ما 6949 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاوڕێ یووسفی

نەک مەهابادی پێش و پاش ڕووداوەکە، نەک ئێران بەڵکوو بەشی هەرە زۆری کێشەکانی ئەم جیهانەی تیایدا دەژین بەرهەمی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەم سیستمە دڕندەیەن و ڕووداوەکەی مەهابادیش یەکەم گرفت و دواگرفتیش نابێت، ئەم ڕووداوە و بەدواهاتەکانی، بەرهەمی دەرکەوتنی کەرتی تایبەت و ئابووریی سیاسی بازاڕی ئازادن و دەیان و سەدان و هەزاران ڕووداوی گەورە و بچووکی دڵتەزێنی لێکەوتۆتەوە و لێشی دەکەوێتەوە. 

 

پەتاتە خۆرەکان، کەرتی تایبەت و سیاسەتی چەنەبازان

سەرەتایەک بۆ ڕەخنە لە چەند بۆچوونی دۆکتۆر سەلاح خەدیو

 

"ئەو شتەی هەنووکە دەمەوێت حەقیقەتە. جگە لە حەقیقەت هیچ شتێک فێری ئەم کوڕ و کچانە مەکەن. حەقیقەت تاقە پێویستی مرۆڤە. جگە حەقیقەت هیچ مەچێنن و جگە لە حەقیقەت هەر چییەک هەیە لە ڕیشە و ڕەگەوە هەڵیکەنن. بیرکردنەوەی ئاژەڵانی ئاوەزمەند تەنیا دەبێت لە ڕێگەی ڕاستی و حەقیقەتەکانەوە شکڵ و بێچم وەرگرن، هەر شتێکی دی جگە حەقیقەت بۆیان بێکەڵکە. هەمیشە تەنیا حەقیقەتتان لەبەر چاو بێت بەڕێز!..."

(ڕۆژگاری سەخت، دیکێنز)

 

چەند ڕۆژ پێش ئێستا سایتی خەبەری تەحلیلیی ڕوانگە لە پەیوەندیدا بە ڕووداوەکەی مهابادەوە وتارێکی لە ژێر ناوی( آقای رادفر، متاسفم! ) نووسینی سەلاح خەدیودا بڵاوکردەوە کە وەکوو خۆم پێم وتارێکی سەرنجڕاکێش بوو. نەک لەو ڕووەوە کە توانیویەتی کۆمەڵێک بابەتی بنچینەیی بهێنێتە ئاراوە و بە شێوەیەکی شیکارانە، بەپێی بانگەشەی سایتەکەیان، ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ئەم ڕووداوە دەربخات و شیانبکاتەوە. بۆیە، بە باشم زانی ئەو کارەی کە نووسەری ئەو وتارە نەیتوانیوە سەبارەت بە ڕووداوەکە بیکات ئێمە بە نیسبەت وتارەکەی بەڕێز خەدیوەوە بیکەین و لەگەڵ پارادۆکس و ناکۆکییەکانی ڕووبەڕوو بکەینەوە و بەدواهاتی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، پێشنیار، گلەیی و گازندەکانی ڕوون بکەینەوە. هەرچەندە لە چەند ڕۆژی پێشوودا گەلێک کەسیش لەسەر ئەم ڕووداوە دواون، فیلسووفانی ئانیی ناو میدیاکان، نووسەرانی دوو پەڕەگرافی و لەشکری لایکچیە ڕەشۆکییەکانیان، پسپۆڕانی کۆمەڵگای مەدەنی، کۆمەڵناسان و شڕوڤەکارانی پلەبەرز، شۆڕشگێڕانی بێلایەن، چالاکڤانانی سەربەخۆ، لایەنگرانی مافی مرۆڤ و شۆڕشگێڕانی کوتوولەی جەسوور و بوێر. هەموو ئەمانە، پاکیان لە شارە جیهانییە ڕەنگینکەمانییە گەورە دێمۆکراتیکەکەی فەیسبۆکدا بە توندی و قووڵ سەریان بە گفتوگۆ و دەمەتەقێوە قاڵە.

