ما 2186 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەوەی وا منداڵترە، دەستی دەکا بە کەپری چاوەکانی و هەوڵدەدا تا چاو بڕدەکا لە دیمەنەکەی بەردەمی خۆی بڕوانێ. یەکەم جارە دەگاتە ئێرە و لێرەوە سەیری سروشت دەکا. هەموو شتێک چەند کتوپڕ جۆرێکی تری لێدێت. بێکۆتایی وەک رۆحێکی سامناک و لە هەمان کاتدا سەرنجڕاکێش بە دەروونیدا دەچێتەخوارەوە. ئەوی تر دەڵێ چۆنە، ها پێت چۆنە… خۆش نیە… جوان نیە؟ ئەم جارێکی تر چاو بە دیمەنە بێکۆتاییەکەدا دەگێڕێتەوە. ئەوسا بێ ئەوەی جواب بداتەوە تەنیا لێی دەڕوانێ. ئەویش کە وەک بڵێی بۆی گرینگ نەبووە وەڵامی بدەنەوە یان نا، بە دەنگی بەرز دەڵێ مەحشەرە… مەحشەر! من کە قەت لێی تێرنابم! گەر بە من بێت هەر ئا لێرە لەسەر ئەم بڵینداییە خانوویەک درووستدەکەم و، بۆ هەمیشە لێرە دەژیم. چی لەمە خۆشتر!

رۆژێک پێکەوە

عەسرێکی رۆژی هەینییە. گەرمای هەتاوی ئەو رۆژەی هاوین کەمکەم خەریکە دادەهێزرێ و کۆڵان هەناسەی تێدەکەوێ، بەڵام هێشتا کەس بەدەرەوە نیە. دەنگی بانگی عەسری مزگەوتی گەڕەک، مزگەوتی سەیی، بەسەر خانووە کش و ماتەکاندا دەکشێ و ئاسمان دەگرێتەباوەش. لە کۆڵانێکەوە کۆمەڵێک مرۆڤ لەگەڵ تابووتێک بەرەو بانەکۆن دەڕۆن. بێدەنگ رێدەکەن. نە دەنگی گریان دێ و، نە هەناسەی قووڵ. هەموو شتێک لە ژێر دەنگی پێی هەنگاوەکاندا وەک مردووی ناو تابووتەکە، دەمرێ. یەک تاقە ژن چییە لەگەڵیان نیە. لەسەر بانەکۆن گێژەڵووکەیەک هەڵدەکا و، بۆ ماوەیەک دەیکا بە بەزمی خۆی. تەپ و تۆز وەک هێڵێکی ئەستوونی هەوڵدەدا خۆی بگەیەنێتە تاقی ئاسمان. چ هەوڵێکی بێسوود! لەو دیوەوە، لە دەشتی ساتاوە، لە تەنیشت مەیدانە فوتباڵە خۆڵینەکە، سەگە بەڕەڵڵاکان مڵ و مۆیانە، وەک بڵێی هەستیان بە شتێک کردبێ. ئەویش چ هەوڵێکی بێسوود! رەنگە گێژەڵووکەکەی سەر بانەکۆن، لەگەڵ خۆی بۆنی مردوو و، تەرمە داپۆشراوەکانی هێنابێ و سەریشی لەوان شێواندبێ.

