ما 2915 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

بەختیار علی

لەناو ئەم پارچەپارچەبوونە هەمیشەییەدا، ئەم وردبوونە زۆرەدا کە هەم خەیاڵ و هەم ڕوانین دەخنکێنێت، لەناو ئەم قەیرانە کولتووری و شارستانییەدا کە وەختە مرۆڤ هیچ ڕوانگەیەک نەدۆزێتەوە لێوەی سەیری ژیان و بوونی خۆی بکات، ئەدەب تاکە فریادڕەس و تەنیا چالاکیی گەورە و زیندووی مرۆڤە کە دەکرێت بە هۆیەوە بەسەر کۆی ئەزموونی مرۆڤەکان و سەردەمەکان و کۆمەڵگاکاندا بڕوانین. 

 

زانست و ئەدەبیات

هیچ كاتێ وه‌ك ئێستا مرۆڤ پێویستی به‌ ئه‌ده‌ب نه‌بووه‌

                   

یەکێک لە پرسیارە گەورە و گرنگەکانی ئەم دووسەد ساڵەی دوایی، کە بەردەوام لە بۆنەی جیا و بە هۆی جیاوازەوە دووبارە دەکرێتەوە؛ پرسیارە دەربارەی جیاوازییەکانی ئەدەب و زانست. بەدرێژایی مێژوو، لەو ڕۆژەوە کە زانستخوازەکان هەستیان بەوە کردوە کە زانست دەتوانێت سەبارەت بە هەندێ کێشە وەڵامی ورد و سەلمێنراو بداتەوە، ئەو هەستەشیان لا دروستبووە کە زانست دەتوانێت جێگای هەر یەک لە فەلسەفە و ئەدەب بگرێتەوە، هەندێک دوورتر دەڕۆن و پێیان وایە کە زانست دەتوانێت جێگای هەموو زانستە مرۆڤایەتییەکان بگرێتەوە، لەبری دەرونناسی، زانستی پشکنینی مێشک و لەبری کۆمەڵناسی، سەرژمێر و هەژمارکردن و ڕاپرسی و بانکەکانی زانیاری دەتوانن ببن بە ئەلتەرناتیڤ. لە راستیدا هیچ سەردەمێکی مێژووی مرۆڤایەتی نییە، کەسانێک بەرچاونەکەون کە دژی ئەدەبیات دەوەستنەوە. سەرەتا دژایەتییەکە لای پاشای هەموو کارەساتە گەورەکان «ئەفلاتون» دەست پێدەکات. دژایەتیی ئەفلاتون بۆ شیعر لەوەوە دێت کە شیعر بە هۆی ڕەهەندە خەیاڵییەکەیەوە، بەردەوام لە جیهانی «ئیدیاڵ»ـەکان دوورمان دەخاتەوە. هەر ئەم تەفسیرە ئەفلاتونییەیە دەگوازرێتەوە بۆ ناو ئیسلامیش. بەڵام چی وادەکات هەندێک لە خەڵکی زانستگەرا دوژمنی ئەدەب بن… ئاخۆ مەسەلەکە پابەندی ئێرەییەکی بەربڵاوە دەرهەق بە مانەوە و نەمری ئەدەب؟ ئایا ئەوە شتێکی سەیر نییە کە ئێمەی ئادەمیزادانی سەدەی بیست و یەک هێشتا ئۆفید و هۆمیرۆس و ئەسخیلۆس دەخوێنینەوە؟ ئایا بە درێژایی مێژوو، هەر قسەیەک لەسەر بەسەرچوون و مردنی ئەدەبیات کرابێت، ڕەوتی مێژوو خۆی بە درۆی نەخستۆتەوە؟ دەتوانین بە (بەڵێ) وەڵامی زۆربەی ئەو جۆرە پرسیارانە بدەینەوە. بەڵام قسەکە لێرەدا لەسەر ئەوە نییە کە ئەدەبیات بمرێت یان نا، بەڵکو قسە لەسەر ئەوەیە بۆ ئەدەبیات لەم سەردەمەدا بۆ مرۆڤایەتی وەک زانست و زیاتر لە زانستیش گرنگە. نوسەری ئەڵمان «هانز ماگنۆس ئێنتزنسبێرگەر» لە کتێبی «ئیکسری زانست»دا، دەڵێت خودی زانست هیچ کات لەژێر کاریگەریی ئەدەب