ما 7562 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەزا شوان

رەگ و ریشەی ئەدەبی منداڵان بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. لە سەرەتای سەردەمی ئەدەبی منـداڵانـدا، کـتێبی تایبـەت بە ئەدەبی منـداڵان نەبـوو. بە پێـشکەوتنی مرۆڤ لە هەمـوو بوارەکانی ژیاندا، ئەدەبی منداڵانیش لە هەموو جیهاندا، گەشەیکردن و پێشکەوت و بـوو بە لـقـێکی سـەرەکی لە ئـەدەبی گـشـتی و بە ئەدەبێـکی تایبـەت بە منداڵان. لە نووسینێکی پێشترمـدا، باسی مێژووی ئەدەبی نووسراوی تازەی منداڵانمان کـردووە کە لە سەدەی حەڤـدەمـدا، بۆ یەکـەم جـار لە وڵاتی فەرەنسادا سـەری هـەڵـدا.

چاوخشانێک بە مێژووی ئەدەبی منداڵان لە ئینگلتەرا

 رەزا شـوان                                      

رەگ و ریشەی ئەدەبی منداڵان بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. لە سەرەتای سەردەمی ئەدەبی منـداڵانـدا، کـتێبی تایبـەت بە ئەدەبی منـداڵان نەبـوو. بە پێـشکەوتنی مرۆڤ لە هەمـوو بوارەکانی ژیاندا، ئەدەبی منداڵانیش لە هەموو جیهاندا، گەشەیکردن و پێشکەوت و بـوو بە لـقـێکی سـەرەکی لە ئـەدەبی گـشـتی و بە ئەدەبێـکی تایبـەت بە منداڵان. لە نووسینێکی پێشترمـدا، باسی مێژووی ئەدەبی نووسراوی تازەی منداڵانمان کـردووە کە لە سەدەی حەڤـدەمـدا، بۆ یەکـەم جـار لە وڵاتی فەرەنسادا سـەری هـەڵـدا.

لەم نووسینەمدا، چاوخـشانێک بە مـێژووی سەرهەڵـدانی ئەدەبی منداڵان لە ئینگـلتەرا دەکەین. کە لە دوای فەرەنسا لە ئینگـلتەرادا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی.
ئەدەبی منداڵان لە ئینگـلتەرادا مێـژوویەکی درێـژ و جیاوازی هـەیە. دەکرێت ئەدەبیاتی منـداڵان لەم وڵاتـەدا بۆ سەردەمەکانی ناوەڕاست بگەڕێنینەوە. قوتابخـانەی ریالـیزمیی مێـژوونووسـەکان، ساڵی (١٧٤٤) بە دەرچـوونی (کـتێبی بچـووکی جـوانی گـیرفـان)ی نووسەر و کتێبفـڕۆش (جـۆن نیوبـەری) بە سەرەتای سەرهەڵـدانی ئەدەبی منـداڵان لە ئینگلتەرا دادەنێن. چیرۆکە کلاسیکییەکانی پێشتر بریتیبوون لە ئامۆژگاری و رێنمایی و رێنوێنی ئاینی و لە خـووی باش و لە رەوشـتی بەرز. بێ ئەوەی گـوێ بە ئاستی بیر و هۆش و ئارەزوو و قوناغەکانی منداڵـییەتی بدەن. شایەنی باسیشە کتێبی (ئەفسانەکانی ئـیزۆپ) بە یەکەمین کتێبی چاپکراو بۆ منداڵان دادەنـرێت کە لە ساڵی (١٤٨٤) زاینی، لە لایـەن نووسەر (ولیـەم گاگـستۆن: ١٤٢٢ـ ١٤٩١) ەوە نووسراوە. گاگـستۆن سەر لە نـوێ چـیرۆکەکـانی ئـیـزۆپی یـۆنـانی، بە شـێوازێکی جـوان و بە زمـانی ئینگـلـیزی نووسینەوە و لە چەنـد بەرگـێکـدا چاپیانی کرد، گاگـستۆن بۆ یەکەم جاریش وێنەی بۆ چیرۆکەکانی کێشان. گەرچی گاگستۆن بەو نیاز و مەبەستەوە چیرۆکەکانی نەنووسیون کە ئـاراستەی منـداڵانیـان بـکات. بـەڵام سێ لـە کـتێـبەکـانی، بە درێـژایی سـاڵان و تا ئەمـڕۆش بۆ منـداڵان گـونجـاون و بە کـتـێبی خـۆیـانیـان دەزانـن. وەریان گـێڕاون بۆ سەر زۆربەی زمانەکـانی گـەلانی جـیهـان بە زمـانی کوردیشەوە. منـداڵان لە هەمـوو جیهانـدا، چێژ و خۆشی لـە خوێنـدنەوەی ئەو چـیرۆکە ئەفـسانەییـانە وەردەگـرن. کە ئەم کـتێـبانەن (رێوی رێنارد، ئەفـسانەکانی ئیـزۆپ، مردنی ئارسەر). هـەر گاگستۆن یەکـەم چاپخـانەی هـێنایە ئینگـلـتەرا، دوای ئەوەی کە لە ئەڵمانیا، فـێری چـۆنیەتی و هـونەری چاپکـردن بـوو. زیـاتر لە (١٠٠) کـتـێـبی لـەو چاپخـانەیەدا چـاپـکـرد.

