ناڵە حەسەن
چیتر لە دوورەوە سەیرم مەکە /وەرە /جلە شینەکانی مردنم لەبەر داکەنە /لەژێر بارانی خۆشەویستی /سەمایەکی سێرناداییم لەگەڵ دابەستە /بە تەنها جارێکیش بیت /بە زمانی عەشق بم لاوینەوە
پیاوەتیم دەڕژێتە نێو سێبەرتەوە
ناڵە حەسەن
١
زەمەن دەڕواو
پیاوەتیم دەڕژێتە نێو سێبەرتەوە
دیوارێک لەنیوانمان قسە دەکات
جەنگاوەرێک
لەنێو سەنگەرەکانی مردنەوە
فیشەک بە ئاگرەوە دەنێ
٢
زەمەن دەڕواو
خۆرەتاوی خەونەکانم
دەڕژێتە نێو چاوەکانتەوە
کیشوەرێک لەنیوانمان قسە دەکات
شاعیرێک
لەنێو ماڵی تەنیاییەوە
بە ڕێنووسەکانی تاریکی
قەسیدە درێژەکانی عەشق دەنووسێتەوە
٣
چیتر لە دوورەوە سەیرم مەکە
وەرە
جلە شینەکانی مردنم لەبەر داکەنە
لەژێر بارانی خۆشەویستی
سەمایەکی سێرناداییم لەگەڵ دابەستە
بە تەنها جارێکیش بیت
بە زمانی عەشق بم لاوینەوە
٤
عەشق / پەنجەرەیەک لە مندایە
خەون / قاچەکانم لە سروود گوتن نەکەوتوون
مانگێکی سپی لەنیو شەوەکانم دەردەکەوێ
ئەستێرە مییەنەکانیش بە کۆمەڵ بەدوامەوە نوێژ دەکەن
تۆش دەستم بگرە و پڕمکە لە خۆت
٥
سەفەر / توورەگەیەک لە نائومێدی
پایز / ماڵێک بۆ ئاشتبوونەوە
شکانی ئاوینەکانی ئومێد
هەور پڕبووە لە چیڕۆکەکانی چاوەڕوانی
ڕەشەبا / ڕەش ڕەش تابلۆکانی تەمەنمان ڕەنگ دەکات
تۆش لەنێو جانتای خەونەکانت بۆ ئەبەد زیندانیم کە
لێمگەڕی با وەک هەمیشە بڕژێمە نێو جۆگەلەی کچێنیتەوە
ئایاری ٢٠٢٣