ما 1253 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

من سەرم سوڕماوە لە راستگۆیی و یەک روویی جەللاد، بە کەسایەتی یەکدانەی. بیردەکەمەوە گەر ئەو نەبێ من چلۆن دەتوانم لە ئازارەکان و لە غوربەتەکان چێژ وەرگرم. چلۆن دەتوانم بە سەعات و مانگ و ساڵەکان دابنیشم و بیر لە جیهانێک بکەمەوە کە بەختەوەرترین جیهانە. من مەعنەویەتی خۆم قەرزداری جەللادم! گەر ئەو نەبێ من ناتوانم بە ساڵانی ساڵ دابنیشم و سەر بە سەر کاغەزەکانەوە بگرم.

 

خەریکە جەللادم خۆش دەوێ!

ئەوەندە زۆر لە گەڵ تاریکی و جەللاد و خراپەدا ژیاوم کە خەریکە تاریکی و جەللاد و خراپەم خۆش دەوێ! نازانم هی زۆریی زەمەن و درێژەی کاتە کە عادەتی تاریکی و جەللاد و خراپەی داوم، یان ئەوەی کە بێ ئەمانە، نە لە رووناکی دەگەم و نە لە میهرەبانی و نە لە چاکە.

بوون بێ ئەمانە چەند یەک رەنگ و یەکلایەنە و پڕ لە بێتاقەتی دەنوێنێ! گەر شەو نەیەت، من چۆن بیر لە رووناکی بکەمەوە؟ گەر جەللاد ئەشکەنجەم نەدا چلۆن بیر لە مرۆڤێکی مەرگبەزێن بکەمەوەو، گەر کەسێک نەبێ ئازارم بدا چلۆن بیر لە میهرەبانەکانی جیهان بکەمەوە؟

من ماوەیەکە بیر لە جەللاد دەکەمەوە!

بەڵام کە وا بیردەکەمەوە، لە خۆم شەرم دەکەم، لە هاوڕێکان و لە دراوسێکان و لە هەموو مرۆڤەکان. نە دەوێرم لایان باس بکەم و نە دەوێرم ئەم بیرەی خۆم زیاتر گەڵاڵە بکەم. من گێژی ناو مانای رۆشنایی و میهرەبانی و چاکەم بە بێ تاریکی و جەللاد و خراپە. شەرم وام لێدەکا بیر بکەمەوە کە داخۆ دەکرێ ئەمانە هەبن بە بێ دژەکانیان؟ دەکرێ رۆژێک من لە غیابی تاریکی و جەللاد و خراپەدا بە منداڵەکەم بڵێم ئەرکی ئێمە ژیان کردن و بوونە لە ناو رۆشنایی و میهرەبانی و چاکەدا؟ تۆ بڵێی منداڵەکەم لێم تێبگا؟

یان رەنگە ئەم مانایانە دەکرێ هەبن بە بێ ئەوەی ناویان بەرین؟ دەکرێ رۆژێک رۆشنایی و میهرەبانی و چاکە وەها ببن بە بەشێکی جیانەکراوەی ژیان و بوون کە پێویست نەکا باسیان لێ بکەین،... دەکرێ یەک جار بۆ هەمیشە لە قامووسی مرۆڤدا بسڕێتەوە.

ئەو کات ژیان چۆن دەبێ؟

خودا لە گەڵ فریشتەکان، شەیتانیشی دروست کرد، ئاوقای مرۆڤیشی کرد بۆ ئەوەی قەت بیر لە خۆشبەختی لە سەر زەوی نەکاتەوە. لای ئەو خۆشبەختی تەنیا لە بەهەشت مسۆگەرە و بەس. ئەوی تر تەنیا بریتییە لە کێشمەکێشی نێوان دووانەکانی دژبەیەک لە "بوون"دا. ئەوی تر بریتییە لە هەوڵی سڕینەوەی خوێن بە خوێن.

خەریکە جەللادم خۆش دەوێ، لە بەر ئەوەی ئەو راستگۆ بوو و بە بێ شەرم وتی من جەللادم! ئەو درۆی نەکرد، نە لە گەڵ خۆی و نە گەڵ دەورووبەری. ئەو قەمچی و چەقۆ و گوریسەکەی بە دەستەوە گرت و بە بێ ئەوەی ماسکی بە روخسارەوە بێت، پیشانی دام و وتی من جەللادم!

