ما 2202 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

حەمامەکە هەر هەمان بوو. لە حەوت رۆژی حەفتەدا شەشی هی پیاوان بوو و، رۆژێکیش بۆ ژنان. چەند خەڵوەت دەهاتە بەرچاو. نە دەنگی قاو و قیژ و، نە تەقە و رەقەی جامۆڵکە و، نە شڵپ و هووڕی بێ پسانەوەی ئاو. تەنیا مشت و ماڵی کیسەکێشەکە جاروبارە کە دەیکێشا بە شانی مشتەرییەکەیدا دەنگی دەدایەوە. منداڵیش نەدەبینرا. کیسەکێشەکە، کە زۆر میهرەبانانە لەگەڵ باوکم دەدوا، هەر دووکمانی شۆرد. پاشان لە نمرەیەکدا ئاومان بە خۆماندا کرد. لە کۆتاییدا حەمامچییەکە دوو فۆتەی بۆ باوکم هێناو، خاولییەکیش بۆ من. فۆتەیەک بە شانیدا و ئەوی تریش بە ناو قەدیدا. من کە یەکەم جار بوو ئەو هەموو جەستە رووتەی پیاوانم دەبینی، لە تەواوی ماوەی حەمامەکەدا تەنیا لەوانم دەڕوانی و زۆر ئاگام لە شتی تر نەبوو. حەمامی پیاوان چەند بێدەنگ و جەستەیشیان چەند تووکناوی و ناشیرین دەینواند!

ئیتر قەدەغەیە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەو ساڵەی شۆڕش کرا و شا رووخا، چیتر دایکم منیشی لەگەڵ خۆی نەبرد بۆ حەمام. دیارە ئەمە بەڕێکەوت بوو و، هیچ جۆرە پێوەندییەک لە نێوان ئەم دوو رووداوەدا نەبوو. کە شا ئێرانی جێهێشت تەمەنی پەنجاو نۆ ساڵ بوو و، کە دایکیشم بڕیاری دا چیتر من لەگەڵ خۆی نەبا بۆ حەمام تەمەنم حەوت ساڵان بوو.

لە نێوان من و  شادا تەنیا پەنجاو دوو ساڵ جیاوازی هەبوو.

لە بەر پێ پلیکانەکاندا گریام و، هاوارم کرد. پڕمدا بوخچەکە و بە چاوی فرمێسکاوییەوە گوتم منیش دێم... منیش دێم! دایکم قیژاندی کە نا! گوتی تازە بووی بە پیاوێک و، ئیتر دەبێ لەگەڵ باوکت بڕۆی. ئەوسا دەستی مندالەکانی تری گرت و، رۆیشت.

من و شا، وەک یەک، ئەو ساڵە گریاین. پێکەوە. ئەو لە فڕۆکەخانەی مێهرئاباد و، من لە کۆڵانێکی خۆڵاویی پشت حەساری قوتابخانەیەک کە بۆنی ئاودەستەکانی تا ئەو سەری دەڕۆیشت. تەنیا جیاوازیمان ئەوە بوو کە کەسێک بەسەر قاچەکانی ئەودا کەوت و، داوای لێکرد نەڕوا؛ منیش بێکەس وەک هەتیوی بێ پدەر تەنیا لەگەڵ هەنسکەکانی خۆمدا مامەوە.

کەواتە من حەوت ساڵم بوو کە هەم دونیا گۆڕا و هەم دۆخی منیش. من کە نەمدەزانی بۆ دایکم لەگەڵ خۆی نەیبردم، لە خۆمم پرسی باشە بۆ نەیبردم؟ وشەی 'پیاو' لە مێشکمدا دەزرینگایەوە. راستی پیاو یەعنی چی؟ باوکمم هاتەبەرچاو. جووتێک سمێڵی زل بە ناوچاوانێکی گرژو هەمیشە ترشەوە. سەرئەنجام لەپاش هێنان و بردنێکی زۆر بەو ئاکامە گەیشتم کە ئیستا من کەسێکم وەک باوکم! هەرچەند ئاوێنەکە وای نەدەگوت.