لێرەوە، پێویستە ئاماژە بەم خاڵە بدەم کە هەرچەندە نووسەری ئەم دێڕانە ئەم وتارەی بەڕێز خەدیو لە ئاستێکی تیۆریک و شیکارانەی ئەوتۆدا نابینێت کە بە شێوەیەکی تیۆریکیش لەسەری بدوێت و هەڵیبسەنگێنێت. هەرچەندە بە پێویستی دەزانم لە کات و دەرفەتێکی لەبارتردا بەشێک لە نووسینە پێشووەکانی خەدیو بخەینە بەر خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی ڕادیکاڵ و ڕیشەییەوە و لە هێڵەکی بدەین بۆ ئەوەی بزانین چی لە چەنتەی ئەم ڕووناکبیر و پسپۆڕە سیاسییەدا بوونی هەیە کە ئەمە لەخۆیدا دەتوانێت هەنگاوێکی سەرەتایی بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و، هەروەها رۆشتن بۆ ناو ئەو ژوورەی کە وەک هاروی بە باشی ناوی ناوە ژوورە فیکرییەکان(Tink-Tanks)یان. هەر چەندە سەرەتا خوێنەر دەبێت لەوە بە ئاگا بێت کە بەبێ خوێندنەوەی وتارەکەی بەڕێز خەدیو ئەستەمە لەم وتارەش تێبگات. بۆیە باشتر وایە سەرەتا ئەو وتارە بخوێندرێتەوە.

هەرچەندە بە پێویستی نازانم بە شێوەیەکی تیۆریک وڵامی ئەم ئەدەبیاتە قەلەندەرانە بدەمەوە کە خەدیو هەوڵ دەدات تەنانەت لەڕووی تێرمینۆلۆکیشەوە خۆی هەمان و ئایدێنتیتی فای بکات لەگەڵ ئەدەبیات و زمانی فەرمیدا. چونکوو لە سەرەتا و لەکاتی خوێندنەوەی وتارەکەی بەڕێز خەدیودا، ڕەنگە وا دەربکەوێت کە چەندە ئازا و دلێرانە نووسراوە و چۆن بێباکانە و بێپەروا یەخەی خۆی بەرامبەر بەردەنگەکەی دادەدڕێت. بۆیە، ئێمەش هەوڵ دەدەین بزانین ئەمە دادڕینی یەخەیە یان دەرکەوتن و داماڵینی دەمامکی ڕاستەقینەی جەستەی ڕاستەقینەی سیاسیی ئەم چالاکە سیاسییە. تایبەتمەندیی ئەم جۆرە وتارانەش لەوەدایە کە نووسەر ئەوەندە هەوڵ نادات مەبەستی حەقیقی و داواکارییەکانی لە پشت هەندێک تیۆردا بشارێتەوە، بەڵکوو دەیەوێت کۆی ناوەرۆک و کاکڵی مەبەست و ویستەکانی بەپەلە و زووبەزوو بەرامبەر بەردەنگەکەی دەرببڕیت.

 

