ما 12634 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئاڵا محەممەدزادە 

کوڕە بە چاوە زەقەکانی لە کچە ئەڕوانێت. دەم  پان ئەکاتەوە و، پێئەکەنێت. دیانە چەپ و چیڕ و کرمۆڵەکانی هەمووی دەرئەکەون. کچە چاو دائەخات. سەیری دەستە ڕەش و پیسەکانی کوڕە ئەکات کە گرێیەکی تر لە کەژ ئەدات سەری کەژەکە ئەگرێت مریشکە حەوائەدات؛ مریشک باڵ لێ ئەدات و دورئەکەوێتەوە. لە ناکاو کەژ ئەیکشێنێتەوە بۆ دووایەوە... بۆ بەردەمی؛ کوڕە بە قاقاکێشان خۆی بە پشتدا ئەخات.

                              

کەژ

ئاڵا محەممەدزادە

وەک هەموو ڕۆژێک لە پشت پەنجەرە دەست بە نەردەکان ئەگرێت، سەیری دەرەوە ئەکات. کوڕێکی خرپنی کورتە باڵا بەڕاکردن بە شوێن مریشکێکدا بەلای پەنجەرەدا ئەڕوات. چەند جار ئەکەوێتە عەرز، پانتۆڵەکەی خۆڵاوی ئەبێت. هەڵ ئەستێت دیسان ڕا ئەکات.

سەر لە بەیانییەک دەنگی وەڕینی سەگ، باقەی بزن و هۆڕەی مانگا بەرز ئەبێتەوە. لە خەو دائەچڵەکێ. پەتوێکی سوری گووڵ گەورەی بە خۆ دادابوو. لە سەر خۆی لائەبات، ئەچێتە بەر پەنجەرە و سەیری دەرەوە ئەکات. 

کوڕە لە ناو ئاغەڵ دێتە دەر. مریشکەی بە باوەش گرتووە. حەیوانەکان بە قرموهەرا ڕێی بۆ چۆڵ ئەکەن. لە سەر تەبارێک لە دەری ئاغەڵ دائەنیشێت. کەژێکی گەورە بە دەستیەوە لە قاچی مریشکەی ئەبەستێت.

کچە سەر بە نەردەی پەنجەرەوە ئەنێت. بانگی کوڕە ئەکات.

-: کوڕەکە بۆ وا توندی ئەبەستی؟

کوڕە سەر بەرز ئەکاتەوە.

-: ها! توندم نەبەستووە. کەژە، سەیرکە زۆر خۆش ئەڕوات.

کوڕە بە چاوە زەقەکانی لە کچە ئەڕوانێت. دەم  پان ئەکاتەوە و، پێئەکەنێت. دیانە چەپ و چیڕ و کرمۆڵەکانی هەمووی دەرئەکەون. کچە چاو دائەخات. سەیری دەستە ڕەش و پیسەکانی کوڕە ئەکات کە گرێیەکی تر لە کەژ ئەدات سەری کەژەکە ئەگرێت مریشکە حەوائەدات؛ مریشک باڵ لێ ئەدات و دورئەکەوێتەوە. لە ناکاو کەژ ئەیکشێنێتەوە بۆ دووایەوە... بۆ بەردەمی؛ کوڕە بە قاقاکێشان خۆی بە پشتدا ئەخات.

کچە ڕوو وەرئەگێڕێت. دێتە دووایەوە. پەنجەرە ئەبەستێت. دائەنیشێت پاڵ بە دیوارەوە ئەدات. ئەژنۆی لە باوەش ئەگرێت و، ئەگری.

هەتاو ژوورەکەی ڕون کردۆتەوە. لە سەر جێگە هەر ئەتلێتەوە. لە پڕ دەنگی مریشک ئەبیستێت. هەڵئەستێت لە پەنجەرەوە ئەڕوانێت. کوڕە لە سەر تەپۆڵکە دانیشتووە. مەقەستێک بە دەستیەوە سەر باڵی مریشکەکەی پێ ئەبڕێت.

-: چی لێ ئەکەی؟

-: با هەڵ نەفڕێت.

کاری تەواو ئەبێت مریشکەکە بەڕەڵا ئەکات. دانی بۆ ئەڕێژێت. مریشک بە پەلە ئەچێتە لای دان سەر دائەخات بۆ خواردن، کوڕە کەژە ئەکێشێت، مریشکە ئەکشێتە دوایەوە؛ کوڕە قاقا پێ ئەکەنێت، ڕو بە کچە ئەڵێت: بۆ پێ ناکەنی؟

کچە پەنجەرە پێوەئەدات.

   

  کچە پەڕۆیەکی بە دەستەوە خەریکی سڕینی پەنجێرە ئەبێت. سەیری ئەملاو لا ئەکات. کەس دیار نییە. دێتە دوواوە. پەنجەرەکە ئەبەستێت. سەر بە دیوارەوە ئەنێت. دوا قەیرێک، دیسانەوە پەنجەرەکە ئەکاتەوە. مل ئەباتە پێشتر. کەس نابینێت. درگای ماڵ ئەکاتەوە. لە پشت درگا لە کۆڵان ئەڕوانێت. کوڕە بە کوڵان دا ئەڕوات. مریشک  بێ ئەوەی ڕوو لە دانەوێڵە بکات بێ قڕە و هەرا بەشوێن کوڕەدا وێڕای شوێنی کەژەکە ئەڕوات. بزەی پێکەنین دیتە سەر لێوانی. ئەڕواتە ژوور. هێواش درگا پێوە ئەدات. بێدەنگی وەڵات لە خۆدا نوقم ئەکات. درگا ئەکاتەوە. لە ماڵ دێتە دەر پاڵ بە دیوارەوە ئەدات. کوڕە لە پشت دیوار دانیشتووە. گەنمی لە سەر دەستی ڕشتووە. مریشک  بە بێ کەژ لە قاچیدا، گەنم لە سەر عەرز ئەچنێتەوە. کە لەو تەواو ئەبێت. قەیرێک لە کوڕە ئەڕوانێت و، دەست ئەکاتە خواردنی گەنمی سەر دەستی کووڕە.

-: نەتبەستۆتەوە؟!

-: نایهەوێت؛ ناچێت بەملاولادا.

 کچە سەیریان ئەکات کە چۆن مریشک وەک سەربازێک بە شوێن کوڕەدا هەنگاو ئەنێت. کوڕە سەیری ئەکات و پێکەوە پێ ئەکەنن، کوڕە کەژی بە دەستەوە کایەی پێ ئەکات.

-: پێت خۆشە بیکەمە قاچت؟

کچە قەیرێک واق ئەمێنێت، ئەڕواتە پێش، کوڕە کەژ ئەخاتە قاچی کچە و بە پێکەنین بە شوێن خۆیدا ئەیبات.

 

گەڕان بۆ بابەت