لە دوای گاگسـتۆن، نووسـەر (یـۆهـان ئامـۆس کـۆمینـۆس) لە سـاڵی (١٦٥٨) دا، لە پێوەرە باوەکانی ئەو سەردەمە لایدا و کتێبێکی بە ناوی (جیهان لە وێنەدا)ی نووسی و چـاپیکـرد. ئەگـەرچی ئامـانجی ئـەم کـتێـبە زیـاتر لە پـەروەردەییـەوە نـزیـکە نـەک لە خۆشنوودییەوە. ئەم کارەی کۆمینۆس، بە یەکەم کتێبی وێنەدار بۆ منـداڵان دادەنرێـت.

نووسەر و رۆژنامەنووس و رابەری رۆمانی ئینگلیزی (دانیال دیڤۆ: ١٦٦٠ـ ١٧٣١) یەکێکە لە رۆمـاننووسە ناسراوەکـانی جیهـان. بە دەستپێـشخەری چـیرۆکی هـونەریی لە ئینگـلتەرادا دادەنـرێت. دانیال دیڤـۆ لە ساڵی (١٧١٩) دا، رۆمـانە بەنـاوبانـگەکەی (رۆبنسـۆن کـروزۆ) ی نـووسی و چـاپیکـرد. کە بە یەکـێک لە شاکـارە ئەدەبییـەکـانی جیهـانی ناسراوە. تا ئەمـڕۆش منـداڵان لە هەمـوو جیهـانـدا، بە گـەرمی و پەرۆشەوە  پێشوازی لەم رۆمانە دەکـەن و چـێژ و خۆشیی لە لایان کـاڵ نەبۆتـەوە. پاڵـەوانی ئـەم رۆمـانە لاوێکی سەرگـەرم و سەرەکـێشی سەیـرە، حەز بە کـاری سەرەکـێشی دەکات.
دانیال دیڤـۆ بیرۆکەی ئەم چـیرۆکەی لە چیرۆکێکی راستەقـینەی ژیـان و بەسەرهـاتی پیاوێک بە ناوی (ئەلیکسەندەر سلکـێرک) ەوە وەرگرتـووە. کە خەڵکی ئوسکۆتلەنـدە بـووە. نـزیـکەی (٣٠٠) سـاڵ بـەر لـە ئـێسـتا، ئـەو پیـاوە وێـڵ دەبـێـت و دەکـەوێـتـە دوورگـەیەکی دووری دابـڕاوی چـۆڵـەوە، بـۆ مـاوەی چەنـد ساڵـێک لەو دوورگـەیەدا ژیـان بەسەر دەبـات. بێ هـیوا نابێت و کۆڵنـادات، تا ئـەو کاتەی پاپـۆڕێک نزیک ئەو دوورگەیە دەبێتەوە و هەلی گەڕانەوەی بۆ ئوسکۆتلەندەی نیشتمانی بۆ دەڕەخـسێـت. ئەم چیرۆکە راستییە بوو بە ئیلهام بۆ دانیال دیڤـۆ. بە شێوەیەکی ئەدەبی و هـونەریی جوان لە رۆمانی (رۆبنسۆن کروزۆ) دا دایڕشتووە. لە راستیدا ئەم رۆمانە بۆ منداڵان نەنووسراوە. بەڵام نووسەری بەناوبانگی ئینگلیزی (جۆن نیوبەری) دەستکاری کرد و کورتی کـردەوە و دووبـارە بە زمانـێکی ئاسانـتر و گونجـاو، بۆ منـداڵان دایـڕشـتەوە.
رۆمانی رۆبنسۆن کـروزۆ، کـراوە بە فـیلمی کارتـۆن و بە زۆربەی زمانەکانی جیهـان دۆبـلاج کـراوە. ئەو مەبەست و گرنگـییەی لەم رۆمـانەدا هـەیە: بێ هـیوا نەبـوون و کۆڵنەدان و خۆڕاگری و خۆگونجانە لەگەڵ بارودۆخێکی چاوەڕوانەکراو و تەنگانەدا.