ڤێنسان ڤەنگۆگ هونەرمەندی گەورەی هۆڵەندی تابلۆیەکی شێوەکاریی هەیە لە ژێر ناوی پەتاتەخۆرەکاندا. یەکێک لە تایبەتمەندییە داهێنەرانەکانی ڤەنگۆگ ئەمەیە هیچکات نەیتوانیوە خۆی لە کایگەری و ڕەنگدانەوەی ڕەنجەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی و دۆخی ژیان و بژیویان ببوێرێت و خۆی لە میحنەت و بێبەشی خەڵکی کۆمەڵگاکەی دوور و نادیدەیان بگرێت و هەر ئەمەش، بۆتە بەشێکی جەوهەری و دانەبڕاو لە بەرهەمە هونەرییەکانیدا. ڤەنگۆگ، لە نامەیەکدا بۆ هاوڕێیەکی شێوەکاری هۆلەندی خۆی دەنووسێت: "من و ئێوە تایبەتمەندییەکی هاوبەشمان هەیە ئەوەش ئەمەیە کە بۆ[توخمە] هاندەرەکانم لە ناو دڵی خەڵکدا دەگەڕێم، شتێکی هاوبەشی دیکەش لە نێوان من و ئێوەدا هەیە ئەوەش دووپاتکردنەوە و تەمرینە لە ڕووی ئەو تیپە زیندوانەوە(واتە لە ڕووی ژیان و) واقعەوە. تابلۆی پەتاتە خۆرەکان شایەت و یەکێکە لەو بەڵگانەی کە سەلمێنەری ئەم پێشگریمانەی ڤەنگۆگە. ئەم تابلۆیە بریتییە لە ئامادەیی پێنج کەس و هەموویان تێکڕا خەریکی خواردنی پەتاتەن. وەک بە تابلۆکەدا دیارە، ئەم ژوورە ژوورێکی شێدار و بێڕۆح و بێڕۆشنایی و تا ڕادەیەک تاریکە و ژوورەکە لەوە بچووکترە بە شێوەیەکی سرووشتی ئەم پێنج کەسە بتوانن تیایدا لە دەوری یەکدی کۆ ببنەوە. هەموویان بە جۆرێک پەیوەندییەکی ناجۆر و نالەباریان هەیە بەم کورسییەی بەردەمیان و خۆرادنی سەر کورسییەکەوە. خاڵێکی دیکە و بەرجەستەی ناو ئەم تابلۆیە ئەوەیە کە چوار کورسی ناو ئەم تابلۆیە کە ڕوویان لە بینەرە، لە یەکەم نیگادا وەک پێنج کەس کە خەریکی خواردنی شەوانەن دەردەکەون بەڵام کاتێک بمانەوێت وردتر لێیان بڕوانین بە سانایی بۆمان دەردەکەوێت کە سیمای ئەم مرۆڤانە وردە وردە لە حاڵەتی سروشتی مرۆڤبوون تێدەپەڕن و بەرەو کۆمەڵێک مرۆڤی لە خشتەبراو و تێکڕماو دەڕۆن. بە تەعبیرێکی دیکە دەتوانین بڵێین خوانی شەویان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە سیمایانەوە هەیە و ڕووخانی فۆرمی سروشتی و فیزیکی سیما و جەستەی ئەم کەسانەش پەیوەندییەکی بەرامبەریان بە خوانی شەوانیانەوە هەیە.

 

ئەو کات ڤەنگۆگ ئەم تابلۆیەی لەگەڵ نامەیەک سەبارەت بەم تابلۆیەدا بۆ براکەی (تێئۆ) نارد. ڤەنگۆگ لەو نامەیەدا دەڵێت:"هەوڵمداوە پێ لەسەر ئەوە دابگرم، ئەم مرۆڤانەی لەژێر ڕووناکیی گڵۆپەکەدا خەریکی خواردنی پەتاتەن، هەر بەو دەستانەی کە لەناو کاسەکەدان زەمینیان هەڵکەندووە و بەم پێیە، ئەم تابلۆیە حیکایەتی کاری دژوار و خواردنەکەیانە".

بۆ ڤەنگۆگ پەتاتەخۆرەکان ناوی ڕەمزی هەژارانە، یان بەتەعبیرێکی دیکە پەتاتەخۆرەکان ناوی هونەریی هەژاران و زەحمەتکێشانە. پەتاتەخۆرەکان لەم وتارەدا و بۆ ئێمەش کۆی قوربانیان و ئەو ژن و پیاو و کوڕ و کچانەن ڕۆژانە لەبەردەم پەلاماری کەرتی تایبەت و بازاڕی ئازادان و ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕێژەیان ڕووی لە زیادبوونە.

لام وایە دوای ئەم پێشەکییە، کاتی ئەوە هاتووە بپەرژێینە سەر هەندێک لە بۆچوونەکانی بەڕێز خەدیو سەبارەت بە ڕووداو یان کارەساتەکەی مهاباد و پەتاتەخۆرەکانی سەر جادە. چونکوو وتارەکەی بەڕێز خەدیو لە چوار بەش پێکهاتووە باشتر وایە لەجیات ئەوەی بە یەک بەیەکی ڕستەکانی ئەم بەڕێزەدا بچینەوە، باشتر وایە هەندێک گشتیتر لەسەر نیگەرانییەکانی هەڵوەستە بکەین و لەسەری ڕامێنین. بە باوەڕی ئێمە 3 خاڵی سەرەکی لە بۆچوونەکانی خەدیودا هەن کە بریتین لە: 1- پرسی سەرمایەگوزاری و کەرتی تایبەت 2 - چارەسەرکردنی ڕووداوەکەی مهاباد لە ڕێگەی پیاو ماقووڵان(معتمدین)3-پرسی تاراندنی باڵندە(باڵندە لای بەڕێز خەدیو هێمای سەرمایەیە).

