەیشت لەکۆڵ بووەوە. یان پێداچوونەوەیێک دەکات بە نێو ئەوانەیدا کە دەبێت ئەنجامی بدەین. ئەو رۆژەش وەک هەموو جارێک خۆم بووم و، قوتار. هەواش خراپ نەبوو، رۆژێکی بەهاری و، تاوی هەمیشە ونی سوید ئەو رۆژە بە جوانی چاوەکانی رشتبوو و دەیویست تا ئێوارە روومان لێنەشارێتەوە. ئەمە لەو دەگمەن رۆژانەیە. لەوەها رۆژێکدا تەنانەت لێخورینیش تام و چێژی تایبەتی هەیە. تەنانەت ماشینەکەش بە هێز و زەوقێکی زۆرترەوە رێدەبڕێت. لە وەها رۆژێکدا چەند ساڵ لەمەوبەر بوو خۆم و، قوتار چووین بۆ ئەو ئیدارە کە کاریان هەڵسەنگاندنی توانای کاری کەسانێکە وا بە هۆی نەخۆشی یان رووداوەوە توانای جەستەییان دابەزییوە. ئێستا لە نزیک ئەو شوێنە پارکم کردووە و، بە ئارامی لە ژیر تیشکی هەتاوی بەیانیدا رێدەبڕم بەرەوبینای شوێنەکە. پەلەم نییە، کاتم بەدەستەوەیە. تاویش خۆشە و، باڵندەکانی نێو دارەکانی دەوروبەریش خەریکی شایی گێڕانن. گوێم داوەتە جریوە جریو و دەنگی بولبولئاسایان. حەز دەکەم بەشداری شاییەکەیان بم و چێژی بیستن بە گوێکانم بدەم. بەڵام هەر بەدەم رێگاوە هەموو دەنگەکان بە گوێ هەڵدەمژم. تا ناخم دەچن. جۆرێک لە سەرخۆشی دەبەخشنە مێشکم. قوتاریش کەیفخۆشە. لە درگاکە دەچمە ژوورەوە و هەر بە قادرمەکاندا دەچمە قاتی پێنجەم. بێدەنگی و چۆڵیی شوێنەکە دوو دڵم دەکات و، گومان لەوە دەکەم کە ئەرکەکەی ئێستام ئێرە بێت. ئاخر ئەوەندە چۆڵ و بێدەنگە کە تەنانەت لامپەکانی نێو رێرەوەکە وا بە هاتووچۆ هەڵدەبێت، کوژابوونەوە. لەم بینا چەند ئیدارە و کومپانی تێدایە. درگای بەشی ئەو ئیدارەم کردەوە، تەنانەت چراکانی ژووری چاوەڕوانییەکەش کوژابوونەوە. هەموویان بە هاتووچۆی من و چوونەژوورەوەم هەڵکران. بۆ دڵنیایی سەیرێکی تری ئادرەس و شوێنەکەم کردەوە، دەرکەوت دروست هاتبووم. تەنیا چەند دەقیقەی نەخایاند کابرایێک هاتە ژوورەوە. ناسیم و ناسیمی. ئەو بە ناو منی ناسی و، من بە دەموچاو. پاش چەند دەقیقە کابرایێک هاتوو بانگی کردین و چووینە ژوورێک. کابرا پاش خۆناساندنی من، خۆی ناساند. دەرکەوت فیزیۆتراپە. باسی ئەوەی کرد کە لێکۆڵینەوەکە دوو بەشە، بەشێکی پرسیار و قسەکردنە و، بەشێکی تری کردەوەییە. وتی دوواتر دەچێنە ژوورێک بۆ هەڵسەنگاندنی توانای کابرا. لەوێ بڕێک ئەرکی پێدەسپێردرێت بۆ ئەنجامدانی.