هەر لە ساڵی (١٧١٩) دا، (رۆبەرت سامبر) چەند چـیرۆکێکی لە (چـیرۆکەکانی دایە قـازم) کە لە نووسـینی (چـارلـز پیـرۆ)ی فـەرەنسییە، لە فـەرەنسییەوە وەرگـێڕان بۆ ئینگـلیزی و چـاپـیانی کـرد. کە ئـەم چـیرۆکـانـەن (سانـدرێـلا، جـوانە نـووسـتووەکە، ریـش شـین). بەو مەبەستەی کە منـداڵانی ئینگـلتەرا چـێژ و خۆشـییان لێوەربگـرن.

(جـۆناسان سـویـفـت: ١٦٦٧ـ ١٧٤٥) نووسـەر و سیاسەتـمەدارێـکی (ئینگـلیزی ـ ئیڕلەنـدی) بوو. بە نووسەرێکی بابەت گاڵتەجـاڕی و توانـج ناسرابوو. جـۆناسان لە ساڵی (١٧٢٠) دا، کتێبێکی لەژێر ناوی (گەشتەکانی گـۆلیڤەر) دا چاپکرد. بریتییە لە چوار کتێب و باس لە چوار گەشتی خەیاڵی بۆ وڵاتانی دوور و نامـۆ و سەیـر دەکات. جۆناسان چەنـد رۆمـانێکی تریشی نووسیوە، لەوانە: (جەنگی کتێبەکان)، (نامەکانی بازرگانێکی کوتاڵـفـرۆش)، (پێشـنیارێکی سارد).
(جۆن نیوبەری) گەشتەکانی گۆلیڤەری کورت کردوونەتەوە و بە شێوە و شێوازێکی ئاسانتر و بە زمانێکی سووکتر، دووبارە بۆ منداڵان دایڕشتوونەتەوە و چاپیکردوون.
بەمەش جـۆن نیوبـەری، ئەم گەشتانەی خستە نێـو چـوارچـێوەی ئەدەبی منـداڵانەوە.
هەر چوار گەشتە، کراون بە فـیلمی کارتـۆن و بە زۆربەی زمانەکـان دۆبلاج کراون.

