ناڵە حەسەن
پایزە و گەردەلوولی مەرگیش /بە دەوری مەمکۆڵەکانی خاک /خوول دەخواتەوە / ژیانیش بەسەرخۆشی ڕاکشاوە و / پیتەکانی ناوی خۆی بیرچۆتەوە / منیش هەرچوار وەرزی /نێو دەفتەری بیرەوەرییرکانم /ناو دەنێم پایز و /بەرلەوەی قەڵەمەکەم دابنێم /دوا قەسیدەم بەناوی /"وەرین هەمیشە وەرین" دەنووسم
پایز و سەمفۆنیای لە دایکبوونەوەی خۆم
ناڵە حەسەن
پایزە و گەڵاکان
نەرم نەرم دەوەرن
نەرم نەرم بە میلۆدییەکی خەمناک
خەمناک وەک خەونە خرپنەکانی خۆم
گۆرانییە ئیرۆسییەکان دەڵێنەوە
گەڵاکان نەرم نەرم
نیشتیمانی با جێدەهێڵن
دێنە نێو نیشتیمانی
شیعر و خەیاڵە غەمگینەکانی من
پایزە و گەڵاکان
نەرم نەرم بە سەمایەکی سەرمەستانەوە
لەودیو شووشەی پەنجەرەکانەوە
بە نیگایەکی زەردەوە
سڵاو لە تەنیاییم دەکەن و
بۆ جەستە وشکهەڵاتووەکەی
نێو مەملەکەتی غوربەتم دەچەمێنەوە
پایزە و گەردەلوولی مەرگیش
بە دەوری مەمکۆڵەکانی خاک
خوول دەخواتەوە
ژیانیش بەسەرخۆشی ڕاکشاوە و
پیتەکانی ناوی خۆی بیرچۆتەوە
منیش هەرچوار وەرزی
نێو دەفتەری بیرەوەرییرکانم
ناو دەنێم پایز و
بەرلەوەی قەڵەمەکەم دابنێم
دوا قەسیدەم بەناوی
" وەرین هەمیشە وەرین " دەنووسم
پایزە پایز
لە گەڵا وەریوە چاوگەشەکانیش
شمشاڵێکی شین دروست دەکەم
لەبنار گردە ئاگرینەکانی دۆزەخ
لە جیاتی
لاوکە خوێناوییەکانی جەنگ و
داستانە تراژیدییەکانی خۆشەویستی و
ئەفسانە سیزیفییەکانی نائومێدی
بەستەی هەڵهاتنەوەی خۆرەتاو و
سێرنادای بارانە بەهارییەکان و
سەمفۆنیای لە دایکبوونەوەی خۆم / دەژەنم!