ما 3625 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

خالق ئیبراهیمی

لە گەڵ چەخماخەی ئاسمان و هەورە گرمەی تێکەڵ بە هاوار و قیژەی بێ ئەمانی خێزانی، رشتەی فکری دەروێش لەیەک ترازاو بۆ چەند ساتێک هاتەوە سەرخۆ و بیری لە ماما و مناڵەکانی کردەوە. لە بەر شەوقی گڵۆپی دارچرابەرقەکە لە پردە دارینەکەی چەمەکەی ڕوانی، بەڵام جگە لە لافاو و قوڕو چڵپاو، هیچی تری بەرچاو نەکەوت. دەستی بە پرچە تەڕ و تڵیسەکەیدا هێناو و لە گەڵ زکری "حی اللە" دەست بە دۆعا، روو لە ئاسمان، لە خوای خۆی ئەپاڕایەوە و داوای پاراستنی مێرمندالەکانی و خێزانی ئەکرد. 

ئەو ڕۆژەی لە دایکبووم

خالق ئیبراهیمی

دایکم ئەیوت کچی گەڕەکت پێناشێ، چون لە شیری مەمکی دایکی هەموو کچانی گەڕەکت خواردووەو لە گەڵ هەموویان بوویتە هاوشیرە، ئەیوت ڕەنگە زۆر کچی تری شارەکەشت پێنەشێ.

چەند رۆژێک بوو خەم و خەفەت، خێزانی دەروێشی داگرتبوو. رەنگ زەردهەڵگەراو و بێهێز و توانا بە سکێکی زیاتر لە نۆ مانگ، سکی مناڵی شەشەم. بێتاقەتیی لە رادەبەدەر و ئێشی جاربەجاری خێزانی، دەروێشی نیگەران ئەکرد. ئاخر دووای پێنج سک و زا، قەت ئەو بێتاقەتییە و رەنگ زەردییەی پێوە نەدیبوو. سەرەڕای ئەو هەموو ئێش و ئازارەش، خێزانی دەروێش دەستی لە کاروباری ماڵ، وەک کاروباری رۆژانە، تاقەتکردنی حەیوان و بگرە میوانداریش هەڵنەئەگرت. ماڵی دەروێش بە تەنیا دیوێک، پاشدیوێک و داڵانێک هەمیشە و داییم بە میوانەوە، چ بەوانەی بارە خەڵوزیان ئەهێنا و چ بە خزم و کەسەوە و چ بە میوانی ‌غەریبەوە، قەرەباڵغ بوو. ئەرکی هەمووانیش بە زۆری لە سەر شانی خێزانەکەی بوو.

چەند رۆژێک کەش و هەوا، تەماوی و بارانی بوو. جاروبار، باران نمەنمە و جارجاریش بە توندو تۆڵی خۆی ئەگەیاندە زەوی. ئاسمانی ئەو رۆژانە تاوتاو بوو. هەندێ جار ئاسمان روون و جاری وایش بوو تاڵ و ترش بە وێنەی  بەبری توڕە ناوچاوی گرژ و پڕ لە قین. کات بە کاتیش لە گەڵ دەرکەوتنی خۆریش باران ئەباری و، وەک پێشینیان ئەڵێن دەبوو بە گورگەزێ.

ژانی رۆژانەی خێزانی دەروێش ڕوو لە زیادبوون بوو، دەروێشیش بە نیگەرانی و بێتاقەتییەکی سەیر دەیڕوانییە هاوسەرەکەی. ئاخر رۆژی یەکەم مانگی بەهار، مانگی خاکەلێوە بوو. هەر لە بەری بەیانەوە هەورێکی زۆر رەش، ئاسمانی شارەکەی تەنی بوو. کەمکەم بارانبارین دەستی پێکرد و هەر دەم روو لە زیاد بوون بوو. دەروێش کە هەموو رۆژێک دووای ژەمی نیوەڕۆ ئەگەرایەوە بۆ دوکان، ئەم جارە لە ماڵ نەچووە دەر. تەنانەت بۆ نوێژی ‌عەسریش لە ماڵ مایەوە و، بە پێچەوانە ی رەفتاری هەمیشەیی بەرماڵی بۆ نوێژ راخست. ئێش و ئازاری خێزانی ئێجگار زۆر و لە رادە بەدەر بوو، تا ئەو جێگایەی کە ترسی خستبووە دڵی دەروێش،... ترسێکی ناخۆش، ترسی لە دەستدانی هاورێی چەند ساڵەی ژیانی هاوبەش.

خانووەکەیان لە مابەینی دوو چەمدا دروستکرابوو. ئەو بارانەی کە لە بەر بەیاندا دەستی پێکردبوو، بە لێشاو و بە خوڕ بە سەر ماڵە قوڕەبانەکەیدا ئەهاتە خوارێ و لافاو لە دوولاوە ماڵەکەی گەمارۆ دا بوو.

ژانی خێزانی دەروێش هەردەم زیاتر و زیاتر ئەبوو، تا دواجار دەروێش بە ناچاری خزم و کەسی دەوروبەری ئاگادار کردەوە. ماڵە بچکۆلانەکەی قەرەباڵغ بوو و، ژنان دەست بە دۆ‌عا دەروی هاوسەرەکەیان گرت.