(جـۆن نیوبـەری : ١٧١٣ـ ١٧٦٧)هەنـدێ لە لێکۆڵـێنەوەرەکان پێیانـوایە کە ئەدەبی راستیی منـداڵان لە ئینگـلتەرادا، لە (جۆن نیوبەری) یەوە دەستی پێکرد. نیوبەری لە بـواری ئەدەبی منـداڵانـدا، بە تایبەتیش لە چـیرۆکنووسیندا، نووسەرێکی بەتوانا بوو. رۆڵـێکی زۆری هەبـوو لە گەشەکـردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منـداڵان لە ئینگـلتەرادا. جـۆن نیـوبەری خاوەنی یەکەمین کـتێبخانەی منـداڵانە لە جیهانـدا. نیوبەری لە ساڵی (١٧٤٤) دا، کـتێبـێکی بە نـاوی (کـتـێـبی بچـووک و جـوانی گـیرفـان) ی نـووسی و چاپیکرد و بڵاوایکردەوە. لە ساڵی (١٧٦٥) دا، چـیرۆکێکی بۆ منـداڵان لەژێـر ناوی (جـووتێ پێـڵاوی باش) دا، نووسی و چاپیکـرد و بڵاویکـردەوە.
هەندێک لە توێژەرانی ئەدەبی منداڵان ئەم کتێبەی نیوبەری(کتێبی بچووک و جوانی گیرفـان) بە یەکـەم کار بۆ منـداڵان دادەنـێن، کە ئامـانجی خـۆشی و شـادی منـداڵانە. نیوبـەری داوای لە نووسـەران کـرد، کە کـتێبەکانی گەورەکان کـورت بکەنەوە و بە زمانێکی سووکـتر و بە شێوازێکی ئاسانتر، دووبارە بۆ منـداڵان بیان نووسنەوە، تا لەگەڵ توانای هـۆشیاندا بگونجـێن. تا بۆیان چاپ بکات. نیوبەری زیـاتر لە (٢٠٠) کـتێـبی بـۆ منـداڵان چاپـکرد و بڵاویـانی کـردەوە. کە بـریتـین لە: مەتـەڵ، چـیرۆکی فـۆلکلـۆری، ئەفـسانەیی، حـیکایـەت، چـیرۆکە میـلـلییەکـان. کتێبەکـانیش لە رووی کوالـیتییەوە مەرجی پێویستییان لەخۆگرتوون. بەرگەکانیان ئەستۆرن و نەقـشێنراون.  کاغـەزی پەڕەکانیان زێـڕین و لـووسن. جـۆن نیـوبەری بـڕوای بە گرنگی فێرکردنی منداڵان بە رەفـتاری دروسـت، بە شـێوازێـکی نـەرم و نیـانی و میهـرەبـانی هـەبـوو، نـەک بە شـێوازی گـرژی و تووڕەیی و تونـدوتیژی و تـرس و تۆقـین. بۆیە نیوبەری بـە (باوکی راستی ئەدەبی منداڵان) لە ئینگـلتەرادا ناودەبـرێـت.
لە ئەمـریکادا، لە ساڵی (١٩٢٢) ەوە، ساڵانە خـەڵاتـێکی بەنـرخ، بە نـاوی (خـەڵاتی نیوبەری) یەوە، دەدرێت بە باشترین نووسەری کتێبی ساڵ لە بواری ئەدەبی منداڵاندا.

شایەنی باسیشە، لە پێش جۆن نیوبەری، نووسەرێک بە نـاوی (تی. دەبلیـو) کـتێبێکی بچووکی (١٢) پەڕەیی لەژێر ناوی (کتێبێکی بچکووک بۆ منداڵانی بچووک) نووسی و چاپیکرد کە کـتێبێکی فـێرکارییە. وەکـو رەخنەگـر (پیرسی مـۆیـر) دەڵـێت، گرنگی ئـەم کـتێبە لەوەدایـە، کە یەکـەم بڵاوکـراویە بە زمـانی ئینگـلیزی بـۆ منـداڵان. مەبەستـیش ئەوە نییە کە لە رۆڵی جـۆن نیـوبـەری کـەم بکـرێتەوە.

لە سەدەی هـەژدەمدا، وەرچەرخانێکی بەرچاو و بازێکی گەورە لە ئەدەبی منداڵان لە ئینگـلتەرا درا. لە سەدەی نـۆزدەشـدا بناغـەی ئەدەبی منـداڵان لە ئینگـلـتەرادا دانـرا.

لە ساڵی (١٨٢٨ـ١٨٣٠) دا، کتێبی (حیکایەتەکانی باپیرە) ی (سـیرواڵتـەر سکـوت) پێشوازییەکی گەرمیان لێکرد، کە ورژێنەر و سۆزدارییان لەخۆگرتوون. دوایش خاتوو (کاترین سنگلەر) کە کتێبی (مـاڵی روخـسەت)ی نووسـیوە، بە یەکـێک لە گـرنگـترین کتێبەکانی منداڵان دادەنـرێت. کە بە بەهـاراتی خەیاڵیی پێـوەکردووە. ئامـانجی کاتـرین، گۆڕینی ئەو بابەتـانە بـوو کە منـداڵان دەیـانخـوێنـدەوە.     