دەرنەچووە و نەیتوانیوە خۆی لەو جۆرە زمانە بپارێزێت کە بناغە و دروستکەری ئەدەبیاتە، خودی زمانی ماتماتیک تەژییە بە میتافۆر و لێکچوون و وێناکردن. بەڵام پرسیارەکە لە بنەڕەتدا دەربارەی سروشتی پەیوەندییەکە نییە… پرسیاری ئەوەی ئایا کامیان باشتر یان خراپترن، پرسیارێکی گەمژانەیە. ئەو قسە پوچانەی کە دەڵێن گەشەی زانستی ئەدەب لەناو دەبات، نازانن باس لە چ تێز و دیاردەیەکی ترسناک دەکەن. یان ئەو بۆچوونەی کە زانست بە کەم دەگرێت یان تەنیا وەک مایەی کاولکاری تەماشای دەکات، ئەویش تێگەیشتنێکی نادروستە لە گرنگیی زانست. زانست و ئەدەب دوو شت نین مرۆڤ وەک دژ بیانبینێت. بەڵام دۆخی هەر یەک لەم دوو چالاکییە مەزنە، بە هۆی پێداویستە ڕۆژانەکانی کەپیتالیزمەوە تادێت دژوارتر دەبێت. ماریۆ فارگاس لوسا لە وتارێکیدا دەربارەی هۆکارەکانی خوێندنەوەی ئەدەب، گەشەی تەکنۆلۆژیا و زانست بە مایەی پاشەکشەی خوێندنەوە دەزانێت و ڕای وایە کە تەکنۆلۆژیا جۆرە مرۆڤێکی سەتحی و سەرقاڵی دروستکردوە کە کاتی بۆ خوێندنەوە نەماوە. بە بڕوای ئەو ژمارەی هەرە گەورەی خوێنەرانی ئەدەب لە دونیای ئەمڕۆدا ژنانن، بەتایبەت ژنانی چینی ناوەڕاست کە ئیش ناکەن و کاتێکی زۆریان بۆ خوێندنەوەی کتێب هەیە. بەڵام لای لوسا هۆکانی جیابوونەوەی زانست و ئەدەب ڕیشەیەکی قووڵتریان هەیە. مەسەلەکە هەر ئەوە نییە تەکنیکی مۆدێرن مرۆڤێکی کتێب نەناسی دروستکردوە، بەڵکو جیابوونەوەیەکی قووڵ و تراژیدی و ڕاستەقینەش ڕوویداوە کە ناکرێت نەیبینین. زانستی نوێ تا دێت پارچەپارچە دەبێت، زانست هیچ ڕێگایەکی لە بەردەمدا نییە، تایبەتگەرایی و لاپسپۆڕی و بچوککردنەوەی سنوورەکانی شارەزایی نەبێت. زانست بە مانا گشتی و گەورەکەی چیتر بوونی نییە. ئەوەی هەیە سەدان و هەزاران وردە لق و وردە کایە و تایبەتمەندێتیی بچوک بچوکە کە نەوەک بە تەنیا ناوی زانستیان لێ نانرێت، بەڵکو دەبێت چەندانیان کۆببنەوە تا لقێکی زانست یان کایەیەکی دیاریکراو دروستدەکەن. فارگاس لوسا لەم بۆچوونەیدا تەواو لەسەر هەقە. بەکورتی زانست ئەو ڕەهەندە گەورە و پانۆراماییەی دۆڕاندوە بتوانێت بەسەر بوون و ژیاندا بڕوانێت. مرۆڤی زانا دەتوانێت لە بەشێکی گەردونناسی، لە نەخۆشییەکی دیاریکراودا، لە سوودی گیایەکدا، لە سروشتە تایبەتییەکانی مادەیەکدا پسپۆڕبێت، دەتوانێت لە بوارێک یان لقێکدا شارەزا بێت کە زانیارییەکانی بە تەنیا بەشی ئەوە ناکەن بتوانێت لەسەر ژیان و بوون و مرۆڤ تێڕوانینێک دروستبکات. زانست تا دێت پێویستی زۆرتری بە کارمەندی تایبەتمەند هەیە، لە هەمبەر ئەمەدا ڕەوتێکی گرتۆتە بەر کە گەڕانەوەی بۆ نییە. کارمەند و زاناکانی تا دێت پتر لەو