رێک لە باشووری شار، دوو کەس خەریکە بەسەر کێوی جنێرەدا سەردەکەون. ئەوان بێ خەبەر لەوەی وا لە بانەکۆن و لە باکووری شار روودەدات، هەناسەبڕکێیانە و هەنگاو بە هەنگاو لە کاتێکدا سەرتاپای جەستەیان شەڵاڵی ئارەقە، سەرەوژوور رێدەکەن. دوو نەفەرەکەی باشوور لەبیری گەیشتن بە قوتەی جنێرەدان. حەزی چێژ لە سروشت دایگرتوون. دەیانەوێ کاتی داچوونی هەتاو لەوێ بن و لێگرەوە سەیری رۆچوونەکەی بکەن. ئەوەیان وا بە باڵا بەرزترە و بە تەمەن هەڵکشاوەتر، روو لەوەی وا بە باڵا کورتتر و بە تەمەن منداڵترە، دەڵێ دەبێ بچیت و بیبینی! ئەوی تریش کە هەناسەی سواربووە و، زووزوو ئارەقی ناوچاوانی دەسرێتەوە تەنیا بە بزە وەڵامی دەداتەوە. کەس نازانێ بەڕاستی ئەم سەفەرەی پێخۆشە یان نا. کەس نازانێ چی لە دەروونیدا دەگوزەرێ. داخۆ بە مەیلی خۆی هاتووە، یان لەڕووی شەرمەوە. ئەوەیکە رووی نەبوو بەوی تر بڵێ نا نایەم! رەنگە هاتبوو تەنیا لەبەر هەموو ئەو روونکردنەوە و قسانەی وا ئەوی تر پێی گوتبوو. لەوە دەچوو توانای ‘نا’گوتن لە شەرمێکی دەروونیدا لێ سەندرابووبێتەوە.

تەرمەکە بە کۆڵانەکاندا تێدەپەڕێ و، ئەو ژن و پیاوانەی وا لە خەوی دووانیوەڕۆ بەئاگابوونەتەوە لە پشت پەنجەرەکان و درگاکانەوە لێی دەڕوانن. لە خەڵکە بێدەنگ و کشوماتەکە و لە زرمەی پێیان کە بارستاییەک لە تۆز پەخش و بڵاو دەکەنەوە. ئەو عەسرە زیاتر لە هەر عەسرێکی تری رۆژێکی هاوینی کشومات هەڵدەگەڕێ.

کە دەگەنە قوتەکە، لە بەر تاشەبەردێکدا پشوودەدەن. هەتاو هێشتا ماویەتی دابچێ. لە ناو شارەوە دەنگی تەنەکەچی، ئاسنگەر و تاک و تەرا ماشین و ماتۆڕسوار دێت، بەڵام سروشت ئەوەندە زاڵە کە سەرئەنجام ئەوە دەیباتەوە. کێوە دووردەستەکان لە تەمی مەودادا چاوشارکێیانە.

ئەوەی وا منداڵترە، دەستی دەکا بە کەپری چاوەکانی و هەوڵدەدا تا چاو بڕدەکا لە دیمەنەکەی بەردەمی خۆی بڕوانێ. یەکەم جارە دەگاتە ئێرە و لێرەوە سەیری سروشت دەکا. هەموو شتێک چەند کتوپڕ جۆرێکی تری لێدێت. بێکۆتایی وەک رۆحێکی سامناک و لە هەمان کاتدا سەرنجڕاکێش بە دەروونیدا دەچێتەخوارەوە. ئەوی تر دەڵێ چۆنە، ها پێت چۆنە… خۆش نیە… جوان نیە؟ ئەم جارێکی تر چاو بە دیمەنە بێکۆتاییەکەدا دەگێڕێتەوە. ئەوسا بێ ئەوەی جواب بداتەوە تەنیا لێی دەڕوانێ. ئەویش کە وەک بڵێی بۆی گرینگ نەبووە وەڵامی بدەنەوە یان نا، بە دەنگی بەرز دەڵێ مەحشەرە… مەحشەر! من کە قەت لێی تێرنابم! گەر بە من بێت هەر ئا لێرە لەسەر ئەم بڵینداییە خانوویەک درووستدەکەم و، بۆ هەمیشە لێرە دەژیم. چی لەمە خۆشتر!

ئەم کە ترسێکیش لەم بێدەنگییە و لەم بەرزاییە نیشتووەتە دەروونی، بیردەکاتەوە کە داخۆ خۆشە یان جوان. راستی کامیانە؟ پێشی وانیە سازکردنی خانوو لێرە ئەوەندە ئاسان بێت. پاڵدەداتەوە و هاوکات هەست بە گەرمیی تاشەبەردەکەی پشت سەری خۆی دەکا. گەرمایەکی لەززەتبەخش سەرەڕای گەرمبوونی لەشی، هەتا مۆرەغەی پشتی دەڕوا.