(لـویس کـارۆل: ١٨٣٢ـ ١٨٩٨) ناوێکی خوازراوە، ناوی راستیی (چارلـز لـۆتـۆدیج دۆدسن) ە. لویس کارۆل چـیرۆکنووس و رۆماننووسێکی بە توانا و بلیمەت و فانتازی بـوو. زانـایەکی ماتماتیک و وێنەگرێکی فـۆتـۆگرافی ئینگـلیزیی ناسراوبـوو. چـیرۆکی (ئەلـیس لە وڵاتی عـاجـباتیـیەکان) کە لە نووسـینی (لـویـس کـارۆل) ە، بە یەکـێک لە شاکارە ئەدەبییەکانی جیهـان بۆ منـداڵان دادەنرێت. ئەم چیرۆکە ئەدەبی منداڵانی بـردە قـۆنـاغـێکی زێـڕینـەوە. بـێجـگە لەم چـیرۆکە، لـویس کـارۆل دوو چـیرۆکی تـریـشی نووسیوە، ناوەکانیان (لە میانەی شووشەوە)، (چەنەبـازی).

چیرۆکی (ئەلیس لە وڵاتی عـاجـباتییەکان) چـیرۆکی ئەندێشەیی فەلسەفی و فانتازییە. چیرۆکی کچێکی راستی دەگێڕێتەوە، کە لە چیرۆکە ستۆکەکان بێزار ببوو و حەزی بە سەرەکـێشی دەکرد. چـیرۆکی کـیژۆڵەیەک تەمەن (١٢) ساڵان دەگـێڕێتەوە، کە نـاوی (ئەلیس)ە. بە دوای کەروێشکێکی گەورەدا رادەکات. لە پڕێکدا دەکەوێتە ناو چاڵێکی قـووڵەوە و خـۆی لە جیهـانێکی خەیاڵـی سەیـردا دەبینێتەوە. دەڕوا و دەگەڕێت و بە سەرسـامییەوە دەڕوانـێـت. چـاوی بە (داوڵـێک) و (شـێرێـک) و (پيـاوێکی ئاسـنین) دەکەوێـت. هەمـوویان دەچـن بـۆ لای جـادووکەرێـک، تا یارمـەتییان بـدات. شـێرەکە ئـازایی دەویست، پیاوە ئاسـنینەکە دڵی دەویست، داوڵەکەش هـۆشی دەویست. بەڵام ئەلیـس گـەڕانـەوەی بـۆ مـاڵـەوە دەویـست. ئـەم چـیرۆکە بە چەنـدین سـەرەکـێشـیدا تێـدەپەڕێـت. کراوە بە فـیلمی کارتـۆن و بە فـیلمی سینەمایی. ئەم چـیرۆکە ئـازادی و ئازایی بە منـداڵان دەبەخـشێـت. بە متمانە بەخۆبوونەوە رووبـەڕووی ئەو گـرفـت و کێشانە ببنەوە کە دێنە رێیان و خۆیان چارەسەری رێگەی سەرکەوتنیان بۆ بدۆزنەوە.
لویس کارۆل لە دژی رێباز و شێوازە کلاسیکـییە چەقـبەستووەکاندا، کە منـداڵان لێیان وەرست و بێزار ببوون، شۆڕشێکی لە ئەدەبی منداڵانی بەرپاکرد. گەرچی (١٥٨) ساڵ بەسەر چاپکردن وبڵاوکردنەوەی رۆمـانی (ئەلیس لە وڵاتی عاجـباتییەکـان) تێپەڕیـوە، بەڵام تا ئەمـڕۆش مندـاڵان بە پەرۆشەوە دەیخوێننەوە و چـێژێکی زۆری لێوەردەگرن.  

مـاوەی سـاڵانی (١٨٩٤ـ ١٩٠٨) بە گـەشترین مـاوەی کـتێبی منـداڵان لە ئینگـلتەرا دادەنرێت. کە لەو ماوەیەدا، کـتێبێکی زۆری نۆسەرانی ناسـراو لە مێژووی ئەدەبی منـداڵاندا، چاپکـران و بڵاوکـرانەوە.

