ما 885 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ناسر جەعفەری

وتی: "بێ قەزابی، تۆ هەمووکات وا بووی. باشە بۆچی ئاوا ڕووگرژی؟ خوت ئەزانی هەمومان ماڵی مەرگین و، ئەبێ رۆژێک خۆڵی ئەم قەبرستانە بکرێ بەسەرمانا! سەرهەلێنە و، روخساری جوانی ئەو دەشتە سەرسەوزە ببینە و بیکە بە میوانی چاوە فرمێسکاویەکانت!" دەسڕە کاغەزیکەی ناو دەستی دامێ و، وتی: "ها، فرمێسکەکانت بسڕە، پێم خۆش نیە چاوە جوان و بە سوزەکانی  کوڕەکەم ئاوا سوور و فرمێسکاوی ببینم."

گۆڕی دیالۆگاوی

ناسر جەعفەری

 

لەبیرمە، ئا، چاک لەبیرمە کەهات بو ئەوێ. خۆی لە من شاردبووەوە. لە دوواوە، بە شێوەێک کە من نەزانم، لێم هاتبووە پێشێ و چاومی بە دەستە نەرمەکانی گرت و، وتی: "نامناسی؟"

 ئەو گالتەی پێ خۆش بوو و، منیش دۆخی دەروونیم باش نەبوو وەها کە بتوانم وەڵامی دەمەوە.

پیم وت: "واز بێنە، خوت ئەزانی لەم  بارودۆخەدا تاقەتی گاڵتەم نیە باوکەگیان! بونی ئودکۆلۆنی ریڤدۆری ریشە تاشراوەکەت پێشتر لەدەنگە بە سۆزەکەت ئاشکرات ئەکات."

وتی: "بێ قەزابی، تۆ هەمووکات وا بووی. باشە بۆچی ئاوا ڕووگرژی؟ خوت ئەزانی هەمومان ماڵی مەرگین و، ئەبێ رۆژێک خۆڵی ئەم قەبرستانە بکرێ بەسەرمانا! سەرهەلێنە و، روخساری جوانی ئەو دەشتە سەرسەوزە ببینە و بیکە بە میوانی چاوە فرمێسکاویەکانت!"

دەسڕە کاغەزیکەی ناو دەستی دامێ و، وتی: "ها، فرمێسکەکانت بسڕە، پێم خۆش نیە چاوە جوان و بە سوزەکانی  کوڕەکەم ئاوا سوور و فرمێسکاوی ببینم."

 

"کاکەگیان، چواردە ساڵە باوکمان بەرەحمەت چووە. ئیتر گریان بەسە! با بڕۆینەوە بو ماڵ، هەموو لەسەر سفرە چاوەڕوانمانن. پێم خۆش نیە ئەم جێژنەش ببێتە جێژنەکانی پێشوو."

وتم: "نا، تو بڕۆ، منیش دێم، منیش برسیمە، بەڵام بیرەوەریەکانی باوکم وازم لێ ناهێنن."

- لەبیرتە دووابەدووای ئەوەی کەوشە شبراوەکەم بوت کڕی، پەرۆێکت لەگیرفان ئاخنی، بردبووت بۆ مەکتەب بۆ ئەوەی هەرکات پیس بوون زوو بیانسڕی؟!"

ـ "باوکەگیان بوختان مەکە! ئەوە بۆ سڕینی کەوشەکە نەبوو، بو چڵم سڕین بوو."

- "نا نا، بۆ کەوشەکەت بوو. من باش لەبیرمە، تو چڵمن نەبووێ، خاوێن و زیرەک بووی... وەک خۆم."

ـ "باوکەگیان ئافەرین! چاکت لەبیرماوە. راستی چۆن چۆنی ئەو هەموو بیرەوەرییەت پاراستووە؟ من کە لەبیرم نایێ ئەم بەیانیە چیم خۆاردووە؟ ئا، هەر ئەم بەیانیە! وا دیارە هیچم نەخواردووە، ئەویش بەم روژە جێژنەدا."