خەڵکەکە دەگەنە گۆڕستانەکە. گێژەڵووکەکە نەماوە. سەگە بەڕڵاکان بەلای چەمەکەدا کەوتوون و، ئەوانیش لەچاو ونبوون. دەنگی بانگی مەلای مزگەوت هەڵدەستێ. نا، فەقێیەکە. مەلا خۆی لەگەڵ تەرمەکەیە.

ئەم کە هەمیشە بە دەنگی بانگدانی عەسر دڵی غەمگین دەبوو و، لای وایە غەمگین ترین ئاوازی مومکینی دنیایە بە بیستنی بانگەکە سەرنجی لە دوورەدەستەکانەوە دەگوازرێتەوە. سەیری ئەوی تر دەکا و، بەڵام هیچ ناڵێ. ئەوی تر ئەوەندە سەرقاڵی دیمەنەکەی بەردەمیەتی کە ئاگای لەمە نیە. دەست حەوادەدا، بە پەنجە ئاماژە بە رۆژئاوا دەکا و دەڵێ کەمێکی تر راوەستە جا ئەوجا دەزانی چی دەبێ! ئا راوەستە!

کە بانگەکە تەواودەبێ، دەنگی قوڕئان خوێندن لە بڵیندگۆی مزگەوتەوە بەرزدەبێتەوە. ئەم دیسان سەرنجی دەقۆزرێتەوە، بەڵام ئەوی تر لەوە ناچێ ئاگای لێ بێت. ئەو تەنیا چاوی لە دووردەستەکان و لە رۆژئاوایە. ئەو تەنیا چاوەڕێی داچوونی خۆر و زەردەپەڕی ئێوارەیە. ئەم هەوڵدەدا پێی بڵێ کە کارەساتێک روویداوە، ئەوەیکە کەسێک مردووە، بەڵام وەها غەرقی هەستی شادی و پڕ لە چاوەڕوانیی ئەوی تر دەبێ کە وازی لێدێنێ. بەخۆی دەڵێ نەکا من هەڵەبم و کەس نەمردبێ!

تەرمەکە دەخەنە گۆڕەکەوە. چەند کەسێک دەگرین. مەلا تەڵقینی خۆی دادەدا. خەڵکی فاتحە دەخوێنن. چەند کەسێک سەرنجیان دەچێتە سەر دیمەنە دوورەدەستەکانی بەردەمیان و، بیر و خەیاڵ دەیانباتەوە. سەگەبەڕڵڵاکان لەناو چنار و داربییەکانی قەراخ چەمەکەدا شتێکیان دۆزیوەتە و، لەسەری بەڕووی یەکتردا دەمڕێنن. بەڵام هیچ کامیان لە ئەوی تر ناترسێ. لمبۆزی هەموویان دەیگەنێ. بەرەبەرە چەند کەس بە تۆپێکەوە لە مەیدانەکە پەیدادەبن. دووانیان دەستبەجێ دەستدەکەن بە تۆپبازی. یەکی تریان لەدووای خۆگۆڕین بە پێوە لەولاترەوە میزدەکا.

هەتاو بەرەبەرە دادەچێ. وەک بڵێی ئیستا بەپەلەترە. سێبەرەکان درێژ و درێژتر دەبنەوە. راستی دەکرد. بەڕاستی دونیا هەتا دەهات جوان و جوانتر دەبوو. دوورەدەستەکان هەتا دەهات ون و ونتر دەبوون. وتی سەیرکە پێم نەگوتی،… نەمگوت مەحشەرە!

ئەم بیری کردەوە خۆر لە داچوونی خۆیدا لەهەموو کاتێکی تری جوانترە! چ کارەساتێک!

فووتباڵیستەکان چەند گوڵیان کردبوو و، سەگەبەرەڵڵاکانیش ئاسەواریان نەمابوو. وەک بڵێی بە گوێی چەمەکدا بەرەو بەری کێوی بابۆس کشابێتن. دەنگی خۆشیی و قرم و قاڵی براوەکان دەشتی ساتاوای تەنیبوو. بانەکۆنیش لەمێژ بوو چۆڵ ببوو. ئەوانەی وا لەگەڵ مەیتەکە کەوتبوون، ئیستا لە مزگەوت بوون. لانیکەم بڕێکیان. دەنگی بەسۆز و گەرمی عبدولباسیت هەروا دەهات.