لێرەدا قوتار وەک مناڵێکی چەتون کەوتە جوڵە جوڵ و خەریک بوو تەرکیز و هۆشی من لە وتوێژەکە دابڕێت. وسم لێکرد بێدەنگ بوو، بەڵام هەر دەجوڵا. پچانی بە گوێمدا کە ئەوە رەنگە هەمان ژوور بێت، لەبیرتە؟ من لەبەر ئەوەی هۆشم لەوان نەپچڕێت و وەرگێڕانەکەم خراپ نەکەم، گوێم نەدایێ. بەردەوام بووین تا کابرا وتی ئێستا دەچین بۆ ژوورەکە. لەو ماوەی وا دەچووین بۆ ئەو ژوورە، قوتار باسی  ئەو رۆژەی بۆ کردم کە چەند ساڵ پێشتر لەوێ بووین. هەر وەک ئەمڕۆ بۆ ئەنجامی ئەرکێکی هاوشێوە چووبووین. لەوێ  لە سوچی دیوارێکدا ئینجانەیێک دانرابوو کە گوڵێکی نەخلی تێدا بوو. نەخلەکە خاوەن دوو چڵی باریک و درێژ بوو کە لە چەند لاوە چەمابووەوە، بەڵام بۆ مانەوە چەند گەڵای بە سەرتۆپەکانییەوە راگرتبوو. ئینجانەکە وشک و برینگ و شوێنەکە دوور لە رووناکیی رۆژ بوو . کە روخساری گوڵەکەم بینی، بیری زیندان و ئەشکەنجە کەوتمەوە. لە دوو مەتری گوڵدانەکەدا بۆریێکی ئاو هەبوو، بەڵام بەو چی لەو دیو دیواری زیندانیشەوە دەریای ئازادی هەیە. کە گوڵەکەم بینی نەمتوانی بێلایەنی خۆم کە بەشێک لە کارەکەمە رایگرم. بە پەرداخێک بڕێک ئاوم کردە بن گوڵەکە. ئاخر ئەوە تەنیا کارێک بوو کە من پێمدەکرا. ئاوەکەم پێدا و، قوتارم لای دانا و خۆم بەردەوام بووم لە کارەکەم.

ئەمڕۆ دووای بیرخستنەوەکەی قوتار، جۆرە هەستێکم تێدا دروست بووە. دەڵێیت قەرارە دۆستێکی دێرین ببینم. حەزم دەکرد هەنگاوەکانمان خێراتر بێت، بەڵام کابرای نەخۆش توانای خێرا رۆیشتنی تێدا نەبوو، خاو دەرۆیشت بەڵام گەیشتینە بەر درگای ژوورەکە، دڵم کەوتە تەپەتەپ. حەزی دیدار رژابووە گیانم. بەڵام دەبووا بەری پێبگرم و، خۆم نۆرماڵ بنوێنم و ئاگام لە ئەرک و کاری خۆم بێت. بیری قسەکانی قوتار کەوتمەوە کە ئەو رۆژە لەگەڵ گوڵەکە کردیان. گوڵەکە پاش ئەوەی کە من بڕێک ئاوم کردە بنی، لە ناخی دڵییەوە قووڵ قووڵ بینی لە ئاوەکەدا، لەوانە بوو هەموو خۆڵە کەمەکەی بنیشی لەگەڵ ئاوەکە هەڵمژێت. دوای سوکنایی و تێرئاو بوون بە گەشە و نەشەیێکەوە  سپاسی منی کرد و، وتی بە دڵنیاییەوە تۆ خەڵکی ئەم وڵاتە نیت. ئاخر ئەمان وەک ماشینن، بەس ئەرکی خۆیان، ئەو ئەرکەی پێێان سپێردراوە جێبەجێی دەکەن و لەم بوارەشدا بەراستی رێک و پێکن. بەڵام زەحمەتی زۆرتر بە خۆیان نادەن. ئەو هەموو مرۆڤە لێرە ئیش دەکەن و، هەموو رۆژێک چەند وەجبە خەڵک دێنن و کارییان لەگەڵ دەکەن، بەڵام یەک کەسیشیان لەو ئاوەی وا تەنیا چەند متر لەمن دوورە و بەردەوام دەیبینم کە خۆیان دەیخۆنەوە و ئیشی پێدەکەن، تەنیا یەک پەرداخیشی ناکەنە گوڵدانەکەی من. قوتار وتی دەزانم، تێدەگەم من ئەم ئیهمالەی ئەوان لە روخساری تۆدا دەبینم.

