لە ئینگلیزییەوە: ناڵە حەسەن
سێبەرەکانی دوای نیوەڕۆ /کۆبوونەتەوە ، وەک ئەوڕۆژانەی / دەیانەوێت بڕۆنە ماڵەوە /پێش ئەوەی شەویان بەسەردابێ /لە سەرووی بەندەرێکی خۆڵەمێشییەوە / شارێک لە سەر خانوویەکی سپی دانیشتووە /چاوەرێ ڕووداوێک دەکات /هەموو بەلەمەکانیش لە نێویانەوە / بایەک هەڵدەکات / ئێمەش بەیەکەوە لە ماڵەوە گەرم دادێین / ناتوانم سەیری تۆ بکەم /بۆ ماوەیەکی درێژخایەن /لە دەرکەوتنت لە نیو شووشەکانی /پشت بارەکەوە
ڕۆد ماکوین و قەسیدەی (گوێگرتن لە گەرمایی)
لە ئینگلیزییەوە: ناڵە حەسەن
چەند بەشێک لە قەسیدەی (گوێگرتن لە گەرمایی)
- پێنجەم
بۆ ماوەیەکی درێژ لەکەنار دەریا ماویتەوە
تامی تۆ ڕێک وەک خۆرەتاو وایە
بەڵام خۆرەتاو زۆر گەرمترە
تەنانەت لە خۆشەویستیش
دەمەوێت بڵێم تۆم دەوێت
بەڵام شەو تەنها ئینجێک دوورە
منیش ناتوانم چاوەڕێ بم
لەو کاتانەی کە لە حەوشە
سەیری پەپووڵە دەکەی
کە سەرمەستانە سەما
بۆ گوڵە بەرزەکە دەکات
تۆش هەمیشە ئەوەت لەبیر بێ
کە خۆر بەرەو ئاوابوون دەچێ!
- یانزە
سێبەرەکانی دوای نیوەڕۆ
کۆبوونەتەوە ، وەک ئەوڕۆژانەی
دەیانەوێت بڕۆنە ماڵەوە
پێش ئەوەی شەویان بەسەردابێ
لە سەرووی بەندەرێکی خۆڵەمێشییەوە
شارێک لە سەر خانوویەکی سپی دانیشتووە
چاوەرێ ڕووداوێک دەکات
هەموو بەلەمەکانیش لە نێویانەوە
بایەک هەڵدەکات
ئێمەش بەیەکەوە لە ماڵەوە گەرم دادێین
ناتوانم سەیری تۆ بکەم
بۆ ماوەیەکی درێژخایەن
لە دەرکەوتنت لە نیو شووشەکانی
پشت بارەکەوە
من دەمەوێت بە تەنیا لەگەڵ تۆ بم
ئەودەمەی
ڕانەکانم بە نەرمی ناوت دێنن
تەنها تۆ گوێت لێیان دەبێ
ئەو شوێنە بۆ ئەوە دروستکراوە
بۆ ئەوانەی چاوشارکێیان تیا دەکرد
ئێمە لە ماڵەوە ئازادین
- پانزە
من لە زۆر ڕوەوە تۆم خۆشدەوێت
لە قەرەباڵغی و لە تەنیایی
ئەو دەمانەی لە تەنیشتمەوە دەخەوتی
کاتێک دوور بووی
من خەیاڵی ئەوەم دەکرد
کەسانیتر لە شەقامەکە سەیری تۆ دەکەن
لەوەش خراپتر ، تۆ لە باوەشی کەسانیتردا بیت
باڵندەکانی مانگی مارسی کەنار دەریام بینیوەو خۆشمویستووی
خۆم بە هاوین بەخشیوە و خۆشمویستووی
بینینی درەختە رووتەکان و
وەشاندنی گۆچانەکەم بەنێو بادا
لەگەڵ ژماردنی هەموو خولەک و کاتژمێرەکان
من هەرتۆم خۆشویست
ئەو پرسیارانەی هەرگیز نەکراون
وەڵامەکانیش لە خۆشەویستییەوە فێربووین
بەڵێنم بە خۆمداوە
هەرگیز نەپرسم ئەمشەو لە کوێبووی
تەنها بە ئومێدانەوە سڵاوێک دەکەم
- سیی و پێنج
ڕۆژێک دێت بە دوای
ئەو باڵندانە ڕادەکەم
کە لەنێو باراندا ون دەبن
بە پەلە ڕۆیشتن بەدوای
ئەوانەی کە ڕۆیشتوون
دڵخۆشم بەوەی کە جارێکیتر دەفڕم
بەڵام دڵنیا نیم لە ڕاکردنم
هەندێ برین هەن
کە من هەرگیز
قسەم لە بارەیانەوە نەکردوون
شتگەلێکیش هەن
وشەکانی کاری وایان بەسەرما هێناون
کە هەرگیز ناتوانی ئەوە بزانی
دوێنێ دونیا گۆرانی دەگوت
دۆزەخیش بە هەزار میلەوە لێمەوە دوور بوو
بەڵام دوای ماوەیەک گۆرانی گوتنەکە وەستا
هەر ئەستیرەیەک دەکەوێتە سەرزەوی
لە شوێنیدا ئەستێرەیەکی تر دەدرەوشێتەوە
هەر خەونێک کاڵ دەبێتەوە
لە شوێنیدا خەونێکیتر گەشدەبێتەوە
کاتێک شتەکان بە جۆرێکیتر دەبیندرێن
تۆ بەردەوام شوێنپێی خەونەکانی خۆت هەڵبگرە
- سیی و شەش
من بە تەنیا دەژیم
هەمیشەش بەو شێوەیە نیم
خۆشە جار جارە
کەمێ دڵی خۆت بکەیتەوە
تا هەندێ ئازار بچێتە نێویەوە
ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە
کە هێشتا تۆ دەژیت
من نازانم مەبەستم چییە
بۆچی ناتوانین لەنێو بیرکردنەوەکانمان
ئەو عەشقە کۆنەی
لەنێو یادەوەرییەکانمان بوونیان هەیە
بیهەژێنینەوە
تا گەورەتر دەرکەون لەوەی کە هەبوون
ئەمەش ئامێرێکی سەلامەتە
بۆ داخستنی دیوارەکان
من لەبیرمە
تاکە بارودۆخێکی تەمومژاوی
بەوەی هەندێجار
لە کوێ و چۆن
یان بۆچی دەیزانم
ئەوانە ڕوودەدەن چونکە دەمانەوێن
یان بتەوێت و ئەوەیش دەیخوازی
خۆشەویستی لێرەبێت یان نا
تا / لەنێو تاریکی ڕابکشێین و
گوێ لە گەرمایی بگرین!
- کورتەیەک لەبارەی قەسیدەی (گوێگرتن لە گەرمایی)
قەسیدەی (گوێگرتن لە گەرمایی) قەسیدەیەکی درێژە، پێکهاتووە لە (سیی و شەش) کورتە شیعر. ناوەڕۆکێکی پڕ چێژ و ڕۆمانسییانەی هەیە، وشە و دەستەواژەکان ناسک و گەمە لەگەڵ دەروون و هەستەکانی مرۆڤ دەکەن. دەستەواژە شیعرییەکان وەک درەخت و گەڵا، شەونمی شیعرییەت و چێژییان لێدەتکێ. شاعیر لەم دەقەدا کەمتر ئیش لەبارەی ناوەوەی خۆی دەکات بەتایبەت شۆڕبوونەوە بۆ ڕووبەری ناخودئاگایی، زێتر لە ڕێگەی وەسفکردنەوە ئیش لەسەر دەرەوەی خود دەکات، وەسفی ئەو دیمەن و شتانە دەکات کە دەیانبینێت، وەک (کەنار دەریا و باڵندە و درەخت و سێبەر و ئاسمان و مانگ و ژووری نووستن و دوڵبەرەکانی و هەتا دوایی)، هۆکارەکەش ئەوەیە ڕۆد ماکوین یەکێکە سەر بە قوتابخانەی ڕۆمانسیزمی ئەمریکی، بۆ شاعیرانی سەر بەو قوتابخانە ئەدەبییەش ئەم شێوازە لە نووسین کارێکی ئاساییە ، قەسیدەی (گوێگرتن لە گەرمایی)، لە ڕووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە هاوکات لە ڕووی زمان و شیعرییەتەوە، یەکێکە لە ناوازەترین قەسیدەی ڕۆد ماکوین. هەر بۆیە ئەو قەسیدەیە و چەند شیعرێکی تری لە کتێبێک بڵاوکردۆتەوە، کتێبەکەشی بەناوی ئەو قەسیدەیە ناو ناوە واتە (گوێگرتن لە گەرمایی).
- کورتەیەک لە ژیان و بەرهەمەکانی ( ڕۆد ماکوین )
ڕۆد ماکوین، لە ٢٩ی ئەپریلی ١٩٣٣ لە شاری ئۆکرلاندی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا لە دایک بووە. ماکوین شاعیر و ئاوازدانەر و گۆرانیبێژیش بووە. لەدەیەی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو ڕۆلێکی گرینگ و بەرچاوی هەبوو لە بوژاندنەوەی شیعری تەقلیدی لە ئەمریکا . لە تەمەنی یانزە ساڵیدا لەدەست باوکە مەشروب خۆرەکەی هەڵاتووە و ماڵەوەی جێهێشتووە. لەو تەمەنە بۆ بژێوی ژیانی خۆی دەستی بەکارکردن کردووە. کاری قوڕسی وەک، کرێکاری داربڕینەوەو هێڵی ئاسن و زۆر جۆریتر لە کارکردن. ماکوین لە ساڵانی ١٩٥٠ سەرەتای دەرکەوتنی بوو لە نێوەندی ئەدەبی و ئاشنابوونی خوێنەران بە شیعر و بەرهەمەکانی. لەگەڵ شاعیرانی ناسراوی وەک (جاک کیرۆک و ئاڵن گیسنبێرگ ) دەرکەوت. لەو سەردەمانە هەندێجار بەناوی خوازراوی (دۆر) دەینووسی . ماکوین لە ساڵی ١٩٥٩ ڕووی لە شاری نیۆرک کرد ، بۆ ئەوەی کاری بەڕیوەبردن و کاری ئاوازدانان بکات بۆ بەرنامەیەک
بەناوی ( THE CIBC WORK SHOP )، لە شەستەکان یەکێک بووە لە شاعیرە بەناوبانگ و ناسراوەکانی ئەمریکا . هەر لەو سەردەمانە سەفەری فەڕەنسای کردووە بۆ ماوەیەک لەوێ ژیاوە، وەک پڕۆژەیەک دەستی کردووە، بە وەرگێڕانی شیعرە لیریکییەکانی گۆرانی بێژی ئەفسانەیی (جاک بریل) بۆ سەر زمانی ئینگلیزی. سەرکەوتنی ماکوین وەک شاعیرێکی مۆدێرن بێهاوتایە. بەرهەمە شیعرییەکانی بۆ دەیان زمان وەرگێڕدراون هاوکات، بەهۆی گێرانی کۆنسێرتەکانی لە هۆڵە ناودارەکانی نیۆرک هێندەی تر ناو و دەنگ و شوهرەتی بێ بەخشیبوو. (ئیدوارد حەبیب) لە خوێندنەوەیەک بۆ ماکوین لەبارەی کۆنسێرت و کتێبە شیعرییەکانی دەڵێت (یەکێک لەو شاعیرانەی بەرفراوانترین شاعیرە لە هەموو سەدەکاندا). ئەوەش بەهۆی پڕ فرۆشترین تیراژی کتێبەکانی و بوونی خوێنەرانێک لە ئاستێکی بەرین و فراواندا. ماکوین وەک چۆن شاعیرێکی ناسراو و بەناوبانگ بوو لە هەمانکات گۆرانیبێژێکی بەناوبانگ و ناسراویش بوو. جگە لە کۆنسێرت و سیدییەکانی ، لە ساڵی ١٩٦١ گۆرانییەکی بەناوبانگی هەیە بەناوی (ئۆلیڤەر تویست) بەو گۆرانییە ناوبانگی چووە ئاستێکی زۆر بڵند. ماکوین کەسێکی چاڵاک و پڕ بەرهەم بوو، زێتر لە ١٥٠٠ گۆرانی نووسیوە. هاوکاری لەگەڵ چەندین ئاوازدانەری نێو دەوڵەتی کردووە. بە درێژایی ژیانی ئەدەبی و هونەری چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە. ماکوین هەوڵە هونەریی و ئەدەبیەکانی هاوتەریب بوون لەگەڵ چاکسازی کۆمەڵایەتی. پێش گەشتێکی بۆ ئەفەریقیای باشوور لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، ماکوین داوای (دانیشتنێکی تێکەڵاوی) لەنیوان بینەرانی ڕەش پێست و سپی پێست دا کرد. ئەمەش دەرگاکانی بۆ گەشتە سەرکەتووەکانی کردەوە. هاوکات بۆ هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری خەڵکان بەرامبەر نەخۆشی (ئایدز). هەروەها هەوڵدان بۆ یارمەتیدانی ڕێکخراوەکانی منداڵان و کەسە بە ساڵاچووەکان. ماکوین لە ٢٩ی جانیوەری ٢٠١٥ دا، لە تەمەنی هەشتاو دوو ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە. ماکوێن لە ئەزموونی شیعردا خاوەن ١٠ کتێبی شیعرییە، (گوێگرتن لە گەرمایی، بە بێدەبگی وەرە لام، لەگەڵ خۆشەویستی، تەنیایی ، لەنێو سێبەری کەسێکیتردا)، ئەوانە ناوی هەندێک لە کتابە شیعرییەکانیەتی. لەبارەی کتێبی (تەنیایی)، کۆمەڵەی وشە و نێوەندی شیعر و داهێنان، دەنووسێت / ماکوین ئەو پیاوەی لە هەموو شاعیر و نووسەرێکی هاوچەرخ ڕۆشنتر مانای پێناسەی تەنیایی کردووە، ناسک و نەرمو نیان، زیرەک و هەستیارانە تەعبیری لێکردووە. ئەو مانایەی بۆ تەنیایی، لەنێو شیعرەکانی ماکوین ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بۆچی ماکوین یەکێکە لە پڕ فرۆشترین شاعیری ئەو سەردەمە.
سەرچاوە :
- کتێبی Listen to the Warm
ROD McKUEN
- ئەنتەرنێت سایتی : celebrating black history
Discover new books by black uthors
Rod Mckuen books