ناڵە حەسەن
کاتژمێر چەندی مردنە ئەی مرۆڤ / تۆ لە کوێی هاوکێشە خوێناوییەکانی /جەنگەکان و زیندانەکان و شێتبوونەکان وەستاوی / لەنێو کام جەنگڵستانە تاریکەکانی /ئاینەکان و ئایدیۆلۆژییەکان و / ئەفسانەی خوداکان خۆت حەشارداوە / بەکام میلۆدی سێرنادایی خۆت فێرە سەما کردووە /بە شەڕابی شیلەی کام گوڵ خۆت مەست کردووە
عەشق لە گەردوونێکی ترە
ناڵە حەسەن
١
من لەمەودوا لەنێو بەهاری ژنەکان دێمە دەرێ
خۆم بە پایزی پەپوولەکان دەسپێرم
چیتر نابم بە ستیانە سوورەکەی ئەستێرەکان و
بە چارۆگە ڕەشەکەی هەور و
بە ژێرکراسە شینەکەی دەریا
موخابن / کە ناتوانم
نیگارە نەخشینەکانی عەشق بخوێنمەوە
کتێبە پیرۆزەکەی عەشقیش
لە نێو دەلاقە زێڕینیەکەی زەمەنێکی تر و
ژیانێکی تر و گەردوونێکی ترە
٢
کاتژمێر چەندی مردنە ئەی مرۆڤ
تۆ لە کوێی هاوکێشە خوێناوییەکانی
جەنگەکان و زیندانەکان و شێتبوونەکان / وەستاوی
لەنێو کام جەنگڵستانە تاریکەکانی
ئاینەکان و ئایدیۆلۆژییەکان و
ئەفسانەی خوداکان خۆت حەشارداوە
بەکام میلۆدی سێرنادایی خۆت فێرە سەما کردووە
بە شەڕابی شیلەی کام گوڵ خۆت مەست کردووە
تێنوێتی خۆتت بەکام کانی عەشق شکاندووە
چ بوونەوەرێکی سەیر و سەمەرە و
چ پەیکەرێکی لە تۆز و غوبار و
چ ڕەشەبایەکی رەش ڕەشی ئەی مرۆڤ
جگە لە قامچی دەستی جەڵادەکان و
فانۆسە شووشە شکاوەکەی نێو زیندانەکان هیچی تر نیت
نەفرەت لەخۆت و
لەو تابلۆیە ئەبستراکتییە بێ رەنگەی بۆ عەشقت کێشاوە
موخابن لەم گەردوونە عەشق بۆتە چیڕۆکێکی
پڕ لە درۆی شاخدار و وەهمێکی گەورە و خۆرەتاوێکی هەڵنەهاتوو
٣
من لەسەر پشتی خاڵخاڵۆکەیەکی دڵشکاو ڕاکشاوم
تا دێ خەونەکانم بچووک و بچووکتر دەبنەوە و
لە نێو ئومێدە ئاتەشییە ئەسمەرییەکانیش وندەبم
وندەبم و لەنیو خەیاڵ و لەنێو بینینەکانی
باڵندەکان و درەختەکان و باخچەکان ڕەشدەبمەوە
ئێستا / من بوومەتە ئایەتێک لە خۆرئاوابوون
ئێوارەیەک پڕ لە جۆڵەوانی و
هەمبانەیەک پڕ لە هیوای هەناسەساردی و
نەوڕەسێکی نامۆی ناموراد و نیگارێک پڕ لە نائومێدیی
ئەی خاڵخاڵۆکە خومارییە خەیاڵ خامۆشەکە
خۆم بەڕازە ڕەنگینەکانی تۆ سپاردووە
تا بۆت دەکرێ
هەر بڕۆ و هەر بڕۆ و هەر بڕۆ
لەم گەردوونە گرمۆڵە گوماناوییە
بڕۆ دەرەوە
نامەوێت ببم بە ڕووناکی و خۆم بخزێنمە
نێو کۆڵانە تاریکەکانی چاوەکان و نیگاکان
یان ببم بە مانگە شەوێکی فێنک و
عاشقەکان بەسەر سینگما هاتوچۆ بکەن
خواپێداوەکانیش بمکەن بە پاسەوانی بەردەرگای
کۆشک و سەرا و مەیگێڕی نێو شەوە سوورە سۆزانییەکانیان
یان ببم بە نەرمە بارانێکی ڕووت ڕووت
بەنێو مەمکۆڵەکانی خاکدا بچمە خوارەوە
ئەی خاڵخاڵۆکە چاو بە فرمێسک و نیگا خوێناوییەکە
تا خەیاڵ بڕ دەکا هەر بڕۆ
هەر بڕۆ و هەر بڕۆ و هەر بڕۆ
دوورم خەرەوە
دوور دوور دوور دوور دوور
موخابن / لەم گەردوونە گرمۆڵە گوماناوییە
عەشق مەلۆتکەیەک بوو بە مردوویی لە دایک بوو ...!