ما 5509 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ناڵە حەسەن

بەر لەوەی باسی ناوەڕۆک و فۆرم و زمانی ئەم دەقە شیعرییە بکەین دەبینین، تایتلی شیعرەکە پارادۆکسێکە و هەمدیسان دوالیزمێکی دژبەیەک، ململانێیەک لەنێوان ژیان و مەرگ، وەک ئەوەی هەموو دەقە شیعرییەکانی ئیمان بە قەڵەمی ئەم پارادۆکس و ئەم ململانێیەی نێوان ژیان و مەرگ نووسرابن. یان بە ئاگری ئەم پارادۆکسە گەش ببنەوە و جوانتر دەربکەون، هەروەک و بینیمان لە زۆربەی شیعرەکانی (گومان و پرسیار و پارادۆکس و هاوکات یاخیبوون)یش، هاوتەریبن و بەشێکی سەرەکین لە پێکهاتەی شیعری ئەو شاعیرەمان. 

چەمکەکانی (گومان و پرسیار و پارادۆکس) لە شیعرەکانی (ئیمان یادەوەر)دا

 ناڵە حەسەن

 

 _ شیعری (پڕم لە هیچ)

ئەم ناونیشانە گەر ڕووکەشانە سەیری بکەین، ڕەنگە وای ببینین کە ئەم هیچە مانایەک بێت بۆ ڕەشبینی یان پووچگەرایی (نەهیلیزم)، ئەو نەهیلیزمەی داداییەکان لەوپەڕی نائومێدیەوە وەک هاوارێک دژ بە شەڕ و هاوارێک دژ بە کوشتنی مرۆڤ و ژیان ئیشیان لەسەر دەکرد، یان ئەو ڕەشبینیەی لای شوبنهاوەر، یان ئەو پووچییەی لای ئەلبێرت کامۆ کە لە پشتییەوە و لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە مانایەک بە خۆکوشتن دەبەخشێت، یان خۆکوشتن لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە تیۆریزە دەکات! بەڵام، لای من شیعری (پڕم لە هیچ) ئەو پووچییە و نەهیلیزمە ناگەیەنێت، شاعیر دەڵێ: پڕم لە هیچ! دەکرێت ئەم دەستەواژەیە وەک پارادۆکسێک، یان ئاواهی بیبینین کە وەک پەرداخێک بێت کاتێک خالییە لە ئاو بەڵام، لە ڕووی زانستییەوە بەتاڵ نییە پڕە لە هەوا! ئەم پڕم لە هیچەش ئاوایە، ئیمان یادەوەری شاعیر کاتێک دەڵێت پڕم لە هیچ، یانی پڕم لە نیگەرانی و گومان و خەم و حەسرەتەکانی ژیان، ئەو هیچە ئەو مەبەستە دەگەیەنێت، یانی بە تاڵە لە خۆشبەختی و ئارامی و بەختەوەری، لە پشتی ئەو هیچە پارادۆکسێک دەبینین، چەندین چەمکی دژبەیەک، وەک خۆشی و ناخۆشی یان ژیان و مردن .. بە دیوێکیتر ئەگەر پووچگەرایی مورادفەکەی ڕەشبینی بێت، بەو مانایەی شاعیر هیچ ئومێدێکی بە ژیان نەمابێت و بوون و نەبوونی خۆی لەنێو ژیاندا وەکو یەک ببینێت، لەوەش زێتر لای کەسە

ڕەشبینییەکان یان لەنێو بیرکردنەوەی ڕەشبینی دا  "خودی ژیان دەبێت بە کێشە" بە مانایەک واتە کێشەی تۆ دەبێتە ئەوەی مانەوەت لەنێو ئەو کێشەیە کە ئەویش ژیانە!

