ما 1565 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

موحسین ئەمینزادە

خو باش دەزانم هاوپۆلەکانم و منداڵانی گەڕەک لەو شەوەدا کاتی هەڵات هەڵات ڕەنگە هەر کامەیان بەرەو شوێنێک، بە گوێرەی توانا و دارایی خۆێان، دەرچووبن. ئەو چی؟ ئەو بە بێ باوک خۆی و بنەماڵەکەی گەر جێ نەمابن، لەو بارودۆخەدا زیندوو مابێتەوە، ئەویش وەک من، لە گێژاوی چارەنووس گێژ نەخواتەوە. ئەویش وەک من بووەتە دیلی هەڵەکان، هەڵەی ئەوکەسانەی کە باوکم و ماموستای کۆمەلایەتی زۆر جار باسیان دەکردن و، دەیانوت: ئەوانە تەنیا بەشوێن بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن. هەرچەند دایکم زۆر جار لەسەر ئەم بابەتە بە دوای تماشای کاناڵی سەتەلایتی، دەمەدەمەی باوکمی دەکردوو وەک دۆست هیچیان دانیان پێدا نەدەهێنان.

گێژاوی چارەنووس

موحسین ئەمینزادە

ئەوە دیسان لە خەوی هەرە ناخۆشی شەوانە لە ناو دەنگەدەنگی ئەو هەمووە منداڵە ئاوارە و بێکەسە لە شوێنێکی ڕەق و تەق، تەنگ و خواروخێج، هەستام. دیسان کۆلنج و مل ئێشان، خەت کێشان لەسەر دیواری ژوورەکە و ژماردنیان، ژوورێک لە بۆری فازڵاو کە پێدەچێت لە دوواڕۆژدا فازڵاوی شارێکی قەرەباڵغی لێ دروست ببێت. بەردەوام گەڕان بەدوای نانی وشک و بەرماوەی چێشتخانەکاندا، نەبوونی ئاو و ئاودەست، بۆگەنی قێزەونی گمێز. لە لایەکەوە نەخوشی، ڕشانەوە و سکچوون و لە لایەکی ترەوە کێش دابەزین. بە سکی برسی شەو ڕۆژکردنەوە، ماندوو بەردەوام چاوەڕوان، پاشانیش ئەو دەنگانەی کە لە تاریکیدا دەترسێن و نامۆیی و قاوو قیژ و زیقەزیقی زارۆکان.

ئەوە لە خەوتنی شەوانەو ئەوەش لە هەستانی بەیانیان، کە دەهاتمە سەر سفرەی نانی بەیانی ئەو ڕۆژانەی کە ئیمتەحانی پۆلی هەشتەمم ئەدا، بۆ بیرم دەچێت؟ بۆنی ڕونی هەڵقرچاو  و سەوزەو بەهارات، موزیک ڕادیو و دەنگی دایکم کە پێکەوە دەیانوتەوە، شڵپەشڵپی  ماچ و روژ باش وتنی خۆشک و برا، ئێستا چی؟ بەیانیان شەڕی  دایکم لەگەل باوکم و هەرا هەرا و هاوار هاوار جێگای گۆرانیەکانی گرتووەتەوە، هەر قڕەمە لەگەلیان، تا بەڵکو تۆزیک زیاتر لە ناو ئەم بۆریانەدا بخەوین و درەنگتر بەیانی باش بەم رۆژانە بلێن کە بووەتە سوژەی عەکس و خەبەری روژنامەڤانی تا بەڵکوو ڕۆژێک بکرێن بە چیرۆک و هەستەکان بهەژێنێت.

شەو بوو. ئەستێرەکانی ئاسمانی شار نوستبوون. لە ناکاو دایان بەسەر شارا. دەنگەدەنگێکی ترسناک بوو. منداڵەکان نوستبوون. هەرکامێکمان مندالێکی بە باوەشەوەیە. من خوشکم باوەشگرت و، دەمڕفاند. لە خەستەخانەکە دکتۆر کاری تەواو بوو و، ڕۆیشت. گۆیم لە باوکی نەخۆشەکەی تەنیشتیەوە بوو کە هەردووکیان پێکەوە لە نزیک قوتابخانە سەیارە لێیدابوون و زۆر بە حەماسەوە دەیگێراوە.

باوکەکە: پیاویش لێیان دەترسێ.

ـ تۆ بلێی باسی چی بکات؟

باوکەکە: جلوبەرگێکی عەسکەری سەوزی تۆخی بەڵەک بەڵەک و پارچەیێکی سوور بە قۆلیانەوە.

ـ رەنگە پۆلیس بوون.

باوکەکە سوور هەڵگەڕابوو: بۆ کەس ئەیوێرا سەیریان بکات.

ـ نا، رەنگە هێزێکی تایبەت بووبێت!

باوکەکە بە قێزەوە: تف... هەموویان تێکڕا ناوچاوانێکی ناشرین هەر وەک بورجی ژەهرە مار.