بە پێی ئەم سێ خاڵەی ئاماژەمان پێدا، یەکەم گرفتی سەرەکی بەڕێز خەدیو پرسی کەرتی تایبەت و سەرمایەگوزارییە و لەکۆتایدا تاراندنی سەرمایەگوزاری. ڕەنگە لە یەک ڕوانیندا وادەرکەوێت کە دانەنانی سەرمایە گورزێکی کوشندە بێت لە پەیکەری گەشە و پەرەسەندندا، بەڵام ئەگەر توزێک وردتر و قووڵتر لە لۆژیکی سەرمایە و سەرمایەگوزاری بڕوانین زۆر بە سانایی بۆمان دەردەکەوێت سەرمایە و سەرمایەگوزاری بەردەوام لە شوێنێکدا ئامادەن کە قازانج و قازانجی زێدەتر ئامادەبن. واتە لەهەر شوێنێکدا قازانجی زۆرتر هەبێت سەرمایە و سەرمایەگوزاریش لەوێدا زۆرتر و زیاترن. ڕەنگە لێرەدا بەڕێز خەدیو ئەم پرسیارە ئاراستەی نووسەری ئەم دێڕانە بکات ئایا سەرمایە و سەرمایەگوزاری لە شوێنێکدا پەنگ دەخواتەوە کە خاوەن هیچ جۆرە ئەمنییەتێک نەبێت؟ ئەم پرسیارە ناچارمان دەکات ئاماژە بەوە بکەین ئایا سووتانی هۆتێلێک و مەرگی (ف.خ) بیانوویەکی ژیرانەیە بۆ هەڵاتنی سەرمایەداران و سەرمایەگوزاران؟

وەکیتر، ڕەنگە بەڕێز خەدیو نایەوێت لەم خاڵە سەرەتاییە تێبگات کە تێگەیشتن لە مێکانیزمەکانی نئۆلیبڕاڵیزمی ئابووری و ئابووریی سیاسی بازاڕی ئازاد، سەرمایەداران و سەرمایەگوزاران و کەرتی تایبەت پابەندە بە تێگەیشتن لە دەرکەوتە، ڕۆڵ و بەدواهاتەکانی ئەم سیستمە لەسەرتاسەری جیهان و چەندەش دەستیان هەبووە لە ڕێخستن و دامەزراندنەوەی جیهانی هاوچەرخدا. کەواتە، نەک مهابادی پێش و پاش ڕووداوەکە، نەک ئێران بەڵکوو بەشی هەرە زۆری کێشەکانی ئەم جیهانەی تیایدا دەژین بەرهەمی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەم سیستمە دڕندەیەن و ڕووداوەکەی مهابادیش یەکەم گرفت و دواگرفتیش نابێت بەڵکوو وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا ئەم ڕووداوە و بەدواهاتەکانی، بەرهەمی دەرکەوتنی کەرتی تایبەت و ئابووریی سیاسی بازاڕی ئازادن و دەیان و سەدان و هەزاران ڕووداوی گەورە و بچووکی دڵتەزێنی لێکەوتۆتەوە و لێشی دەکەوێتەوە. کەواتە ڕێگای گەشە و پەرەسەندنی مهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستان بە ناو بازاڕی ئازاد و کەرتی تایبەت و سەرمایەگوزاریی وەهادا تێناپەڕێت و مەیلی هاری فرەڕەهەندی ئابوریی سیاسی بازاڕی ئازاد و کەرتی تایبەت کە، لە باری ستراتیژیکەوە ئەم وتارەی بەڕێز خەدیو لەسەری بەندە، بە ئاسانی مهاباد بەجێ ناهێڵێت و وەک بە وتارەکەی ئەو بەڕێزەشدا دیارە، یەکێکی دیکە لە دەرکەوتە و کاریگەرییەکانی سیاسەتی بازاری ئازاد و کەرتە تایبەتەکان، وای لێکردووە کە پێیوابێت پێویستە کێشەکانی ئەم ڕووداوە و کەرتی تایبەتیش بەشیوەیەکی تایبەت و خوسووسی و لە ‌غیابی خەڵکدا چارەسەر بکات(لە دێڕەکانی خوارەوەدا دەگەڕێینەوە سەر ئەم باسە) و لفی ئەم جۆرە بۆچوونەش هەڵهێنجاندن و وێرژێنێکی کۆنکەوتەی دیکەی کردنی سیاسەتی بازاڕی ئازادە بە بازاڕی ئازادی سیاسەت و بەدواهاتی ئەمیشیان سڕینەوەی سیاسەتە لە سەرجەمی جومگە، پنت و لایەنە فرەجۆرەکانی کۆمەڵگا و ئەمانە پاکیان هیچ نین جگە مودیرییەتی زیاتر و سڕینەوەی بەر بەرینی سیاسەت لە سیاسەت.