ئێمە وای نابینین، ئەو شاعیرەمان لەنێو شیعرەکانی ئیشی لەسەر ڕەشبینی و (پووچی) کردبێت، پووچی بە مانا نەهیلیزمەکەی، ئێمە گوتمان لە زۆرێک لە شیعرەکانی بە گومان و نیگەران و نائومێدە بەڵام، نائومێدی بەمانای ڕەشبینی نایەت! ئێمە لە وتارێک بە ناوی لە نێوان (نائومێدی و ڕەشبینی) دا جیاوازییەکانی نێوان ئەم دوو چەمکەمان باسکردووە و گتومانە، نائومێدی بیرکردنەوەیەکی نێگەتیف نییە، لە جۆرە ژیانێکی ئاواهی کە بەهای مرۆڤ و مرۆڤبوون کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە یان ژیان بەو پەڕی ڕووبەرەکانی ناشیرینی گەیشتووە، ئاساییە مرۆڤ یان شاعیر نائومێد بێت، بە دیوێکیتر ئەم شاعیرە بۆیە نائومێدە چونکە ئومێد و خەونی گەورەی هەیە و لە ئیستادا پێی نەگەیشتوون، ئیمان یادەوەری شاعیر ڕاستە نائومێدە بەڵام کەسێکی ڕەشبین نییە، واتە دەستی لە خەون و ئومێد و ژیان بەرنەداوە، ئەوەتا هەر لە شیعری (شانۆی مەرگ) لە کۆتاییەکەی ئومێدێکی گەورە وێنا دەکات و دەخوازێت ڕۆژێک لەجیاتی خۆر ژیان هەڵبێت! یان لە پشتی نائومێدییەکانی هەست بە خەونی گەورە و ژیان دەکەیت. ئەوجا دوای ئەم خوێندنەوەیە بۆ تایتلی شیعرەکە، شاعیر بەوە شیعرەکەی دەست پێدەکات و دەڵێت:

شەو نییە یەک دونیا مەراق لەگەڵ خۆمدا نەخەوێنم

پێمدەڵێن: بیرمەکەرەوە

کەچی بیر لەبیرنەکردنەوەش دەکەمەوە

هێندە پڕ بوومە لە هیچ

ئیتر پووچیش جێی منی تیا نابێتەوە

دەمەوێت لە بارەی بێکەسیەوە بدوێم

ڕوخسارێک نابینمەوە بێدەنگیم بشێوێنێت

هەموویان یەک پارچە

تابلۆی نیگەرانی و بێتاقەتیم پێشان دەدەن 

پێنووسەکان لێرە بۆ مەرگ نووسینەوە دەژین

ئێمەش بۆ ژان

بە نیگەرانییەکی گەورەوە دەستپێدەکات، شەونییە یەک دونیا مەراق لەگەڵ خۆیدا نەخەوێنێت، ڕۆژەکان ڕەتدەبن و ئەو بە خەونەکانی ناگات! یان خەونەکانی لێی دوور دەکەونەوە، ژیانیش بە بێدەنگی تێدەپەڕێ کەچی پێێ دەڵێن بیرمەکەرەوە! ئەو کەسێکی هێندە هەستیار و مرۆڤدۆست و ژیاندۆستە تەنانەت بیر لە بیرنەکردنەوەش دەکاتەوە! ئەو ناتوانێ بیرنەکاتەوە، چونکە لەوە بەئاگایە، کە بیرکردنەوە سەرچاوەی شیعر و فەلسەفە و ژیان و هەموو شتێکە، هەروەک سوقرات دەڵێت، بۆ ئەوەی خۆت بدۆزیتەوە پێویستە بیربکەیتەوە!  ئەو بۆ خەون و ئومێدە گەورەکانی دەژیت، لای ئەو شاعیرەشمان : ژیان ئەوە نەبوو کە بۆی هاتین!، ئیتر هێندە نائومێدە لەگەڵ ئەو مەراق و خۆزگانەی کە پووچیش ناتوانن لە خۆی بگرن، ئیتر هەست بە تەنیاییەکی کوشندە دەکات چونکە، دەوروبەر لە موعانات و ئازارەکانی تێناگەن، هەموویان کاتێک قسەی بۆ دەکەن بێتاقەتتر و نیگەرانتر و تەنیاتری دەکەن ، کەس لەم شاعیرەمان تێناگات و جگە لە مەراق ئومێدێکی ناخەنە بەردەم تەنانەت ڕۆشنبیر و نووسەر و قەڵەم بەدەستەکانیش بۆیە، بە بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی دەنووسێت و ڕەخنەیەکی جدی لە قەڵەمەکان دەگرێت و دەڵێت : پێنووسەکان لێرە بۆ مەرگ نووسینەوە دەژین!، ئێمەش بۆ ژان، چ هەستێکی ناخۆش و مەرگ ئامێز و تراژیدیایە قەڵەمەکان لەجیاتی ژیان مەرگ بنووسنەوە، لە جیاتی جوانیش مەراق و نائومێدیەکان  یان ببن بە بەشێک لە ناشیرینیەکان!، ئێمەش لەجیاتی ئارامی و خۆشییەکان تەنها خەم و ژان و حەسرەت بنۆشین. لە پشت ئەم خەم و مەراق و نائومێدییەی شاعیر وشیاری و مەعریفەیەکی قووڵ هەست پێدەکەین.

