ئاراس سەعید

بیرتە ئەوکات لەجێگەکەتدا ڕاپەڕیت و دەتویست باوەش بەدایکتدا بکەیت، کەچی دایکت لە جێگەکەی نەمابوو. ترسێک بەتەواوی تووشی دڵەڕاوکێی کردی، هەموو جەستەت دەلەرزی، دەنگێک لە ژوورەکەی تەنیشتەوە تای شەهوەتی بەرزدەکردەوە، نازانم لەبەر ئەوەی بەباردۆخێکی دەروونی ناجێگردا تێدەپەڕیت، لەوباردۆخە تێنەدەگەیشتی یان بەهۆی ئەوەوە بوو هێشتا تەمەنت هەشت ساڵان بوو.

ترس

ئاراس سەعید

 

بۆ لەمەودوا ئێوە دەتوانن بەترسنۆک یان بەهەر ناوێکی دیکە پێتان خۆشە بانگم بکەن… من لەئەزەلەوە ترسێک لەناوەوەمدا ئەژی، گەمە بە بوونم دەکات. ترس لە کۆڵانی چۆڵ، لەشەوی تاریک و ئەنگووستەچاو، لە هەتیوبازەکانی شار، لە مزەمیدی لا کۆڵان، لەو مامۆستایانەی بەدارەوە دەهاتنە کلاس، لە سەگ، لە پشیلە، لە ژن، لە پیاو، لە خودا، لە گۆڕستان، لە هەژاری، لە چارەنووس، لە ژیان، لە مەرگ... کە منداڵبووم دایە بە پشتیری ئاژەڵەکان دەیترساندم، لەترسی ئەوەی پشیلە ڕەشەکان بەهەیوانەکەدا هاتووچۆیان دەکرد، خۆم لەنێو جیگەکەمدا گرمۆڵە دەکرد… شەوان دایکم بە چیرۆکی شەوە و گورگانە شەوێنە دەیخەواندم، شەوێکیان خەونم دەبینی شەوە دەستی خستبووە ناقڕەم و دەیخنکاندم…
بیرتە ئەوکات لەجێگەکەتدا ڕاپەڕیت و دەتویست باوەش بەدایکتدا بکەیت، کەچی دایکت لە جێگەکەی نەمابوو. ترسێک بەتەواوی تووشی دڵەڕاوکێی کردی، هەموو جەستەت دەلەرزی، دەنگێک لە ژوورەکەی تەنیشتەوە تای شەهوەتی بەرزدەکردەوە، نازانم لەبەر ئەوەی بەباردۆخێکی دەروونی ناجێگردا تێدەپەڕیت، لەوباردۆخە تێنەدەگەیشتی یان بەهۆی ئەوەوە بوو هێشتا تەمەنت هەشت ساڵان بوو.
بەترسەوە تا بەردەرگای ژوورەکەی تەنیشتت چوویت، ئێستاش ئەو دیمەنەت لە بیرە دایکت بەڕووتی لەژێر شەوەدا دەیقیژاند و نرکەو ناڵەی بوو. دڵنیا نەبوویت ئەوە باوکتە یان شەوەیە بەسەر دایکتەوە، بەڵام حەزت دەکرد بیکوژیت... هەرکاتێک بیرلەو دیمەنە دەکەمەوە ڕووداوی (ئۆدیپ پاشا)م بیردەکەویتەوە کە چۆن توانی بوونەوەرێک بکوژێت کە باوکی خۆی بوو... لەو شەوەوە ترسێک لەگەڵ تۆدا دەژی… ترس لەوەی شەوە هەموو شتێکت لێ بەرێت وەکو چۆن باوەشی دایکتی لێتبرد.
لەو ڕۆژەوە لەهەموو شتێک دەترسم، ترس گواستراوەتەوە بۆنێو هەموو ڕەهەندەکانی ژیانم، ترس لە قەرەباڵغی، لە خۆشەویستی، لە ئازادی، لە نەمری، لە ژیان.
بەدەستخۆت نیە هەرکات ترس بەرۆکت دەگرێت یەکێک لە کارەکتەری (کەناڵی مەیمونە چەکدارەکان)ی (کاروان کاکە سوور)ت بیردەکەوێتەوە، کە دەیگووت: “هەرچی ئازایەتی و جەربەزیی ئەم دوونیایە لە ترسەوە سەرچاوەی گرتووە.” بەڵام ئەوەی تۆ لە کارەکتەرەکانی (کاروان) جیادەکاتەوە بوونی ژوورێکە، ڕەنگە ئەویش ژوورێکی هەبوایە خۆی لە هەموو ترسەکانی دنیا بشاردایەتەوە.
تەنیا ئەوانەی چەمکی (شوێن و زەمەن) ی (هادیگەر)یان خوێندووەتەوە، لەو ڕستەیە تێدەگەن، مرۆڤ بۆئەوەی هەست بەناشوێن نەکات پێویستە ژوورێکی هەبێت.
ژوور مرۆڤ لە ترس و نەعرەتە و ژاوە ژاو دەپارێزێت، ژوور مەنزڵگەی ئارامی ئاسوودەگی ئینسانە… ناتوانی باوەڕ بەو وشانە بکەیت، کە دەینووسی. بۆ ساتێک بەترسەوە لە وشەکان ڕادەمێنیت، ئەوکات (گریگۆری سامسا)ی کارەکتەری (فرانز کافکا)ت بیردەکەوێتەوە، کە چۆن لە ژوورەکەیدا گۆڕا بۆ قالۆنچەیەکی ترسناک!
لە ژوورەکەتەدا سەدان شەو لەگەڵ ڕاسکۆلینکۆف و لۆلیتا و ئاناکاردینادا دەگریات، دەسپەڕت بەسەر ئیڤانکا تڕامپ و سپیلجان و ناسی عەجرەمەوە دەکرد، بەڕووتی هاتووچۆت دەکرد و جوێنت بە منداڵەکانی بارزانی و تاڵەبانی دەدا. ویسکیت دەخواردەوە و بەدەنگی بەرز کوفرت دەکرد، دەتگووت: “خودا لەترسی تەنهایی جیهانی درووستکردووە”. جگەرەت دەکێشا و بیرت لە نەمری و زەمەن و مرۆڤ دەکردەوە... ئاخر مرۆڤ تەنیا لە ژوورەکەیەدا زەمەنی بیردەچێتەوە. مرۆڤ پێکهاتەیەکی زەمەنییە، هەموو ترس و دڵەڕاوکییەکانی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە زەمەن ئاڕاستەی دەکات بەرەو مەرگ. بیرتە (کۆتین)ی کارەکتەر ڕۆمانی (ژاوەژاو تووندوو تیژ _ the sound and the fury) ی(ولیام فۆکنەر) ئەو کاتەی باوکی کاتژمێرەکەی پێ دەبەخشێت پێ دەڵێت: من بۆ ئەوە نات دەمێ زەمەنت بیربێتەوە بەڵکو بۆ ئەوەیە جاروبار زەمەنت بیربچێتەوە... بۆساتێک بیر لە ژیان و مەرگ دەکەیتەوە، بە دەستخۆت نیە کە دەتەوێت کۆتایی بە چیرۆکەکە بهێنیت، کۆتایی ڕۆمانی( بێ نەوایان Les Misérables) ی ( ڤیکتۆر هیگۆ)ت بیردێتەوە کە (ژان ڤالجان) بەو گوزارەیە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا: ” ئەوەی ترسناکە نەمرییە، ئەوەی ترسناکە نەژییانە.”

گەڕان بۆ بابەت