پنتە دووردەکەونەوە، بتوانن لە ڕێگای زانستەوە ئایدیایەک یان وێنەیەکی گشتیمان دەربارەی ژیان یان سروشت یاخود گەردون بۆ بگوێزنەوە. لێرەوە ئەو خورافەتە پراگماتییەی کە گوایە زانست دەتوانێت جێگای فەلسەفە یان ئەدەب بگرێتەوە، لە هیچ سەردەمێکدا وەک ئەمڕۆ تێک نەشکاوە. پێویستی مرۆڤ بە ئەدەب، ڕزگارکردنی تێڕوانینمان بۆ ژیان لە هەر کورتکردنەوە و دیلکردنێک، هیچ کات وەک ئێستا پێویست نەبووە. فارگاس لوسا لەوە ئاگادارماندەکاتەوە کە تایبەتمەندبوون تەنیا کایە مەعریفییەکان لە یەک دانابڕێت، بەڵکو مرۆڤەکان و زمان و تێگەیشتن و خولیاکانیشیان لە یەکتر دووردەخاتەوە. ئەو زمانە زانستییە تایبەتەی کە لە هەر کایەیەکدا بە سەدان و هەزاران زاراوەی دروستکردوە، خۆی جۆرە دیوارێک دروستدەکات کە بوار بە هەر کەس نادات پێیدا سەربکەوێت، خودی ئەم تەسکبوونەوەیە ڕێگرە لەوەی ئەزموون و زانین و هەستەکان بگوازرێنەوە بۆ دەرەوە، ئەم دابڕانە دەگاتە ئەوەی هەر پسپۆڕێک و بۆ خۆی وەک خاوەن نهێنییەک دەربکەوێت کە ناکرێت و ناتوانێت ئەو ڕاز و زانستە لەگەڵ کەسانی تردا بەشبکات. هەر کەس پاسەوانی بڕێکی بچوک لە زانستە کە تەنیا خۆی و هاوشێوەکانی دەتوانن باسیبکەن و لەبارەیەوە بدوێن. بەڵام کێشەکە هەر کێشەی زانستە سروشتییەکان نییە، تزفیتان تۆدۆرۆف لە کتێبی «ئەدەب لە مەترسیدایە» سەرنجمان بۆ شتێکی تر ڕادەکێشێت کە بە بڕوای من لە بایەخ و گرنگیدا هیچی لەو ترسە کەمتر نییە کە فارگاس لوسا باسیدەکات. لەو جێگایەدا کە تۆدۆرۆف باسی خوێندنی ئەدەبیات لە فەرەنسا دەکات، قسە لەوە دەکات کە خوێندنی ئەدەبیات هێندەی وەرگەڕاوە بۆ بایەخدان بە مێژووی ئەدەب و ڕۆشنبیری، بە شێوەکانی گوتار و کاریگەرییان لەسەر خوێنەران، بایەخ بە «دۆخی مرۆڤ، تاک و کۆمەڵگا، ئەڤین و ڕق، شادی و نائومێدی» نادات. واتە ئێستا لەبری خوێندنی ئەدەب ڕەخنە دەخوێنرێت. ڕەخنە بە مانا پسپۆڕگەرا بێڕۆحەکەی کە ئەدەبیات لە قووڵاییە ئینسانییەکەی جیادەکاتەوە و تەنیا وەک بابەتێک بۆ پشکنینی زانستی لێی دەڕوانێت. لەم شێوە خوێندنەدا، لەتوکوتکردنی تێکست، لێکهەڵوەشاندنی زمان و فۆرم جێگای پشکنینی وەزیفە ڕاستەقینەکانی ئەدەبیان گرتۆتەوە. ئەم پارچە پارچەبوونە بە جۆرێکی بەرفراوان بواری فەلسەفەشی گرتۆتەوە، فەلسەفە تا دێت بەرەو پسپۆڕی و تایبەتمەندبوونی ورد دەڕوات، بە جۆرێک پسپۆڕە جیاوازەکان هەر یەکەیان لە کێشەیەک یان کتێبێک یان فەیلەسوفێکدا لێزانن و چیتر زۆرینەیان ئەو دیدە پانۆرامییەیان ونکردوە کە پێویستە بۆ تێگەیشتن لە دۆخی مرۆڤ لە هەناوی سیستمدا، دیدێک بە بڕوای من هیچ فەیلەسوفێکی گەورە ناتوانێت دەستبەرداری بێت.