ئێمە بەڵێنمان داوە بە کاڵکردنەوەی جوانیەکان ڕابگەین

ڕۆژ نییە گوڵێک بە دەستی پاسەوانەکانەوە سەرنەبڕدرێن

..........................

پێم بڵێ ئەرێ چی دەزانین جگە لە

خوێکردن بە برینەکانی یەکتریدا

جگە لە کوژاندنەوەی چراکانی

سەر ڕێگەی یەکتر

نا تۆ پێم بڵێ : کەی بوو کۆتاجار پێکەنین

پێم وانییە بیرت بێت

ئیتر وای لێهاتووە هەموومان

شەڕ بە تەنهایی بفرۆشین و

دەوار لەناو باخچەکانی غروردا هەڵدەین

لە گومان و نیگەرانیەکانی بەردەوام دەبێ بە دیدێکی ڕەخنەیی قسان دەکات و دەڵێت، ئێمە بەڵێنمان داوە بە کاڵکردنەوەی جوانییەکان ڕابگەین، ڕۆژێکیش نییە گوڵێک بە دەستی پاسەوانەکان سەرنەبڕدرێن،، بڕۆننێ چ تراژیدیایەکە! هەمیشە لە هەوڵی کاڵکردنەوەی جوانی و سەربڕینی گوڵەکانین! ئیدی شاعیر چۆن نائومێد و شەوانان بە مەراقەوە سەرنەنێتەوە؟ چۆن گومان لە پاسەوانەکان و لە دەوروبەر و لە هەموو کەسێک نەکات ؟ ئیدی لەناو ئەم گومان و نائومێدییە پرسیار دەکات و دەڵێت، پێمبڵێ، ئێمە چێ دەزانین جگە لە خوێکردن بە برینەکانی یەکتریدا و کوژاندنەوەی چرای سەر ڕێگاکان؟ لە پشتی ئەم پرسیارانە گەورەترین ئازار و خەمە قوڕسەکان هەست پێدەکەین، کوشتنی ئەویتر و نا تەندروستی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو پەیوەندییەکانیتر، یان دەڵێ، پێم بڵێ کەی بوو دواجار کە پێکەنین؟ لە پشتی ئەم پرسیارە شاعیر گەورەترین گومان بەرجەستە دەکات، کە نازانێت کەی بوو دواجار کە پێکەنین! لە کۆتایی ئەم کۆپلەش ڕەخنەیەکی جدی دەگرێت دەڵێت، لەگەڵ ئەم ژیانە پڕ لە شەڕ و مەرگ و ئازاراوییە کەچی دەوار لە ناو باخچەکانی غروردا هەڵدەدەین! چەند شوورەیی و بێ شکۆییە مرۆڤەهایەک لە نزمترین ئاستەکاندا ژیان بەسەر ببەن و لەولاوەش لەژێر دەوار و ساباتی غروری لێی ڕاکشابن و هەوڵی گۆڕین و باشترکردنی ئەم ژیانە مەرگئامێزە نەدەن! یان دەڵێت :

لێم مەپرسە دەردت چییە؟

تەنیایی و هەزار عەیب

دەردێک و هەزار دەرمانی ساختە

گۆرانییەک و کوڵانەوەی هەزار برین

خۆزگەیەک و هەزار چاوەڕوانی

هاوڕێیەک و هەزار دڵشکان

خەندەیەک و هەزار گریان

ژیانێک و سەدەیەک مردن!