من سەرم سوڕماوە لە راستگۆیی و یەک روویی جەللاد، بە کەسایەتی یەکدانەی. بیردەکەمەوە گەر ئەو نەبێ من چلۆن دەتوانم لە ئازارەکان و لە غوربەتەکان چێژ وەرگرم. چلۆن دەتوانم بە سەعات و مانگ و ساڵەکان دابنیشم و بیر لە جیهانێک بکەمەوە کە بەختەوەرترین جیهانە. من مەعنەویەتی خۆم قەرزداری جەللادم! گەر ئەو نەبێ من ناتوانم بە ساڵانی ساڵ دابنیشم و سەر بە سەر کاغەزەکانەوە بگرم.

سەرم بە توانای گەرادانانی جەللادیش سوڕماوە. وەها کە لە من و لە تۆ و لە تەواوی ئەوانەی وا رقیان لە جەللادە دەتوانێ بە بێ ئاگاداریی خۆمان جێیان بێڵێ و رۆژێک من و تۆ و ئەوانیش ببین بە جەللاد،... بە بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین. رەنگە هەر ئیستاکەیش بووبێتین! باوەڕناکەی، تەنیا سەرهەڵبێنە و سەیرێکی دەورووبەرت بکە. من کە ناوێرم!

خەریکە باوەڕ دێنم جەللاد لە راستیدا دۆست و دڵسۆزی راستەقینەی من و تۆیە. وا دەکا بۆ ئەوەی هەر تەنیا ئەو جەللاد بێت و ئیتر ئێمە نەبین. ئەشقی ئەو بۆ پیشەی خۆی ئەشقێکی شێتانەیە،... مۆنۆپۆلانەیە. ئەو بە بێ ئەوەی باسی بکا دیوی ناوەوەی ئێمە دەبینێ،... لە هەموو رووەکانەوە دەیبینێ،... بۆیە ئەوەندە بێ بەزەییانە لێمان دەدا و دەمانبڕێ. ئەو، لە ترسی ئەوەی رۆژێک بۆ خۆی وەک ئیستای من و تۆی لێ نەیەت (ئەویش بە دەستی من و تۆ) ئاوا بێ بەزەیی تر دەبێ،... ترسناکتر لە هەر کاتێکی تری.

بیردەکەمەوە گەر لە سەرەتاوە شتێک بە ناوی تاریکی و رۆشنایی نەبایە، ئەوا جەللادیش نەدەبوو. گەر قەرارە نیوەی "بوون" تاریکی بێت، بۆچی ئەم نیوەیە نەبێ بە نیوەی ژیانیش،... بە نیوەی مرۆڤ و بە نیوەی من و تۆ؟ بیردەکەمەوە شتێک لە سەرەتاوە هەڵە بووە. هەڵەیەک رەنگە تا کۆتاییەکانیش. یان رەنگە ئەمە هەڵە نەبێت و ئەوە تەنیا ناولێنانێکە کە هیچ پەیوەندییەکی بە خودی رئالەوە نیە. ناولێنانێک کە بووەتە هۆی دژواری لە ناسینی دیاردەیەکدا کە دیاردە نەبووە! ئاخ کە چەند شەرم دەکەم لەم بیرانەی خۆم!

***

خەریکە جەللادم خۆش دەوێ! لە بیرت نەچێ خەریکە. هێشتا نەگەیشتوومەتە ئەو سەری "خەریک بوون"ەکەم. بۆ ئەوەی نەگەمە ئەو سەر، دەبێ جەللادم خۆش بووێ! ئەوەندە خۆش، کە لە رق بەتاڵ ببمەوە. رق لە هەموو مرۆڤەکان، لە هەر جۆرێکیان. من دەبێ تەنیا رقم لە قەمچییەکە و لە کێرد و لە گوریسەکەی دەستی بێت. لەو سیانەی کە زۆر حەز دەکا من و تۆ و جەللاد لە دەوری یەک، هەرکام لە جەمسەرێک کۆبکاتەوە. سیانەی نگریس!

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت