ما 7268 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئاڵا محەممەدزادە

کاکەم ئەلێرە ڕائەکشا. چاوی لە میچەکان بڕیبوو. قسەی لە گەڵ نەئەکردم. گووتم تۆراوی؟ ئاخر زوو زوو ئەتۆرا، وەڵامی نەدامەوە. هەموو ڕۆژێک پارووم بۆ ئەگرت. هەر لە دەمیا ئەیهێشتەوە ئاوم پێدا بە لالێویدا ئەڕژایە خوار. سەرم لەسەر سەری ڕاگرت. پێکەنی، بەڵام قسەی لە گەڵ نەئەکردم. منیش کارم پێی نەبوو. کاکەم ئەیگووت کارت بە کاری کەس نەبێ، لە تەنیشتی لەسەر جێگەی خۆم ڕاکشام. تا ئەو کوڕە منداڵکارە هات، بانگی خەڵکی کرد. پەڕۆی سپییان بەسەر دادا و، بردیان.

تاوس

ئاڵا محەممەدزادە

 هەر چەند زیاتر ئەهاتم بەرەو قەەراغ شار، شێوەی ژیانەکان جیاوازتر دیار بوو. سەیرێکی ئادرەسی ناو دەفتەرەکەم کرد کە سەردەبیری ڕۆژنامەکە پێی دابووم. سەرم حەوادا. هەموو ماڵە کۆن بوون. لە بەردەم ماڵەکان چەند ڕیز لوولەی سیمانی گەورە لە سەر یەک داندرابوون. خەڵکیان تێدا بوو. وێستام. درگای ماشینەکەم کردەوە. منداڵ دەورەیان دام. کوڕێکی منداڵکارە لە ناو لوولەیەک لە ڕیزی سەروو ڕاکشابوو. قاچی بە حەواوە، خۆی کۆ کردەوە و بازی هەڵدایە خوار. دارێکی بە دەستەوە گرت و، ڕوو لە منداڵان گوتی دوور وەکەون دەی زوو بڕۆن لاچن!

روویکردە من. لە سەر تا خوار لێم ورد بوویەوە.

- تۆش هاتووی تاوس ببینی؟ لە پشت لوولەکان لای ئەو دیوارە دانیشتووە.

چووم بەرەو لای لوولە سیمانیەکان. مندال بە شوێنمدا هاتن. هەستم بە کێشرانی مانتۆکەم کرد. بە هەراسەوە ئاوڕم دایەوە. منداڵێک چوار پێنج ساڵ ئەبوو ڕووت و قووت بە چاوە شینەکانی سەیری کردم و، گوتی دادە بنێشتت پێیە؟

- نا.

گەیشتمە لای، خۆی کوشمەڵە کردبوو.

- تاوس ئەو ژنە هاتووە بۆ لای تۆ.

سەری حەوادا. بە پەلە هەستایە سەر پێ. لەچکەکەی کە لە ملی ئاڵاندبوو، کردیەوە و قژەکانی کە زۆری سپی ببوون خستیە ژێر لەچکەوە و تووند بەلای ملیەوە گریێدا. سەیرێکی خۆم و دەوروبەری کردم. پرسی کێت لە گەڵە؟!

- کەس.

سەیرێکی لای لوولەکانی کرد و، بەپەلە دەستی ڕاکێشام.

- وەرە دەی وەرە! کاکەم ئەڵێت نابێت بچیتە لایان.

رایکێشام بەرەو ماڵە کۆنێک کە چەند هەنگاو لەوێ دوورتر بوو. درگا تەنەکەکەی کردەوە. حەوشەیەکی چکۆلە بە دیوارێکی نزم پڕ لە شتومەک. هەنگاوی بە ناو شتەکاندا هەڵهێنا. نایلۆن، قوتووی ئاومعدەنی، کارتۆن، تەنەکە،... بە قاچ لایدان و، چووینە ژوور. درگای پێوەدا و، پشکۆڵی کرد.

- کاکەم ئەڵێت کچ نابێت بە تەنیا لە ماڵ بڕواتە دەر!

ئەژنۆم شلبوون. ئارەق بە نێوچاوانمدا ئەتکا. قەیرێک وێستام تا چاوم بە تاریکایی ناو دیوەکە عادەتی گرت. جەستەی لاواز و ڕەشتاڵەی بەرانبەرم ڕاوەستابوو. بەچاوە زەقەکانی لێی ئەڕوانیم. سەیری ئەمبەراو بەری خۆمم کرد. وەڵات هەمووی ڕەشی ئەکردەوە. تەنانەت وێنەکانی کە بە دیواریشەوە هەڵواسرابوون ڕەش ببوون. لە گۆشەیەک یەخچاڵە کۆنێک و تەلەفزیۆنێک دانڕابوو و کاسەیەک پڕ لە قورس و دەوا و شڕ و شیتاڵ لە سەری. لەو بەرۆ دوودانە بۆشکە، تختە و چەند سەتڵی ڕەنگ دانرابوون. لە نێوەڕاستی دیوەکەش کوورەیەکی دار دانرابوو.

- ئەترسی؟ مەترسە! من لەلاتم، پێکەوە ئەبین با ئەو کابرایە نەیەت!

 لامپێکی چکۆلەی شەوخابی لە پریز دا،

- لامپەکان کارناکەن، ئەگینا هەڵم ئەکردن. برق و گازیان لێ قەتع کردین. دراوسێکان چاکیان کرد، هەر خراپ بوو، گوتیان ئەبێت بە بێهزیستی بڵێن. نازانم کێیە. کاکەم چوو بە شوێنیا نەهات. ئەو ڕۆژە هاتن. نازانم کامیان بوو. زۆر بوون، ژن و پیاو (سەری هێنایە پێشتر) کابرایەکی ورگ زلیشیان لە گەڵ بوو. پەڕۆی سپی لە سەری هاڵاندبوو. 

قەیرێک بە ماتی سەریداخست. لە پڕ گوتی کاریان بە من نەبوو. وێنەی زۆریان گرت و، ڕۆشتن. کاکەم کاری ڕەنگ ئەکات. گوتی ئێرەش سپی ئەکەمەوە. جا جوان ئەبێت. دەستی هێنا بە لای کیف و دووربینەکەی لە مڵم دا بوو. بڕێکی لێ ڕووانی.

- تۆش وێنە ئەگری؟ لە منیش بگرە ها چەند جوانم!

داوێنی کراسە گوڵدارەکەی بڵاوکردەوە و، بەدەوری خۆیدا خولایەوە. وەک تاووس لە هەزار ڕەنگ ئەینوواند.

- ناتهەوێ وێنە بگری؟ ئەوانیش وێنەکانیان پێ نەدام. چییە ڕەنگت گۆڕاوە! ئەترسی؟ مەترسە! کاکەم ئەڵێت چا نییە ئەو ماڵەمان هەیە، ئەگینا ئەبوایە وەک ئەوانی تر لەو لوولانەدا بخەوتینایە. 

دەستی گرتم بەرەو پەنجەرەکە چووین.

- سەیرکە! وەک ئەوانە، وەک ئەو ژنانە، ئەوە فاڵگیرە، خاڵیش ئەکوتێت. وەرە دووایەوە با ئەو کابرا چاوت نەکات! کاکەم ئەڵیت نابێت لێرە بڕۆیتەدەر، ئەگینا شەیتان زەفەرت پێ دێنێ، ئاخر من بە تەنیا لێرە ئەترسم. ئەو کابرایە ئەڵیت من دێمە لات با نەترسی. ئەو کابرا شەلەی ناو لوولەکە ڕاکشاوە، چێوشەقی پێیە. ئەوەی ئەو منداڵە ڕووتەی لەسەر کۆشە (بە گوێیدا سرتاندم) منداڵی ئەو ژنە فاڵگیرەیە، ئەڵێت لای کەس دەنگ نەکەی ئەگینا ئەتتۆپێنم! ئەڵێت کاکەت نایەتەوە من لە لات ئەبم، منداڵیشت بۆ دێنم ئەبمە باوکی منداڵەکەت. منداڵم زور خۆش ئەوێت بەڵام ئەترسم خۆ کاکەم بزانێ سەری ئەبڕێت. ئەڵێت ئەو کابرایە پیسە (لەبەر دەمم دائەنیشێت، چەند جار سەری هەڵ ئەکڕێنێت) من پیس نیم ئەو ساڵەی دایکم بردمی بۆ حەمام، بەڵام خۆم ناوێرم، بۆ؟! دایکمم لەبیرنایت. 

دەنگی قرم و قاو لە دەرەوە ئەبیسترێت. بەپەلە لە پەنجێرەوە سەیرئەکات.

- هیچ نییە، ئەو ژنە فاڵگیرەیە دایمە لە گەڵ پیاوان شەڕیەتی.

قژەکانی لە ژێر لچکەکەی ڕێک ئەکاتەوە.

- ئەڵێن تۆ گەورەبوویت، نابێت قژت دەرکەوێت! ئاخر من گەورەبووم، پێنج ساڵمە، کاکەم ئەڵێت زۆری پەنجاش ئەبیت بەڵام خۆ ئەو نازانێت.

لەرزدایگرتم. لەجێی خۆم دانیشتم. ئەچێتە سەر دۆشەکەکەی لە نێوە ڕاستی دیوەکە لای کوورە دارەکە ڕاخرابوون،... دائەنیشێت.

- کاکەم ئەلێرە ڕائەکشا. چاوی لە میچەکان بڕیبوو. قسەی لە گەڵ نەئەکردم. گووتم تۆراوی؟ ئاخر زوو زوو ئەتۆرا، وەڵامی نەدامەوە. هەموو ڕۆژێک پارووم بۆ ئەگرت. هەر لە دەمیا ئەیهێشتەوە ئاوم پێدا بە لالێویدا ئەڕژایە خوار. سەرم لەسەر سەری ڕاگرت. پێکەنی، بەڵام قسەی لە گەڵ نەئەکردم. منیش کارم پێی نەبوو. کاکەم ئەیگووت کارت بە کاری کەس نەبێ، لە تەنیشتی لەسەر جێگەی خۆم ڕا کشام. تا ئەو کوڕە منداڵکارە هات، بانگی خەڵکی کرد. پەڕۆی سپییان بەسەر دادا و، بردیان.

هەڵ ئەستێ. ئەچێت بەرەو درگاکە. ئەیکاتەوە. ئەچێتە لای دیوارەکە. دەست بە سەر وێنەکاندا دێنێت.

- سەیرکە! ئاوا دیارە ئەمە وێنەی کاکەمە.

ئاو بە چاومدا هاتە خوار. بە دوو دەست سەرم گرت و، هەستامە سەر پێ.

- ناتهەوێ لێرە بی، سەرت ئێشێ ها؟ ئەو قورسانە بخۆ تا بەیانی هەڵناستی. کاکەم هەموو شەوێک پێی ئەدام. ئەی گووت با خۆش بخەوی.   

                                                                                        

 

گەڕان بۆ بابەت