لێرەدا هەوڵدەدات وێنەی ژیانێکی نائاسییمان بۆ بکێشیت، بە هۆی پێشاندانی چەند چەمک و دوالیزمی هاودژ، تەنیاییەکی بەردەوام، دەردێک و هەزار دەرمانی ساختە، لە پشتی ئەم دێرە شیعرییە، وێنەی مرۆڤ و بەهای مرۆڤایەتیمان بۆ ڕەسم دەکات، یان خۆزگەیەک و هەزار چاوەڕوانی، ئەوەش نیگەرانی و نائومێدییەکی تۆخە، کە لە کۆتاییش لە ڕێگەی پارادۆکسەوە، چەمکە دژەکان بەیەکەوە دەلکێنێ و وێنەیەکی شیعری نایابمان بۆ دەکێشێ، خەندەیەک و هەزارگریان، (خەندەو گریان) دوالیزمێکی دژ و ناتەبان ئەو بەیەکەوە ڕستەیەکی شیعری نایابی لێدروست کردوون، هەروەها، ژیانێک و سەدەیەک مردن! ئەمەش هەم پارادۆکسێک و هەم ڕستەیەکی شیعری پڕ ئیستاتیکا و پڕ لە شیعرییەتە. ئەوەی لەم دەقە زۆر سەرنج ڕاکێشە لەگەڵ پێکهاتە شیعرییەکانی وەک، گومان و پرسیار و پارادۆکس، چەند جارێک وشەی مەرگ یان مردن دووبارە و سێبارە دەکاتەوە، تا ئەو ئەندازەیەی ژیان یەکسان دەکات بە مردن، ئەوەتا لە دیمەنێکی شیعری و ناوازە دەڵێت:

تەمێک لەسەر شانی باوکتە

لەناو ئەم هەموو ئازارە

بۆنی مردنی لێدێت!

یان دەڵێت :

دەنگی مردن

 هێڵێکی ڕەشی ناحەزی لاوێنە

وەک جادەیەکی ڕەشی تازە دروستکراوی قیڕی گەرم

دڵ و ڕۆحمان دەسووتێنێت

لەم دەقە شیعرییە ژیان تابلۆیەکە بە ڕەنگەکانی مردن ڕەنگکراوە، یان جەستەیەکە کراسی مردنی کردۆتە بەر، مردن لە هەموو زەمەنێک و لە هەموو شوێنێک ئامادەیە، ژیانێک لەنێو ئامێز و باوەشی مەرگ ڕاکشاوە یان سەما لەگەڵ مردندا دەکات، دەیەوێت بڵێت : ئێمە لەنێو ژیانێک دا دەژین کە بە شوناسی، مردن هەمیشە مردن دەناسرێینەوە. ئیدی لەم ژیانە بێزار بووە و پەتی ئارامی دەپچڕێ و بە هەستێکی یاخیانەوە دەڵێت:

خۆزگە زەوی ڕۆژێک بە توندی دەپژمێ و

منی لە دەم و لوتیەوە هەڵدەدایە هەسارەیەکیتر

بۆچی نا ؟

خەریکە بۆنی کراسەکەی دایکیشمان بیر بچێتەوە

ڕەنگەکان ناناسینەوە

تەنانەت وەرزەکانیش بە ناڕێکی خول دەخۆنەوە

زەوی پیر بووە

خەریکە ژیان بە گۆچان دەڕوات

من دەمەوێت دوور بکەومەوە

 هیچ کەس دەستی پێم نەگات

لێرەدا مەراق و نیگەرانی و نائومێدیەکانی دەگاتە ئاستێکی بڵندی بێزاربوون، ئیدی ناتوانێت چیتر بەرگە بگرێت، چونکە زەوی پیربووە و ژیانیش بە گۆچان دەڕوات، بێ ئومێد دەبێت لە گۆڕان و گەیشتن بە ژیانێکی باشتر بۆیە، لەم ژیانە یاخی دەبێت و دەخوازێت جێی بهێڵێت و لێی دوور کەوێتەوە یان بەهۆی پژمینی زەوییەوە بکەوێتە سەر هەسارەیەکی ترەوە، هێندە دوور بکەوێتەوە هیچ کەس دەستی پێی ڕانەگات، ئاخر چۆن یاخی نەبێ و دوور نەکەوێتەوە ؟ لە ژیانێک کە هەموو کایە و گۆشەکانی ناڕێکە، مرۆڤەکان تەنانەت بۆنی کراسی دایکیان بیر دەچێتەوە و ڕەنگەکان ناناسنەوە یان وەرزەکان بە ناڕێکی دەسووڕێنەوە، ئیتر هۆکارێک نەماوە بۆ مانەوە لەنێو ژیانێکی لەم جۆرە، ژیان تەواو بەتاڵبووە و لە هەموو شتێک داماڵراوە، بە هەمان هەناسەی بێزاری و یاخیبوونەوە لە کۆتایی ئەم دەقەیدا دەڵێت:

تاکە راستییەک ئەوەیە من هێشتا لێرەم

وەکو گرێیەکی ترسناک بە هەناوی ژیانەوە نووساوم

کێ دێت بە شمشێرەکەی دەستی بمرێت؟

ئەفسوس.. ژیان زۆر درێژەی کێشا

هێشتا لە مەترسیدام

       من

         هەر لێرەم

                 هەر لێرەم

دوور لە چاوەکانی تۆ!

ئەو لەناو بێزاری پەنگ دەخواتەوە و خوازیاری ڕۆشتن و دوور کەوتنەوەیە، بەڵام زەمەن دەڕوا و ئەو هەر لێرەیە،  وەک گرێیەکی ترسناک بە هەناوی ژیانەوە نووسابێت، هەرگیز لێی جیانابێتەوە، ئیتر نائومێدانە دەڵێت: ئەفسووس ژیان زۆر درێژەی کێشا، ئەم دێرە شیعرە جوانکارییەکی بێئەندازەی تیا بەرجەستەکراوە، وەک گەڵای لاولاوەیەک بە شەونمی شیعرییەت داپۆشراوە، نائومێدییەک کە شیعرییەت ڕۆح و هەستی خوێنەر بە سەما دەهێنێ، بە پێچەوانەی هەموو کەس کە ئامادەن سەر و ماڵیان ببەخشن بۆ بەدەستهێنانی شوناسێک و زێتر مانەوە لەنێو ژیان! بەڵام ئەم شاعیرەمان لەگەڵ ئەوەی لە هەڕەتی تەمەنی لاویدایە و دەڵێ، ئەفسووس ژیان زۆر درێژەی کێشا! زۆر شاعیرانە و بە وشیارییەوە دەیەوێت پووچی ژیان پێشان بدات نەک بیرکردنەوەی پووچی! مانەوەی لەنێو ژیان بە مەترسی دادەنێ، لە کۆتاییش مەسیجێکی خەمناک بۆ دڵدارەکەی دەنێرێت و دەڵێت،

من هەر لێرەم بەڵام ئەفسووس دوور لە چاوەکانی تۆ!

 

_ شیعری (جەستەی ژیان بە دەمی مەرگەوە)  

بەر لەوەی باسی ناوەڕۆک و فۆرم و زمانی ئەم دەقە شیعرییە بکەین دەبینین، تایتلی شیعرەکە پارادۆکسێکە و هەمدیسان دوالیزمێکی دژبەیەک، ململانێیەک لەنێوان ژیان و مەرگ، وەک ئەوەی هەموو دەقە شیعرییەکانی ئیمان بە قەڵەمی ئەم پارادۆکس و ئەم ململانێیەی نێوان ژیان و مەرگ نووسرابن. یان بە ئاگری ئەم پارادۆکسە گەش ببنەوە و جوانتر دەربکەون، هەروەک و بینیمان لە زۆربەی شیعرەکانی (گومان و پرسیار و پارادۆکس و هاوکات یاخیبوون)یش، هاوتەریبن و بەشێکی سەرەکین لە پێکهاتەی شیعری ئەو شاعیرەمان. یادەوەر لە سەرەتای ئەم شیعرەی دا دەڵێت :