بە ڕای ئێمە، خاڵی دووهەم کە پێشتر ئاماژەی پێکرا دەتوانێت کاکڵ و حەقیقەتی بیرکردنەوەکەی بەڕێز خەدیومان لە پەیوەندیدا بە کۆمەڵگا، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و بەرپرسانی دەوڵەتییەوە دەربخات کە لە نەوعی خۆیدا سەرنجڕاکێش و تاقانەیە. بەڕێز خەدیو لە بەشی دووهەمی وتارەکەیدا، ڕوو لە جێگری سیاسی و ئەمنی پارێزگای ورمێ دەڵێت: بەڕێز ڕادفەر، ڕووداوەکەی مهاباد و مەرگی ف.خ ڕۆژی یەکشەممە ڕوویدا و سووتانی هۆتێلەکە ڕۆژی پێنشەممە لەم چوار ڕۆژەدا ئێوە لە کوێ بوون؟بەڕێز خەدیو لای وایە دەبوو بەڕێز ڕادفەر کەڵکی لە توانستی تەلەفزیونی پارازێزگا و تەلەفزیونی \ مهاباد و باوەڕپێکراوان(ئەم وشەیە لە زمانی کوردیدا زۆرتر بۆ(پیاو ماقووڵان) بەکار دەهێندرێت) و چالاکانی مەدەنی وەرنەگرتووە و جگە لە هەندێک کەسی کورسیخواز چەند کەس لە پیاو ماقووڵان و ڕێفۆرمیست و نوخبەکانی کوردستان دەناسن؟.

لەم دێڕانەی سەرەوەدا بەڕێز خەدیو، لای وایە کە خۆکوژی ف.خ و بەدواهاتەکان و ڕووداوەکانی مهاباد بەری پێدەگیرا ئەگەر پیاو ماقووڵان و چالاکانی مدەنی و ڕێفۆرمیست و نوخبەکانی کوردستان بەرایی ڕووداوەکەیان بگرتبا. سیاسەتی بەکارهێنانی پیاو ماقووڵان و ئەم جۆرە بەراییگرتنە ئەوەندە لە کولتووری خێڵەکی و عەشیرەیی و دیو و دیوەخانەوە نزیکە ئەوەندە لە لیبڕاڵ و رێفۆرمیستێکی چابوکەوە نزیک نییە کە دەبێت باوەڕێکی قایمی بە یاسا و سەروەری یاساوە هەبێت نەک پشتبەستن بە چارەسەری کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و مێژوویی لە ڕێگەی بەراییکردن و دەسپێشخەری پیاوماقووڵانەوە. بۆیە ئەمە خۆی یەکێک لەو هەڵە ترسناکانەیە کە بەڕێز خەدیو خۆی دەیکات و لە هەوڵێکی بێوچان و لە بەشی یەکەمی وتارەکەیدا ڕوو لە بەڕێز رادفەر دەیڵێت و لای وایە ئەم جۆرە هەڵانەن کۆتایی بە تەمەنی سیاسەتڤانان دەهێنێت.