لەناو ئەم پارچەپارچەبوونە هەمیشەییەدا، ئەم وردبوونە زۆرەدا کە هەم خەیاڵ و هەم ڕوانین دەخنکێنێت، لەناو ئەم قەیرانە کولتووری و شارستانییەدا کە وەختە مرۆڤ هیچ ڕوانگەیەک نەدۆزێتەوە لێوەی سەیری ژیان و بوونی خۆی بکات، ئەدەب تاکە فریادڕەس و تەنیا چالاکیی گەورە و زیندووی مرۆڤە کە دەکرێت بە هۆیەوە بەسەر کۆی ئەزموونی مرۆڤەکان و سەردەمەکان و کۆمەڵگاکاندا بڕوانین. ئەوەی تا ئێستا توانیوێتی تێڕوانینی گشتیی ئێمە بۆ ژیان بپارێزێت «ئەدەب»ـە. لە کاتێکدا سیاسەت، زانست، ئابووری، بەردەوام مرۆڤەکان و کایەی ئیش و شێوەی هەست و بیرکردنەوەکان لە یەک دووردەخەنەوە، تاکە ژانرێک کە بە هێزێکی ئەفسوناویی دەیەوێت شتە هاوبەشە ئینسانییەکانمان بپارێزێت، ئەدەبیاتە. گرنگی ئەدەبیات بۆ پاراستنی ئەزموونی گشتیمان، بۆ نیشاندانەوەی لێکچوون و نزیکیمان لە یەکتری، لەم سەردەمەدا بایەخێکی بەرزتری لە هەموو سەردەمەکانی تر هەیە. بۆیە خوێندنەوەی ئەدەبیات چیتر تەنیا شتێکی خۆش و بەکەیف نییە بۆ گوزەراندنی کات، بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی ڕۆژ، بەڵکو ئەو چەکە کاریگەرەیە کە پێویستە بۆ تێگەیشتن بیخەینەکار، لەوەی ئێمەی ئادەمیزاد لە هەر کوێ بین، لە هەر سەردەمێکدا بین، لە هەر ئاستێکدا بین، کۆمەڵێک ترس و ئومێدی هاوبەش و گەورە لە یەکمان نزیکدەکاتەوە… کۆمەڵێک چارەنوس دەمانبەستێتەوە بە یەکەوە، کە جگە لە ئەدەبیات هیچ ژانرێکی تر ناتوانێت وەها بە ڕوونی نیشانمانبداتەوە.

 

سەرچاوە:

باسنیوز

 

 

گەڕان بۆ بابەت