من دەزانم

ئەوان نازانن مرۆڤ بە سەرێکی سووکەوە

بارێکی قوڕسە بەسەر ژیانەوە

من کێشێکی کەم و کێشەیەکی زۆرم هەیە

کێشم هەرگیز کێشەی گەورەی من نەبووە

کێشەی من ئەوەیە بۆچی

ئارەزووی مرۆڤ لە گەدەی گەورەترە ؟!

لێرەدا گەمەیەکی زمانەوانی ناوازە دەبینین، ئیشکردن لەسەر فۆنیم و دەنگی وشەکان، (کێش و کێشە)، یان دوالیزمی (سووک و قوڕس)، بۆ پێکانی ئامانج و مەبەستێکی گەورە بەم پارادۆکسە دەست پێدەکات و دەڵێت، من دەزانم، مرۆڤ بە سەرێکی سووکەوە بارێکی قورسە بەسەر ژیانەوە، لەم بەیەکەوە گرێدانی ئەم دوو چەمکە هاودژە دەیەوێت مەبەستێک و نائومێدییەکی گەورە بپێکێت، دەیەوێت پێشان بدات، لە دونیای مۆدێرن و شارستانیەتەکەی سەرمایەداری و گەشەی تەکنەلۆژیا مرۆڤ بۆتە بارێکی قوڕس بەسەر ژیانەوە..! دواتر گەمەیەکی جوان لەگەڵ فۆنیمی (کێش و کێشە) دەکات و دەڵێت : من کێشێکی کەم و کێشەیەکی زۆرم هەیە، یان دەڵێت: کێشم هەرگیز کێشەی گەورەی من نەبووە! شاعیر لە پاشخانێکی مەعریفییەوە ئەمەی نووسیوە، ئەو (کچە مۆدێلێک) یان لەو کەسانە نییە تەنها خەریکی کێش و جوانکاری جەستە بن، یان هەموو کێشە و خەیاڵیان لای گۆڕینی دیکۆری جەستەیان بێت..! ئەو شاعیرە کێشی خۆی هیچ کاتێک کێشە نەبووە بۆی، ئەو کێشەی گەورەی لەگەڵ ژیاندا هەیە، وەک شاعیرێک چۆن بتوانی ژیان جوانتر بکات، بۆیە ڕووبەڕووی هەموو ئەو فاکتەر و هۆکارانە دەبێتەوە کە ژیان ناشیرین دەکەن، لەنێو شیعرەکانیدا  و لە ململانێی نیوان ژیان و مەرگ ئەوە دەخوێنینەوە کە (شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە!)، بۆیە دەیەوێت باس لە کێشە و دیوە نێگەتیفەکانی ژیان بکات، تا کەسەکان بیربکەنەوە و چونکە بە گومانە لە خەڵکانی دەوروبەری و دەڵێت : من دەزانم.. وەڵێ ئەوان نازانن! مرۆڤ بە سەرێکی سووکەوە بارێکی قورسە بەسەر ژیانەوە! لێرەدا بە ڕوونی ئەو گومانەی خۆی دەخاتە ڕوو، هەروەک سارتەریش دەڵێت: شیعر و ئەدەب، ئازادی و خۆشبەختی بۆ مرۆڤەکان بەدەست ناهێنن بەڵکو وا لە مرۆڤەکان دەکەن بیر لە ئازادی و خۆشبەختی بکەنەوە..! ئەم شاعیرەشمان هەروای کردووە. دواتر دەڵێت :

باوکم دەبینم بە دڵێکی ساف و نێودەستێکی زبرەوە

حەزدەکەم پێستم بدوورم بۆ دەستکێشی دەستەکانی

بۆ ئەوەی ژیان لەنیو قڵێشی دەستەکانی دا نەنێژرێت!