نازانم بۆ، بەڵام بیری عومەری دراوسێشمان کەوتمەوە. راستە عومەر بە قیافە بچووک بوو، بەڵام ساڵێک لە من گەورەتر بوو و کەچی هێشتا لەگەڵ دایکی دەچوو بۆ حەمام! عومەر کە لە تەلەفزیۆن ماچ و مووچی فیلمی عەرەبی بینیبوو، دەیگوت کە عەرەبەکان بە فوو منداڵ دروستدەکەن! دەیگوت پیاوەکە دەم دەنێتە ناو دەمی ژنەکە و فووی پیادەکا تا ئاوس دەبێ. ئەو یەکجار شانازی بەم زانیارییەی خۆیەوە دەکرد.

دیارە عومەر هەر ئەمەی نەدەزانی. ئەو جاروبارە دووانیوەڕۆیان کاتێک هەموو خەڵکی گەڕەک دەخەوتن و دەنگی شۆردنی قاپ و قاچاخ نەدەما، لەبن میچی نزمی بانێکی سەر حەساری مەدرەسەکە کێری دەردەهێنا، بە تف و دەست پیاهێنان هەڵیدەستاند و بە شانازییەوە پیشانی ئێمەی منداڵانی گەڕەک دەدا. عومەر بزەی دەهاتێ و، باسی ئەو ژنانەی دەکرد وا لە حەمام بینیبوونی.

عومەر کە بەزمی کۆتایی هاتنی چوونە حەمامی منی کە گەڵ دایکم بیستبوو، رۆژێک بە زۆڵیەتییەوە لە کاتێکدا دەستی بە کێریدا دەهێنا گوتی "بە پیاویان نەزانی!"

ساڵانی دوواتریش کاتێک من ئیتر گەورە ببووم و، ئەقڵم بە دونیا دەشکا بەردەوام بیری ئەم قسەیەی عومەر دەکەوتمەوە و لە خۆمم دەپرسی "ئەم هەتیوە لەو تەمەنەدا ئەم قسانەی چۆن دەزانی!؟"

کە بە دایکم گوت ئەی بۆ عومەر بەردەوام لەگەڵ دایکی دەچێ بۆ حەمام، قیڕاندی کە من دەکەی بە رفیقی حەبێ بێ حەیا! ها؟ کێ دەوێرێ دەم بنێتە ناو دەمی؟ حەبێ دەرپێی بێ ئابڕۆیی لە خۆی داماڵیوە! مەگەر ئەو قەحبەیە کێ پێی دەوێرێ؟

چەند حەزمدەکرد دایکم وەک دایکی عومەر بێ حەیا و بێ ئابڕوو بێت... هەڵبەت... قەحبە نا! ئەگەرچی وەک پیاوبوون نەمدەزانی قەحبەبوون چییە.

راستییەکەی ئەوەبوو من هیچ شتێکم لەخۆمدا شک نەدەبرد. ژنەکان لەبەر چاومدا هەر هەمان بوون کە بوون. لەگەڵ ئەوەی من هاوین کێری عومەرم لەبن ئەو میچەدا بینیبوو، لەگەڵ ئەوەی ئەو باسی مەمک و قن و جەستەی سپی و ناسکی ژنانی ناو حەمامی بۆ کردبووین، بەڵام هەر وەک جاران بووم. من خەیاڵم نەدەڕۆیشت.

شەوێکیان باوکم گوتی خوێڕی بوو، ترسنۆک بوو، ساڵی سی و دوویش هەر ئاوا بەجێی هێشت. پیاوی شەڕ و بەرنگاری نیە. خۆی زۆر خۆشدەوێت. نۆکەرە... ئا نۆکەرە. چی پێ بڵێن ئەوە دەکا. حیز و خوێڕی وایان بۆ مەملەکەتداری نەگوتووە!