وەک پێشتر بەکورتی ئاماژەمان دایە یەکێکی دیکە لە بەدواهاتەکانی سیاسەتی بەکارهێنانی پیاوماقووڵان و کەڵکەڵە و گوشاری لۆژیکی خسووسیسازی وای لە بەڕێز خەدیو کردووە ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی خسووسیش چارەسەر بکات. هەمووان دەزانن لە جیهانی هاوچەرخدا لۆژیکی چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی پیاوماقووڵانەوە، بازنەکەی لەوە دەڵپتر و هەراوترە بە کەژی کەرتی تایبەت و پیاوماقووڵان و نوخبەکان و لە جو‌غزێکدا کۆبکرێتەوە. لام وا نییە دۆکترینە عەشیرەیەکەی بەڕێز خەدیو بتوانێت لە ناوەوە(واتە لە هەناوی کۆمەڵگاوە) کێشەکە چارەسەر بکات. تەنانەت هەندێکجار هەڕەشەی نەمانی کەرتی تایبەت وا لە بەڕێز خەدیو دەکات لۆژیکی پیاوماقووڵان و چارەسەرکردنی ڕووداوەکەش تێپەڕێنێت و پەنا بۆ جۆرێک لابیگەری ئابووری و جێبەجێکردنی کێشەکان و کەسەکان ببات بەبێ هیچ جۆرە پشتیوانییەک لە ئامادەیی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکە لە خوارەوە. ئەگەر ڕاشکاوانەتر بدوێین کۆی هەوڵی بەڕێز خەدیو لە پەیوەندیدا بەم ڕووداوەوە کەڵکوەرگرتنە لە تێزی" گوشار لە خوارەوە"(واتە ئامادەیی خەڵکی سەر شەقام وەک دەرفەت و ئەگەرێکی لەبار) بۆ چەنەلێدان و "چەنەبازی لەسەرەوە" کە ئەمە خۆی لە ڕووی ستراتیژیکەوە یەکێک لە وانە و دۆکترینە جەوهەرییەکانی رێفۆرمیستی گەورە کارل پۆپێرە. بۆ ئەوەی بەڕێز خەدیو لەم نیگەرانییە بهێنینی دەرەوە ڕەنگە ئەم پێشنیارە پێشنیارێکی خراپ نەبێت: ئێوە لە کاتێکدا کە دەستێوەردان و بەرایی پیاوماقووڵان بۆ پێشگرتن و چارەسەری نەمانی کەرتی تایبەت بەکاریگەر دەزانن تۆ بڵێی هەر ئەم پیاوماقووڵانەش نەتوانن دڵی خاوەندارانی سەرمایە و سەرمایەگوزاران وەڕەحم نەهێنن و نەیانگەڕێننەوە سەر مەنزڵگەی ڕاستەقینە و حەقیقی خۆیان؟

بەڕێز خەدیو لە کۆتایی پەرەگرافی یەکەم لە ژمارەی چوارەمی (4) وتارەکەیدا شتێکی سەیر و سەرنجڕاکێش دەڵێت( لام وایە لەم جۆرە دۆخانەدایە کە ناوەڕۆک، هەناسە و زانستی حەقیقی و ڕاستەقینەی کەسەکان دەردەکەوێت): ئەمە شایستە و تواناییەکانی مهابادە کە بە شێوەیەکی سرووشتی بۆتە جێی سەرنجی سەرمایەکانی کەرتی تایبەتەوە ..... هەڵبەت دەزانم کە دەبێت سپاسگوزارتان بم کە ڕێگەتان داوە لە غیابی کەرتی دەوڵەتیدا، لانی کەم کەرتی تایبەتی لە(مناطق کوردنشین)دا سەرمایەگوزاری بکات.... [ئێوە](مەبەستی بەڕێز خەدیو بەڕێز ڕادفەرە)ئاماژەتان بە هەمایشی دەرفەتەکانی سەرمایەگوزاری و بازرگانی [نێوان] ئێران و ئێراق داوە کە بڕیاڕە لە داهاتوویەکی نزیک لە مهاباددا بەڕێوە بچێت[بەڵام] بێمەبەست یان بە ئانقەست ناوی[ئەم] هۆتێلە سووتێندراوەتان وەک شوێنی نیشتەجێ بوونی میوانەکان ڕاگەیاندووە.... هیچ مرۆڤێکی ژیر ئەم کارە ناکات. مەگەر ئەمەی کە مەبەستی(هەڵفڕاندن و)تاراندنی باڵندەکان بێت. سەرمایە وەک باڵندە وایە، یان دەبێت بکەوێتە داوەوە یان بە هەستکردن بە مەترسی هەڵدەفڕێت.