گەر دڕندەیی مرۆڤ نەبایە ژیان کوا هێندە ترسناک بوو؟

دەبێت دڵت لە شوینێکی تردا بشاریتەوە

شوێنی دڵ ئاشکرایە

بۆیە ڕۆژ نییە  نەیبەن و شەو نییە بە زووخاوەوە نەینێرنەوە!

ئەم کۆپلە شیعرە پڕە لە هەستێکی گەورەی مرۆیی هاوکات جوانکاریەکی شیعریش، هەستی پاک و بێگەردی منداڵێک بۆ باوکی، دەیەوێت پێستی خۆی بدوورێت و بیکات بە دەستکێشی دەستەکانی باوکی، نەوەک ژیان لەنیو قڵێشی دەستەکانی بنێژرێت، ناشتنی ژیان مانای مردنی ژیانە، ئەوەش پارادۆکسێکی ترە لەنێوام مردن و ژیان، لێتان ناشارمەوە ئەم هەستە جوان و مرۆڤدۆستییەی شاعیر لەم دیمەنە شیعرییەدا، چەند دڵۆپە فرمێسکێکی پێ ڕشتم و منی گەڕاندەوە نێو ژیانی منداڵی و گەنجێتیم و ژیانی هەژاری خێزانیمان و بینینەوەی ماندووێتی باوکم و خەمە سپییەکانی دایکم! بە بڕوای من یەکێک لەو هۆکارانەی کە وایکردووە قووڵاییەک و جوانکاری بە شیعرەکانی ئیمان یادەوەر ببەخشێ ئیشکردنیەتی لەسەر ژیان، یان بەرز ڕاگرتنی بەها مرۆڤایەتییەکانە، هەروەک دەڵێت، کێشەی مرۆڤ ئەوەیە ئارەزوویەکی گەورەی هەیە بۆ ژیان، ئارەزووەکانی مرۆڤ بێ سنوورن، ژیانیش بەم خواروخێچی و پووچییەوە ناتوانێ تەریب بێتەوە لەگەڵ خەون خولیاکان و خۆزگەکانی مرۆڤ! بەهۆی زبری و قڵێشەکانی ناو لەپی دەستەکانی باوکی وێنەی مرۆڤێکی زەحمەتکێش و ماندووی ئەم ڕۆژگارەمان بۆ ڕەسم دەکات، کە زەمەن بێ ڕەحمانە بەسەر پشتی خەون و ئارەزووەکانییان ڕێدەکات، ئەم خۆشەویستییەی بۆ باوک و مرۆڤەکان، لەنێو قووڵایی تووڕەبوونێکی شاعیرانەوە دەڵێت : گەر دڕندەیی مرۆڤ نەبایە ژیان کوا هێندە ترسناک بوو! لێرەدا شاعیر لەبەر هەڵچوونی باری دەروونی بیری چووە، شیعر وەڵام ناداتەوە بەڵکو پرسیار دەوڕوژێنێ، وەڵام دانەوە کاری شیعر نییە، ئەوە ئایین و ئایدیۆلۆژیاکانن وەڵامی حازر بەدەست و ئامادەیان پێیە بۆ هەموو پرسیارێک، گەورەترین هێزی زمانی شیعری لە وڕوژاندنی پرسیار دایە نەک وەڵامدانەوە، دەبوا پڕسیار بکات و بڵێت : ئەم ژیانە بۆ هێندە ترسناکە ئەی زەمەن ؟ دەبوا ئەو وەڵامە بۆ خوێنەر جێبهێڵیت کە ترسناکی ژیان هۆکارەکەی نا وشیاری و دڕەندەیی و بێڕەحمی مۆڤە! دوای ئەم هاوارەی تووشی بێباوەڕی و گومانێکی گەورە دەبێت بەرامبەر مرۆڤەکانی دەوروبەری، پێێ وایە شوێنی دڵ ئاشکرایە، دەبێت دڵ لە شوێنێک بشاردرێتەوە، شوێنێکی نهێنی و نادیار بێت چونکە، ڕۆژ نییە نەیبەن و شەو بە زووخاوەوە نەیگەڕێننەوە ؟ گومان و خەمێکی گەورە و دەربڕینێکی شیعری جوان. بەو هەستە ئینسانییە لە شیعرەکەی بەردەوام دەبێت تا لە کۆتاییەکەی دەڵێت :

دایکە کراسە سەوزەکەت لەبەرکە، با بەهاری ئێمە چوار وەرز بێت

با باوکم لە خەندەیەکتدا ماندووی ڕۆژگار بشارێتەوە

با من لەنێو دوو ڕووی مرۆڤەکان، ڕووە و ڕووی تۆ

تا قیامەت دابنیشم!