کتوپڕ شتێکی سەیر روویدا. رێک لەناو زەردەپەڕی ئێوارە و لەناو رەنگاڵەی رەنگەکانەوە شتێک پەیدا بوو. سەرەتا بچووک و سێبەرئاسا و ئەوسا هەتا دەهات درشت و درشتتر دەبوو. کە گەییە سەر ئەوان، پاپۆڕێکی بینی لە چەشنی ئەوانەی وا لەناو دەریادان. بە دوو باڵی گەورەوە… رێک وەک حەقایەتەکان… وەک بەسەرهاتی ناو ئەفسانەکان! ئەم زیاتر خۆی بە تاشەبەردەکەی پشتییەوە نووساند، بەڵام ئەوی تر کە ئەوەندەی تر نوقمی دوورەدەستەکان ببوو، وتی دەیبینی… دەیبینی… مەحشەرە… مەحشەر! پاپۆڕەکە لەسەر سەریان راوەستا و نزم بووەوە… نزم و نزمتر. ئەوسا کیژێکی جوانی سەرتاپا سپی پۆشی تاس کڵاو لەسەر بەو خشڵانەوە کە هەموو سەرسینگیان داپۆشیبوو، زوڵفی رەش و یەکجار درێژی شۆڕکردەوە، لەگەڵیا دەستی راکێشا و، گوتی فەرموو لەگەڵمان دێی… ها دێی؟ ئەم لێی رووانی، لەویشی رووانی. ترسێکی سەیر دایگرتبوو. ویستی بڵێ کە نەکا لەگەڵیان بڕۆا، ویستی بڵێ کە سەفەر لەگەڵ ئەو پاپۆڕانەی لەرێگا دوور و نادیارەکانەوە دێن، ترسناکە، باش نیە؛… بەڵام هیچی بۆ نەدەگوترا. وەک بڵێی لەپی دەستێکی نەبینراو زاری دونیای گرتبێ. ئەوی تر بە بزەوە لەمی رووانی و گوتی نەمگوت… نەمگوت سروشت جوانترین شوێنی دونیایە… پڕە لە رووداوی سەیروسەمەرە… نەمگوت!

ئەوسا سووک سووک وەک پەپوولە لەسەر قژە خاو و درێژەکە نیشت و، سەرکەوت. هەتا دوورکەوتەوە، هەر پێکەنی و هەر پێکەنی. دەشت و دەر لە زایەڵەی پێکەنینی ئەو لێواولێو ببوو.

کە خۆر داچوو، پاپۆڕەکە لەگەڵیا ونبوو و شەو دونیای داگرت. ئەستێرەکان کەوتنە چاوشارکێ. نە لە مزگەوتەوە دەنگی قورئان دەهات و، نە لە ناو شارەوە دەنگی تەنەکەچی و ئاسنگەرەکان. وڕ و داماو، شپرز و سەرسوڕماو شەو درەنگان بە ئارامی لە جنێرەوە داگەڕا و گەڕایەوە ماڵەوە.

لە ماڵەوە باسی رووداوەکەی کرد، باسی کارەساتی ونبوونی ئەو. باوک و دایک بە سەرسوڕمانەوە لێیان رووانی. ئەوسا لەباوەشیان گرت. بردیانە ژوورەوە.

ئەو شەوە باوکی دیسان وێنەکەی ئەوی هێنایەوە، رەنگە بۆ چەندەمین جار پیشانی دایەوە کە ئەو لەمێژە لەگەڵ پاپۆڕەکە رۆیشتووە… لەمێژە! گوتیان تەنیا ئەوەندەی کە ئەو رۆژە تۆیش لە بانەکۆن بوویتایە… هەر ئەوەندە.

گەڕان بۆ بابەت