بەیانیی هەر ئەو شەوە، لەگەڵ باوکم سەعاتی شەش لەخەو هەستاین و چووین بۆ حەمام. بوخچەکە بە من بوو. بە هەمان کۆڵان و هەمان رێگادا کە لەگەڵ دایکم دەڕۆیشتن، رۆیشتین. باوکم هیچ نەدەوا. تەنیا سەیری بەردەمی خۆی دەکرد. دەمزانی مێشکی بە 'شا'وە خەریکە.

حەمامەکە هەر هەمان بوو. لە حەوت رۆژی حەفتەدا شەشی هی پیاوان بوو و، رۆژێکیش بۆ ژنان. چەند خەڵوەت دەهاتە بەرچاو. نە دەنگی قاو و قیژ و، نە تەقە و رەقەی جامۆڵکە و، نە شڵپ و هووڕی بێ پسانەوەی ئاو. تەنیا مشت و ماڵی کیسەکێشەکە جاروبارە کە دەیکێشا بە شانی مشتەرییەکەیدا دەنگی دەدایەوە. منداڵیش نەدەبینرا. کیسەکێشەکە، کە زۆر میهرەبانانە لەگەڵ باوکم دەدوا، هەر دووکمانی شۆرد. پاشان لە نمرەیەکدا ئاومان بە خۆماندا کرد. لە کۆتاییدا حەمامچییەکە دوو فۆتەی بۆ باوکم هێناو، خاولییەکیش بۆ من. فۆتەیەک بە شانیدا و ئەوی تریش بە ناو قەدیدا. من کە یەکەم جار بوو ئەو هەموو جەستە رووتەی پیاوانم دەبینی، لە تەواوی ماوەی حەمامەکەدا تەنیا لەوانم دەڕوانی و زۆر ئاگام لە شتی تر نەبوو. حەمامی پیاوان چەند بێدەنگ و جەستەیشیان چەند تووکناوی و ناشیرین دەینواند!

چووینە دەر. لە شوێنی خۆڕووتکردنەوەکە چاییەکیان بۆ باوکم هێنا و، لێوانێک ئاویش بۆ من. هەموو شتێک لە بێدەنگییەکی سەیردا کە جاروبارە بە هاواری داوای شتێک یاخود قسەی یەک دووکەسێک پێکەوە دەشکا، بە جوانی دەڕۆیشتە پێش.

دوو پیاو لەو لاترەوە بە دوو خاولی بە سەر شانیانەوە خەریکی قسەکردن بوون. ئەوەی وا خاولییەکی شینی پێ بوو، وتی ئیتر دەبی ژنانیش خاوەنی حەمامی خۆیان بن و دەبێ بتوانن هەر حەوت رۆژی هەفتە بە کەیفی خۆیان بچن بۆ حەمام، نەک تەنیا رۆژێک و ئەویش لە حەمامی پیاوان. ئەوەکەی تر کە خاولی سپی بە شانەوە بوو گوتی حەمامی ژنانە و پیاوانە چییە! دەبێ ئیتر کارێک بکەین کە هەموو کەس لە ماڵەوە خاوەن حەمام بێت، بەتایبەت ژنی بەستەزمان ناچار نەبێ بە کۆڵێک منداڵەوە، ئەویش بە چلەی زستان روو بکاتە حەمامی دەرەوە. گوتی ئەو خوێڕیە گرینۆکە رۆیشتووە و، لە بەڵایەکی گەورە نەجاتمان بووە و ئیتر دەبێ لە فکری کاروبارە ئەسڵیەکاندا بین. ئەوەی تریان سەرێکی بۆ راوەشاند.

باوکم بەلاچاو لێی روانین.