بە هەمان خۆشەویستی و هەستی مرۆڤ دۆستییەوە داوا لە دایکی دەکات کراسە سەوزەکە لەبەرکات، با بەهاری ئێمە جوار وەرز بێت، کراسە سەوزەکە لەلایەک مایەی دڵخۆشی باوکییەتی لەلایەکیش هێمایە بۆ سەوزاییەکی هەمیشەیی و چوار وەرزی، مرۆڤەکان هێندە هیلاک و ماندوون بەدەست ئەم ڕۆژگارە سەخت و کەمەرشکێنە دەخوازێ هەموو وەزەکانی ژیانییان بەهار بێت، بەهۆی ئەو کراسە سەوزەی دایکیشی باوکی لە خەندەیەکدا ماندووی ڕۆژگار بشارێتەوە، چەند دێرە شیعرێکی پڕ ئیستاتیکا و پڕ لە جوانییەکانی بەهای مرۆڤبوونە؟! ئەو خۆشەویستییە بۆ باوک جوانکارییەکی بێوێنەی بە شیعرەکە بەخشیوە، ئەو گومانە گەورەیەی لە بەرامبەر مرۆڤەکان لێرەدا ڕوون و ڕۆشنتر دەری دەبڕێت کە دەڵێت، با من لەنێو دوو ڕووی مرۆڤەکان، ڕووە رووی تۆ هەم گومانێکی گەورەی بەرجەستە کردووە هەم بە شێوە دەربڕینێکی شیعری نایاب، دوو ڕوویی، ڕووە و ڕووی تۆ! لێرەش ئیشی لەسەر فۆنیمی وشەکان کردووە، واتە دەنگی وشەکان دواتر دەڵێت. ڕووە و ڕووی تۆ تا قیامەت دابنیشم! قیامەت وشەیەکە مانا و مەبەستێکی ئایینی لە پشتە بەڵام، لێرەدا لەو مانا و مەبەستە داماڵراوە، بە مانای بۆ تاهەتا، گرینگە شاعیر لەنێو ڕووبەری نووسین ئازاد بێت و لەژێر کاریگەری هیچ ئایین و ئایدیۆلۆژییەک دا نەبێت، واتە لەژێر کاریگەری هیچ هێزێکی دەرەکیدا نەبێت، هەروەک د. محەمەد کەمال لە کتێبی (بوون و داهێنان)دا باس لە ئازادی نووسەر دەکات لەنێو ڕووبەری نووسین، بەمانای  گەر نووسەر ئازاد نەبێت واتە هێزێکی دەرەکی لەجیاتی ئەو بڕیار لەسەر پڕۆژەکانی بوونی دەدات و ئاراستەی جووڵەکانی دیاری دەکات. ئەوەش مانای کۆیلەبوون و نامۆبوون دەگەیەنێت، دەمەوێت ئەوەش بڵێم، شاعیر لە ڕێگەی زمانەوە دەتوانێ دەست بۆ هەموو وشەیەک ببات و بەکاری بهێنێت، بە مەرجێک لە شوێنی گونجاو و بەرگێکی شیعری بەبەردا بکات. بەڵام گرینگە خۆی لەنێو رووبەری شیعر و نووسینەکانی کەسێکی ئازاد بێت و لە ژێر کاریگەری ڕووبەری ناخودئاگایی و خەون و ئارەزووەکانی خۆیدا بێت و وەک دەڵێن، تەنها خۆی بێت و بەس!

 

ماویەتی                                                    ٢٠ی ئابی ٢٠٢٣

             

گەڕان بۆ بابەت