 

ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە گرینگ نییە ئەوەیە کە سەرمایەگوزاری، ئەویش کەرتی تایبەت کە سرکترین و چابوکترین و هارترین جۆری سەرمایە و هەروەها ئەو هەمایشەی کە بڕیاڕە لە داهاتوویەکی نزیک (؟)دا لەبەر نەمانی ئەمنییەت و بزربوونی دڵنیایی بکەوێتە مەترسییەوە لەبەر ئەوەی هۆتێلەکە ئاگری تێبەردراوە لە زۆر ڕووەوە بیانوویەکی مەعقوول و گونجاو نییە. بەڕێز ڕادفەر لە من و بەڕێز خەدیو باشتر هۆکارە ئابووری و سیاسی و مێژووییەکانی سەرمایەدانەنان لە مهاباددا دەزانن، بۆیە لێرەوە بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم کە ژیرانەترین کار بۆ بەڕێز خەدیو و هەوڵە سیزێفییەکانی سەبارەت بەم ڕووداوە بخاتە گەڕ بۆ داکۆکیکردن و پشتیوانی لە ئامادەیی کەرتی دەوڵەتی نەک ڕازیبوون و پاڕانەوە بۆ گەڕاننەوەی باڵندە چابوک و سرکەکە. گومان لەوەدا نییە ئەم نیگەرانییەی بەڕێز خەدیو بۆ ڕاگرتنی کەرتی تایبەت، ئەویش بە چنگ و ددان، وێرژێن و هەوڵێکی دیکەیە بۆ درووستکردنی کڵاوێکی تازە و شیک لە کاموای کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی بیکاتە سەر پێگەی چینایەتی خۆی و هاوسەنگەرانی. سەرباری کۆی ئەمانە، لە کۆتایی بەشی سێهەمی وتارەکەی بەڕێز خەدیودا ڕستەیەکی سەیر هەیە کە پێیوایە سەرمایە وەک باڵندە وایە یان دەبێت بکەوێتە داوەکەوە یان هەرکە هەستی بە مەترسی کرد ئەدا لە شەقەی باڵ. ڕاستییەکەی نووسەری ئەم دێڕانە نازانێت لە کوێی زانستی سیاسی و ئابووری و مرۆییدا سەرمایە باڵندەیە. من وەک خۆم هیچکات چاوم بەم جۆرە پێناسە لە سەرمایە نەکەوتووە و لە هیچ شوێنێکدا نەمبیستووە مەگەر لە قامووس و ئەدەبیاتی بەڕێز خەدیو و لە ژوور و دیوەخانی پیاوماقووڵان و هاوقەتارانی ئەم دوکتۆرە بەڕێزەدا. تا ئەو شوێنەی ئاگادار بم باڵندەی ئازاد، لانیکەم لای مارکس، ئەو کرێکارانەن کە بە زەمینەوە گرێ نەدراون و خاوەن هێزی کاری خۆیانن.

بەگشتی، ووشەی سەرمایە لە زمانی ڕۆژانەدا بریتییە لەو داراییانەی کە وەک سەروەت تاکێک خاوەنییەتی. لێرەوە سەرمایە بەو بەشە لە پووڵ دەگوترێت کە دەبیت سەرمایەگوزاری پێبکرێت بۆ ئەوەی لەم ڕێگەوە ئاستێک لە داهات بەرهەم بهێنیت یان بەتەعبیرێکی دیکە سەرمایە دەتوانێت خودی سەرمایەگوزاری بێت. واتە ئامرازێکی ماڵی ، پشک یاخود هەندێک وەرەقی بەهادار بن کە مافی خاوەندارێتی بەسەر کەرەستەکانی بەرهەمهێناندا هەیە یان بە ڕوویەکی دیکەدا بریتیە لە ئامرازە مادییەکانی بەرهەمهێنان.

بەم پێیە و جیا لەم پێناسە گشتییە لە سەرمایە پێمان باشە پێناسەیەکی دیکە لە چەمکی سەرمایە بە دەستەوە بدەین بۆ ئەوەی بە پێچەوانەی بەڕێز خەدیوەوە قووڵتر لە چەمکی سەرمایە بڕوانین کەڵک لە پێناسەی مارکس بۆ چەمکی سەرمایە وەردەگرین : سەرمایە چشت نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی بەرهەمهێنەرانەی کۆمەڵایەتییە کە سەر بە کۆمەڵگایەکە خاوەن فۆرمانسیۆنێکی مێژوویی دیاریکراو بێت و لە چشتێکدا دیار دەکەوێت و تایبەتمەندییەکی کۆمەڵایەتی تایبەتی دەبەخشێتە ئەم چشتە. ئەوەی لە ڕێگەی ئەم ئانتی تێزەوە لە سەرمایەدا وێنا دەکرێت کەرەستەکانی بەرهەمهێنانە کە لە مۆنۆپۆل و پاوانی دیاریکراوی بەشێکی کۆمەڵگادایە و لەگەڵ هێزی کاری زیندوو وەک بەرهەمدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە و بە سەربەخۆیی دۆخی کار لە هێزی کار جیا دەکاتەوە و....