لەسەر ڕا و بۆچوونی ژنان دەروێش کچ و کوڕە مێرمنداڵەکانی نارد بە شوێن مامادا کە تەنیا چەند ماڵ لەوان دوور بوو، ئەو مامایەی لەو بەر چەم دەژیا. دەروێش هاوکات  بۆ رەوانەکردنی مناڵەکان لە ژوورەکە هاتەدەر. دوواتر لە سەر تەپۆڵکەکەی بەرامبەر ماڵەکەیان لە کاتێکدا پاڵی بە دارچرابەرقەکەوە دابوو، لە بەر نووری  گڵۆپەکەدا چاوەڕوانی ماما و مناڵەکانی مایەوە. باران بە خوڕ ئەباری و، پرینچکی  لێزمەئاسای باران پرچ و قژی ئالۆزاوی دەروێشیان کردبووە نیشانە و چۆر چۆر بە سەر شان و ملیدا ئاو ئەهاتە خوارێ و تێکەڵ بە ئاوی جۆگەی کۆڵان دەبوو کە بەرەو چەم و رووبار بەڕێوەبوو. هەورە تریشقەی ئاسمان، هەورەگرمە، هەروەها قیژە و قریشکەی خێزانی دەروێشی چاوەروانی نیگەران و هەراسان ئەکرد. دەروێش لەبەر خۆیەوە بەو شەوە ترسناکە خەریکی زکری "حی اللە" بوو. بە دەم زکر و پاڕانەوە کەوتە ناو خەیاڵ و بیری ژیانی پڕ لە چەرمەسەری، کٶچی بەرەو شار و... کەوتەوە.

  

دەروێش بێئاگاداری برا و خوشک و کەسوکاری، بەیانییەکی زوو پێش لە هەڵاتنی هەتاو، بارگەو بنەی پێچابووەوەو بەرەو شار ڕێکەوتبوو. بارگەو بنەی چی! دوو سێ لێفەی شڕ، یەک دوو گلیمی کۆن، چەند مەنجەڵ و کیتەڵە و جامی فافۆن و هەندێ شتی تر. هەمووی باری سێ کەر ئەبوو، ئەویش بە سێ جار بەو کەرەی کە بە ئەمانەت لە دراوسێکەیانی وەرگرتبوو، لە ژوورە بەکرێکەی هاویشتبوون. دەروێش پاش گەرانەوە بٶ دێکەیان و خواحافیزی لە بنەماڵە و خەڵکی ئاوایی، دەستی خێزان و کوڕ و کچەکەی گرتبوو و بە پێ بەرەو شار، کە کەمتر لە کاتژمێرێک بوو، وەڕێکەوتبوو.

ژیانی پڕ لە هەژاری و چەرمەسەری لادێ و، نەبوونی بژێوی ژیان ڕۆح و دەروونی دەروێشی پەرێشان کردبوو. ئەو لە ناو بنەماڵەیەکی پڕ خێزان و بەڵام بێدەرامەتدا دەژیا. ئیش و کاری لە بەهاراندا کرێکاری و، لە هاویندا دروێنە بوو. لە کاتی پاییزیش هەر بە گەیشتنی ترێ رشەی ئاربەبا و ناوچەی پاش ئاربەبا، ترێی لە کەرەش بار ئەکرد و دێیا و دێ ئەیبرد، تا بەشکوو لە بری ترێ رەشە، گەنم و شتی تر یا خود پارە وەرگرێت و پاشە کەوتێک بۆ زستان وەدەست خات. کارێکی سەخت و دژوار، بەڵام لە رووی ناچاری تا دوواین هێشووی ترێ ڕەشە بەردەوام ئەبوو.

بەڵام دەروێش لە گەڵ ئەو هەموو سەختی و ناخۆشیە دا، باشترین شانسی ژیانی پێبخشرا.هەر لەم هاتووچووانەی پاییزاندا بوو کە لە یەکێ لە گوندەکان چاوی بە کچێکی هێمن، لەسەرەخۆ و خان و مان کەوت. دڵی کەوتە لێدان و بە یەکجاری حاڵ و هەوای گۆڕا. ئێتر هاتووچۆی بۆ ئەو دێیە بۆ خۆی تەرخان کرد و، بە قۆنتەراتی گرت! تەنانەت لە دژوارترین کاتەکاندا، بۆ هەر نیازێک لەو دێیە هەمیشە ئامادە بوو. ‌غەیری خۆی نەیدەهێشت هیچ کام لە برا و کەس و کاری، روو لەو دێیە بکەن و بەم رەفتارەش هەموویان سەرسام بوون. کچەی وا دڵی دەروێشی رفاندبوو، بە پێچەوانەی دەروێش لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی ئەوکاتدا ئەژیا. ئەو هیچ ئاگای لە ئەشقی بەسۆزی دەروێش تا ڕۆژی داواکاریش نەبوو، بەڵام بە پێی یاسای نەنووسراوی ئەو کات ئەو کچە نازدارە بووە قوربانی ژن بە ژنی دوو بنە ماڵە.