چەند هەفتە دوواتر کاتێک دایکم لە حەمام هاتەوە، باسی شەڕێکی گەورەی کرد. گوایا حەمامچییەکە ئەمجارە رووبەڕووی حەبێ، دایکی عومەر ببووەوە و پێی گوتبوو کە خەڵکی گلەیی دەکەن و چیتر نابێ عومەر رووبکاتە حەمامی ژنانە. حەبێ کردبووی بە بەزمێک نەبێتەوە. قیڕاندبووی کە زۆڵ و هەتیوێکی وەها بێ باوک بە کێدا بنێرێ بۆ حەمام،... ها بە کێدا؟ سەڵتەنی حەمامچی گوتبووی ئیتر ئەمە کێشەی خۆتە و خۆت دەبێ چارەسەری بکەی. هەڵبەت وەک دوواجار ئەو رۆژە هیشتبووی عومەر بچێتە ژوورەوە.

بەرەبەرە هەواڵی هەڵاتنی شا و گریانەکەی ناو فڕۆکەخانەکە فەرامۆش ببوو و، چیتر خەڵکی باسیان نەدەکرد. ئەمجارە لە هەواڵەکاندا باسی قەسرو قسووری شا دەکرا بەو حەمامانەوە کە گوایا دەسگیرەکانیان لە ئاڵتون بوون و جگە لە شێری ئاو و دووش و شتی لەم بابەتە، حەوزی گەورە و خۆشیشیان هەبووە.

بە خۆم گوت لە خۆوە نەگریاوە.

چەند هەفتە دووای هەواڵی شەڕی سەڵتەن لەگەڵ حەمامچییەکە، لەگەڵ باوکم لە حەمام بووین کە عومەر و منداڵێکی تر لەگەڵ پیاوێکدا کە ئەویش کاک عەبدولکەریمی دراوسێ گەرەکمان بوو، خۆیان کرد بە ژوورەوەدا. عومەر هەر چاوی بە من کەوت پەشۆکا و، ویستی خۆیم لێ بشارێتەوە. بەڵام مەگەر دەکرا؟ بەتایبەت کە چاومان بە ناو چاوی یەکتر کەوتبوو.

عومەر بە بێ ئەوەی چیتر سەیری من بکا، خۆی رووتکردەوە و لەگەڵ کابرا و مندالەکەدا خۆی کرد بە ژوورەوەدا. دوواتر زانیم حەبێی دایکی تکای لە عەبدولکەریم کردبوو پیاوەتی لەگەڵ بکا و عومەری کوڕیشی لەگەڵ خۆی ببا بۆ حەمام.

هاوینەکەی دوواتریش کاتێک من تەمەنم بوو بە هەشت و عومەر بە نۆ، عومەر کاتێک لە بن میچە نزمەکەدا لە سەر حەسارەکە لە گەرمای نیوەڕۆدا کێری دەردێنا و بە تف و بە دەست پیاهێنان هەڵیدەستان، هەر باسی مەمک و سمت و هەیکەلی ساف و لووسی ئەو ژنانەی بۆ دەکردین کە تا ساڵێک لەوە پێش لە حەمام بینیبوونی. هەڵبەت شتێکی تازەیشی پێ زیادکردبوو. دەیگوت گەر شا نەڕۆیشتایە ئەوا دەیتوانی لەگەڵ حەبێی دایکی لە چوونە حەمامی ژنان بەردەوام بێت. دەیگوت ئەو رۆژە وا شا وڵاتی جێهێشتبوو و لە فڕۆکەخانەی مێهرئاباد گریابوو، بۆ ئەو گریابوو... ئا بۆ عومەری حەبێ!

ئەوە ساڵانی دوواتر بوو وەک هەمیشە زانیم عومەر ئەم قسەیەیش لە دایکییەوە فێرببوو. دیارە زانین بەو مانایە کە خۆم وەهام لێکدایەوە، نەک ئەوەی کەسێکی تر پێم بڵێ.

 

 

گەڕان بۆ بابەت