کە باسی دەکردن ئینجا دەتزانی بێجگە لە رق و نەفرەت لای ئەوان هەمووشتێک بێمانایە. بەقسەکانیا پێدەچوو خەڵکی لای ئێمە نەبێت. هەموو قسەکانیشی هەر لە ئەوەل تا ئاخری بۆنی خۆێنی لێ دەهات. چاوەکانی دەرپەڕیبون. تۆزیک فرمێسک لە گۆشەی چاوی چەپی کۆببووەوە، کە لەمنەوە بە جوانی دیاربوو. پێدەچوو کەسوکاری لە کاتی هێرش بردنە سەرشارەکەیان چەن سال لەمەوبەر تیاچووبن. ڕەنگی سور و دەنگی ئاژیر و بلینگۆی سەر ئانبولانس و ژنانی گەڕەک هەر خەواڵوێکی وەک منیان دادەچڵەکاند، کە دەیانوت: ئەوانە بۆ سەربڕین ژن و منداڵ و دیل گرتنی لاوان و کوشتنی پیاوان هاتوونە ناو شار! هەرچەن لە ئێمەوە دوورن، بەس تا پێتان دەکڕیت ڕابکەن و فریای خۆتان و بنەماڵەتان کەون، ماڵ ومنداڵ بە هەرشتێک کە ئەتوانن لەم شارە دووربخەنەوە.

نازانم چون ئاوا زوو بە پەلە خەڵکی شار هەموویان پێکەوە ساز بوون و بە تاریکی شەو، نەشارەزا و خەواڵوو بەرەو شوێنی نادیار هەڵهاتن. تاریکی شەو قاچی شکاندین و چێوشەقی بە دیاری پێبەخشین. هەر تاریکی شەو و ترس لە کوشتن و تەعەدا. ڕێگا کە هیچ ژیانی لێ گۆڕین، کەس لەو ڕیگا ناخۆشە و دوورودرێژەیش وەری نەگرتین. پشت سەری خۆمان تماشا نەکرد. ڕۆیشتین بەرەو ژیانی چاوەڕواننەکراو بۆ ئێمە و هەزاران بنەماڵەی ئاوارە و دەرکراوی نیشتەجێ لەم شوێنە.

لە هەوەڵی بەیانیەوە تا کاتی نووستن بۆری بژاردن و چاو لە خۆڕبڕین، برسی، چڵکن و ماندوو و چاوەڕوانی داهاتوویەکی نادیار. تەنیا مێشک دەڕوا بەرەو ڕۆژانی شیرینی ڕابردوو.

خو باش دەزانم هاوپۆلەکانم و منداڵانی گەڕەک لەو شەوەدا کاتی هەڵات هەڵات ڕەنگە هەر کامەیان بەرەو شوێنێک، بە گوێرەی توانا و دارایی خۆێان، دەرچووبن. ئەو چی؟ ئەو بە بێ باوک خۆی و بنەماڵەکەی گەر جێ نەمابن، لەو بارودۆخەدا زیندوو مابێتەوە، ئەویش وەک من، لە گێژاوی چارەنووس گێژ نەخواتەوە. ئەویش وەک من بووەتە دیلی هەڵەکان، هەڵەی ئەوکەسانەی کە باوکم و ماموستای کۆمەلایەتی زۆر جار باسیان دەکردن و، دەیانوت: ئەوانە تەنیا بەشوێن بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن. هەرچەند دایکم زۆر جار لەسەر ئەم بابەتە بە دوای تماشای کاناڵی سەتەلایتی، دەمەدەمەی باوکمی دەکردوو وەک دۆست هیچیان دانیان پێدا نەدەهێنان.

تۆ بڵەی زیندوو مابێ؟ بلەی ئێستا لە کوێ بێت؟ دەبی خەریکی چی بێت؟

زۆر لە مێژیش نیە لەوانەیە هەر دوو مانگ ببێت و نەبێت، ئەو ڕۆژەی کە پێکەوە بە جلوبەرگی تایبەت، لە بەر سێبەری مالی ئێمە، لەوبەری کۆڵانەوە، کاتی چاوەڕوانی پاسی مەدرەسە، دەم بە پێکەنین، سک تێر و چالاک پێکەوە بڕیارماندا. پاش ئیمتحاناتی کۆتایی، بە ڕەزامەندی دایکی ئەو و دایک و باوکی من، بچین بۆ یاریگای وەرزشی نزیک فەرمانگەکەی باوکم، تاکو مەرجەکانی وەرگیرانی خولی فێرکاری "لسوی" بە بەشداری ڕاهێنەرانی هەرە باش و مداڵدار لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بپرسین. ئەم بیرە و بیرەکانی دیکەش... دەمبەنەوە بەڕەو بەکارهێنانی "بتیل" لەگەل هاوتەمەنەکانم. سکی برسی لەم خەیاڵانە ڕاێچلەکاندم و بە خۆما هاتمەوە وتم: با هەستم و بڕۆم ئیتر خەیاڵ بەسە، تا درەنگ نەبووە با بچمەوە بەڕەو سەتڵەکان، سەتڵی کۆڵانی پشت چێشتخانەکان، دایکم وتەنی شوان تا دانیشت مەڕەکان لێی دووردەکەونەوە. با ئەمڕۆش وەک دوێنێ دەستخالی نەگەڕێمەوە.

گەڕان بۆ بابەت