ئەم وتووێژە تا کاتی بەجێهێشتنی ژوورەکە لە نێوانماندا بەردەوام بوو. گوڵەکە وردە وردە کەوتبووە پێکەنین. لە کۆتادا هاواری کرد کە هیوادارم زوو زوو رێتان بکەوێتە ئێرە.

پاش بیرکردنەوە لەو قسانە، شەوقی چوونەژوورەوەم زیادی کرد. بەرپرسەکە لەگەڵ کابرا چوونە ژوورەوە و منیش بە دوویاندا. بەرپرسەکە بەرەو شوێنی گوڵەکە چوو، منیش خێراتر رێمکرد و دیوارەکەی دەستی راستم بەجێ هێشت و چوومە ژوورە بچکۆلەکەی پشت دیوارەکە. پێش ئەوەی بەرپرسەکە بکەوێتە قسەکردن، سەیری شوێنی گوڵەکەم کرد. هیوای دیدارم وەک گوڵی سەهۆڵگەستە هەڵوەری و جێگەی خۆی  دا بە جۆرێک لە تاسە و داگیران. چەند چرکەیێک مات بووم و روخساری داڕماو و سیساوی گوڵەکەم هێنا بەرچاو کە دەبێت ئیتر تاقەتی نەمابێت و گەیشتبێتە دوا چرکەکان و تونیەتی بڕسکی لێبڕێبێت و دایڕمانبێت.

پاش ئەوەی بەرپرسەکە ئەرکەکانی بە کابرا سپارد، خۆی چووە پشت ئەو کامپیوترەی دەستی کە ئێستا لە سەر میزێکی بچکۆلانەی لە نێوان شوێنی گوڵەکە و ئاوەکەدا دانرابوو. یەک دوو خولەک منیش بێدەنگ بووم و دەمڕوانی بۆ شوێنی بەتاڵی گوڵەکە کە ئێستا بڕێک شتیان تێدا دانابوو. پاشان خۆم پێنەگیرا و رووم کردە بەرپرسەکە، پرسیم: ئەرێ جاران گوڵ و گوڵدانێک لێڕەدا نەبوو؟

کابرا سەری لەسەر کامپیوترەکە هەڵگرت، رووی کردە من و وتی: راستە، گوڵێکی نەخلی لێبوو، بەڵام وشک بوو.

هاوکات سەری بەرەو پشت سەری خۆی سوڕاند و، ئاماژەی بە رفەیێک کرد کە بە دیوارەکەی پشت سەرییەوە بوو، وتی ئەوەش گوڵدانەکەیەتی کە لەو سەرەیە.

لەوێ لە قاتی دووی رەفەکە، دوو گوڵدان هەبوون کە باسیان لە مردنی دوو گوڵ دەکرد. من مات بووم و، قوتار کەوتە هاتووچۆ و پشکنین. گوڵدانەکە وەک میراتێک کە لە مردوو جێ دەمێنێت، بەردەوام باسی لە گوڵەکە دەکرد. ئەونەم نەزانی دەنگی ئاشنای گوڵ هاتەوە گوێم کە خەریک بوو لەگەڵ قوتار دەدوان. قوتاری سەرسام وتی خۆ تۆ مردبوویت و گوڵدانەکەت بەتاڵ لەو سەرەیە. گوڵ وتی منیش وەک هەموو بوونەوەرەکانی تر تا ئەو دەمەی دلێک مابێت کە یادی من بکات و میشکێک کە وێنەی منی تێدا بێت من زیندووم. مردن لەو کاتەوەیە کە ئیتر کەس نەمابێت کە یاد و ناوت لەگەڵیان بێت، ئاڵبۆمە مێشکییەکان پرتوکابێتن و لە هیچ ئاڵبۆمێکی مێشکیدا وێنەت نەبێت.

لە شەپۆلی دەنگی گوڵەکەدا یاریم دەکرد کە کابرا وتی ئیشەکەمان تەواو بوو، ئیمەش بەرەو ماڵەوە بووینەوە. قوتار بەردەوام دووا رستەکەی گوڵەکەی دووپات دەکردوە.

گەڕان بۆ بابەت