لە گەڵ چەخماخەی ئاسمان و هەورە گرمەی تێکەڵ بە هاوار و قیژەی بێ ئەمانی خێزانی، رشتەی فکری دەروێش لەیەک ترازاو، بۆ چەند ساتێک هاتەوە سەرخۆ و بیری لە ماما و مناڵەکانی کردەوە. لە بەر شەوقی گڵۆپی دارچرابەرقەکە لە پردە دارینەکەی چەمەکەی ڕوانی، بەڵام جگە لە لافاو و قوڕو چڵپاو، هیچی تری بەرچاو نەکەوت. دەستی بە پرچە تەڕ و تڵیسەکەیدا هێناو و لە گەڵ زکری "حی اللە" دەست بە دۆعا، روو لە ئاسمان، لە خوای خۆی ئەپاڕایەوە و داوای پاراستنی مێرمندالەکانی و خێزانی ئەکرد. بە دەم زکر و پاڕانەوە، وەک مەدهۆش و بێهۆشێک پاڵی دا بە دارچرابەرقی سەر تەپۆڵکەکەوە.

هەر کە پاییز تێئەپەری و زستان ئەهات، دەروێش هەروەک هەموو خەڵکی گوندکە، زۆربەی کاتیان رۆژانە لە ماڵ یان لەبەر درگای مزگەوت بە بەتاڵی رائەبوارد و جاروباریش بیرەوەریە تالەکانی ژیانان بۆ یەکتر ئەگێڕایەوە. شەوانی زستانیش لە مزگەوت لە دەوری کورە دارەکە کۆ ئەبوونەوە، دەردی دڵیان ئەکرد. لە دووایشدا لە گەڵ دەروێشەکانی تر کۆریان ئەبەست و زکریان ئەکرد.

ژیانی بێسەمەر و بێکەڵکی گوندەکە دەروێشی پەرێشان و تووڕە ئەکرد. بیری لە ژیان و ئایەندەی منالەکانی ئەکردەوە. لەگەڵ ئەوەی کە نەخوێندەوار بوو، بەڵام بیروبۆچوونی بۆ ئایەندە و ژیان و بژێوی لە گەڵ خەڵکی گوندەکە جیاواز بوو. نەبوونی کار و کاسبی، نەبوونی دەواو دەرمان و دوکتۆر، خوێندنگە و قوتابخانە و... دەروێشی خستە بیر و تێفکرێنێکی قووڵەوە، بیرێک کە بۆ ئایەندەیەکی دوور، زۆر دوور ئەیڕوانی. بیری لە ژیانێکی ئارام، ژیانێک کە لانی کەم داهاتوویەکی باش بۆ ماڵ و مناڵی بێنێتە دی. بەروونی و ڕاشکاوانە ئەیزانی کە ژیانی لادێ و نیشتەجێبوونی لەوێندەران، ئاوات و ئامانجەکانی ناهێنێتە دی. هەر بۆیە بۆ دواجار بیری لە کۆچکردن بەرەو شار کردەوەو، ماڵ و مناڵی رەوانەی شار کرد. ئەگەرچی ژیانی شار گیروگرفتی تایبەت بەخۆی هەبوو، بەڵام کار و کاسبی و هەروەها خۆشناویی دەروێش ڕووی خۆشی بە خۆی و بە بنەماڵەکەی نیشان دا.

دەروێش بە شێوەیەکی سەیر ‌غەرقی خەیاڵ و بیرەوەریەکانی رابوردوو بوو. رابردوو وەک فیلمی سینەمایی لەبەر چاویا لە هاتووچوودابوو، بیری ئەو کاتانەی کە دوای بانگی شەوان میوانداری غەریبەکانی دەکرد. تەنانەت ببووە جێی بروای تەنیا حزبی نەهێنی ئەو سەردەمانەش و چەند کەس لە بەرپرسانی حزبی رەوانەی ئەودیو مەرز کردبوو.

دەروێش بە دەنگ و هەرای ماماو مناڵەکانی لە فکر و خەیاڵ هاتەدەر و خۆ کەوت و بە پارانەوەیەکی زۆر، روو لە ماما، داوای کرد هەرچی زووتر خۆی بگەیێنێتە لای هاوژینەکەی. ئەو هاوژینەی کە ساڵیانی ساڵ بە بێ گلەیی و گازەندە، بە بێ بەدخۆڵقی و ناڕەزایەتی شانی دابووە ژێر باری هەموو ئاستەنگەکانی ژیانی نالەباری ئەو سەردەمە.

ئاخرین چەخماخەکانی ئاسمان و گرمەگرمی هەورەکان لە گەڵ قیژەی خێزانی و قریشکەی مناڵێکی ساوا، دەروێشی راچڵەکاند و بە بێ وەستان خۆی بە ژوورەوەدا کرد و بە دیتنی سەڵامەتی خێزانی و کۆرپەی لە دایکبوو، بزەی خۆشی کەوتە سەر لێوی.

 

گەڕان بۆ بابەت