نه‌ژاد عزیز سورمێ
ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر كرۆكی ناوه‌رۆكیش ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر گۆڤاره، له‌سه‌ر ڕۆژنامه نییه و پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌ر ڕاسته به نموونه توێژینه‌وه‌ی تایبه‌ت به ئه‌ده‌ب و زمان و مێژوو ئاركیۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه و كۆمه‌ڵناسی و قانوون و زانستیی دیكه كه زۆرجار ده‌بینین گۆڤاری تایبه‌ت به‌خۆیان ده‌بێت ئه‌مه له ڕۆژنامه‌دا په‌سند نییه و ناشكرێ، (مه‌گه‌ر هه‌ندێ ڕۆژنامه لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان بكه‌ن) ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ له‌و بابه‌تانه ڕه‌نگه له گۆڤاری سیاسیی گشتیشدا جێگایان بێته‌وه، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا هه‌ندێك له‌وانه‌یش دوورنییه له ڕۆژنامه‌دا بایه‌خیان پێ بدرێت به‌تایبه‌تیش له هه‌ندێ هه‌ل و مه‌رجی پێویستدا.
گۆڤار و رۆژنامه
دونیایێک، دوو دونیا
نه‌ژاد عزیز سورمێ
یه‌كێك له‌و دابه‌شبه‌ندیانه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراوی تێدا كۆده‌كرێته‌وه، ئه‌و دابه‌شبه‌ندیه‌یه كه به‌پێی (كات)ی ده‌رچوون و بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌كرێ.
له‌مه‌شدا ئه‌گه‌رچی ئێمه بۆ ڕۆژنامه جگه له ڕۆژانه، به‌هه‌ردوو جۆری به‌یانی و ئێوارانی و حه‌فتانه لهقاوخی ڕۆژنامه‌دا نابینین و پێمان وایه ڕۆژنامه كه ده‌رچوونی له حه‌فتانه‌ی زیاتر پێ بچێ له‌سنووری ڕۆژنامه ده‌چێته ده‌ره‌وه، به‌ڵام ڕای وا هه‌یه ڕۆژنامه‌ی نیومانگی و مانگانه و ته‌نانه‌ت وه‌رزیش ده‌به‌نه‌وه ناو قاوخی ڕۆژنامه. ڕه‌نگه هه‌ر لێره‌ش ئاقاری ڕۆژنامه وگۆڤار تێكه‌ڵ ببن كه له‌وه‌دا بچینه‌وه ناو یه‌ك دونیا، دونیای ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراو…، به‌ڵام سه‌باره‌ت به زۆر ئه‌گه‌ری دیكه‌ش دوو دونیای لێك جودا پێك دێنن، به‌مه‌ش هه‌ریه‌ك له هه‌ردوو چه‌شن (ڕۆژنامه) و (گۆڤار) جیهانبینی و ئه‌ركی خۆی ده‌بێ و به‌پێی وه‌ختی ده‌رچوون و بڵاوبوونه‌وه‌یان ده‌گۆڕێ. به نموونه ئه‌گه‌ر له ڕۆژنامه‌دا به‌تایبه‌تیش ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه هه‌واڵی گه‌رماوگه‌رم و ده‌ستبه‌جێ گرنگ بێ، له گۆڤاردا (مه‌گه‌ر هه‌واڵێكی نائاسایی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێ) زیاتر به‌دواداچوونی هه‌واڵ و ده‌رهاوێشته‌كانی وه‌ك ڕاپۆرتی هه‌واڵئامێز و ڕیپۆرتاژی تێروته‌سه‌ل جێگای بایه‌خ پێدان ده‌بێت، دیاره سرووشتی ئه‌و بڵاوكراوه‌یش، جۆر و چۆنییه‌تی ئه‌و ڕاپۆرت و ڕیپۆرتاژ و به‌دواداچوونانه دیاری ده‌كا.
له‌نووسین و داڕشتنیشیدا هه‌ر به‌و جۆره‌یه، نووسین له ڕۆژنامه‌دا هه‌میشه وا ده‌خوازێ چڕ بێت و بهڵگاوهر و ڕوونبینی و لایه‌نی لاپرسه‌نی و به‌دواداچوونی ڕۆژنامه‌نووسی تیا ڕه‌نگ بداته‌وه.
له‌حاڵێكدا نووسین له گۆڤاردا، وه‌ك د. مه‌حمود ئه‌دهه‌م ده‌ڵێ ڕه‌گه‌زی گونجانی پتر تێدا ده‌بێ و به‌ڵگه‌دار ده‌بێ به وێنه و نه‌خشه‌ی پێویست د. مه‌حمود پێی وایه گۆڤار به‌بێ وێنه مه‌حاڵه بڕوانه (د. محمود ادهم التعریف بالمجلة- دار الثقافة للطباعة والنشر قاهیره 1985) له‌كاتێكدا له‌وانه‌یه له ڕۆژنامه‌دا به‌و جۆره نه‌بێ هه‌رچه‌نده وێنه به‌شێكی گرنگ لهماكێتی ڕۆژنامه‌یش پێك ده‌هێنێ، د محمود كه ده‌ڵێت بۆ گۆڤار بێوێنه‌یی مه‌حاڵه ڕاست ده‌كا، چونكه هه‌رچی نه‌بێ به‌هۆی ئه‌وه‌ی قه‌باره‌ی جیاوازه و به‌رگی هه‌یه بێگومان بێ وێنه زیاتر له‌كتێب ده‌چێ تا گۆڤار.