بە ڕێز خەدیو، لە دواخاڵی وتارەکەیدا ئاماژە بە پەرەسەندن و ژیانی(خوب)دەکات و بە حەق و مافی خۆی دەزانێت، ئێمەیش نازانین ئەم ژیانە (خوب)ەی کە بەڕێز خەدیو داوای دەکات (کە مافی هەموو کەس و لایەنێکە و ئارمانێکی بەشەرییە) ئایا پەتاتەخۆرەکانی سەر جادەش دەگرێتەوە؟. بۆیە وەک جێرمی کرۆنین دەڵێت:"ئێمە لەبەر ئەم هۆکارە مرۆڤین کە لە کۆمەڵگاکان و کولتوورەکاندا باڵا و گەشەمان کردووە" ئەو کاتەی کە فەیلەسووفانی یوونانی کەونینە مرۆڤیان بە ئاژەڵێکی سیاسی دەزانی، دید و ڕوویان لەم لایەنە تیۆریکە بوو کە ئاژەڵەکان لە کۆمەڵگایەکی سیاسیدا بوونەتە مرۆڤ. تاکگەرایی لیبڕالیستی _ بە جەغد کردنەوە لەسەر ئاراستە مێژووییەکەی _ ڕەنگە بۆ پاساوی ئەم بەڵگاندنە مافی ئەوە بە خۆی بدات کە هیچ جیاوازییەکی جەوهەری و سروشتی بوونی نییە ببێتە هۆی جیاوازییەکی نوێ لە نێوان مرۆڤەکاندا، بەڵام لە شیکاری هێزە مرۆییە بەرهەمهێنەرەکان سەبارەت بە نەبوونی نابەرابەری _ لە نێوان چینەکان، قاڕەکان و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان _ سەرکەوتوو نابێت. لێبڕالیستەکان لە باشترین حاڵەتدا نایانەوێت _ یا خود ناتوانن _ لەوە تێبگەن کە" ئێمە بە شێوەیەکی بەرابەر لە دایک نەبووین". کۆمەڵەیەکی کەم لە دانیشتوانی سەر زەوی لە نازو نیعمەتدا لە دایک بوون و ئەوانی دیکەش لە کۆمەڵگا هەژار، نەخۆش، دواکەوتوو و داماوەکاندا لە دایک بوون کە لە ڕێگەی کەڵەکەکردنی سەرەتایی (primitive accumulation) سەرمایە لە ڕێگەی سەرمایە خۆیەوە لە کۆی نێعمەتەکان و خۆشگوزەرانی و رفاهی ژیان بێبەشە.

بەم پێیە باشتر وایە بەڕێز خەدیو دەستی نەمان و ڕۆیشتنی باڵندەی کەرتی تایبەت بە چۆکی خۆی و پیاوماقووڵان و هاوسەنگەرانی (سەنگەری هایێکی) لە سەرانسەری کوردستان بە چۆکی مهاباددا نەدات و بیر لەو پەتاتەخۆرانە بکاتەوە کە یەکەم قوربانی بەردەم کەرتی هاری تایبەتن و هەر ئەوانیش دەکەونە بەر هەرجۆرە پەلامارێکی ئەم کەرتەوە. هەر وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، باشتر وایە بەڕێز خەدیو بەرامبەر کەرتی تایبەتی بەرگری لە کەرتی دەوڵەتی بکات و ئێمەش بەرامبەر کەرتی تایبەتی و ئابووری نئۆلیبڕاڵی و بازاڕی ئازاد بەرگری لە کۆمەڵگا بکەین. بەم پێیە، ئەگەر ئێمە لەسەر پەتاتەخۆرەکان نەدوێین ئەبێت سەبارەت بە بۆچوونەکانی ئێوە بێدەنگ بین، کەواتە ئەگەر ئێوەش ناشتوانن لەسەر پەتاتەخۆرەکان بدوێن بەرانبەر سەرمایەگوزاری نەکردن و هەڵاتنی کەرتی تایبەتیش بێدەنگ بن.

 

سەرچاوە؛ http://www.ruwange.net/NewsDetail.aspx?itemid=3262

 

 

گەڕان بۆ بابەت