 

لەبەردەم درگای دووکان دانیشتبووم و، بیرم لەقەرزەکانم ئەکردەوە. زۆر نەبوون، بەڵام هەر قەرز بوون و ئەبێ چارەسەرم بکردایە. تەلەفۆنەکەی دووکان زەنگی خوارد. ئەو بەدەم گریانەوە ئەیویست شتێکم پێ بڵێ. بوێ نەئەوترا. پەیتاپەیتا ئەیگوت: "کاکەگیان! دووکانەکە داخە، ماڵ وێران بووین، قوڕمانکرا بەسەرا. خەستەخانە... ، رووداوی هاتووچۆ... ، باوکمان... ، سەری...!

هەر دوو دەستم شل بوو. تەلەفۆنەکە کەوتەخوار. هەرچیم کرد شتێک بڵێم، نەمتوانی. تا لام کردەوە، دووکاندارانی تری پاساژەکە هاتن بۆ لام. هەر کەسێک شتێکی ئەگوت. من گوێم لەدەنگیان بوو، بەڵام نەمئەتوانی هیچ بڵێم. وەک ئەوەی لاڵ بووبێتم. بە دوو  دەست کێشام بەسەری خۆما. رەسمەکەی باوکمم گرتە باوەش و، هێدی هێدی دەستم کرد بەگریان.

 

باوکم هاتە جواب و، وتی: "ئەوە چیتە لەم جێگا تەنگ و تاریکەدا، بڕۆ بەو لاوە، پەراسوومت ورد کرد! خۆت لە سەرم هەڵمەسوو، جارێ خوێناویێە، کراسە سپیەکەت پیس ئەبیت."

بەگریانەوە گوتم: "باشە باوکەگیان ئەی تەلەفۆنەکە... ، خەستەخانە... ، سیاحەت لە شومال... ، ڕووداوی هاتووچۆ... ، گریان و هاوار هاوار... !

نازانم چون رویشتمەوە بۆ ماڵ. کە سەیرم کرد مامەم بەدەم گریانەوە، باوەشیگرتم و هەر ئەیوت : "کاکەم ڕۆ، کاکە دلسوزکەم ڕۆ!" منیش نەمئەزانی چی بلێم، خوشکان و براکان هەموو هاتبوون.

خوشکم پێخاوس، بەسەرو قژی ئاڵۆزاو و چاوی گریانەوە کە ئەتگوت ساڵیانی ساڵە لە سەریەک گریاوە، خوی ئەڕنییەوە و ئەیگوت: "کاکەگیان بەقوربانت بم  باوکمان... ، باوکمان!"

دمت داخە، جارێ برسیمانە، با بچینە ژورەوە!

گوتم: "ئا، باوکەگیان برسیمە، ئەبێ بڕۆم، تو برسیت نیە؟ هەموو کەسوکار لەماڵەوە چاوەڕوانی ئێمەن."

ئەو گوتی: "بەخوا جووانە، هەر ئاوا بێ چرپە ئەتەوێ خۆت دەربازکەی؟!"

ئاوە ساردەکە بەرومەتما دابەزی، چاوم لێبوو و، بیستم کە دراوسێ دووکانەکەم ئەیگوت: "بو وای لێهات، بڵێ چی بووبێ؟!"

 

ـ مەڕۆ کوڕەکەم، منیش زور برسیمە. با ڕانک و چۆخەکەم لەبەرکەم، بەم کراسە سپیەوە خو ناکرێت بێم، ریشیشم نەتاشیوە با بیتاشم، پەلە مەکە، هەڵبەت دیالۆگەکەمان لەم "گۆڕی دیالۆگاویدا" جارێ تەواو نەبووە، مەڕۆ! کات زۆرە بو خواردنی چێشتی جێژن، تکایە... تکایە  مەڕۆ... !

 

 

گەڕان بۆ بابەت