له‌سه‌ره‌كه‌ی تره‌وه ده‌بینین زۆر گۆڤاریش هه‌بوون و هه‌ن له قه‌باره‌ی نه‌ك كتێبی ئاسایی به‌ڵكو كتێبی گیرفانیش ده‌رچوون، كه به‌ش به‌بار له ڕۆژگارێكی تیژڕۆی وه‌ك ئه‌مڕۆ پێموایه قه‌باره‌یه‌كی له‌بار بێ وه‌كو گۆڤاری (كتابی) میسری و (طبیبك)ی لوبنانی.
له كاتێكا ڕۆژنامه نه به‌رگی هه‌یه و نهقهبارهیشی تاكو ئێستا له (تابلۆید) بچوكتر بووه و پێی گوترا بێ ڕۆژنامه، ئه‌گه‌ر باسی ئه‌وه‌یش نه‌كه‌ین كه ده‌كرێ گۆڤار هه‌بێت تایبه‌ت به بابه‌تێك كه به‌گۆڤاری یه‌ك بابه‌ت (متخصص) ده‌ناسرێنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه بۆ ڕۆژنامه مومكین نییه (هه‌ر چه‌نده ئه‌م ئه‌زموونه له ڕۆژنامه‌نووسیی دوای ڕاپه‌ڕین هه‌بووه، به نموونه - ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی و ڕۆژنامه‌ی (ستایل) ئه‌ده‌بی - دیسان سیسته‌می ده‌رهێنانیش له به‌كارهێنانی ستوون و وێنه و تایپۆگرافیا و وێنه و كاریكاتێر و مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ بۆشاییدا له‌گۆڤار و ڕۆژنامه‌دا جیاوازه، له ڕووی چاپ و تیراژ و كاغه‌ز و ژماره‌ی لاپه‌ڕه و قه‌باره و ناوه‌رۆكیشه‌وه هه‌ر به‌و جۆره.
ڕۆژنامه وه‌كو حاڵه‌تێكی گشتی وه‌ك وتمان زیاتر عه‌وداڵی هه‌واڵه ، به‌ڵام گۆڤار ده‌توانێ به‌هۆی وه‌ختی ده‌رچوونی زیاتر له ئینسكلۆپیدیایه‌كی كورتكراوه بچێت.
یاخود له‌چاپدا له‌وانه‌یه ڕه‌نگ و جۆری كاغه‌ز وه‌كو ڕه‌گه‌زی له‌پێش بن له به‌كارهێناندا له‌گۆڤار حسابی بۆ بكرێ، به‌تایبه‌تیش ئه‌و گۆڤارانه‌ی تایبه‌تن به مۆده‌ی جلوبه‌رگ و یا ئه‌وانه‌ی تایبه‌تن به ئافره‌تان یا هونه‌ری شێوه‌كاری. هه‌روه‌ها له بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕیكلامی جۆراوجۆر ، كه‌چی ڕۆژنامه ده‌گونجێ یه‌ك ڕه‌نگ بێت و بازاڕیشی هه‌بێت… ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر كرۆكی ناوه‌رۆكیش ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر گۆڤاره، له‌سه‌ر ڕۆژنامه نییه و پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌ر ڕاسته به نموونه توێژینه‌وه‌ی تایبه‌ت به ئه‌ده‌ب و زمان و مێژوو ئاركیۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه و كۆمه‌ڵناسی و قانوون و زانستیی دیكه كه زۆرجار ده‌بینین گۆڤاری تایبه‌ت به‌خۆیان ده‌بێت ئه‌مه له ڕۆژنامه‌دا په‌سند نییه و ناشكرێ، (مه‌گه‌ر هه‌ندێ ڕۆژنامه لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان بكه‌ن) ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ له‌و بابه‌تانه ڕه‌نگه له گۆڤاری سیاسیی گشتیشدا جێگایان بێته‌وه، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا هه‌ندێك له‌وانه‌یش دوورنییه له ڕۆژنامه‌دا بایه‌خیان پێ بدرێت به‌تایبه‌تیش له هه‌ندێ هه‌ل و مه‌رجی پێویستدا.
له هه‌موو حاڵه‌تێكدا ڕۆژنامه و گۆڤار ئه‌گه‌ر خاڵی هاوبه‌شیشیان هه‌بێ و بچنه‌وه یه‌ك ڕێگا، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین به دوو ڕه‌هه‌ندی جیاوازدا ده‌ڕۆن.