زۆر بە کورتی ئامـاژە بە نـاوی هـەنـدێ لە نووسـەرانی ناسـراوی تری ئینگـلیزی لە بـواری ئەدەبی منـداڵانـدا لە ئینگلتەرا دەدەیـن:

(کینیت گـرام: ١٨٥٩ـ ١٩٣٢) بە ناوباگترین کارەکانی (با و دار بییەکان)ە کە کارێکی نەمرە لە ئەدەبی منداڵاندا. ناوی دوو کـتێبی تری کـینیت بۆ منداڵان (سەردەمی زێـڕین، ئەژدیهای یاخی) یە.

(رودپارد کـیلنگ:١٨٦٥ ـ ١٩٣٦) لە ساڵی (١٩٠٧) دا، خەڵاتی (نۆبـڵی لە ئەدەب) دا وەرگرت. کە بچـوکـترین بـراوەی ئەم خـەڵاتە و یەکـەم ئینگـلـیز بـوو کە ئەم خەڵاتەی وەگـرت. گرنگترین کارەکانی بۆ منداڵان (کـتێبی جەنـگەڵە) کە بـریتیـیە لە کۆمـەڵـێک سەرەکـێشی لە دارستانـدا. پاڵەوانەکەی منـداڵێکە لەگەڵ ئاژەڵە دڕندەکانـدا دەژی. ئەم چیرۆکە بە ناوی زنجیرەی (ماوکـلی کـوڕی دارسـتان) ەوە، کراوە بە چەنـدین فـیلم و سەرکەوتنێکی جیهـانییان بەدەستهـێناون.

(هـیلـین بیاتریکس پۆتـەر: ١٨٦٦ـ ١٩٤٣) ژنە رۆماننوس و زانایەکی سروشـتی و وێنەکـێش و شاعـیرێکی ناسراوی ئینگلیزییە. چەندین چیرۆکی بۆ منـداڵان نووسیوە. هـیلین شێوازێکی جیاوازی لە نووسیندا بۆ منداڵان هـەیە. کە بە ناسکی و بە ساکاری و شارەزایی و شێوازێکی تازە بۆ منداڵان دەنووسێت. چیرۆکەکانی لە هەمـوو جیهاندا بـڵاوبـوونەتەوە. بەشـێکی زۆری چـیرۆکەکاـنی کـراون بە فـیلـم کـارتـۆن. بەرزتـرین کارکتەرە داهـێنراوەکانی (کەروێشکە پیتەر، سمورە نۆتکـین، پشیلە تـۆمی بچکـۆلە).

(روالد داڵ: ١٩١٦ـ ١٩٩٠) رۆماننووس و سیناریۆنووسە، بە ناوبانگترین نووسەری منداڵانە لە ئینگلتەرا، زۆرترین ژمارەی رۆمانەکانی لە جیهاندا فرۆشراون. زۆربەشیان کـراون بە فـیلمی کارتـۆن. چەنـدین خەڵاتی بەنـرخی جیهـانی وەرگـرت. لە ئێنگـلتەرادا مـۆزەخانەیەک بە ناوییەوە هـەیە (مـۆزخـانە و مەڵبەنـدی چـیرۆکەکانی روالـد داڵ) کە کارەکانی و وێنەکانی تێیـدا پارێـزراون. گـرنگـترین کارەکانی بۆ منـداڵان:( تیمساحێکی زەبـلاح، چەتەوڵـێکی کەتەی میهـرەبـان، دانی پاڵـەوانی جیهـان، قـۆخـێکی زەبەلاح).

(جاکـلین ویلسـۆن: ١٩٤٥) ژنێکە شەیـدای کۆکردنەوەی کـتێبی منـداڵانە. یەکێکە لە ناسراوتـرین نووسەرانی ئەدەبی منـداڵان لە ئینگـلتەرادا. بە زۆریـش بۆ هـەرزەکاران دەنووسێت. چـیرۆکەکانیشی بەوە ناسراون کە پـڕن لە خـۆشی و لە خەیـاڵ، زیـاتر لە (١٠٠) کـتێـبی نووسـیوە. سـەرەڕای کارەکـانی لە تەلەفـزیـۆن و لە رادیـۆدا. چەندین خەڵاتی گـرنگی لە ئەدەبی منـداڵاندا وەرگـرتـووە.

(جـوان رۆلـیـنگ: ١٩٦٥) کەڵە رۆماننووسێکی بـواری ئەدەبی منـداڵانە. نـووسەری زنجـیرە رۆمـانی جیهـانی (هـاری پـۆتـەر)ە، کە بە ناوبانگـتریـن زنجـیرە رۆمـانە لە جیهـانـدا. وەریانگـێڕاون بۆ (٨٠) زمـان لە جیهـانـدا. ئـەم رۆمـانە هەشـت بەشـە یا هەشت کتێبە، تا ئێستا چەنـدین خەڵاتی لە ئینگلتەرا و جیهاندا بردۆتەوە، لە مێژوودا زۆرتـرین ژمارە بەرگەکانی کـتێبی (هـاری پۆتـەر) فـرۆشـراون. کە زیـاتر لە (٤٥٠) ملیۆن دانە لە کتێبی (هاری پۆتەر) لە جیهاندا فـرۆشراوە. ئەم رۆمانە کراو بە فـیلمی سینەمـایی. یەکـێک لەو فـیلمـانەش، زۆرتـرین پـارەی لە جیهـانـدا بە دەسـت هـێناوە. ئەکتەرە بەشداربووەکانی هـاری پۆتـەر، لە رێی ئەم فـیلمـانەوە دەوڵەمەنـد بـوونە.
جـوان رۆلینگ لە رێی رۆمانی (هاری پۆتەر)ەوە، سەرمایەیەکی زۆری دەستکەوت و بـوو بە ملیۆنـێر. بوو بە یەکەم نووسەريش کە ئەو پـارە زۆرە لە رێی نووسینەوە بە دەسـت بهـێـنـێـت. لەپێـش نـووسـینی رۆمـانی هـاری پـۆتـەر، جـوان رۆلـینگ زۆر بە هەژاری دەژیا، بۆ کـڕینی شـیر بۆ کچـەکەی پارەی لە هـاوڕێکانی قـەرزدەکـرد. بۆیـە بەشێکی زۆری پارەکەی بەخـشیوە بە پـرۆژە خێرخوازییەکان. جوان رۆلینگ لە ساڵی (٢٠١٠) دا، وەکـو ژنێک کە زیاترین کاریگەریی لە ئینگلتەرادا هەبـوو هەڵیان بـژارد. جـوان رۆلینگ یەکـێکـیشە لە (١٠) ژنـە ناودارەکانی جیهـان و لە ریـزبەنـدی چـوارەم دایە (ئەنگـیلا مێـرکـل، گـلـۆریا مـاری، ئینـدێـرا گـانـدی، جـوان رۆلـینگ،...)
جـوان رۆلـیـنگ منـداڵانی زۆر خۆشـدەوێـت. تا ئەمـڕۆش بەردەوامـە لە نووسـین بـۆ منداڵان بە تایبەتیش چیرۆکیان بۆ دەنووسـێت، دەڵێت:"درێـژە بە نووسین بۆ منـداڵان دەدەم، چـونکە لە راسـتیـدا چـێژ و خۆشی لەمـەدا دەبیـنم".
لە نووسینێکمدا لە ژێر ناوی (کەڵە رۆماننوسی منداڵان جـوان رۆلینگ) کە لە مانگی (٢/٢٠١٨) دا، لە سایتەکاندا بڵاوکردۆتەوە، بە درێژی باسی جوان رۆلینگـم کردووە.

بێجگە لەو نووسەرانەی کە باسیانـم کرد. چەندین نووسەری تری ئینگلیزی لە بواری نووسینی ئەدەبیـاتی منـداڵانـدا، بەرهـەمی نایـاب و ناوبانـگـیان لە ئینگـلـتەرادا هـەیە.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوودم لە چەندین سایتی ئینگـلیزی و نەرویجی و عەرەبی وەرگرتووە.

  

 

گەڕان بۆ بابەت